Erbil 18°C شەممە 23 تشرینی دووەم 17:20

سه‌رۆك بارزانی بۆ پێشمه‌رگه و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌: ئێوه‌ هه‌میشه‌ له‌ دڵی من دان

کوردستان TV
100%

سه‌رۆك بارزانی له‌ میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ شاری دهۆك به‌ پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی گوت، ئێوه‌ هه‌میشه‌ له‌ دڵی من دان، ڕاشیگه‌یاند كه‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌رده‌م له‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانن و خه‌ڵكی كوردستان قه‌دریان ده‌زانێ.

سەرۆك مەسعود بارزانی پاش نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌م لە شاری دهۆك لەگەڵ ئەفسەر و پلەدارانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك كۆبووه‌وە.

لە كۆبوونەوەكه‌دا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوون و شەونخوونیی هێزی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكان هەبوو و سوپاسی كردن كە ئەوان توانیویانە سەقامگیری و ئاساییشی خەڵكی كوردستان دابین بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو كە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان هەردەم لە هێڵی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانن و خەڵكی كوردستان قەدریان دەزانێ و ڕایگەیاند كە ئێوە هەمیشە لە دڵی من دان.

لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونی پێویستی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها دۆزی گەلی كوردستان و ئەو هەڕەشە و تەحەدییاتی بەردەم گەلی كوردستان خستەڕوو، ئەوەی دووپات كردەوە كە لە ئەنجامدا ئیڕادەی گەلی كوردستان بەسەر كۆسپ و پیلانەكاندا سەردەكەوێت.

هەروەها سەرۆك بارزانی ئەوەشی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە پێویستە گەلی كوردستان پشت بە توانا و ئیرادەی خۆی ببەستێت و جەختیشی لەوە كردەوە كە كوردستان لە سەرووی بەرژەوەندی هەموولایەكە و دەبێ بەهۆی هەڵبژاردنەوە متمانەی گەلی كوردستان بە لایەنەكان نوێ بكرێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.