شاری هه‌ڵه‌بجه ، هه‌ركات ناوی دێته سه‌رزار ڕاسته‌وخۆ بیر‌و هۆشمان به‌ره‌و كاره‌ساتی خنكاندنی ئه‌و شاره به‌گازی كیمیایی له (16/3/1988) ده‌بات، دانیشتوانی ئه‌و شاره بوونه قوربانی و تائێستا زام و برینی قوڵی له‌ناو دڵ و ده‌روونی ههموواندایهو ساڕ‌ێژ نه‌بووه، به‌ڵام هه‌ڵه‌بجه بۆته ناسنامه‌ی گه‌لی كورد له ته‌واوی جیهان..!
له‌پاڵ ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیایه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا هاتووه، هه‌ڵه‌بجه به‌هۆی پێگه و هه‌ڵكه‌وته جوگرافیاكه‌یه‌وه خاوه‌نی مێژوویه‌كی دێرین و لێوڕێژه له جوانی، هه‌ڵه‌بجه مه‌ڵبه‌ندی ( كوردایه‌تی، وێژه‌و هونه‌ر و ڕۆشنبیری و هه‌روه‌ها له‌ڕووی ئاینیه‌وه مه‌ڵبه‌ندی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی یه) .
هه‌ریه‌ك له‌و بوارانه‌ی ئاماژه‌م پێدا گهربهووردی له‌سه‌ر یان بنووسرێت و خوێندنه‌وه‌ی وردی بۆبكرێت، ده‌بێت چه‌ندین كتێب له‌باره‌ی مێژووی دره‌وشاوه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه بنووسرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه بواری هونه‌ریی مۆسیقا و گۆرانی یه، له‌م بواره‌شدا ئه‌و ژینگه جوان و بێگه‌رده لێوان لێوه له سۆزی ده‌نگی ڕه‌سه‌ن و میلۆدی ناسك و هه‌ست بزوێن ، هه‌روه‌ها خاوه‌نی چه‌ند ده‌نگێكی زوڵاڵه له‌و شاره‌وه په‌یامی ده‌نگخۆشیی و هونه‌رێكی بێ خه‌وشی ههڵهبجهییانهیان به كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه.
یه‌كێك له‌و ده‌نگه به‌سۆز و ئارام به‌خشه به‌ڕۆح و هه‌ستی گوێگر، ده‌نگێكه له‌هه‌ناوی هه‌ڵه‌بجه‌وه، له سرووشته جوانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌وه ، لهگهڕهكه دێرین و پڕ عه‌شق و لێوان لێو له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌وه هه‌ڵقوڵاوه و گۆرانی ده‌چڕێ ، ده‌نگی هونه‌رمه‌ندێكه بۆن و به‌رامه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و خاوه‌نی گه‌روویه‌كی تایبه‌ت بهههڵهبجهیه، ئه‌و ده‌نگه خۆش و پڕ چێژه هونه‌رییه له‌سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه گوێبیستی ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌ی بووین ، به‌ڵام ئه‌و خاوه‌ن به‌هره‌و هه‌سته هونه‌رییه له‌كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌ری خه‌زان و محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول) هو قوتابیه‌كی دڵسۆز‌و به‌ئه‌مه‌كی تیپی مۆسیقای شنرۆێ یه ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج)ه ، هه‌ركات گوێبیستی ده‌نگی به‌سۆزی ده‌بین كه‌مه‌ندكێشی ده‌شتی پان و به‌رینی شاره‌زوور و له‌وێوه ده‌مانبات به‌ره‌و چیای شنروێ و باوه‌كۆچه‌ك و كۆڵانه‌كانی (كانی قوڵكهو كانی عاشقان و كانی شێخی) شاره جوان و زیندووه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه، ده‌رچووی هیچ په‌یمانگاو ئه‌كادیمیایه‌كی هونه‌ریی نییه، به‌ڵام خاوه‌نی چه‌ندین گۆرانی و ئاوازه، ئاوازه‌كانی له‌قوڵایی هه‌ست و ده‌روونیه‌وه دهیانچڕێ، ئاوازه شیرینه‌كانی كردۆته گه‌ردانه‌یه‌ك و كردویه‌تیه گه‌ردنی هۆنراوه‌ی شاعیران و هه‌ریه‌ك له‌و گۆرانیانه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له لای بیسه‌ران و گوێ‌گران هه‌بووه،
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ئاواز دانه‌ر و كه‌م و پوخت خوێن ، هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، له‌ساڵی (1960) له‌گه‌ڕه‌كی كانی ( قوڵكه) ی شاری هه‌ڵه‌بجه له خانه‌واده‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه،
باوكی هونه‌رمه‌ند وه‌ك پیشه ( نانه‌وا) بووه ، به‌هێزو بازووی وه‌ك كه‌سێكی زه‌حمه‌تكێش ژیانێكی مام ناوه‌ندی بۆ خانه‌واده ( شه‌ش كوڕ‌و چوار كه‌نیشكه) كه‌ی ده‌سته‌به‌ركردووه.
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، منداڵێكی هێمن و نه‌رم و نیان بووه ، وه‌ك هه‌رمنداڵێكی ئاسایی گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌ی له‌ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا خراوه‌ته قوتابخانه به‌مه‌به‌ستی پهروهرودهو فێركردن و فێربوونی ئهلف و بێی زمانی كوردی ، له‌گه‌ڵ چونه قوتابخانه و پابه‌ندبوون به وانه‌كانی ڕۆژانه‌ی ، هوشیار هاوكار و یارمه‌تیده‌ری باوكیشی بووه له نانه‌واخانه‌كه‌ی،
به‌رله قوتابخانه هه‌میشه ژینگه‌ی گوند ، شارۆچكه و شار كاریگه‌ری له‌سه‌ر تاكه‌كانی خۆی هه‌یه ، شاری هه‌ڵه‌بجه ، ئه‌و شاره ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی له بواری ڕۆشنبیری و ڕووناكبیری، خاوه‌نی ده‌یان شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده، ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تاكه‌كانی شاره‌كه‌ی بووه، هه‌روه‌ها مامۆستای دڵسۆز و خه‌مخۆر له قوتابخانه جیا له‌لایه‌نه په‌روه‌رده‌یی و فێركردنه‌كه ، هه‌میشه ده‌بێت به‌ڕێز و بهرزنرخاندنهوه له‌ڕۆڵی مامۆستای وانه‌ی هونه‌ر بڕوانین كه چ ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه لهدهستنیشانكردن و پشتیوانی له به‌هره‌مه‌ندان و منداڵانی ده‌نگخۆش، له‌وه‌ڵامی پرسیارێكمدا ده‌رباره‌ی ته‌مه‌نی منداڵی و قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی و كاریگه‌ری مامۆستای هونه‌ر له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند؟
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج ، پێی ڕاگه‌یاندم :
( پێم وایه هونه‌ری گۆرانی هه‌رله‌منداڵییه‌وه سه‌رهه‌ڵئه‌دات، له‌پۆلی چوار و پێنجی سه‌ره‌تایی بووم ، مامۆستایه‌كمان هه‌بوو ناوی ( ساڵحی ڕه‌عنا) بوو، ( یادی به‌خێر) مامۆستای هونه‌رمان بوو سروودی پێ ئه‌وتین، ده‌نگی زۆر خۆش بوو، زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌رم هه‌بوو ، هه‌میشه ده‌نگیم له‌یاده، گۆرانی ( گه‌ردوون من چی بكه‌م چیم ده‌سه‌ڵاته) زۆر بهجوای ئه‌یخوێند، ئه‌و ده‌نگ و هه‌سته‌ی مامۆستا كاریگه‌ری له‌سه‌رم دانا ، حه‌زم بۆ گۆرانی گووتن زیاتر بوو ، هه‌روه‌ها له‌سه‌ره‌تای لاویه‌وه له‌گه‌ڵ كوڕوكاڵی قوتابخانه دائه‌نیشتین و گۆرانیمان ئه‌وت ، هاوڕێكانت هه‌رئه‌وكات شایه‌تی ئه‌ده‌ن كه كێ ده‌نگی له‌وانی تر خۆشتره، منیش هاوڕێكانم زۆر هه‌وڵیاندا له‌گه‌ڵم تا ببم به‌گۆرانیبێژ) (1).
دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی، هونه‌رمه‌ند له ناوه‌ندی ( ئه‌حمه‌د موختارجاف) قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كات، پاشان به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن ڕووده‌كاته شاری سلێمانی و له‌ساڵی (1978) له‌ئاماده‌یی پیشه‌سازی سلێمانی وه‌رده‌گیرێت ، له‌ساڵی (1979 بۆ 1980) بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی پیشه‌سازی له هه‌ڵه‌بجه، لانكه‌ی هونه‌ر و وێژه وه‌رده‌گرێت و خوێندن ته‌واو ده‌كات .
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج و ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی و با بزانین كه‌شكۆڵه‌كه‌ی چی تێدایه...؟!
بێگومان كه‌شكۆڵه هونه‌رییه‌كه‌ی لێوان لێوه له هونه‌رێكی ناوازه‌و دڵگیر و دڵ‌نشین، بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نی خۆڕسك بنیاتناوه ، هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ خوێندن و كاركردن وه‌ك پیشه‌ی نانه‌وا، به‌ڵام ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌هره هونه‌رییه‌كه‌ی له‌ناخ و هه‌ستی هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج دا زیاتر چرۆ ده‌كات، ئه‌م گه‌نجه ده‌نگخۆشه له‌كۆڕو كۆمه‌ڵی یارانی دا گۆرانی ده‌خوێنێ، به‌هۆی ده‌نگه زوڵاڵهكهیهوه خۆشه‌ویستر ده‌بێت له‌ناو هاوڕێكانیدا،
له‌شاری هه‌ڵه‌بجه له ساڵی (1973) به‌هه‌وڵ و هیمه‌تی خه‌مخۆرانه‌ی هونه‌رمه‌ند( ئازاد ساڵه‌ح ) له‌شاری هه‌ڵه‌بجه( تیپی مۆسیقای شنرۆێ) داده‌مه‌زرێت، ئه‌و هونه‌رمه‌نده دڵسۆز‌و خه‌مخۆره‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی( ئازاد ساڵه‌ح) ده‌بیستێ كه گه‌نجێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌سۆزو پڕ چێژی ههڵهبجهییانهیه، سه‌باره‌ت به‌سه‌ره‌تای ئاشنابوونی هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج به تیپی مۆسیقای شنرۆێ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ئازاد ساڵه‌ح) پێی ڕاگه‌یاندم ( هاوینی ساڵی (1979) بوو ڕۆژێکیان ووشیار حەمە فەرەج لەگەڵ کوڕێکی گۆرانی بێژی دێرینمان بە ناوی (عەلی سه‌عید جەواهیر) هاتن بۆ شوێنی پرۆڤە کردنمان لە مەڵبەندی لاوانی هەڵەبجە،ووتی ئەمەوێت دەنگم تاقی بکەیتەوە وە دەستی کرد بە گۆرانی ووتن بیرم دێت چەند گۆرانیەکی ( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_26/6/1972) ی ووت لەگەڵ گۆرانیەکی ( خه‌لیل عه‌بدولڕه‌حمان) بە ناوی (بۆلیم زی‌زی نام دوێنی ) ئەوە یەکەمین جار بوو لەگەڵ موزیک گۆرانی بڵێت و كه‌ش و هه‌واش گەرم بوو هەموو گیانی بوو بە عارەق، من لەوەو پێش ووشیارم دەناسی نانەواخانەکەی باوکی لە گەڕەکەکەمان بوو کە نانمان لێ دەکڕی، ئیتر زۆر لەڕۆژان دەهات سەردانی ئەکردین ، تا سەرەتای ساڵی (1980) لە ڕێكه‌وتی( 18/2/1980 ) ئاهەنگێکمان ساز کرد لە هۆڵی سانەوی هەڵەبجەی کچان، بۆ یەکەمین جار دوو گۆرانی هونه‌رمه‌ند (حەسەن زیرەک ) ی لەگەڵ وتین گۆرانییه‌كان بە ناوی (دەنگیان نایە و دینێ مەڕۆ دینێ ) چونکە هاوڕێ ی زۆر بوو بە هۆی ئەوەی لە پێشدا خەریکی وەرزش بوو، هاوڕێکانی زۆر هانیان دا و چەندین خەڵاتیان پێشکەش کرد هەر لە کراس و کڵاش و هتد.
ئیتر بوو بە ئەندامێکی چالاکی تیپ و هەر چالاکیەکمان بکردایە بەشدار دەبوو، تەنانەت جار جار تپیە شانۆیەکان شانۆگەریان پێشکەش ئەکرد من ئاوازێکم بۆ دانا بە ناوی (ئەی خەمی ژین ) لە ساڵی (1986) لەگەڵ ئەو شانۆگەریەدا نمایشی کرد)(2).
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج باس له‌و یه‌كه‌م دیداره‌و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌كات له‌و ڕۆژگاره‌دا ( به‌ڕاستی یه‌كه‌مجارم بوو كۆمه‌ڵێك ژه‌نیار دانیشتوون و گوێ له‌ده‌نگت بگرن ، تاقیكردنه‌وه هه‌موو كات ناخۆشه..!مامۆستا ئازاد گۆرانیه‌كه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك و یه‌ك دوو گۆرانی تری پێ گووتم ، دوایی وتی باشه‌و ده‌نگتمان به‌دڵه و بڕۆ ڕۆژانه سه‌ردانمان بكه ، له‌وكاته‌وه من به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شنرۆێی هه‌ڵه‌بجه كاری هونه‌ریی ئه‌كه‌م ، ئه‌وكاته له (مركز الشباب) ژوورێكیان هه‌بوو بۆ پرۆڤه‌كردن و كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان ) (3).
له‌و سه‌رده‌مه‌دا هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، وه‌ك لاوێك و ده‌نگخۆشێكی هه‌ڵه‌بجه په‌یوه‌ندی كردووه به‌تیپی مۆسیقای شنرۆێ و له‌سه‌ر شانۆ بهگۆرانیهكانی خۆی ناساندووه، جیا له ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌گشتی ، له‌ناو هه‌ڵه‌بجه‌دا هونه‌رمه‌ندانی ده‌نگ زوڵاڵ ( عوسمان كێمنه‌یی، ده‌نگه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی هه‌ورامان ،1936 گوندی كهیمنه) ،( عومه‌ر خه‌زان، 1929_12/1/2008) و ( محه‌مه‌د ئیبراهیم عه‌بدول _ حه‌مه‌قوتوو، 1939_10له‌سه‌ر 11/2/1992) ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان لهكووچهو كۆڵانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌وه سنووری ئه‌وشاره‌ی ده‌به‌زاندو چریكه‌و سۆزیان به‌شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان بڵاوده‌بۆوه، ئه‌م ده‌نگه خۆش و به‌سۆزه‌ی كه‌بۆنی هه‌ڵه‌بجه‌ی لێدێت، هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج به‌ڕاشكاوی ده‌بێژێت من قوتابی ئه‌وانم و گه‌ره‌كییه‌تی چه‌ندی له‌تواناو هه‌گبه‌كه‌یدا هه‌یه له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه و به‌پشتیوانی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای شنرۆێ خزمه‌ت به هونه‌ر و مۆسیقای شاری هه‌ڵه‌بجه‌و كوردستان به‌گشتی بكات.
له‌وڕوانگه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج باس له‌و سروشتهجوانهی هه‌ڵه‌بجه‌و كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر هه‌ست و سۆزی هونه‌ریی ده‌كات ،
( سروشتی هەڵەبجە و جوگرافیاكەی كە تێكەڵ بە هەورامان و نزیك لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، وای كردوە هونەرێكی تاڕادەیەك جیای هەبێت لەشارەكانی تر هەر بۆیە هونەری گۆرانی ئێمە تێكەڵەیەكە لەو كلتوورە تۆ سەرنج بدە ئەوەی نەیتوانیوە بەگۆرانی دەری بڕێ بۆنمونە( گۆران و ناتیق وئەحمەد موختارجاف ) و ئەوانی تر بە شیعر دەریان بڕیوە بۆیە شاعیرەكانیشمان ناوێكی دیار‌و گەشن لە دنیای شیعری كوردیدا ئەو ڕۆژانەی من گوێگر بووم نه‌ك گۆرانی بێژ جگە لە( حه‌سه‌ن زیرەك، 1921_26/6/1972 ) ی نەمر و (محه‌مه‌دی ماملێ ،1925_23/1/1999 ) ی گەورە و دەنگی (حەمە قوت‌و و عوسمان كەیمنەیی) دوودەنگی دڵ نشین بوون زۆر جار لەستۆدیۆی تیپی مۆسیقای شنرۆێ كە گۆرانیمان ئەوت من سەرسام بووم بە هونه‌رمه‌ند حەمە قوتوو دەنگێكی زۆر كوردی خۆشی پێوە بوو زۆر به‌شه‌وق و زهوقهوهگۆرانی ئه‌ووت، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند عوسمان كەیمنەیی كەگۆرانی ئەوت لەتوێی دڵەوە ئەیوت من چێژم لێ ده‌بینی و حه‌زم ده‌كرد سه‌یریان بكه‌م له‌كاتی گۆرانی خوێندندا، ئەوانە مامۆستای من بوون) (4).
هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك ،كاره‌ساتی ڕۆژی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه (16/3/1988) ی به‌چاوه‌كانی خۆی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ی بینیوه، كه‌س و كار و ئازیزان و هاوشارییه‌كانی شه‌هیدبوون، دوای ڕزگاربوونی له‌و كاره‌ساته خه‌مناك و تراژیدیایه خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی ڕووده‌كه‌نه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و بۆماوه‌ی ساڵێك له‌شاری ( سونغور) ی ئێران ده‌مێننه‌وه، دوای ئه‌و ساڵه ده‌گه‌ڕێنه‌وه شاری سلێمانی، به‌ڵام ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه زێده‌كه‌ی ..؟! وێران و خاپوور و سوتماك كراوه به‌گازی كیمیایی، له‌شاری سلێمانی ده‌مێننه‌وه.
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج و دانانی ئاواز و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی هونه‌ریی ...!
دوای چوونی بۆ ئێران و وه‌ستانی چالاكیی هونه‌ریی ، له‌پاش ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991) هونه‌رمه‌ند به‌گوڕو تینێكی زۆره‌وه ئه‌سپی هونه‌ریی به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای شنرۆێ تاو ده‌دات و چه‌ندین ئاوازی نوێ ده‌خولقێنێ، له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند ده‌رچووی هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ریی نییه ، به‌ڵام توانایه‌كی باشیی هه‌یه له ئاوازدانان،زۆر به‌ڕاشكاوانه ده‌ڵێت( من مۆسیقی نیم به‌ڵام توانای ئاوازدانانم هه‌یه، به‌ڵام ئاوازه‌كان پیشانی كه‌سێكی مۆسیقی ده‌ده‌م بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تیم بدات و بیخاته سه‌رپێ و بیوه‌ستێنێ ) ، هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی متمانه به‌خۆیه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ دانانی ههرئاوازێك ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای هونه‌رمه‌ند و مامۆستا( ئازاد ساڵه‌ح ) و هونه‌رمه‌ندانی تر ، تا ڕاو سه‌رنجی خۆیان بده‌ن له‌سه‌ر ئاوازه‌كه‌ی دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئه‌و كاته بڕیارده‌دات بهگهرووه خۆش و خهمانگێزهكهی بیخوێنێ ، یه‌كه‌م ئاوازێك هونه‌رمه‌ند دایناوه، له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی شێخی شاعیران ( حه‌سیب قه‌ره‌داخی، 1929_ 9 له‌سه‌ر 10/1/1997) بووه، به‌ناوی ( كه‌ژاڵ) .
( تۆبڵێی زستانی ئه‌مساڵ ، به‌فر ببارێ وه‌ك پار
بڕوخێنێ به‌سه‌رما ، دیواری یاد و یادگار
ئه‌ی شێخهكهم كوا كه‌ژاڵم ، وام له‌عومری پیریا
خۆزگه عومریشم ئه‌كه‌وت له‌گه‌ڵ دانی شیریا )
سه‌باره‌ت به‌و ئاوازه مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ئازاد ساڵه‌ح) ده‌مانگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌و ئاوازه‌ی تێدا خوڵقاوه ( ساڵی (1987) بوو بۆ یه‌كه‌مین جار ئاوازێكی بۆهێنام كه خۆی داینابوو ، من بۆم چاك كرد ، شیعرێكی ( حه‌سیب قه‌ره‌داخی ) بوو به‌ناوی كه‌ژاڵ ، له‌دانیشتنه‌كاندا له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی ئه‌و گۆرانییه‌ی ده‌خوێند) (5) .
هه‌روه‌ها خودی هونه‌رمه‌ند باس له و ئاوازه‌ی گۆرانی ( كه‌ژاڵ) ده‌كات و ده‌ڵێت ( یەكەم ئاواز كه دامنا شیعرێكی خه‌مناكی( حه‌سیب قه‌ره‌داخی) بوو كەبۆ مەرگی كەژاڵی كچی نوسیبوو، له‌وته‌مه‌نه‌دا ئه‌و شیعره كاریگه‌ری له‌سه‌رم دانابوو ئه‌و ئاوازه‌م بۆدانا، ئاوازه‌كه‌م بەترس و لەرزەوە بردمە بەر دەستی كاك ئازاد ساڵح لەپێشدا نەموێرا بڵێم ئاوازی خۆمە، كاك ئازاد وتی ئەمە هی كێیە؟ وتم چۆنە بەلاتەوە وتی زۆر خۆشە..! ئەوكات وتم هی خۆمە دەست خۆشی لێكردم تەشجیعی كردم ، به‌ڵام تائێستا تۆمارم نه‌كردووه، ئه‌و ئاوازه وای له‌من كرد كه ئیتر خۆم ئاواز دروست بكه‌م و ببمه خاوه‌نی ئاوازی خۆم،هەر ئاوازێكم دائەنا كاك ئازاد بۆی چاك ئەكردم) (6).
ئاوازی گۆرانی ( كه‌ژاڵ) بۆ هونه‌رمه‌ند ده‌بێته هه‌وێن و ده‌ستپێك بۆ دانانی ئاوازی تر ، دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند له‌خه‌می ئه‌وه‌دا ده‌بێت كارێك بۆشاره زامداره‌كه‌ی ، لانكه‌ی له‌دایكبوونی و بڵێ من ڕۆڵه‌ی تۆم و هه‌رده‌م جوانی و یاده‌وه‌رییه‌كانت لهیادمدایهو به‌ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و كاره‌ساته‌كه‌ی بلاوێنێته‌وه و مه‌به‌ستیه‌تی به‌گوێگران و هه‌واداران بڵێ ئه‌وه ده‌نگی هه‌ڵه‌بجه‌یه، ئاوازی دووه‌می هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی شاعیری شاری سنه ( شه‌ریف حسێن په‌ناهی) یه ، به‌ناوی ( هه‌ڵه‌بشیما) داده‌نێت.
( له‌كوردستان ئه‌گه‌ر جه‌ژنی هونهربێ
ده‌بێ شینی گه‌لێكی ده‌ربه‌ده‌ربێ
گه‌لێ گریاوه ، شارێ بۆ مه‌زارێ
ئه‌بێ شینی چلۆن بێ مه‌رگی شارێ
ده‌نگی داوه له‌جیهان هێرۆشیمای كوردستان ) .
مامۆستا ( ئازاد ساڵه‌ح ) له‌و ئاوازه نوێیه ئاگادار ده‌كات و دوای گوێگرتن له‌لایه‌ن مامۆستا ئازاده‌وه په‌سه‌ند ده‌كرێ و ده‌ستخۆشیی لێده‌كات،( ئاوازم بۆ هەڵه‌بجە دانا لەشیعری شەریف، ئامادەكردنی برای ئازیزم كاكە( زانای مەحمود هەژار) بوو بەناوی (هەڵەبشیما)، لەم كاره‌دا برای ئازیزوشیرینم ( عه‌زیز حه‌مه‌كه‌ریم ) ناسراو به (مامە عەزە) زۆر هاوكارو خەمخۆرم بوو شەوێكی ساردی زستان لەماڵی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند ( سه‌لاح ڕه‌ووف) به‌هاوكاری برایانی هونه‌رمه‌ند( سه‌باحی سه‌نتوور و كارزان مه‌حمود و هونه‌رمه‌ندانی تر) تۆمارمان كرد، ده‌توانم بڵێم ئه‌وه یه‌كه‌م كارم بوو بۆ ته‌له‌فزیۆن(7).
له‌دوای ئه‌و گۆرانییه‌وه زیاتر ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ناسراو پێشوازییه‌كی گه‌رمیان له و به‌رهه‌مه ناوازه‌یه كرد ،
له‌ساڵی (1992) هونه‌رمه‌ند به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای شنرۆێ گۆرانی (دێوانه) ..
( شاره‌كه‌مان چاوگه‌ی ئازار و گریانه
هه‌موو كون و قوژبنێكی گۆڕستانه
خێڵ ئاواره و هه‌ڵوه‌دایه و بێ كوێستانه
خه‌ڵكی له‌جیاتی باڵای شه‌م
وێڵ و شه‌یدای له‌تێ نانه
هه‌ی دێوانه، هه‌ی دێوانه،هه‌ی دێوانه ) تۆمارده‌كات ، ده‌رباره‌ی گۆرانی ( دێوانه) هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ئامێری ( عود) و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای شنرۆێ ( عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم _ مامه عه‌زه) پێی ڕاگه‌یاندم( گۆرانی دێوانه یه‌كێك له گۆرانیه جوانه‌كانی برای هونه‌رمه‌ند كاكه هوشیار حه‌مه فه‌ره‌جه، ئاوازه‌كه هاوبه‌شه ، به‌شێكی هی مامۆستا و برای گه‌وره‌مان ( ئازاد ساڵه‌ح) و به‌شێكی دیكه‌ی هی كاك هوشیار و به‌شی سێیه‌می ئاوازه‌كه‌ی هی منه ، ته‌نانه‌ت پێشه‌كی مۆسیقای گۆرانی دێوانه من دامناوه) (8) .
مامۆستا ئازاد ساڵه‌ح ده‌ڵێت ( له‌ڕێكه‌وتی ( 16/3/1992) پێكه‌وه ئاوازێكمان بۆشیعرێكی ( ڕه‌فیق سابیر) دانابهناوی ( دێوانه) (9).
ئه‌و گۆرانیه له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ندان ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج و ئازاد ساڵه‌ح) و هۆنراوه‌ی ( ڕه‌فیق سابیر) بووه.
دواتر هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر كاری نوێ و ئاوازی نوێ ،
له‌ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه له (16/3/1993) ،گۆرانی ( شه‌هید) له‌ئاوازی خۆی و ئاماده‌كردنی ( ئازاد ساڵه‌ح) ده‌خوێنێ ،
له‌ساڵی (1994) گۆرانی ( شیرین و كابانێ) و( كاڵێ بارمهكه) و ( لێم گه‌ڕێن) تۆمارده‌كات،
هه‌رچه‌نده هه‌موو گۆرانییهكانیهكانی هونه‌رمه‌ند ڕۆحیهتیهكی كوردانه‌ی كردوو به‌به‌ردا، به‌ڵام گۆرانی كاڵێ بارمهكه یه‌كێك له‌و گۆرانییه خۆشانه‌ی هونه‌رمه‌ند، له‌كاتی خۆیدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆرباشیی هه‌بوو له‌ناو خه‌ڵكیدا، هۆنراوه‌ی گۆرانی كاڵێ بارمهكه ، هونه‌رمه‌ند سوودی لهفۆلكلۆر وه‌رگرتووه و به‌شێكی دیكه‌ی هۆنراوه‌كه شاعیر ( سه‌لاحه ڕه‌ش) ده‌ستكاری كردووه ، هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای شنرۆێ هه‌ردوو گۆرانی ( كاڵێ بارمهكه و شیرینێ و كابانێ) له ( گوڵان) ی شاری هه‌ڵه‌بجه كاری كلیپی بۆ كراوه و له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه په‌خش كراوون.
( سه‌رێك هه‌ڵێنه له‌هه‌ركوێ یه‌ك هه‌ی
لهدارای دنیا خۆمن هه‌رتۆم هه‌ی
كاڵێ بارمهكه بڕۆ واوه بێ
هه‌وری كۆڵوانه و لێره ماوهجێ
خۆزگه‌م به‌ساڵان بهڕۆژگاران
له‌یه‌ك جیا نه‌بووین وه‌ك گه‌ڵای داران ) .
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، به‌هۆی بارودۆخی دژواری ئابووریی وڵات و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی خوێناوی به‌ناوی شه‌ڕی ناوخۆ ، له‌ساڵی (1995) كوردستان به‌جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته هه‌نده‌ران و وڵاتی
( ئه‌ڵمانیا) ده‌بێته نیشتمانی دووه‌می .
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئازاد ساڵه‌ح) ده‌ڵێت ( به‌و گۆرانی و ئاوازانه‌ی هوشیار لای جه‌ماوه‌ری كوردستان ناسرا ، خاوه‌نی ده‌نگێكی هێمن و له‌سه‌ر خۆی هه‌بوو ، له‌هه‌مانكاتدا كه‌سێكی خۆشه‌ویست بوو لای خه‌ڵك ، به‌رله‌وه‌ی ڕوو بكاته هه‌نده‌ران ، ڕۆژێك پێش ڕۆیشتنی هات و ئاوازێكی له‌سه‌ر شیعرێكی ( نه‌جم هۆگر) دانابوو به‌ناوی ( كۆچ) من مۆسیقای گرانیهكهم بۆئامادهكردو هه‌مان ڕۆژ تۆمارمان كرد) ( 10).
ئه‌و وته‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه هونه‌رمه‌ند چه‌ند عه‌شقی بۆ هونه‌ر و ئاواز‌و گۆرانی هه‌بووه به‌رله‌وه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه له‌نیشتمان و زێده‌كه‌ی به‌رهه‌مێكی تری خستۆته سه‌رخه‌رمانی هونه‌ریی خۆی، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت، تائێستا هونه‌رمه‌ند دوو ئه‌لبوومی هه‌یه ، باوه‌ڕی به‌زۆر بێ بۆر بێ نییه ، مه‌به‌ستیه‌تی كه‌م و پوخت گۆرانییه‌ك بخوێنێ كه‌له‌لای جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی په‌سه‌ند بێت، له‌به‌رهه‌مه هونهرییهكانیشدا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه مه‌به‌ستیه‌تی له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه یاده‌وه‌ریی و ڕۆژه جوانه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌و شوێن و گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كانی هه‌ڵه‌بجه له‌چوارچێوه‌ی ئاوازه شیرینه‌كانی و گه‌رووه كوردانهكهیهوه بگه‌یه‌نێته گوێی هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی،( پێم خۆشه ئه‌گه‌ر توانیبێتم ده‌نگێك بووبێتم وه‌كو ده‌نگی كوڕێكی هه‌ڵه‌بجه، شێوازی تایبه‌ت به‌خۆم هه‌بێ ، خه‌ڵكێك وه‌كو ده‌نگی هه‌ڵه‌بجه ده‌نگی من بناسێ ،له‌دنیای گۆرانی كوردیدا پێم خۆشبووه ببمه ناوێك، كه‌سانێك هه‌بن گوێ لهگۆرانیهكانم بگرن ، تائێستا چه‌ندم هێناوه و چه‌ندم پێكاوه ئه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌ی له‌لای خه‌ڵكه) (11).
له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی ژیانی تاراوگه هونه‌رمه‌ند چه‌ند جارێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، چونكه هه‌میشه هه‌ست و بیر‌و ئه‌ندێشه‌ی له‌كوردستان و له‌شاری هه‌ڵه‌بجه بووه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند به‌هه‌گبه‌ی پڕه‌وه له‌هه‌نده‌ران گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئاوازی ناسكی به‌باڵای هۆنراوه‌ی جوان‌دا دابڕیوه و له‌كوردستان له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شنرۆێ و به هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار تۆماری كردووه،دوای دووساڵ له‌ژیانی ئاواره‌یی (1997) هوشیار حه‌مه فه‌ره‌جی هونه‌رمه‌ند به‌په‌رۆشه ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌و بازاڕی (ده‌بۆكه) شوێنی باره‌گای تیپی مۆسیقای شنرۆی ده‌كات ، له‌م گهڕانهوهیداگۆرانییهكی دیكه تۆمارده‌كات دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی سه‌دایه‌كی هونه‌ریی زۆری هه‌بوو له‌ناو جه‌ماوه‌ردا، چونكه له‌كاتێكدا ئه‌و گۆرانییه بڵاوبۆوه،به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك كۆچیان به‌ره‌و هه‌نده‌ران و چاره‌نووسێكی نادیار ده‌كرد ، گۆرانییه‌كه‌ش به‌ناوی ( سه‌فه‌ر) له‌هۆنراوه‌ی ( ئیسماعیل خورماڵی ) و ئاماده‌كردنی مۆسیقا مامۆستا ( ئازاد ساڵه‌ح) بووه.
( سه‌فه‌رێكم هاتۆته ڕێ ، سه‌فه‌ری ڕێی هات و نه‌هات
ماڵئاوا شار لانه‌ی خه‌مم ، كێ ئه‌زانێ دێمه‌وه لات
لێره ده‌ڕۆم به‌جێت دێڵم ، سه‌فه‌ر نادیاره بۆ كۆییه
بیره‌وه‌ریم وه‌كو چرۆ له‌ساڵ ده‌خزێ و بێ شوێن و پێیه).
هونه‌رمه‌ند ده‌رباره‌ی گۆرانی (سه‌فه‌ر) ده‌ڵێت :
( گۆرانی سه‌فه‌ر یه‌كێكه له‌و گۆرانیانه په‌یوه‌سته‌به ئازار و ئه‌ندێشه‌ی ناخی خۆم و كۆچی كوردان به‌ره‌و ده‌ره‌وه) ( 12).
سه‌باره‌ت به گۆرانی ( سه‌فه‌ر) ، مامه عه‌زه‌ی هونه‌رمه‌ندو دڵسۆز بۆ ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج پێی ڕاگه‌یاندم ( كاك هوشیار ئه‌و گۆرانییه‌ی دووجار تۆماركردووه، جاری یه‌كه‌م ساڵی (1997) ، ئاوازه‌كه هی كاك هوشیاره و ئاماده‌كردنی مۆسیقاكه‌ی مامۆستا ئازاد ساڵه‌ح زه‌حمه‌تی كێشاوه و له‌وساڵه‌دا بۆ ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان تۆمارمان كرد، ڕه‌وه‌زی كوڕم ئه‌وكاته ته‌مه‌نی چوار بۆ پێنج ساڵان ده‌بوو، زۆر حه‌زی له‌و گۆرانییه ده‌كرد، له(13/2/2000) خوای گه‌وره كوڕێكی دیكه‌ی پێ به‌خشین ، لهبیركردنهوهدابووین بۆ ناوێكی خۆش، له‌پڕ ڕه‌وه‌ز گوتی باوكه ، دایكه ، من ناوێكی زۆر خۆش به‌خه‌یاڵمدا هاتووه ، گه‌ر بیڵێم ئه‌و ناوه‌ی لێده‌نێن؟!
پێكه‌وه گوتمان : تۆبیڵێ ئه‌و كات قسه‌یه‌كی لێده‌كه‌ین .
گوتی حه‌زده‌كه‌م ناوی بنێن ( ڕێهات) كه كاك هوشیار له‌گۆرانی سهفهرهكهیدا ده‌ڵێت : ڕێی هات و نه‌هات ، ئێمه‌ش بیرۆكه‌كه‌یمان پهسهندكردو ناومان نا ( ڕێهات). دواتر چیرۆكی ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ و هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج دوور و درێژه،به‌هه‌رحاڵ كاك هوشیار له‌ساڵی (2019) گه‌ڕایه‌وه باس له حه‌زو ئاواته‌كه‌ی ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ كرا كه كاك هوشیار گه‌ڕایه‌وه كوردستان به‌یه‌كه‌وه ئه‌و گۆرانییه بخوێنن و ئه‌و بهكلارنێتهكهی مۆسیقای بۆ بژه‌نێ ؟! برای هونه‌رمه‌ند( توانا خورشید) سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كارییه‌كی زۆر جوانی مۆسیقای بۆ كرد ، له‌ناو گۆرانییه‌كه‌دا سۆڵۆكهی ڕێهاتی كرده ناو گۆرانیه‌كه‌ی سه‌فه‌ر ، پاشان بیرله‌وه كرایه‌وه كلیپی بۆ بكه‌ن ، به‌ڵێ به كوالێتێكی زۆر جوان كلیپی بۆ كرا ، هاوسه‌ری ئازیزم( ژیان محه‌مه‌د شوكره) ڕۆڵی دایكی ڕێهاتی بینی و هه‌روه‌ها ڕه‌وه‌زی كوڕم ڕۆڵی ڕێهاتی بینی ، ته‌نانه‌ت گۆرانی ( سه‌فه‌ر ) و ڕێهاتی جوانه‌مه‌رگ و خانه‌واده‌كه‌م ، بووه هه‌وێنی نوسینێك به‌ناوی( چیرۆكی ئه‌و خێزانه‌ی چوونه نێو گۆرانیه‌ك ) به‌خامه‌ی به‌ڕێز( دره‌و مه‌هدی) نووسرا و له‌كتێبی ( ڕێهات ...نیشتمانه سه‌وزه‌كه‌ی كلارنێت ) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه(13) .
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی دوو ئه‌لبومی هونه‌رییه،( شنه‌ی مۆردانه و كانی شێخ) هه‌ردووكیان به‌ناوی دوو گه‌ڕه‌كی دێرینی شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه ناو نراون، به‌ڵام هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج جیا له‌و دوو ئه‌لبوومه، به‌شداری پرۆگرامه هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات دا كردووه و ئاوازی نوێ خوێندووه ، هه‌روه‌ها له‌یادی شه‌هیدكردنی هه‌ڵه‌بجه دا له‌هه‌نده‌ران له‌ساڵی (1997 و 1998) له كه‌ناڵی مهد و ڕۆژ تیڤی به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( عارف ئیبراهیم و پوور و ئالان عارف) و هونه‌رمه‌ندانی دیكه به‌شداری هه‌ردوو به‌رنامه‌ی ( دیداری ئازیزان و شانشین) ی كردووه،
یه‌كه‌م ئه‌لبوومی به‌ناوی( شنه‌ی مۆردانه ) ساڵی ( 2002) بڵاو بۆته‌وه ،هۆنراوه‌ی گۆرانیهكان ، هونه‌رمه‌ند سوودی لههۆرنراوهی ( مه‌وله‌وی ، فۆلكلۆر و ئیسماعیل خورماڵی) وه‌رگرتووه، زۆربه‌ی ئاوازه‌كانیش خودی هونه‌رمه‌ند دایناوون، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه زێڕین هاوكاری بوون له ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ئه‌لبوومه بریتی بوون له :
1/ ساقی ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( توانا خورشید ) .
2/ عومری خاڵی ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا( كارزان مه‌حمود ) .
3/ چرۆ ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( توانا خورشید ) .
4/ نه‌هات،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( خه‌لیل عه‌بدوڵڵا ) .
5/ كاڵێ ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا ( زانا مه‌حمود هه‌ژار و ئازاد ساڵه‌ح) .
6/ داده گیان ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا( كارزان مه‌حمود ) 7/ ناسكه ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ) .
8/ سه‌فه‌ر ،، ئاماده‌كردنی مۆسیقا( ئازاد ساڵه‌ح ) .
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، زۆر هه‌ستیارانه مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ شیعردا كردووه، بهكارههونهرییهكانیدا ده‌رده‌كه‌وێت ، زۆر به‌ووریایه‌وه به‌ناو دیوانی شاعیران‌دا كێوماڵی كردووه و ئه‌و هۆنراوانه‌ی هه‌ڵبژاردووه وشه‌كانی ناسك و ساده‌بن و به‌زوویی بچێته سه‌ر زووانی خه‌ڵك و له‌كاتی گوێ‌گرتن‌دا له‌ده‌نگ و میلۆدی و هۆنراوه‌كه گوێگر په‌لكێش بكات و ڕۆح هه‌ستی له‌گه‌ڵ گۆرانییه‌كه‌دا ئاوێته ببێ ، له‌ماوه‌ی كاركردنی چه‌ند ساڵه‌ی له ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ردا ، هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، كه‌ڵكی له‌هۆنراوه‌ی ئه‌م شاعیرانه وه‌رگرتووه ( شێخ حه‌سیب قه‌ره‌داخی ، ئه‌حمه‌د موختار جاف ، شه‌ریف حسێن په‌ناهی، سه‌لاحه ڕه‌ش ، ناتیق ، ئیسماعیل خورماڵی ، محه‌مه‌د كه‌ساس، نه‌جم هۆگر و هێمن عه‌بدوله‌تیف) و هه‌روه‌ها نابێ گه‌نجینه به‌نرخه‌كه‌ی فۆلكلۆریش له‌یاد بكه‌ین،
ئه‌لبوومی دووه‌م به‌ناوی ( كانی شێخ ) ده‌بێت هونه‌رمه‌ند مه‌به‌ستی چی بووبێت له‌ناونانی (كانی شێخ ) بۆ ئه‌لبوومه هونه‌رییه‌كه‌ی ( كانییه‌كی خۆشیی دڵڕفێن بوو له‌هه‌ڵه‌بجه ، شوێنی به‌یه‌ك گه‌یشتنی عاشقان و یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی ئێواران دڵداران و گه‌نجان چوون بۆسه‌یری ئه‌و دیمه‌نه جوانه‌ی ئه‌و كانی یه، واته جێژووانی عاشقان بووه، به‌داخه‌وه ئێستا بۆته خانوو، منیش ویستم له‌ڕێی ئه‌و گۆرانییه‌وه بیری خه‌ڵكی بهێنمه‌وه، یه‌كێك له گۆرانی ئه‌لبوومه نوێیه‌كه‌م به‌ناوی كانی شێخه ، شیعری شاعیری گه‌وره شاعیری هه‌ست ناسك ( مه‌لاكه‌ریم كوڕی مه‌عروف ئاغای وه‌سمان ئاغایه ، (1886_1967) نازناوی ( ناتیق) ه ئه‌ویش خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌یه) (14).
به‌رله‌وه‌ی ناوی گۆرانییه‌كانی ئه‌لبوومی (كانی شێخ) ئاماژه پێبده‌ین ده‌بێت ئه‌رك و ماندووبوونی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( توانا خورشید) به‌رزبنرخێنین كه زۆربه‌ی كاری دابه‌شكردنی مۆسیقای گۆرانیه‌كانی له‌ئه‌ستۆ گرتووه، هه‌روه‌ها سوپاس و ستایش بۆ هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج بوون له ته‌واوی كاره هونه‌رییه‌كانی :
1/ گۆرانی (كانی شێخ) ، هۆنراوه‌ی ( ناتیق)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) .
2/ گۆرانی ( ئه‌م دڵه‌م) ، هۆنراوه‌ی ( ئه‌حمه‌د موختار جاف ، 1898_6/2/1935) .
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) .
3/ گۆرانی ( ساقی) ، هۆنراوه‌ی ( حه‌سیب قه‌ره‌داخی، 1929_ 9 له‌سه‌ر 10/1/1997) .
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( هوشیاری عود) .
4/ گۆرانی (كاڵه‌به‌ی) ، هۆنراوه‌ی ( فۆلكلۆر)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( ئازاد ساڵه‌ح) .
5/ گۆرانی (تا نه‌ڕۆیشتی ) ، هۆنراوه‌ی ( هێمن عه‌بدوله‌تیف)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( خه‌لیل عه‌بدوڵڵا)
میلۆدی ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) .
6/ گۆرانی (ئه‌ی خودایه ) ، هۆنراوه‌ی ( هێمن عه‌بدوله‌تیف)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) .
7/ گۆرانی (باخه‌وان ) ، هۆنراوه‌ی ( ئیسماعیل خورماڵی)
دابه‌شكردنی مۆسیقا ( توانا خورشید)
میلۆدی ( هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) (15).
جیا له‌و گۆرانیانه هونه‌رمه‌ند چه‌ندین گۆرانی دیكه‌ی هه‌یه ، هه‌ریه‌كه و بۆن و به‌رامه‌و چێژێكی هونه‌ری ده‌به‌خشنه گوێگر ،
هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، نایشارێته‌وه و زۆر به‌ڕاشكاوانه ئاماژه به‌و ڕاستییه ده‌دات له‌ناو تیپی مۆسیقای شنرۆێ وه گه‌شه‌ی كردووه و له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا جیا له‌هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای شنرۆێ ، چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی بواری مۆسیقا هاوكار و پشتیوانی بوون له‌سه‌ركه‌وتنی كاروانه هونه‌رییه‌كه‌ی ( به‌ڕاستی من كه‌هاتمه ناو دنیای مۆسیقا و گۆرانی یه‌وه ، من له‌په‌نجه‌ره‌ی تیپی مۆسیقای شنرۆێ وه هاتووم ، ڕێزم هه‌یه بۆیان و هه‌میشه خۆم به‌قوتابی ئه‌وان ده‌زانم ، ئه‌وان منیان په‌روه‌رده كردووه، به‌تایبه‌ت كاك ئازاد ساڵه‌ح و مامه‌عه‌زه و هه‌موو براده‌رانی تر، زۆر كارم له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شنرۆێ كردووه ، به‌ڵام زۆر هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی تر كاریان له‌گه‌ڵمدا كردووه، بۆ نموونه : مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، زانامهحمود هه‌ژار، كارزان مه‌حمود، خه‌لیل عه‌بدوڵڵا، عادل حه‌سه‌ن و تاد ، سوپاسی هه‌موویان ده‌كه‌م ) (16).
دوای سه‌رنجدان له‌ئه‌لبوومی دووه‌می هونه‌رمه‌ند ( كانی شێخ) زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كان هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار( توانا خورشید) كاری دابه‌شكردنی مۆسیقای بۆ ئه‌نجامداوه، به‌پێویستم زانی ڕاو سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ( توانا خورشید) ده‌رباره‌ی هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، وه‌ربگرم و بزانین چۆن به‌رهه‌م و توانا هونه‌ریه‌كه‌ی هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ ( مێژووی دۆستایەتی بەندە لەگەڵ کاک هوشیار حەمە فەرەج مێژوویەکی کۆنە و نزیکەی بیست ساڵێک زێدەتر دەبێت، ئێمە هاوڕێین و پێکەوە کار دەکەین، دەنگی کاک هوشیار سۆزێکی تێکەڵ بە هەستی غوربەت و نۆستاڵژیکی هەیە ، هەر ئەوەشە وایکردووە کە زوربەی گۆرانیەکانی ئاسان بکەونە سەرزار و بگوترێنەوە، بەندە بە چەند شێوازێکی جیا جیا و لە بۆنەو چالاکی و جیاوازدا کاری موزیکمان بۆ ئاوازەکانی کاک هوشیار ئەرەینج کردووە لەوانە شێوازەکانی ( سوننەتی ، پۆپ ، پۆپ سونەتی و کلاسیک ) ، دەتوانم بڵێم لە هەموو شێوازەکانیشدا سەرکەوتوو بووە و ڕەنگی دەنگی خۆی وون نەکردووە و زۆر کاتیش هەبووە بە خۆشحاڵیەوە لەسەر داوای کاک هوشیار خۆی چەند جوانکاریەکی بچوکمان بۆ ئاوازەکانیش کردووە ، ئومێدەوام دەنگی شیرینی کاک هوشیار هەمیشە هەر بەو زیندووییە لە گوێماندا بمێنێت و هەگبەی پڕ کاری نوێ و ڕەسەن بێت وەک
هەمیشە) ( 17) .
گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌هێنێ هه‌ریه‌كه‌و به‌ته‌نیا له‌ڕووی هۆنراوه‌و و میلۆدی ده‌نگه‌وه خوێندنه‌وه‌ی ووردی بۆ بكرێت ، هه‌ریه‌كه‌یان بۆ نموونه( چرۆ ، ساقی ، سه‌فه‌ر ، لێم گه‌ڕێن ، كاڵێ بارمهكه و ...تاد) بۆن و به‌رامه‌ی تایبه‌تی خۆیی و چێژێكی لێوان لێو له‌هونه‌ر بهگوێگردهبهخشن،
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا، هونه‌رمه‌ند لهههرگهڕانهوهیهكی بۆ نیشتمان به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕه‌وه گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ تۆماركردنی ئه‌و به‌رهه‌مه ناوازانهو ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند مه‌به‌ستی بووه ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌هاوكاری تیپه جوانه‌كه‌ی شنرۆێ له‌ڕێی كۆنسێرته‌وه بگه‌یه‌نێته هه‌واداره‌كانی ، هونه‌رمه‌ند له شاری ( سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌لار) كۆنسێرتی ئه‌نجام داوه و زۆر به‌گه‌رمیی پێشوازییان له‌و ده‌نگه هه‌ڵه‌بجه‌ییه كردووه،
پێم باشبوو ده‌رباره‌ی گرنگی مه‌قام و خوێندنه‌وه‌ی بۆمهقام له‌هونه‌رمه‌ند بپرسم ، ئایا گرنگه هونه‌رمه‌ند مه‌قامه‌كان بناسێت ، یان شاره‌زایی له‌چڕینی مه‌قامه‌كاندا هه‌بێت؟
له‌وه‌ڵامدا هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ده‌ڵێت ( بێگومان زۆر پێویستە گۆرانی بێژ مەقام بناسێ بەتایبەت ئاواز دانەر، من ناڵێم زۆر باشم بەڵام بەشێكی زۆر مەقامەكان ئەناسم، زۆرێك لەگۆرانیەكانم مەقامی جیاجیا خوێندومن ) .
كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌نێو دڵ و هه‌ست و ڕۆحی جه‌ماوه‌ردا جێی گرتووه و كارههونهرییهكانی بۆته جێی خۆشحاڵیی و ده‌ستخۆشیی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه، ته‌نانه‌ت گۆرانییه‌كانی ئه‌مرۆ له‌لایه‌ن ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندانه‌وه له‌ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستانه‌وه دووباره ده‌كرێنه‌وه، به‌پێی داب و نه‌ریت پێویسته پرس و ڕا به‌هونه‌رمه‌ند بكرێت له‌سه‌ر دووپاته كردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی به‌هه‌مان شێواز و به‌بێ ده‌ستكاری، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ به‌بێ پرسیی هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن گۆرانی، گۆرانییه‌كه ده‌ڵێنه‌وه‌و به‌داخه‌وه ده‌یشێوێنن( ڕاسته گۆرانی ئه‌وه‌نده موڵكی منه تا له‌ده‌می من دێته ده‌ره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌لایه‌ن زۆر له براده‌رانی ڕۆژهه‌ڵات به‌بێ پرسیی من گۆرانییه‌كانم ده‌ڵێنه‌وه ...! ته‌نانه‌ت ده‌سكاری تێكست و ئاوازه‌كه‌ی ده‌كه‌ن ، داب و نه‌ریتی هونه‌ریی وایه ئه‌گه‌ر كارێكی هونه‌ریت وته‌وه ده‌بێت خاوه‌نه‌كه‌ی ئاگاداربكرێت ، ئه‌گه‌ریش ئاگادارنه‌بێت پێویسته وه‌كو خۆی بیڵێیته‌وه) (18).
له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، ژیانی هاوبه‌شیی له‌ساڵی (1998) له‌گه‌ڵ خاتوونێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی پێكهێناوه،به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه ، په‌روه‌ردگار دوو جگه‌ر گۆشه‌ی به‌و خانه‌واده شیرینه به‌خشیوه و ناویان لێناون ( نالی و خانی) دوو ناوی شیرینی كوردی ، دوو پێشه‌نگی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و وێژه‌ی كوردی پڕ ته‌مه‌ن بن.
دوای ئه‌و ماوه دوور و درێژه ، پڕ به‌خششه هونه‌رییه ، چه‌پكه گوڵی ڕێز‌و خۆشه‌ویستی ده‌كه‌ینه گه‌ردنی هونه‌رمه‌نده ده‌نگ زوڵاڵ و هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و كوردستان هوشیار حه‌مه‌فه‌ره‌ج ، پێی ده‌ڵێم خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت ، سوپاس و پێ‌زانین بۆ كار‌و تێكۆشانی هونه‌ریت ، هه‌رهه‌بن و هیوای به‌رده‌وامیی و پڕ به‌رهه‌می ناوازه‌ت به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای شنرۆێ و هه‌موو هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێرینه‌كانی وڵات بۆ ده‌خوازین.
جه‌مالی ده‌لاك ( 23/8/2023) هه‌ولێر .
سه‌رچاوه:
(1و4و6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و دواتر له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه هونه‌رمه‌ند (هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داومه‌ته‌وه ، سێ شه‌ممه ( 15/8/2023) ( هه‌ولێر _ بۆن / ئه‌ڵمانیا) .
(2 و 5 و 9و 10 ) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و دواتر له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئازاد ساڵه‌ح) زانیارییه‌كانی خۆی ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند بۆناردووم (15/8/2023) ( هه‌ولێر _ هه‌ڵه‌بجه).
(3 و 7 و 14 و18)هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج _ ده‌نگێكی بڵندوهك شنرۆێ ، به‌رنامه‌ی كارلێك ، ئاماده‌و پێشكه‌شه‌كردنی ( به‌رزان كه‌ریم ) كه‌ناڵی ئاسمانی كوردسات، یوتوب ( 4/5/2016).
(8 و 13) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم _ مامه عه‌زه) ڕۆژی چوارشه‌ممه (23/8/2023).
(11 و 16 ) هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج ، به‌رنامه‌ی ( ڕوونتر) ئاماده‌كردن و پێشكه‌شكردنی هونه‌رمه‌ند ( هه‌ڵگورد ساڵه‌ح) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ساڵی (2013) ، یوتوب ( 17/3/2020).
(12) به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی (NRT) پێشكه‌شكردنی ( ئامانج بابانی) ، یوتوب ( 30/10/2013).
(15) وه‌رگیراوه له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكی هونه‌رمه‌ند ( عه‌زیز حه‌مه كه‌ریم _ مامه عه‌زه) له (23/10/2016).
(17) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( توانا خورشید)، دووشه‌ممه ( 14/8/2023 ) (هه‌ولێر _سلێمانی ).
سوپاس و پێزانینم بۆ هونه‌رمه‌ندانی ئازیز ( مامۆستا ئازاد ساڵه‌ح ، توانا خورشید، مامه عه‌زه و خودی هونه‌رمه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج) به زانیاریه‌كانیان هاوكارم بوون، خۆشم ده‌وێن و هاوكارو پشتیوانم بوون له‌م بابه‌ته‌دا، هیوادارم توانیبێتم كه‌مێك له‌خزمه‌تی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند هوشیار حه‌مه فه‌ره‌ج دا بووبێتم ( جه‌مالی ده‌لاك).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.