ئهمڕۆ یهكشهم وهزیری دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناغهی چهند پڕۆژهی له سنووری ئیدارهی گهرمیان دانا و ڕایگهیاند كه تەواوبوونی ئەو پرۆژانە کاریگەری لەسەر زیادبوونی جولەی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر له سنوورهكهدا دەبێت.
ئهمڕۆ یهكشهم ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری بە یاوەری ستافێكی وەزارەتهكهی سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و بەشێوەیەکی مەیدانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانی بەسەرکردەوە.
لە دەستپێکی سەردانەکەیدا وەزیری دارایی بەردی بناغەی پرۆژەی ڕاکێشانی ئاوی لە گوندی حەوشکوڕ بۆ دەروازەی پەروێزخان دانا کە درێژیەکەی 17 کیلۆمەترە.
هەر لەمیانی سەردانەکەیدا وەزیری دارایی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی گرنگی لە مەرزی تیلەکۆ دانا کە بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ڕووی کەرتی بازرگانیدا بکرێتەوه.
هاوکات ههر لە دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەکی نوێی ستراتیژیش دانرا کە خۆی لە ماستەرپلانی دەروازەکە و دروستکردنی ئاوباری کۆنکرێتی و نۆژەنکردنەوەی ناو دەروازەکە و بنکەی نشینگە و دروستکردنی ڕێڕەوی گەشتیاری و چاککردن و پەرەپێدانی ڕێگه بازرگانییەکانی چواردەوری دەروازەکە دەبینێتەوه.
وەزیری دارایی پیرۆزبایی لە خەڵکی ناوچەکە کرد کە ئێستا بوونەتە خاوەنی سێ دەروازە و ڕایگەیاند: ناوچەی گەرمیان ڕۆڵی گرینگ و بەرچاوی لە خەبات و قوربانیدان هەبووە و مافی خۆیانە خزمەتی زیاتر بکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد كه لەچوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکوومەتی هەرێم لە چوار ساڵی ڕابردوودا کاری باشیان بۆ فراوانکردن و بەدامەزراوەییکردنی ژێرخانی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان ئەنجامداوە.
ئاوات جەناب نووری جهختیشی كردهوه كه تەواوبوونی ئەو پرۆژانەی كه لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کاریگەری بەرچاویان دەبێت لە زیادکردنی جولەی بازرگانی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.