ئاژانسی هەواڵی سوریا ڕایگەیاند، لە هێرشێكی مووشەكی ئیسرائیلدا كە هەندێك خاڵی لە حومس و گوندەوارەكانی كردە ئامانج، پێنج سەرباز برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری سوریا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لەنزیكەی كاتژمێر 00:35 خولەكی بەیانی ڕۆژی یەكشەممە هێرشێكی ئاسمانی ئەنجامداو هەندێك خاڵی لە حومس و گوندەوارەكانی كردە ئامانج.
لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی سەربازی سوریا بە میدیای فەرمیی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە، هێرشەكان هەندێك زیانی ماددی لێكەوتەوە و پێنج سەربازیش برینداربوون.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەكان، بۆردومانەكانی ئیسرائیل كە لە ناوچە جیاجیاكانی لادێكانی حومس بیستراون و فڕۆكەخانەی زەبحەی سەربازیان كردۆتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕۆژئاواوە بڵاویكردەوە، هێرشە مووشەكییەكان بنكەی ئاسمانی T4 كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری پالمیرای دێرین و فڕۆكەخانەی زەبحەی لە نزیك شاری قوسەیر لە نزیك سنووری لوبنان، كە حزبوڵڵای لوبنان لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەكرێت، كردۆتە ئامانج .
هەروەها سەرچاوەكان باسیان لەوە كرد كە سەربازانی ئێران لەگەڵ چەكدارانی حزبوڵای لوبنان لە هەردوو فڕۆكەخانە جێگیرن و لەو ناوچەیەی پارێزگای حومس بوونی بەهێزی چەكدارانی لایەنگری ئێران هەیە.
شایانی باسە چەند رۆژێكە ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئێران لەسووریا دەست پێكردووە و بەرەبەیانی رۆژی هەینی-ش لەهێرشێكدا بۆ سەر دەوربەری دیمەشقی پایتەختی سووریا ئەفسەرێكی سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی میلاد حەیدەری كوژرا.دواتریش سوپای پاسداران بەڵێنی دا كە تۆڵەی كوژرانی ئەو ئەفسەرەیان لە ئیسرائیل بكاتەوە.
هەروەها ئەمڕۆ یەكشەممە ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمیی ئێران بڵاویكردەوە، ڕاوێژكارێكی دیكەی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران بەناوی میقداد میقدانی، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل لە نزیك پایتەختی سوریا بریندارببوو،گیانی لەدەستدا.
بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بەردەوامی هەیە
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.