وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی خواستی هاووڵاتییان لەسەر کارەبا بڕیاری دا چەند یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ بخرێن.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا سەردانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری سیستەمی کۆنترۆڵی کارەبا لە وەرزی گەرمای هاوین و بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بوو.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەنراوێک لەبارەی سەردانەکە، ڕایگەیاند: وەزیری کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبایەکی باشتر بۆ هاووڵاتیان بڕیاڕی دا چەند یەکەی نوێی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگا و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەگەڕ بخرێن و کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکرێن.
بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارەبا لەم سەردانەدا یاوەری وەزیری کارەبا بوون و وردەکارییەکانی سیستەمی کۆنترۆڵی کارەبا لەلایەن ڕاوێژکاران و ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان خرانەڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.