Erbil 6°C شەممە 23 تشرینی دووەم 07:40

خوێندنی باڵا: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە خوێندن لە دەرەوەی وڵات سوودمەندبن

کوردستان TV
100%


لەو پێنج هەزار کورسییەی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕاگەیەندراوە، بەشى پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە و فەرمانبەران دەتوانن لەم لینکەى خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن.

د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕایگەیاند: پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ ناردنی پێنج هەزار کەس بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەستۆی حکومەتی عێراق.

ڕاشیگەیاند: هەفتەی ڕابردوو بە شاندێک سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات کۆبووینەوە و جەختمان لە پێویستیی سوودمەندبوونی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد "دابەشکردنی ئەو پێنج هەزار کورسییە بەسەر پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی ڕێژەی دانیشتووان بێت."

هەروەها د. یاسین ساڵح ڕوونی کردەوە: "ئەو پێنج هەزار کورسییەی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیەنراوە، بۆ چوار ساڵە و لە قۆناغی یەکەمدا 400 کورسی دابین کراوە کە دەرگای پێشکەشکردن لە (15ـی ئابی 2023) کراوەتەوە و دوا وادەی پێشکەشکردنیش لە (15ـی ئەیلوولی 2023) دەبێت، هەر پارێزگایەکەیش ئەو ڕێژە کورسییەی بۆی دابین دەکرێت، ئەگەر لە قۆناغی یەکەمیشدا پڕنەکرێتەوە، ئەوا بۆ قۆناغەکانی داهاتوو هەر بە پشکی ئەو پارێزگایە دەمێنێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کرد "لەم بەرنامەیەدا تایبەتمەندی بە کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان دراوە، بە کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بەبێ کێبڕکێی گشتی لەسەر بنەمای مەرج و ڕێنماییەکان ڕاستەوخۆ وەردەگیرێن و سوودمەند دەبن لە بەدەستهێنانی کورسیی خوێندن لە دەرەوەی وڵات."

لەبارەی پشتگیریکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەرگیراوانی ئەو بەرنامەیە، د. یاسین ساڵح ئاشکرای کرد، لەم قۆناغەدا پێشکەشکردنی داواکاری تەنیا بۆ فەرمانبەرانە و دوای وەرگرتنی هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستانیش بە پێی ڕێنمایی و ڕێکارەکان، مۆڵەتی خوێندنیان پێ دەدرێت و هەموو ئاسانکارییەکیان لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەکرێت.

ڕۆژی (24ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستپێشخەریی ناردنی پێنج هەزار کەسی بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند کە لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق سەرپەرشتی دەکات و هەموو پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا سوودمەند دەبن.

دوای ڕاگەیاندنی ئەو دەستپێشخەرییەش، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نامەیەکدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی کرد کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش سوودمەند بن لەو بەرنامەیە و دوای هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام، ئێستا کە قۆناغی یەکەمی ئەو بەرنامەیە چالاک کراوە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری بۆ بەدەستهێنانی کورسیی خوێندن لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بکەن.

بە گوێرەی مەرج و ڕێنماییەکانی ئەو بەرنامەیە بۆ خوێندنی ماستەر، پێشکەشکار نابێت تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت و بۆ خوێندنی دکتۆرا نابێت تەمەنی لە 35 ساڵ زیاتر بێت، هەروەها بۆ ئەم قۆناغەی پێشکەشکردن، فەرمانبەر بێت لە یەکێک دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم یان حکومەتی فیدراڵی و دانیشتووی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.

بۆ خوێندنەوەی مەرج و ڕێنماییەکانی پێشکەشکردن و پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن، سەردانی ئەم لینکە بکەن:

https://hced.ur.gov.iq/

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.