وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی جەخت دەکاتەوە کە وەک هەمیشە پشتیوانی خواست و داوا ڕەواكانی ڕۆژنامەنووسان دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: 125 ساڵ لەمەوبەر، میقداد مەدحەت بەدرخان یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی (كوردستان)ـی دەركرد، دەركردنی ئەو ڕۆژنامەیە بە وەرچەرخانێكی گرنگی كولتووری لە مێژووی گەلی كوردستاندا دادەنرێت، لەوكاتەوە كاروانی ڕۆژنامەگەریی كوردی بەردەوامە و خزمەت بە وشەی پیرۆزی كوردی دەكات.
ڕاشیگەیاند: لەم یادە پیرۆزەدا، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسانی كوردستان بە هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانەوە دەكەین، داواكارین بەردەوام بن لە خزمەتی كاروانی وشەی پیرۆزی كوردی و بە گیانێكی بەرزی نیشتمانی و نەتەوەییەوە مامەڵە بكەن.
ئەوەشی خستەڕوو کە "لەم یادەدا دروود بۆ گیانی پاكی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەنێرین كە گیانی خۆیان بە خاک و گەلی كوردستان بەخشی و بوونە سیمبولی ئازادی."
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بەوەش داوە کە "وەک هەمیشە لە سەنگەری رۆژنامەنووسانی كوردستاندا دەبێت و پشتیوانی خواست و داوا ڕەواكانیان دەبێت، دووبارە پیرۆزە ئەم یادە مێژووییە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.