Erbil 10°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 13:59

"جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالی كرایه‌وه‌"

کوردستان TV
100%

له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مشه‌وی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و شاندی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی كرایه‌وه‌.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م له‌ نووسینگه‌ی هادی عامڕی له‌ شاری به‌غدا، كۆبوونه‌وه‌ی خولی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ ئاماده‌بوونی شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش به‌شدار بوو.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌كان و بارودۆخی عێراق به‌ گشتی كرا، هه‌روه‌ها بابه‌ته‌كانی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌رنامه‌كانی حكوومه‌ت و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدانه‌كان تاوتوێ كران.

ڕاشیگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌روه‌ها كێشه‌ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالی باسكران، له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرینگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی كرایه‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هه‌روه‌ها بڵاو كرایه‌وه‌: سه‌رجه‌م به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌ئكیدیان له‌ په‌یڕه‌وی زمانی دیالۆگ و یه‌كخستنی دیدگاكان كرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئاسته‌نگه‌كان و فه‌راهمكردنی سه‌قامگیری له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیدا.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ‌ هۆشیار زێباری و فوئاد حوسێن و ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گەیشتبوونه‌ بەغدا.

سه‌باره‌ت به‌ ئامانجی سه‌ردانی شانده‌كه‌ی پارتی، په‌یامنێری (کوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاندبوو كه‌، شانده‌كه‌ی پارتی نیگەرانییەکان ده‌گه‌یه‌نێته‌ بەرپرسانی بەغدا و بەتایبەت لایه‌نه‌كانی چوارچێوەی هەماهەنگ.

ڕاشیگه‌یاندبوو كه‌، پارتی لە بەشێکی لایەنەکان نیگەرانە و پێیوایە لایەنە سیاسییەکانی نێو هاوپه‌یمانه‌تییه‌كه‌ وه‌ک پێویست پابەندی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەت و بەندەکانی نێو یاسای بودجەی فیدراڵی نەبوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.