ئهمڕۆ یهكشهم 23ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریارك كاردینال لویس ساكۆ پاتریارك و سەرۆكی كەنیسەی كلدان لە عێراق و جیهان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ژمارەیەك لە مەترانەكانی ئایینی كریستیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، له كۆبوونهوهكهدا سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوه دا كه كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە.
لە دیدارەكەدا كاردینال لویس ساكۆ سوپاسی ئەو ڕێز و پێزانینەی كرد كە لە هەرێمی كوردستان بۆ هێما و كەسایەتییەكانی ئایینە جیاجیاكان هەیە، هەروەها سوپاسی فەرهەنگی پێكەوەژیانی كوردستانی كرد كە بووەتە هۆی پاراستنی پێكهاتەكان و مێژوو و كولتوورەكانیان، دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە بە حیكمەت و ڕابەرایەتیی خۆی، پێكەوەژیان و ئاشتی و ژیانی هاوبەشی پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی لە كوردستان پێشخستووە، ڕاشیگەیاند كە شانازی بەو ژیانە هاوبەش دەكەن كە بۆ هەموو لایەك لە كوردستاندا هەیە.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا كاردینال لویس ساكۆ ئاماژەی بە بڕیاری ئەم دواییەی سەرۆك كۆماری عێراق دا بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆك كۆماریی تایبەت بە كەنیسەی كلدان دا و بە بڕیارێكی نادروست و مەترسیداری لە قەڵەم دا كە پێكهاتەی كریستیانی بریندار كردووە و دژی بنەماكانی پێكەوەژیان و ئاشتەواییە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هێمای بەوە دا كە كوردستان سەرزەمینی پێكەوەژیان و ئاشتەوایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانە.
سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوهش دا، لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا بە شاندێكی پیاوانی ئایینی كریستیانم ڕاگەیاند كە كوردستان وڵاتی خۆتانە و نابێ بیر لە جێهێشتنی بكەنەوە، یان پێكەوە بە سەربەرزی لەسەر ئەو خاكە دەژین یانیش پێكەوە دەمرین.
سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆشی لە بڕیارەكەی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ كشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆك كۆماری تایبەت بە كەنیسەی كلدان نیشان دا و هیوای خواست كە پێداچوونەوە بە بڕیارەكە بكرێت و ڕاست بكرێتەوە.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارە شاندی میوان كورتەیەكیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و ژیان و گوزەرانی كریستیانەكان و ئەگەر و مەترسییەكانی داهاتوو بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.