Erbil 8°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 07:24

ھەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەردەوامە

کوردستان TV
100%

شاخەوان عەبدوڵڵا ،جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، و ھادی عامری، سەرۆكی لیژنەی باڵای ماددەی 140ی دەستوور، كۆبوونەوە.
كۆبوونەوەكە لە نووسینگەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچووە و تێدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكرێت.
بەپێی یەكێك لە خاڵەكانی نێو كارنامەی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی كە كورد، شیعە و سوننە لەسەری ڕێككەوتوون، دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا، كارنامەكەی جێبەجێ بكات كە یەكێك لە خاڵەكانی نێو كارنامەكە، جێبەجێكردنی تەواوی ماددەی 140ی دەستوورە.
ماددەی 140ی دەستووری عێراق، تایبەتە بە چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان، ئەویش بە سێ قۆناغ كە بریتین لە ئاساییكردنەوەی رەوشی ئەو ناوچانە، گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و قەرەبووكردنەوەیان، ھەروەھا گەڕانەوەی ئەو كەسانەی كە لە شوێنی دیكەوە بۆ ئەو ناوچانە هێندراون.
بڕیاربوو لیژنەی ماددەی 140ی دەستوور لە ساڵی 2007دا، تەواوكردنی ماددەكەی جێببەجێ بكات، بەڵام بە چەندین ھۆكار كاری لیژنەكە راگیرا. رۆژی 28ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2022، لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 بەسەرۆكایەتی ھادی عامری كاراكرایەوە، كە لە كارنامەی حكوومەتەكەی محەممەد شیاع سوودانی-دا لایەنەكانی پێكهێنەری حكوومەت لەسەری ڕێككەوتوون.
یەكێك لە بڕگەكانی نێو ماددەی 140ی دەستوور، بریتییە لە چارەسەركردنی زەویی جووتیارانی كورد و توركمان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كە داگیركراوە.
ھەروەھا لە مانگی حوەزیرانی 2023دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەركردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی ھەڵوەشاوە پەیوەندار بە زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنووری پارێزگای كەركووكی پەسەندكرد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.