Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 07:32

ئاگادارییەک لە وەزارەتی ناوخۆوە

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئاگادارییه‌كی له‌باره‌ی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌ك بڵاوكرده‌وه‌.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م30ی7ی2023، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، لە رێی کردنەوەی 90 بنکەی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینەوە، بنکەکانی پۆلیس زیاتر لە 17 حەڤدە هەزار چەکی هاووڵاتیانیان تۆمار کردووە و پسپولەی تۆماریان بە هاووڵاتی داوە، لە 22ی تەموزی 2023، یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کەوتۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌،بۆ ئەو هاووڵاتیانەی هێشتا چەکی تۆمار نەکراویان لە ماڵەکانیان هەیە و مەبەستیانە ئەو چەکە بکەنە فەرمی و خۆیان لە لێپرسینەوەی یاسایی بپارێزن، بە گوێرەی ماددەی 12، بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، لە دوای بەرکاربوونی یاسای چەک، دوو مانگ مۆڵەت بۆ هاووڵاتیان هەیە کە خۆیان هەواڵ بدەن لە هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت و داوای مۆڵەت بکەن تا لە سزا ببووردرێن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئاگادارییه‌كه‌دا هاتووه‌، لە دەقی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 12ی یاسای چەک هاتووە:
" هەرکەسێک لە ماوەی (60) شەست ڕۆژ لە دوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، هەواڵ بدات لەسەر دەستداریی چەکێکی بێ مۆڵەت، لە سزا دەبوردرێت، و دەسەڵاتی مۆڵەتدان دەتوانێت بە پێی حوکمەکانی ئەم یاسایە مۆڵەتی پێ بدات"
لە ئێستادا هاوڵاتیان، ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە و مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەکیان نیە، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ناوخۆ لە دیوانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) یان لە دیوانی ئیدارە سەربەخۆکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران یان زاخۆ) بکەن و داوای مۆڵەت بکەن بۆ دەستداری یان بۆ هەڵگرتنی چەک بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
لەگەڵ پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتنی مۆڵەتی دەستداری یان مۆڵەتی چەک هەڵگرتن، تا وەڵامی داواکارییەکەی دەگرێتەوە، چەکەکەی وەکو چەکێکی ناسراو دەناسرێت و مامەڵەی چەکی قاچاغی لەگەڵ ناکرێت.
بۆ زانیاری هاووڵاتیان، بە گوێرەی ماددەی (4) بڕگەی یەکەم لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022، هاووڵاتیان دەتوانن بۆ دوو جۆر مۆڵەت داواکاری پێشکەش بکەن:
یەکەم: مۆڵەتی دەستداریی چەکی ئاگرین و تفاقی: واتا ئەو هاووڵاتیە داوا دەکات کە مۆڵەت وەرگرێت چەکێکی ئاگرینی هەبێت لە ماڵەوە (کلاشینکۆف یان دەمانچە یان هەردووکی) و مۆڵەتەکەی بە گوێرەی یاسای چەک بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت. ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ هەبوونی چەکە بە شێوەی یاسایی لە ماڵەوە و مافی ئەوە نادات بە هاووڵاتی تا چەکەکە هەڵبگرێت و بیهێنێتە دەرەوە.
دووەم: مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی ئاگرین و تفاقی: ئەم مۆڵەتە بۆ هەبوون و هەڵگرتنی چەکە و بۆ یەک ساڵ سوودی لێ وەردەگیرێ و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.
ئه‌وه‌ش خڕاوه‌ته‌روو، داوا لە هاووڵاتیانی ئازیز دەکەین کە سوود لەو 60 رۆژە وەربگرن و ئەوانەی چەکەکانیان تۆمار نەکردووە، دەتوانن سەردانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە بکەن، بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای مۆڵەتی دەستداری یان هەڵگرتنی چەک بکەن.
 له‌ كۆتاییدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە خۆیان لە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت بپارێزن چونکە دەسەڵات دراوەتە پۆلیس و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کە لە هەبوونی زانیاری دەربارەی چەکی بێ مۆڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر و لەگەڵ دەستبەسەر کردنی هەر پارچە چەکێکی بێ مۆڵەت، هەڵگرەکەی بەگوێرەی ماددەی 15 لە یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 دەدرێتە دادگا و سزای بەندکردن و پێبژاردنی دارایی دەدرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.