لە میانی بەسەرکردنەوەی ڕێگای دەربەندیخان-کەلار و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاماژەی بەوە کرد "ئامانج لە سەردانەکەمان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگاى دەربەندیخان-کەلارە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ھەرچی زوو تەواوکردنیەتی".
ھەروەک جەختی کردەوە، "لە ھەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ زیادکردنی پێشینە و شایستە داراییەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار بە مەبەستی ئەوەی تاوەکوو ھاوینی ساڵی داھاتوو ڕێگای دووسایدی دەربەندیخان-کەلار تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی ھاووڵاتییان".
وەزیری ئاوەدانکردنەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو پڕۆژەیە دەبوو لە کابینەکانی پێشوو و لە ساڵانی رابردوودا تەواو بکرایە کە پێشتر بڕیاری جێبەجێکردنی بۆ دەرچووە و تا ساڵی 2019 ڕێژەی ئەنجامدراو 15٪ بووە، بەڵام تەنیا لە ماوەی دەستبەکاربوونیان لە کابینەی نۆیەم، ڕێژەی ئەنجامدراو گەیشتووەتە ڕێژەی 59٪".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.