Erbil 33°C ھەینی 20 ئەیلوول 14:23

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕگه‌ و بابه‌تێك تاوتوێ و په‌سند كران.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕوو کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز.

سەرۆک وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە، ئەم پڕۆژەیاسایە دەبێت بە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی  لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژوو کراون.

ئەنجوومەنی وەزیرانیش دووپاتی بایەخی هەبوونی یاسای نەوت و گازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕوو کە لەبەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوە و ئامانج لێی دەستبەکاربوونی سندووقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرج بکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە، ئەنجوومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندووقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لەخۆ دەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکوومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندووقەکە.

دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.