Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 14:33

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی: پرۆژە وەستاوەكانی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان دەستپێدەكەنەوە

کوردستان TV
100%


ئەو ماستەرپلانانەی بەهۆی قەیرانی دارایی و دۆخە نەخوزاراوەكانەوە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە وەستاون بەگەڕدەخرێنەوە و ئەو شارانەی ماستەرپلانەكانیان پێویستییان بە گۆڕانكاری و هەمواركردنەوە هەیە هەمواردەكرێنەوە و ئەو شار و شارۆچكانەیشی تا ئێستا بێ ماستەرپلانن بۆیان ئامادە دەكرێت.
 لە دیوانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار كۆبوونەوەیەكی تری لیژنەی باڵای ماستەرپلانەكانی شار و شارۆچكەكان لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگە و شار و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی ڕاوێژكار و بەڕێوەبەری گشتیی نەحشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران. سەرۆكایەتیی شارەوانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، سۆران. بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی: هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. 
لە كۆبوونەوەكەدا چەند تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لەوانە، دەستپێكردنەوەی پرۆژە وەستاوەكانی ماستەرپلان كە بەهۆی دۆخە نەخوازراوەكان و قەیرانی داراییەوە زیاتر لە 10 ساڵە وەستاون، هەروەها دانانی ماستەرپلان بۆ ئەو شار و شارۆچكانەی تاكوو ئێستا ماستەرپلانیان نییە یان گرفتیان هەیە، هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان تاوتوێكران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر گرنگی پرۆژەكە و جەختی كردەوە دەبێت بابەتی دەستپێكردنەوەی پرۆژەی ماستەرپلانە وەستاوەكان و دانانی ماستەرپلانی نوێ و هەمواركردنەوەی ماستەرپلانەكانی شار و شارۆچكەكان كاری جدی لەسەر بكرێت و لە ماوەیەكی زوودا هەنگاویی كردەیی بنێت، ئەو پرۆژەیە بەلای حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە زۆر گرنگە و پێویستە بە تیم كاری لەسەر بكرێت و هەموو شارەوانییەكانیش هاوكاری لیژنەكە بكەن لە پێدانی زانیاری و ڕاپۆرت و ڕاوێژ و پێشنیار سەبارەت بە تایبەتمەندی شوێنەكان.
ساسان عەونی، ئاماژەی بە فراوانبوونی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرد و جەختی كردەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت ئەو گرفتانەی بەهۆی نەبوونی ماستەرپلانەوە دروستبوونە، لە ڕێگەی خودی ماستەرپلانەوە چارەسەریان بكات و شار و شارۆچكەكان ڕێكبخاتەوە، دەمانەوێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا هەموو شار و شارۆچكەكان ماستەرپلانی خۆیان هەبێت و بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیەش ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و پاڵپشتیەكین و لەگەڵ ڕێكخراوە بیانییەكانیش ئەو بابەتە تاوتوێ دەكەین. 
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بەوەش كرد، نەبوونی ماستەرپلان یان كۆنیان لەكاتێكدا كە شارەكان بەردەوام لە فراوانبوودان، لە ماوەی ڕابردوودا زیانی زۆریان لە پێشكەوتنی شار و شارۆچكەكان داوە، لەو سۆنگەیەوە ئەو پرۆژەیە زۆر گرنگە و ئومێدەوارین كارەكانی ئەو لیژنەیە بگاتە ئەنجامێكی باش بۆ پێشكەوتنی زیاتری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.