Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 08:40

كوردستان تیڤی فیلمی دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" به‌رهه‌م ده‌هێنێت

کوردستان TV
100%

كوردستان تیڤی فیلمی دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" به‌رهه‌م ده‌هێنێت، فیلمه‌كه‌ باس له‌ رۆل و به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ داستانی مێژوویی شاری كۆبانێ كه‌ به‌ بڕیاری سه‌رۆك بارزانی و ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان، پۆلێك له‌ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ شاری كۆبانێ و ناوچه‌كانی تری كوردستانی سووریا كرد.

فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن ستافێكی پڕۆفیشناڵی كوردستان تیڤی به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و وه‌ك ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌ ده‌ڵێت،‌ ده‌یانه‌وێ فیلمه‌كه‌ بكه‌نه‌‌ به‌ڵگه‌ فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری مێژوویی.

عه‌دنان شه‌ریف ده‌رهێنه‌ری فیلمی "كۆبانێ" تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی (كوردستان تیڤی) گوتی: فیلمی‌ دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" له‌سه‌ر زاری فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ به‌شداره‌كانه‌وه‌ باس له‌ بڕیاری چوونیان له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانی و به‌شداریكردنی له‌ شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كانی داعش له‌ شاری كۆبانێ و ناوچه‌كانی تری كوردستانی سووریا ده‌كات‌.

گوتیشی: له‌ كاتێكدا كه‌ له‌ ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش نزیك بوون شاری كۆبانی به‌ تەواوی داگیر بكه‌ن، ئەو كات سەرۆك بارزانی داوایه‌كی به‌په‌له‌ی ڕاگه‌یاند و فه‌رمانی كرد ڕاسته‌وخۆ پیشمەرگە بچێت به‌هانای خه‌ڵكی كۆبانێ و به‌شداریی رزگاركردنی شاره‌كه‌ لە دەست چه‌كدارانی داعش بكات، دواتریش ڕه‌زامه‌ندی پەرلەمانی كوردستان وه‌رگیرا و فه‌رمانی چوونی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ بوو به‌ واقیع و چووه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ چركه‌ سات و‌ رۆژی یه‌كه‌می گه‌یشتنی پێشمه‌رگه‌ بۆ كۆبانێ، ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كان پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌ و پێشمەرگە سەركەوتن دوای سه‌ركه‌وتنی تۆمار ده‌كرد و چه‌كدارانی داعشیش پاشه‌كشه‌یان ده‌كرد.

عه‌دنان شه‌ریف ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: فیلمی دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس لە ڕۆلی پێشمەرگە قارەمانەكان دەكات ئەوانی بە فیعلی به‌شداریی شه‌ڕه‌كانیان كرد‌ و چوونه‌‌ شاری كۆبانێ، فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌كان دیمه‌نه‌كانی سه‌ره‌تا و یه‌كه‌می چوونیان بۆ كۆبانێ و به‌شداریكردنیان له‌ شه‌ڕ و داستانه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌، ئه‌وان له‌سه‌ر زاری خۆیانه‌وه‌ قۆناغ به‌ قۆناغی پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ جه‌نگ و ڕووبه‌ڕبوونه‌وه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ تا كۆتا هه‌نگاو‌ و ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعشدا.

ده‌رهێنه‌ری فیلمی كۆبانێ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ چەندین فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ وه‌ك لیوا و عقید و هه‌روه‌ها چه‌ند پێشمەرگەیه‌كیش له‌ فیلمه‌كه‌دا‌ به‌شدارن و به‌شێوه‌ی پڕاكتیكی باس له‌ رۆل و ئه‌رك و به‌شداریكردنیان له‌ شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ فیلمی دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" بنەماڵەی شەهید زێرەڤان ئه‌كره‌م عه‌بدولجه‌بار كه‌ یه‌كه‌م شه‌هیدی داستانی كۆبانێ بوو، به‌شدارن و باسی رۆلی كوڕه‌كه‌یان له‌ پێشمه‌رگایه‌تی تا شه‌هیدبوونی له‌ شاری كۆبانێ ده‌كه‌ن.

فیلمی دۆكیۆمێنتاری "كۆبانێ" كه‌ له‌ ده‌رهێنانی عه‌دنان شه‌ریف و وێنه‌گرتنی سامان محه‌مه‌د و ڕووناكی هه‌واڵ هه‌ركییه‌، قۆناغی وێنه‌گرتنی خه‌ریكه‌ ته‌واو ده‌بێت و دوای ئه‌وه‌ش ده‌ست به‌ كاری مۆنتاژكردنی ده‌كرێت و ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌.

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.