ئەمڕۆ شەممە 3ی حوزەیرانی 2023، بە بەشداریی زیاتر لە 117 هەزار قوتابی، یەکەم رۆژی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و خوێندنی پیشەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێكرد.
ئالان حەمەسەعید راشیگەیاند، کۆی گشتی 117 هەزار و 364 قوتابی بەشداریی لە تاقیکردنەوەکاندا دەکەن کە 75 هەزار و 239یان لە بەشی زانستی، 39 هەزار و 113یان لە بەشی وێژەیی و سێ هەزار و12 یان لە خوێندنی پیشەیییە.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕايی ئەوەی هیوای ئەنجامێکی باشی بۆ قوتابیان خواست هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە کە "پێویستە لەماڵەوە و لە هۆڵی تاقیکردنەوەکانیش کەشێکی ئەرێنی و گونجاو بۆ قوتابیان فەراهەم بکرێت. هەروەها پێویستە تەواوی رێککارەکانی پشکنین ئەنجام بدرێت و رێنماییەکان جێبەجێبکرێن، بۆ ئەوەی دادپەروەری بەدی بێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.