Erbil 23°C دووشەممە 23 ئەیلوول 02:34

تەندروستی هۆشداری دەدات:  تاوەکو ئێستا 5 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سۆران لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان و ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 5 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمار کراوە کە سێ لە نەخۆشەکان گیانیان لەدەست داوە و دوو نەخۆشەکەی دیکە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی 06ـی 2023 بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سۆران ڕایگەیاند: هەروەكو ئاگادارن لە ماوەی ڕابردوو نەخۆشی تای خوێنبەربوون، کە لە ڕێگەی گەنەوە لە ئاژەڵ دەگوزارێتەوە بۆ مرۆڤ، کە نەخۆشییەکی ترسناکە و دەبێتە هۆی مردن، بەداخەوە لە چەند شوێنێكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تاوەکو ئێستا  پێنج حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە تۆمار کراوە، لەوانەش سێ كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو نەخۆشەکەی دیکەش لەژێر چاودێریدان.

تەندروستی سۆران لە ڕاگەیەنراوەکە داوایەک ئاراستەی هاووڵاتییانی سنوورەکە دەکات و ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان و پابەندبوونی زۆربەی موسڵمانانی سنوورمان بۆ قوربانیکردن لە ڕۆژانی جەژن داوا لە هاوڵاتیان دەكەین بۆ سەلامەتی خۆیان و هاووڵاتییان پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بن:-

1- سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، سەربڕین تەنیا لەشوێنی ڕێگەپێدراو دەبێت.

2- پێویستە هاووڵاتیيان پابەندی ڕێنمایی تەندروستی بن، كە لە قەزا و ناحییەكان دەردەچن.

3- بەهیچ شێوەیەک نابێت گۆشتی ئاژەڵ تێكەڵ بە یەكتر بكرێت، لە كاتی دابەشكردنی لە ڕۆژانی جەژندا.

4- پابەندبوونی گۆشتفرۆشان (قەساب) بە بەکارهێنانی كەلوپەلی خۆپاراستن، وەک: (ماسک و دەستكێش، جلی تایبەتی خوپارێزی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵان یان گۆشت و خوێنەكەی، بە پابەندنەبوون بەو ڕێنماییانە بەتوندی سزا دەدرێن.

5- پێش سەربڕین پێویستە ئاژەڵ بەر لە دوو هەفتە بە دەرمانی تایبەتی ڕشاندن چارەسەر كرابێت.

6. دوای سەربڕینی ئاژەڵ، شوێنەكە پاک بكرێتەوە بە بەكارهێنانی گیراوەی كلۆر (دەگیرێتەوە بە بەكارهێنانی فاس بە ڕێژەی 6% و بەشێک لە فاس بۆ یازدە بەش لە ئاو)، هەروەها پاککردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتوو.

8- پێویستە هاووڵاتيیان گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێگەپێدراو بكڕن و دەستەوانە (دەستکێش) لەدەست بكەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینێكی تێدا نەبێت. تەختەی وردكردنی گۆشت جیا بێت لە تەختەی وردكردنی سەوزە. شوێنی لەتكردنەكە خاوێن بكرێتەوە بە ئاوی گەرم و سابوون، شوێنەكە بە ماددەی پاککەرەوە خاوێن بكرێتەوە، هەروەها كوڵاندنی گۆشت بۆ ماوی 30 خولەک (نیو کاتژمێر) كەمتر نەبێت .

9- لەبەركردنی جلی كاڵ و قۆڵدرێژ لە كاتی سەردانیكردنی ئەو شوێنانەی گەنەی تێدا بڵاوبووەتەوە و بەكارهێنانی كرێم و سپڕای تایبەت بۆ دووركردنەوەی مێش و گەنە.

10- لە كاتی هەبوونی ئەم نیشانانە بەزووترین كات پەیوەندی بە نزیكترین نەخۆشخانە یان پزیشكی پسپۆر بكەن (تای بەهێز- بێ هێزی لەش- سەرئێشانی زۆر).

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سۆران ئاماژەی بەوەش داوە کە پێویستە نەخۆش لە ژوورێكی تایبەت دابنرێت و ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن ماسک و دەستکێش بەكاربێنن و زوو زوو دەستەكانیان بە ئاو و سابوون بشۆن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.