Erbil 32°C ھەینی 20 ئەیلوول 15:46

لەدەستدانی هەستی بۆنكردن لەوانەیە نیشانەی ئاگاداركردنەوە بێت بۆ ئەم نەخۆشییە 

کوردستان TV
100%

بەپێی ماڵپەڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمریكی،لەتوێژینەوەیەكی ئەم دواییە دەركەوتووە كە لەدەستدانی هەستی بۆنكردن لەوانەیە نیشانەیەكی ئاگاداركردنەوە بێت بۆ نەخۆشی زەهایمەر" بیرچوونەوە" لە داهاتوودا. 
لەتوێژینەوەكەدا دەركەوتووە، ئەوانەی هەڵگری جینی APOE4ن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی زەهایمەر و لەدەستدانی توانای بۆنكردن زیاترە.
توێژینەوەكە زیاتر لە 865 بەشداربووی لەخۆگرتبوو،دەستكرا بە پێوانەكردنی توانای دەستنیشانكردن و ناسینەوەی بۆنەكانیان.هەر لەو ماوەیەشدا بەشداربووان تاقیكردنەوەیان بۆ پێوانەكردنی بیرەوەری و ئەركی مەعریفییان بۆ كرا.
كەمبوونەوەی توانای بۆنكردن بۆ یەكەمجار لەنێو ئەو كەسانەی تەمەنیان لە نێوان 65 بۆ 69 ساڵدایە، سەرنجی درا. ئەنجامی توێژینەوەكەش دەریخستووە كە ئەم گرووپە 'دابەزینێكی خێرا'ی لە 'كارامەیی بیركردنەوە'شدا نیشانداوە.
دكتۆر ماتیۆ گودسمیت، نووسەری توێژینەوەكە، لە زانكۆی شیكاگۆ دەڵێت: تاقیكردنەوەی توانای كەسێك بۆ دیاریكردنی بۆنەكان، ڕەنگە ڕێگەیەكی بەسوود بێت بۆ پێشبینیكردنی كێشە مەعریفیەكانی داهاتوو.
لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: دیاریكردنی میكانیزمەكانی بنەمای ئەم پەیوەندییە یارمەتیدەرمان دەبێت لە تێگەیشتن لە ڕۆڵی هەستی بۆنكردن لە تێكچوونی دەمارەكاندا.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەكاتێكدا پێویستە لێكۆڵینەوەی زیاتر بكرێت بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەم دۆزینەوانە و دیاریكردنی ئاستی ئانۆسمیا كە دەتوانێت پێشبینی مەترسییەكانی داهاتوو بكات، بەڵام ئەم ئەنجامانە ڕەنگە ئومێدبەخش بن.
جێی سەرنجە لە سەرانسەری جیهاندا نزیكەی 55 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی زەهایمەر بوون كە نزیكەی 7.7 ملیۆن كەسیان لە ئەمریكا و نزیكەی 900 هەزار كەسی دیكە لە بەریتانیا.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.