Erbil 5°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 07:37

حكوومه‌تی هه‌رێم هاوکاری ته‌واوی تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش

کوردستان TV
100%

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا له‌ شاری هه‌ولێر ڕایگه‌یاند كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوکاری ته‌واوی تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كات بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵێنه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانی داعش و دادگاییکردنیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاریان.

ئەمڕۆ پێنجشه‌م لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر مەراسیمێک ساز کرا.

لەم مەراسیمەدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان هەموو لایەکمان ناچار دەکات پابەند بین بۆ هێنانەدیی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی.

ڕاشیگه‌یاند: بەپێی راسپاردەکانی مسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەو پەڕی هاوکاری لە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئالۆگۆڕی زانیاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاریان.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: حکوومەتی بەردەوام بووە لە یارمەتیدانی ئاوارەکان کە تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەکانیان (135) هەزار و 860 کەسیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.

رێکخەری راسپاردە نێوەدەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: سوپاسی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین کە کار لەسەر تاوانەکانی داعش دەکات و لە ساڵی 2017 تیمی یونیتاد دامەزرا بۆ لێکۆڵینەوە و گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنیان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

گوتیشی: ئەم هەنگاوە مێژووییە ڕێگەی خۆش کرد بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەی بەڵگەدار لەسەر تاوانەکانی داعش، لەمڕووەوە حکوومەتی هەرێم پابەندبوونی کریستیان ڕیتشەر سەرۆکی تیمی یونیتاد و تیمەکەی بەرز دەنرخێنێت.

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، دیندار زێباری گوتی: حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش بە ئامانجی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، هەروەها لیژنەیەکی وزاری باڵای پێکهێناوە بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و هەوڵەکانی ئازادکردنی ڕفێندراوەکان بەردەوامە، لێرەشدا سوپاسی حکوومەتەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی تر دەکەین کە پێشتر تاوانەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە، ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکی گرینگە، شان بەشانی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە.

سەبارەت بە پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەکانیش گوتی: حکوومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بە دیجیتاڵکردن و پاراستنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش، لەم رووەوە تا ئێستا زیاتر لە (100،000) لاپەڕە دیکیۆمێنت کراوە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لە بارەی بونیادنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەران سه‌باره‌ت به‌ تاوانە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بە هەماهەنگی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC) تا ئێستا (24) دادوەر و (7) داواکاری گشتی و (6) توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی بەشدارییان لە خولی مەشقدا کردووە لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌، پێویستە پێکەوە کار بکەن بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی ڕابردوو و دروستکردنی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بۆ قوربانییانی تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.