Erbil 14°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 10:30

نێچیرڤان بارزانی: لەژێر فەرماندەیی سەرۆك بارزانی ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێكشكێندرا

کوردستان TV
100%

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2023/8/3 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان، بەشداری لە ڕێوڕەسمی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییان و ‏كارەساتی شەنگال كرد كە لە هەولێر لەلایەن ڕێكخراوی یەزداوە ڕێكخرابوو.‏
لە ڕێوڕەسمەكەدا كە مستەفا سەید قادر جیگری سەرۆكی هەرێمی ‏كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ‏ژمارەیەك لە وەزیران و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و دیپلۆماتكاران و ‏كەسایەتی و ڕزگاربووانی ئێزدی و میوانانی بیانی و ئەكادیمی و پیاوانی ئایینیی ‏ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی و نوێنەرانی كۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەك لە ‏ڕزگاربووانی ئێزدی ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی، وتەیەكی پێشكەش ‏كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:
كەسوكاری قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییان،
ئامادەبووانی بەڕێز..
ڕۆژتان باش، بە خێر بێن بۆ ڕێوڕەسمی ساڵیادی كارەساتی خەمگینی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییان.
یادكردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییان، یادكردنەوەیەكی زۆر جیاواز و تایبەتە، چونكە ئەو جینۆساید و كارەساتە بەلای ئێمەوە هێشتا كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە ژن و منداڵ و پیاوانی ڕفێندراوی ئێزدی، بێسەروشوێنن. تاكو یەك ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، تاوانەكە كۆتایی نەهاتووە و لێكەوتەكانی ئەو كارەساتە تا ئەمڕۆش خەم و ژان و ئازار بۆ ئێزدییان و بۆ هەموو گەلی كوردستان، لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە هەموومان پێكەوە ڕێز لە قارەمانی و قوربانیدانی پێشمەرگە بگرین، كە دوای خۆڕێكخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر فەرماندەییی سەرۆك مەسعوود بارزانی ـدا، ئەفسانەی داعش لەسەر زەوی تێكشكێندرا. سڵاو لە گیانی پاكی ئەو قارەمانانەی گیانی خۆیان بەخشی لەپێناو ڕزگاركردنی شەنگال و پاراستنی هەموو كوردستاندا. سوپاس و پێزانین بۆ پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان.
سوپاس بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كە دەرگاكانی خۆیان كردەوە بۆ ئاوارەكان، بۆ ئاوارەی ئێزدی، بەتایبەتیش سوپاس بۆ خەڵكی پارێزگای دهۆك كە بە هەموو شێوەیەك هاوكار بوون لەگەڵ خوشك و برایانی ئێزدی. ئەوە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە كە لە دیمەنێكی زۆر مرۆڤانەدا‌ لە بادینان خەڵك دەرگای ماڵ و قوتابخانە و هەتا مزگەوتەكانیشی بۆ پێشوازی و حەواندنەوەی‌ خوشك و برایانی ئێزدی كردەوە.
دەستخۆشی لە ڕێكخراوی یەزدا دەكەم كە ئەم ڕێوڕەسمەیان ڕێكخستووە، هەروەها دەستخۆشی لە كارەكانیان دەكەم، هەموو ئەو كارانەی لەپێناو ئێزدییاندا كردوویانە. هیوادارم بەم گوڕ و تین و بەم هێزەوە لە كارەكانیان بەردەوام بن. سوپاسێكی تایبەت بۆ خاتوو نادیە موراد بۆ هەموو ئەو كارانەی لەپێناو ئێزدییاندا دەیكات.
سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمان و حكوومەت و ڕێكخراوانە دەكەم لە جیهان كە كارەساتی شەنگالیان وەك جینۆساید پەسەند كرد و بە هەر شێوەیەك بێت یارمەتیی ئێزدییان دەدەن. دواهەمینیان حكوومەتی بەریتانیا بوو كە ڕۆژی یەكی ئەم مانگە كارەساتی ئێزدییانی بە جینۆساید ناساند، سوپاس و دەستخۆشییان لێدەكەین، داوا دەكەین وڵاتانی دیكەش ئەو تاوانە گەورەیە وەك جینۆساید بناسێنن.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان، بە ڕێز و پێزانینەوە لە هەڵوێست و هاوسۆزی و هاوكاری و پشتیوانیی ئەو وڵاتانە دەڕوانین كە یارمەتیی كۆمەڵگەی ئێزدییان داوە.
ئامادەبووانی بەڕێز ..
ڕۆژی 3ی ئاب فەرمانێكی دیكەی ڕەش بەسەر ئێزدییاندا هات و كارەساتێكی دیكە چووە مێژووی گەلی كوردستانەوە كە هیچ كەس باوەڕی نەدەكرد لە سەدەی بیست و یەكەمدا تاوانكارییەكی ئاوا دڕەندە دژ بە مرۆڤ ئەنجام بدرێت. كارەساتی ئەم جارە زۆر ناخهەژێن بوو، دڵی هەموو كەسێكی لە هەموو پێكهاتەكانی لە كوردستان ئازار دا، چونكە داعش بەوپەڕی دڕندەیی، ژن و منداڵی ئێزدییان ڕفاند و كڕین و فرۆشتنی پێ كرد، دەستی لە سەربڕین و كوشتنی مرۆڤ و سووتاندن و ڕووخاندنی ماڵ و پەرستگاكانی ئێزدییان نەپاراست. ئەو تاوانە، تاوانێكی بێهاوتای سەردەم بوو.
لە ئەنجامی ئەو وەحشگەرییەی داعشدا، زیاتر لە (5,000) ئێزدی لەلایەن داعشەوە شەهید كران، لەوانە (400) كەس پێكەوە لە گوندی كۆجۆ كۆمەڵكوژ كران. تا ئێستا (83) گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراونەتەوە، هێشتا (135) هەزار ئاوارەی ئێزدی لە كەمپەكانن، لەژێر خێوەت و لە دۆخێكی سەختدا دەژین، (189) هەزاریش لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەتەوە دوای دەربەدەربوونیان لە دەڤەری شەنگال. (2,745) منداڵ بەهۆی هێرشی داعشەوە بێ دایكوباوك بوونە. ئەمە جگە لە هەزاران ئێزدیی دیكە كە ئاوارەی ئەورووپا و وڵاتان بوون و لە خاك و وڵات و كەسوكاریان دابڕاون.
بەداخەوە تا ئێستا (1,244) كچ و ژن و (1,402) پیاو و گەنجی ڕفێندراوی ئێزدی بێسەروشوێنن.
تا ئێستا  (1,200) ژن، (339) پیاو، (2,٠23) منداڵ ڕزگار كراون. لێرەدا دەمەوێ دەستخۆشییەكی تایبەت لە بەرپرسی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێندراوانی ئێزدی و یەك بە یەكی ئەندامانی تیمەكەیان بكەم. دووبارەی دەكەمەوە: تاكو یەك ڕفێندراوی ئێزدی مابێت، ئەو بەشە لە نووسینگەی ئێمە بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوە و ڕزگاركردنی ڕفێندراوان.
ئامادەبووانی بەڕێز..
بارودۆخی ئێزدییان لە دەڤەری شەنگال زۆر خراپە، لەبەرئەوەش زۆر لەو خێزانانەی گەڕانەوە بۆ شەنگال جارێكی دیكە بە ناچاری شەنگالیان بەجێهێشتووە بەهۆی كەمیی خزمەتگوزارییەكان، نەبوونی ئاسایش و ئارامی و نەبوونی دەرفەتەكانی كار.
زۆر پێویستە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بایەخێكی تایبەت بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەی شەنگال بدات كە زیاتر لە هەموو شوێنێكی دیكە زیانمەندە لە هێرشی داعش، چونكە لە شەنگال جگە لە خانووبەرە و جادە و بان، خێزان و كۆمەڵگەش تێكدرا، ئەنفالێكی گەورەی خەڵكی شەنگال كرا. زامێكی قووڵ لە گیان و دەروونی ئێزدییان و خەڵكی شەنگالدا كرایەوە كە هەرگیز بە ئاسانی ساڕێژ نابێت و یارمەتی و هاوكاریی هەموومانی پێویستە.
تاوانێك دژی خەڵكی ئێزدی كرا كە كاریگەریی كۆمەڵایەتی و دەروونی زۆر گەورەی دروست كردووە. بەهۆی ژیانی بێ خزمەتگوزاری و نۆ ساڵ ژیان لەژێر خێوەتدا، كاریگەریی ئەو جینۆسایدە زیاتر بووە. ئێمە لە نزیكەوه ئاگاداری دۆخی ژیانی سەخت و قورسی ئەوانین لە كەمپەكان. گۆڕینی ئەم دۆخە بەرپرسیاریەتیی هەموومانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شەنگال لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا ڕێگە دەكاتەوە بۆ گەڕانەوەی خەڵكی شەنگال و ناوچەكە. بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت بە ئاسوودەیی لە شەنگال و دەوروبەری بژیت، دەبێت هەموو ئەو هێزانەی خەڵكی شەنگال نین ناوچەكە بەجێبێلن و بەڕێوەبردن و پاراستنی شەنگال بدرێتە دەست خەڵكی دەڤەری شەنگال و دەسەڵاتێكی یاسایی. دەبێ هێزەكانی سەر بە پەكەكە و هەموو ئەو هێزانەی لە دەرەوە هێنراون، ناوچەكە بەجێبێلن. ئەو هێزانە تەنیا بەڵا و نائارامی و ناسەقامگیری بۆ شەنگال و ئێزدییان دروست كردووە و برینەكانیان قووڵتر كردووەتەوە.
بەڕێزان ..
ئێزدی خاوەن باوەڕێكی مرۆڤدۆستانەی ئاشتیخوازانەن، هێرش ناكانە سەر هیچ كەس و میللەتێك، دەست ناخەنە ناو ئایینی هیچ كەسێكەوە، كەسیش قبووڵ ناكەن ئایینی خۆی بگۆڕیت و بچێتە سەر ئایینەكەیان، بۆ ئەوەی ئاشتییەكی بەردەوام بپارێزن. لەگەڵ هەموو دەوروبەرەكەیان زۆر ئارامن. قەولێكی جوانی ئێزدییان هەیە لەوبارەوە دەڵێت:
ل بۆڕێ حور، سوار بن
ب نەفساڕا گوهدار بن
لگەل هەموو مەخلووقا یار بن
ئێزدی و ئێزدییاتی باوەڕ و ئەدەبیات و زمانی لە كوردستان پاراستووە، بەهۆی ئەوەی زمانی خواپەرستیی ئێزدییان كوردییە. لەوانەیە كوردێكی نائێزدی ببینی لە شارێك، یان پارچەیەكی كوردستان، یان لە دەرەوە كە زمانی كوردی نەزانێت، بەڵام هیچ ئێزدییەكی ئاییندار لە هیچ شوێنێك نابینی كوردی نەزانێت.
لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستاندا ئێزدی ڕۆڵێكی گرنگیان هەبووە، هەر لەبەرئەوەش باوك و باپیرانمان ئێمەیان لەسەر خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ئێزدییان ڕاهێناوە. هیچ كاتێكیش دوژمنانی كوردستان دەستیان لە ئێزدییان نەپاراستووە. لەكاتی پرۆسەی ئەنفالیشدا چەندین گوندی ئێزدی ئەنفال كران.

ئێزدی هەمیشە بەشێكی دیار و خۆشەویستی گەلی كوردستان بوونە و هەر بەو شێوەیەش دەمێننەوە. ئێزدی و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لە هەر ئایین و نەتەوەیەك بن، لە دێرزەمانەوە هەمیشە ئاشتیانە پێكەوە ژیاون. ئەمڕۆ لێرەوە خوشك و برایانی ئێزدی و هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە وڵاتەكەمان كوردستان بۆ هەمیشە بە لانەی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبوردەیی دەمێنێتەوە و هەرگیز ڕێگە بە وتاری ڕق و توندڕەوی نادەین و لە وڵاتەكەمان جێگەی نابێتەوە.
ئامادەبووانی بەڕێز …
پەرێشانیی دۆخی ئێزدییان هەمیشە بەشێكی گرنگی گفتوگۆمانە لەگەڵ لایەن و بەرپرسانی وڵاتانی جیهاندا. بە خۆشحاڵییەوە هاودەنگیی جیهان لەسەر جینۆسایدی ئێزدییان دروست بووە و لە فراوانبووندایە، بەڵام بەداخەوە هاودەنگییەكی ناوخۆیی لە عێراق لەسەر چارەسەركردنی بارودۆخی دەڤەری شەنگال دروست نەبووە، ئەمەش كارێكی زۆر خراپە بەرامبەر خەڵكی دەڤەری شەنگال دەكرێت.
ئێستا كاتێكی گرنگە كە لێرەوە داوا لە پەرلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق بەگشتی بكەم كۆبوونەوەی تایبەت بكەن بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ڕابردوو و چارەسەركردنی خێرای كردەیی بۆ بارودۆخی دەڤەری شەنگال.
لەبەرئەوە زۆر پێویستە پەرلەمان و هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و حكوومەتی فیدراڵیی عێراقی لەسەر هەنگاونانی كردەیی بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شەنگال ڕابوەستن و كاری لەسەر بكەن.
جارێكی دیكە سەری ڕێز لەبەردەم گیانی پاكی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییان دادەنەوێنین، سوپاس بۆ ڕێكخراوی یەزدا و سوپاس بۆ ئامادەبوون و بەشداربوونی هەمووتان.
بە خێر بێن..
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.