Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 02:21

وڵاتانی جیهان بۆ نێچیرڤان بارزانی: لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن پشتیوانتین

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کرد، ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا پێشوازی لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن دەکەن.

ئالینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: پێشوازی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین بۆ دیاریكردنی ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 25ـی شوباتی 2024.

هەروەها باسی لەوە کرد کە به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد له‌ كاتێكی گونجاودا پێویسته‌ بۆ هه‌ر دیموكراسییه‌كی ته‌ندروست.

 

لەلایەکی دیکەوە ڕۆدۆڵف ڕیچارد، جێگری کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەنگاوێکی سەرەکییە.

جەختی کردەوە کە گرنگە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان پێکەوە کاربکەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر وێڕای پێشوازیکردنی ڕۆژی 25ـی 02ـی 2024 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە دەکات.

کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر دووپاتی دەکاتەوە کە مافی دەنگدان بڕبڕەی پشتیی دیموکراسییە و بۆنەیەکی بەنرخە بۆ گەلی کورد بۆ دەربڕینی دەنگی خۆیان.

هەروەها کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت دەکاتەوە کە هانی هەموو لایەنەکان دەدەن بەشێوەیەکی بونیاتنەر بەشداریی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیردا بکەن لە کاتی گونجاوی خۆیدا.

کونسوڵخانەی هۆڵەنداش لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دیاریکردنی 25ـی 02ـی 2024 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بە "گرنگ" دەزانێت و ئاماژەی بەوە داوە کە "پشتگیری هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و گشتگیر دەکات، بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بتوانن دەنگ بدەن."

ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە ڕاگەیاندنەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 25ـی 02ـی 2024 و گوتی: بەریتانیا بەردەوام داوای کردووە کە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتیگیر بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجام بدرێن.

جەختیشی کردەوە کە "هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بەشێوەیەکی بونیاتنەر بەشداری بکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دڵنیابن لەوەی کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت."

کونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ تێكەڵبوون لە پڕۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکارهێنانی مافی دەنگدانیان.

هەروەها ڤيله‌ ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عێراق كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ى به‌ كۆتا دێت دوای ديدارێكى ماڵئاوايی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: لە دیدارەکەدا پێشوازیم لە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد.

باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا له‌ عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن لە سەرخستنی پڕۆسەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ پێنجشەممە 03ـی 08ـی 2024 دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا ڕۆژی 25ـی شوباتی 2024ی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری كرد.

ڕاشیگەیاند: سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان سەرجەم حزب و لایەنەکانی ڕاسپاردووە بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی ڕۆژه‌كه‌، سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان ڕازین كه‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕۆژی 25ی شوباتی 2024 به‌ڕێوه‌ بچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.