47% هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا پێیانوایە کە گەندەڵی لە فەرمانگەکانی حکوومەتی وڵاتەکانیاندا هەیە و سەدا 73ـی هاووڵاتییانیش پێیانوایە کە لە دەزگا خۆجێیی و ناوچەییەکاندا گەندەڵی هەیە.
بەپێی ڕاپرسییەکی (Eurobarometer) کە پێگەیەکی باوەڕپێکراوە بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە یەکێتیی ئەوروپا، ڕاپرسییەکە لە 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپادا کراوە، 74%هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا پێیانوایە کە گەندەڵی لە فەرمانگەکانی حکوومەتی وڵاتەکانیاندا هەیە و 73% هاووڵاتییانیش پێیانوایە کە لە دەزگا خۆجیی و ناوچەییەکاندا گەندەڵی هەیە.
60% بەشداربووانی ڕاپرسییەکە باسیان لەوە کردووە کە گەندەڵی بەشێکە لە کولتووری کار لە وڵاتەکانیان و 65%ـی بەشداربووانیش پێیانوابووە کە گەندەڵی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتەکانیاندا هەیە.
بەپێی ڕاپرسییەکە، 97%ـی ئەو هاووڵاتییانەی لە یۆنانەوە بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە پێیانوایە کە لە فەرمانگەکانی حکوومەتدا گەندەڵی هەیە، کرواتیا بە پلەی دووەم دێت کە 96%ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە هاوڕابوون لەسەر بوونی گەندەڵی لە فەرمانگەکانی حکوومەتی کرواتیا، دوای ئەویش پورتوگال بەسەدا 93 لە ڕیزبەندی سێیەم، قوبرس یۆنانی و ماڵتاش 92% لە ڕیزبەندی چوارەم، ئیسپانیا 89% لە ڕیزبەندی پێنجەم و هەنگاریا 88% لە ڕیزبەندی شەشەمدا دێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە کەمترین ڕێژەش لە فینلاند تۆمار کراوە کە تەنها 13%ـی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە پێیانوابووە کە گەندەڵی لە فەرمانگە حکوومەییەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە، دوای ئەویش دانمارک 21% لە ڕیزبەندی دووەم، سوید 36% لە ڕیزبەندی سێیەم، لۆکسمبۆرگ 40%ـی لە ڕیزبەندی چوارەم و هۆڵەندا 47%ـی لە ڕیزبەندی پێنجەمدا دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.