Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 02:56

وه‌زیری ناوخۆی عێراق به‌هۆی پێشێلكردنی یاسا دوو ئه‌فسه‌ری پۆلیسی خانه‌نشین ده‌كات

کوردستان TV
100%

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ك و هه‌روه‌ها كورته‌ ڤیدیۆیه‌ك له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌زیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا دوو ئه‌فسه‌ری پۆلیس به‌ پله‌ی عه‌قید خانه‌نشین بكات.

یه‌كێك له‌ ئه‌فسه‌ره‌كان به‌ جل و پله‌ی سه‌ربازییه‌وه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی گرتبوو و دواتریش له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاو كرابووه‌وه‌، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی تریش له‌ كورته‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ سوكایه‌تی به‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات.

له‌سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ردوو ئه‌فسه‌ره‌كه‌، ئه‌مشه‌و پێنجشه‌م عه‌بدولئه‌میر شه‌مه‌ری وه‌زیری ناوخۆی عێراق فه‌رمانێكی تایبه‌ت ده‌ركرد.

له‌ فه‌رمانه‌كه‌ی وه‌زیری ناوخۆی عێراق هاتووه‌ كه‌ هه‌ردوو ئه‌فسه‌ره‌كه‌‌ پێشێلی مادده‌ی 4ی یاسای وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره‌ 20 بۆ ساڵی 2016یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌ ڕه‌چاوكردنی ڕێسا و ئه‌ته‌كێت و یاساكانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ بڕیاردرا به‌ خانه‌شینبوونی هه‌ردوو ئه‌فسه‌ره‌كه‌.

وه‌زیری ناوخۆ داواشی له‌ سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ كرد پابه‌ندی یاسا و ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ بن و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ هه‌ر كارێك كه‌ پیشه‌ و وه‌زاره‌ت و خێزانه‌كه‌یان پێ له‌كه‌دار ده‌بێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ له ئه‌مشه‌و پێنجشه‌مه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و هه‌ردوو پۆلیسه‌كه‌ خانه‌شین ده‌كرێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.