Erbil 29°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:39

لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر مووچە و بەنزین درا

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەست بە بژێوی هاووڵاتییان کرا و بڕیار لەسەر بابەتەکانی مووچە، بەنزین و کارەبا درا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 02ـی 08ـی 2023 بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بە ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییەی کردەوە و پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە پشتیوانیکردنی مافی ئێزدییەکان دووپات کردەوە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشی کرد بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی ئەم کۆمەڵکوژیانە بگیرێت، جەختیشی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کردەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر دوا پێشهات و پەرەسەندنەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی مووچە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستانی نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و بەمشێوەیەش، هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکوومەتی فیدراڵ کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە هێز و پارت ولایەنە کوردستانییەکان دەکات کە هاوهەڵوێست و یەکدەنگ بن لە سەر داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەناو بودجەدا جێگیر کراوە.

بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بارودۆخی کارەبا و گرانیی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەمبارەیەوە، کە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، لە دوو توێی ڕاپۆرتێک خرایەڕوو، ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دا بۆ چارەسەرکردنی گرانبوونی نرخی بەنزین و ئاسانکارییەکانی وەزارەت بۆ هاوردەکردنی بەنزین و هاندانی پاڵاوگەکان بۆ پاڵاوتنی زیاتری نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەنزین.

سەبارەت بە کارەباش، وەزیری کارەبا ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا بۆ باشترکردنی ڕەوشی خزمەتگوزاریی کارەبا و هەوڵدان بۆ زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانیی و ئەو پڕۆژانەشی خستەڕوو کە لە ماوەی ڕابردوو بەم ئاراستەیە ئەنجامدراون.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای هەڵسەنگاندنی هەوڵ وپڕۆژەکانی هەردوو وەزارەت، وەزیری ڕاسپارد کە لە ڕێکار و هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ دابینکردنی کارەبا و سووتەمەنی بۆ هاووڵاتیان و هەموو ئاسانکارییەکيش لەمڕووەوە بخەنەڕوو.

لە بڕگەی کۆتاییدا، پڕۆژەی بەدیجیتاڵکردنی پێدانی پارە بە شێوازی ئەلکترۆنی E- Payment و (پڕۆژەی هەژماری من) لە لایەن عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە هاوکارانی کە بەشدارن لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەکە، بۆ ئەنجوومەن خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای سوپاسکردنی تیمی جێبەجێکاری پڕۆژەکە، گوتیشی: سوپاسی جێگری سەرۆک وەزیران دەکەم کە لە کابینەی پێشووش کاری لە سەر بە دیجیتاڵکردن کردووە، هەروەها سوپاسی وەزیری دارایی دەکەم بۆ پاڵپشتی و سەرخستنی پڕۆژەی (هەژماری من ). جەختیشی کردەوە کە دەبێ تەواوی وەزارەتەکان پشتگیری پرۆسەی بەدیجيتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بکەن، کە ئەمە بنەمایەکە بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری، کە لە ڕێگەی کاراکردن و بەهێزکردنی بانكەكانەوە، ئابووریی وڵات زياتر پێش دەکەوێت و جموجۆڵی ئابووریش پەرە دەسەنێت، چونکە پێشخستنی سیستەمی بانکی بەپێی ستانداری نێودەوڵەتی و بەڕەچاوکردنی تازەترین پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەناویشیاندا پێدانی پارە و خەرجکردنی مووچە، بنەمایەکی سەرەکی پەرەپێدان و پێشکەوتنی ئابوورییە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و حکوومەت و کەرتی تایبەتیشە.

سەرۆک وەزیران هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆژەی (هەژماری من)بن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازییەی لە بواری سیستەمی بانکییەوە دەستی پێکراوە خێراتر بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کە لە کۆتایی ساڵی 2025 تێپەڕ نەکا، تەواوی خزمەتگوزارییەکان ببنە دیجیتاڵی و مامەڵەکردن بە کاش سنووردار بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، داواش لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کرا پشتیوانی لەو ھەنگاوە بکەن و پاڵپشت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە. لەمڕووەشەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکاری و ئامادەسازییەک کە لە ئەستۆی حکوومەت بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.