د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی لە دان باربەر، بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق کرد.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە پلانی هەرێمیبەوە کرا، لەبارەی مافەکانی مرۆڤ؛ لە سەرەکیترینیان ئازادیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "کابینەی نۆیەم سەرمەشقی چاکسازی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بووە و نموونەی ئەمەش پلانی هەرێمییە بۆ مافەکانی مرۆڤ ( 2021-2025) کە ئێستا لە ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانەکەداین."
بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق، ڕایگەیاند: "پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ بووەتە هۆی زیادبوونی گفتوگۆی کراوەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت لە بەرەوپێشبردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان." گوتیشی: گفتوگۆی کراوە یەکێکە لە بەها سەرەکییەکانی کەنەدا و خۆشحاڵن بەم شێوەیە بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن.
دواتر بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق، باسى له کارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان كرد و ڕاشیگەیاند "هەرێمی کوردستان لە بەرئەنجامی خەبات و شکۆمەندییەوە دروست بووە و هەر بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت."
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان کەشێکی لەبار و ئازادی بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان فەراهەم کردووە؛ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5000 ڕێکخراوی ناحکومی ناویان تۆمار کردووە و کارەکانیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوەکان ئازادن، بەڵام پێویستە ڕێز لە یاساکانی حکومەتی هەرێم بگیرێت و ڕێنماییە حکومییەکان لەبەرچاو بگرن."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.