Erbil 33°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 17:29

د. فوئاد حوسێن و هاکان فیدان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە تاوتوێ کردووە و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکە کردووەتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 08ـی 2023 هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە عێراق و لەلایەن د. فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا و کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.

د. فوئاد حوسێن لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وێڕای بەخێرهاتن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی گرنگ و پراکتیکیمان هەبووە و پرسی جیاجیامان تاوتوێ کرد.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق گرنگە و گرنگی بە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوانمان دەدەین لە چوارچێوەی هەموو وەزارەتەکاندا، هەروەها پەیوەندیی بازرگانی نێوانمان گەشەی کردووە و بەردەوام لە گەشەکردندایە.

د. فوئاد حوسێن باسی لەوەش کرد کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەمان پرسی ئاو بوو، لەکاتێکدا هەردوو وڵات دووچاری کێشەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بوونەتەوە، کۆک بووین لەسەر مامەڵەی دادپەروەرانەی پشکی ئاو لەنێوان هەردوولا.

پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە، د. فوئاد حوسێن لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە باسی نەوت و هەناردەکردنی نەوتمان لەڕێگەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان کرد و هیوادارین بگەیەنە چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە.

دۆخی ئەمنی و سەربازی بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بووە و لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی کردەوە کە "ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی دەستووری عێراق کە ڕێگە نادات هیچ لایەن، حزب و ڕێكخراوێک  خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنێت."

هاوکات هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لەسەر پرسە گرنگەکان قسە دەکەن و ڕایگەیاند: سەقامگیری عێراق ڕۆڵی باشی لەسەر ئەمنییەتی تورکیا دەبێت و گرنگی زۆر بە عێراق دەدەین بۆ ئێمە لە پێشینەیە.

ڕاشیگەیاند: پشتگیری لە حکوومەتەکەی سوودانی دەکەین و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق بەرز دەنرخێنین.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کردووە، کە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی ئاو بووە، لەمبارەیەوەش گوتی: لەسەر پرسی ئاو گفوتوگۆمان کرد و لەسەر ئەم بابەتەش هەڵوێستی مرۆییانەمان دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.