Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:29

تا ئێستا لە عێراق كار بە سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957 دەكرێت

بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئەنجام بدرێت
کوردستان TV
100%

سەرژمێری گشتیی، نەخشەڕێگا و پلانی كاری دەوڵەتی لەسەر بنیات دەنرێت و بنەمایەكی سەرەكیشە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن، چونكە تا ئامار و سەرژمێری نەبێت رەنگە نەتوانرێت وەك پێویست ھەڵبژاردنێكی دروست ئەنجام بدرێت، ھەروەھا لەڕیگای سەرژمێرییەوە، زانیاری پێویست لەسەر كۆی دانیشتوان سەبارەت بە رەگەز، تەمەن، ئایین، رەوشی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی خێزان كۆدەكرێتەوە.
لە زۆربەی وڵاتاندا، ھەر 10 ساڵ جارێك سەرژمێری دانیشتوان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا لە عێراق ھەشت سەرژمێری گشتیی ئەنجامدراوە كە دوایین سەرژمێری لە ساڵی ١٩٩٧دا ئەنجامدرا بەڵام بە هۆی دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری لە سەرانسەری عێراق كەمتر وەك بنەمایەكی زانستی پشتی پێ دەبەسترێت.
لەنێوان ساڵانی 1927 تاوەكو 1997، ھەشت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامدراوە، ئەوانیش سەرژمێرەكانی ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977، 1987، 1997.
بە بۆچوونی شارەزایان لە عێراق، سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957، سەركەوتووترین پرۆسەی سەرژمێرییە كە تا ئێستا لە عێراق ئەنجامدرابێت، ئەوەیش لەبەر ژمارەیەك ھۆكار لەنێویاندا، تاقیكردنەوەی ئەزموونی بۆ پرۆسەكە لە رۆژی 14 حوزەیرانی 1957، بەشداریكردنی نوێنەر و شارەزایان نەتەوە یەكگرتوەكان لە پرۆسەكە، ھەروەھا ئەنجامدانی خولی راھێنان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەی رەگەزنامەی گشتیی و ھەڵمەتی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بانگەشەكردن بۆ بەشداریكردنی ھاووڵاتییان لە پرۆسەكەدا، دابەشكردنی فۆرمی سەرژمێرییەكە بەسەر ھاووڵاتییاندا، بۆ ئەوەی خۆیان فۆرمەكە، پڕ بكەنەوە.ھەر لەبەر ئەوەیە، تا ئێستا لە عێراق كار بە سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957 دەكرێت.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبد زەھرە ھینداوی گوتی: ئامانج لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق ئەوەیە، داتا و زانیاریی گشتگیر و تەواو لەبارەی رەوشی عێراق كۆبكرێتەوە كە دواتر لەسەر بنەمای ئەو داتا و زانیارییانە، پلان و سیاسیەتی دوورمەودا بۆ گەشەپێدان ئامادە دەكرێت، ئەوەیش لەپێناو باشتركردنی رەوشەكەیە لەسەرجەم بوارەكاندا، چی لە بواری خزمەتگوزاری، پەروەردە، تەندروستیی و رێگاوبان یان بوارەكانی دیكە، بۆیە ئەو كارەیش تەنھا بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەدی دێت.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئاماژە بەوەدا كە وەزارەتی پلاندانان لەچوارچێوەی ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە، زنجیرەیەك رێوشوێنی گرتووەتەبەر، دوای ئەوەی دەستەی باڵای سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم، بڕیاریدا لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، سەرژمێری گشتیی دانیشتووان ئەنجام بدرێت و لەو چوارچێوەدا، تیمەكانی سەربە وەزارەتی پلاندانان، دەستیان كردووە بە ئامادەكردنی پلانی كار.
هەروەها ھینداوی گوتی: بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە، پێویستمان بە 130 ھەزار ئامێری ئەلیكترۆنی ھەیە كە ئەوەیش بە واژووكردنی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیھانییەكاندا دابین دەكرێت.
گوتیشی: لەڕووی پێداویستییە مرۆییەكان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان، پێویستمان بە مەشق و راھێنان بەو فەرمانبەرانە ھەیە كە بەشداری لە بەڕێوەبردنی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دەكەن كە ژمارەیان 120 ھەزار بۆ 130 ھەزار فەرمانبەر دەبن و لە كاتی پشووی ھاویندا مەشق و راھێنانیان پێ دەكرێت، چونكە بەر لەوەی پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت، پڕۆسەیەكی تاقیكردنەوەی سەرژمێری دانیشتووان بەو فەرمانبەرانە ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،سەرژمێرییەكە بەبێ جیاوازی، سەرجەم دانیشتووانی عێراق بەھەموو چین و توێژەكانەوە دەگرێتەوە بە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستانیشەوە، بگرە لە منداڵی تازە لەدایكبوو تا دەگاتە بەساڵاچوو.
عەبد زەھرە ھینداوی لەبارەی ھۆكارەكانی ئەوەی كە ماوەی 26 ساڵە پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام نەدراوە گوتی: لەبەر ھۆكاری ئەمنی، سیاسی و یان تەندروستیی، نەتوانراوە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئێستا سەرجەم كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پڕۆسەكە چارەسەر كراون و ئێستا ھەماھەنگی باش لەنێوان وەزارت و لایەنە پەیوەندیدارەكان و ھەرێمی كوردستان ھەیە، بۆ ئەوەی ساڵی داھاتوو سەرژمێری ئەنجام بدرێت.
گوتیشی: بەدڵنیاییەوە، پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی بەو پێیەی لەسەر بنەمای پێوەری نێودەوڵەتیی ئەنجام دەدرێت، ئەنجامەكەیشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییدا، متمانەپێكراو دەبێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.