فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: لە گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت.
ئهمرۆ چوارشهم 2ی8ی2023، فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه: پرۆژەی بەنداوی گۆمەسپان، کە گەورەترین بەنداوی سنووری پارێزگای هەولێرە و دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو گل بداتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئاوی ژێرزەویی ناوچەکە ببووژێنێتەوە و 16 هەزار مەتر دووجا بەراو دەكات و پەرە بە سامانی ماسییش دەدات.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری ئاماژه بهوهشدهكات، پرۆژەی دروستكردنی بەنداوی گۆمەسپان، تێچووەکەی 95 ملیار دینارە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت؛ ئێستا 56%ـی کارە ئاڵۆز و قورسەكانی تەواو بووە و 44%ـی كارە ئاسانەكانی ماوە؛ بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ساڵی ئاییندەدا تەواو بکرێت؛ لەم پرۆژەیەدا هەلی كار بۆ 300 كەس بە ئەندازیار و كارمەندی جیاجیاوە ڕەخساوە، كە 75% زیاتری دەستی كاری ناوخۆیین.
ئاماژه بهوهشكراوه، جۆری بەنداوەكە كۆنكرێتى ( RCC) ـە و تێكڕای ساڵانەی داهاتی ئاوی 47 ملیۆن و 839 هەزار مەتر سێجایە و بەرزییەكەی 69.5 مەتر و درێژیی بەنداوەكەش 513.67 مەترە، ئەم بەنداوە دوای بەنداوی دووكان و دەربەندیخان، دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لە هەرێمی كوردستان.
عەبدوڵڵا گەردی، سەرپەرشتیاری پرۆژەكەیە و بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووه: "جگە لەوانە یەكێك لە سوودە گرنگەكانی بەنداوەكە، هەڵكەوتە و شوێنی بەنداوەكەیە؛ بەو بەنداوە ئەم ناوچەیە دەبێتە یەكێك لە ناوچە گەشتیارییە ناوازەكان."
له كۆتاییدا فهرمانگهی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاندووه،لە ستراتیژی چوار ساڵی ڕابردووی کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە ئاسایشی ئاو دراوە و لەو پێناوەشدا حکومەتی هەریم چەندین بەنداو و پۆندی دروست کردووە کە لە ئاییندەدا دەبنە هۆکاری پاراستن و پێشخستنی سێکتەری ئاو، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.