Erbil 17°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 02:12

مەزارگەی "ڕەبەن بۆیە" لەشەقڵاوە بۆتە شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی موسڵمان و كریستیانەكان

ڕەبەن بۆیە یان وسو ڕەحمان، بە بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە، كەسایەتییەكی پیاوچاك بووە، كە مەسیحییەكان بە ڕەبەن بۆیە و موسڵمانەكان بە وسو ڕەحمان ناوی دەهێنن و، هەردوولا رێزی لێ دەگرن.
کوردستان TV
100%

مەزارگەی "ڕەبەن بۆیە" لە ئەشكەوتێكی ناوقەدی شاخی سەفین رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر هەڵكەوتووە و، ماوەی چەند دەیەیە بووەتە شوێنێكی پیرۆز بۆ كریستیان و موسڵمانەكان و لە بۆنە فەرمییەكان رێوڕسمی تایبەتی تیا ئەنجام دەدرێت.
مەزارگەكە كەوتووەتە باشووری شەقڵاوە و دۆڵێكی بەرز چیای سەفین بە شارەكە دەبەستێتەوە و تایبەتمەندی ئەو شوێنە ئەوەیە دوو ئایینی ئاسمانیی بەیەكەوە دەبەستێتەوە و مزگەوت و كڵێسا بەیەكەوە سەردانی دەكەن و فاتیحە و خاش بەیەكەوە دەخوێنن و هەردوولاش مرازی دڵی خۆیان لە بەردەكانی یەك دیواردا دەدركێنن.
لە تەنیشت مەزارگەكە بیرێك بۆ گلدانەوەی ئاوی بەفر و باران دروستكراوە، چەند مەترێك دواتر، دیوارێكی بەردین هەیە كە ئەشكەوتەكە و دەرەوە لەیەكتر جیادەكاتەوە، لە ناوەڕاستی دیوارەكەش دەرگایەكی هیلالی بۆ چوونە ژوورەوە هەیە كە نزیكەی شەش مەتر بەرز دەبێت، لە تەنیشت ئەو ژوورێكی دیكە هەیە كە گۆڕی ڕەبەن بۆیا یان شێخ وسو ڕەحمان-ی تیادایە.
ڕەبەن بۆیە یان وسو ڕەحمان، بە بۆچوونی خەڵكی ناوچەكە، كەسایەتییەكی پیاوچاك بووە، كە مەسیحییەكان بە ڕەبەن بۆیە و موسڵمانەكان بە وسو ڕەحمان ناوی دەهێنن و، هەردوولا رێزی لێ دەگرن.
بۆ گەیشتن بە مەزارگەكە، رێگایەكی سەخت و هەورازی هەیە و، تا نیوەی رێگاكە پلیكانەی بۆ دروستكراوە، نیوەی دووەمی رێگاكە بەهۆی زۆری هاتوچۆیەوە رێگایەك بەناو بەردەڵانەكە دروست بووە و، بۆ سەركەوتن پێویستی بە ناوە ناوە پشوودان و توانایەكی زۆریش هەیە، هەرچەندە لە شوێنێكی سەخت و دوورە دەستدایە بەڵام تا رادەیەك خزمەتگوزاریی لە رووی هاتوچۆوە بۆ دابینكراوە.
كریستیان و موسڵمانەكانی قەزای شەقڵاوە هاوڕان لەسەر ئەوەی كە مەزارگەكە بووەتە شوێنی پێكەوەژیان و هەردوولاش ساڵانە لە بۆنە فەرمییەكان سەردانی شوێنەكە دەكەن و ڕێوڕەسمی تیادا ئەنجام دەدەن، دیارترینیان داگیرساندنی مۆمە لە مەزارگەكە.

لەوبارەیەوە سبی مەتی خۆرانی، سەرۆكی رێكخراوی شەقڵاباد بۆ پەرەپێدانی گەنجان، كریستیاننشینێكی ناوچەكەیە و گوتی: مێژووی ئەم مەزارگەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەم، لە كۆنەوە مارقەرداغ باسی ئەوەی كردووە كە ڕەبەن بۆیە 68 ساڵ لەناو ئەو شوێنە ژیاوە و پەرستشی تیادا كردووە، ئەم شوێنە لە كۆنەوە بووەتە جێگای سەرنجی هەموو پێكهاتەكان، ساڵانەش دوو هەفتە دوای جەژنی قیامە، مەسیحییەكانی هەموو عێراق سەردانی دەكەن و موسڵمانەكانیش ناویان ناوە شێخ وسو ڕەحمان و ئەوانیش وێڕای ئێمە، سەردانی شوێنەكە دەكەن و رێزی دەگرن.
گوتیشی: خەڵك بۆ نزا و پاڕانەوە و، بۆ بەدیهاتنی ئاواتەكانییان، سەردانی مەزارگەكە دەكەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگییەكی تایبەتی بە شوێنەكە داوە، خواستی ئێمەش ئەوەیە كە زیاتر پەرە بە هاتنی گەشتیاران بدەین بۆ شوێنەكە، لەگەڵ ئەوەشدا شروشتی قەزای شەقڵاوە وایە كە زۆر گرنگی بە بابەتی پێكەوەژیان دراوە، ئێمە هەموومان بەیەكەوە دەژین، گرنگیشە گیانی یەكتر قبوڵكردنمان هەبێت لە رووی جیاوازی ئایینی و كولتوورییەوە.
هەروەها جوان ئەحمەد ئافرەتێكی چالاكی سنوورەكەیە و ئاماژە بەوە دەكات كە لە منداڵییەوە ناوی ڕەبەن بۆیە یان شێخ وسو ڕەحمانی بیستووە و، ئەوەش دەخاتەڕوو كە شوێنەكە بووەتە هۆكارێك كە هەردوو ئایینی كریستیان و موسڵمانان بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
هەروەها گوتی: ئەم شوێنە وەك مەزارگەیەكی پیرۆزی ئەو سنوورەیە كە لە نێو قەدی چیای سەفیندایە و كریستیان و موسڵمانەكان سەردانی دەكەن، مەزارگەكە لەناو هزری هەموو خەڵكی سنوورەكە شتێكی پیرۆزە و لەوێ ویست و خواستەكانییان دەكەن و ئەوەی گوێمان لێ بووە زیاتر ژنەكان بۆ نزا و پاڕانەوە بۆ منداڵبوون سەردانی شوێنەكە دەكەن.
گوتیشی: لە هەموو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچەی ئەلقۆش و شوێنە كریستیاننشینەكان سەردانی ئێرە دەكەن و وەكو سەیرانگایەكیش دەیبینن، بەبێ جیاوازی كریستیان و موسڵمانەكان بە ڕێزەوە سەیری شوێنەكەیان كردووە و بووەتە هۆكارێك كە هەردوو ئاینەكان بەیەكەوە گرێبدات و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە كە هۆكار هەن بۆ پێكەوەژیان و بووەتە لانكەی پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوەكان.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.