سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای پەرلەمانی شانشینی ئوردون کۆبووەوە و شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شای ئوردونیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین ئێوارەی ڕۆژی هەینی 04ـی 08ـی 2023 پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی شانشینی ئوردون بە سەرۆكایەتیی دكتۆر ئەحمەد ئەلخەلایلە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی شانشینی ئوردون كرد.
لە دیدارەكەدا كە مونتەسەر ئەلعەقلە باڵیۆزی ئوردون لە عێراق و فواد ئەلمجالی كونسوڵی ئوردون لە شاری هەولێر ئامادە بوون، شاندی میوان سڵاوی تایبەتی شای ئۆردۆنیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند و بەبایەخەوە باسی پەیوەندییەكانی نێوان شانشینی ئۆردۆن و هەرێمی كوردستانیان كرد و هەروەها پێزانینیان بۆ پێشكەوتن و گەشەی هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكان هەبوو و ڕایانگەیاند كە بەچاوی ڕێزەوە سەیری ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە دەكەن. هەروەها ڕۆڵی هەرێمی كوردستانیان لە حەواندنەوەی سەدان هەزار ئاوارە و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی بەوردی ئاماژەی بە مێژووی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردون كرد كە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر و شا حوسێن بونیات نراوە. هەروەها سوپاسی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردونیشی كرد كە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان و لە شەڕی دژی تیرۆردا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە.
سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەوەی كە دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئوردون لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا قووڵ بووەتەوە و پێشڤەچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.