ماوه‌ی نیوسه‌ده زیاتره ناو و نازناوی دیاره له‌نێو نه‌ته‌وه‌كه‌یدا،دڵسۆز‌و خه‌مخۆر له‌پێناو ئامانجێكدا تێكۆشاوه، كه‌چی ئێستاش ڕێبوارێكی ماندووی ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردییه ، كۆڵ نادات و به‌ڵێنی به نیشتمان و مامۆستاكه‌ی داوه تا جه‌سته‌و په‌نجه‌كانی ووزه‌یان تێدابێت، به‌هاوڕێیه‌تی كه‌مانچه‌كه‌ی مۆسیقا بژه‌نیت و منداڵان و مێردمنداڵانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی په‌روه‌رده‌و فێری مۆسیقا بكات.
ئاوازدارنهر ، ئاماده‌كاری مۆسیقا و ژه‌نیاری كه‌مانچه ،مامۆستا و فێركاری مۆسیقا ( فره‌نسیس داود یوسف) ، هونه‌رمه‌ندێكی هێمن و دڵپاك و ساده‌و خۆش مه‌شره‌ب، هاوڕێ و هاوه‌ڵی له‌مێژینه‌ی هونه‌رمه‌ندان، ستونێكی به‌رزو پته‌وی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی و كوردستان به‌گشتی ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده ئازیزه هه‌موو ته‌مه‌نی به‌مۆسیقا و ئاوازی ڕه‌سه‌ن و پڕ چێژی كوردی به‌خشیوه ، له‌یه‌كێك له گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كانی شاری سلێمانی، گه‌ڕه‌كی ( گۆیژه)،له‌ساڵی (1946) له‌خانه‌واده‌یه‌كی دێرینی ئایینزای ( كریستیان) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه.
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی (دوو براو خوشكێكه) ( فه‌رید 1941_31/5/2007) و فه‌رهاد و ئه‌لیزابێت) .
فه‌رید داودی برای ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی خۆڕسك و ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه بووه.
له‌ساڵی (1952) خراوه‌ته به‌رخوێندن تا ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی كردووه وه‌ك ( گۆیژه، عهبدلئیلا ( دواتر بۆته قوتابخانه‌ی ڕه‌فیق حیلمی) و پاشان قوتابخانه‌ی مه‌ڵكه‌ندی، قۆناغی ناوه‌ندی له‌قوتابخانه‌ی (شۆڕش) ته‌واوكردووه ، له‌ساڵی ( 1963) حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا هه‌بووه، له‌وسه‌رده‌مه‌شدا په‌یمانگی هونه‌ره‌جوانه‌كان ته‌نها له‌شاری به‌غدا هه‌بووه، هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود بۆی نه‌ڕه‌خساوه لهبهغدابچێته په‌یمانگا، به‌ناچاری له‌شاری سلێمانی ڕووده‌كاته ( خانه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایان) له‌گه‌ڵ هاوڕێی گه‌ڕه‌ك و قوتابخانه‌ی هونه‌رمه‌ند( خالید سه‌ركار _ 1947).
كاتێك هه‌ردوو هاوڕێ ( فره‌نسیس داود و خالید سه‌ركار) له‌خانه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایان وه‌رده‌گیرێن هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی و (محه‌مه‌د حسێن1944 _ 26/10/2021)ئه‌وان له‌قۆناغی سێی خانه‌ی مامۆستایان قوتابی بوون.
له‌ناو خانه‌ی مامۆستایان ژوورێكی تایبه‌ت به خوێندن و پرۆڤه‌ی مۆسیقا هه‌بووه ، له‌ساڵی یه‌كه‌مدا هه‌ردوو هاوڕێ ( فره‌نسیس و خالید) له‌په‌نجه‌ره‌ی ژووری پرۆڤهكردنهوه له‌قوتابییه‌كانی مۆسیقایان ڕوانیوه‌و ئه‌وانیش حه‌زیان بۆ فێربوونی مۆسیقا زیادی كردووه ، هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌نا1934_14/9/2005) مامۆستا و فێركاربووه له‌خانه‌ی مامۆستایان، فره‌نسیس داود ده‌چێته لای مامۆستا ولیه‌م و پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه حه‌زیان لهمۆسیقایه چی بكه‌ن و ڕێنوێیان بكات..!
مامۆستا ولیه‌م پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێ ( یه‌كه‌م شت ده‌بێت خۆتان ئامێرێك هه‌ڵبژێرن وههتانبێت.! من و مامۆستا خالید و جه‌مال شادان ، پێكه‌وه بووین له‌خانه ساڵی یه‌كه‌م مامۆستا ولیه‌م فێری نه‌كردین،له‌به‌رئه‌وه‌ی ئامێری مۆسیقامان نه‌بوو تا له‌سه‌ری فێرببین و له‌ماڵه‌وه پرۆڤه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌وه‌بوو ساڵی یه‌كه‌ممان هیچ و له‌پۆلی دووی په‌یمانگا فێربووین) (1) .
له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌شاری سلێمانی ئامێره‌كانی مۆسیقا نه‌بوون یان هه‌ر زۆركه‌م بووه، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند هه‌وڵیان داوه له‌شاره‌كانی دیكه‌وه په‌یدای بكه‌ن، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا خالیدسهركار ده‌ڵێت( فره‌نسیس داود، برایه‌كی هه‌بوو ناوی فه‌رید بوو ئه‌وكاته ئه‌و له‌كۆلێژ بوو،سه‌فه‌رێكی بۆبه‌غدا كرد، له‌وسه‌ره‌وه كه گه‌ڕایه‌وه دوو كه‌مانچه‌ی بۆهێناین ، یه‌كی به (ده) دینار بۆی كڕیبووین) (2) هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود پێی ڕاگه‌یاندم ( له‌گه‌ڵ فه‌ریدی برام پێكه‌وه چووین بۆ به‌غدا من زۆر شاره‌زای به‌غدا نه‌بووم ، ماڵی خاڵیشم له‌وێ بوو، چوین دیده‌نی ماڵی خاڵیشمان كرد‌و له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا دووئامێری كهمانچهمان هێنا یه‌كێك بۆ مامۆستا خالید و ئه‌وه‌ی تریان بۆخۆم) .
هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند له‌خۆشیی به‌ده‌ستهێنانی ئامێری كه‌مانچه و به‌گوڕو تینێكی زۆر و خۆشه‌ویستییان بۆ فێربوونی مۆسیقا هه‌نگاو ده‌نێن بۆ پۆلی دووه‌می په‌یمانگا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ته‌نها ماوه‌ی (10) ڕۆژ مامۆستا( ولیه‌م یوحه‌نا) وانه‌یان پێده‌ڵێت فێری ئهلف و بێی مۆسیقایان ده‌كات ، پاشان ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه، مامۆستایه‌كی دیكه به‌ناوی ( حازم حه‌داد) مامۆستایه‌كی به‌هره‌دار و مۆسیقازانێكی پێشكه‌وتوو، خه‌ڵكی موسڵ و به‌ڕچه‌ڵه‌ك كورد، ده‌بێته مامۆستای مۆسیقا به‌ڵام به‌شێوه‌ی گوێگرتن( سه‌ماعی) فێریان ده‌كات نه‌ك به‌نۆته چونكه مامۆستا حازم حه‌داد شاره‌زایی له ئامێری كهمانچهدا زۆر نه‌بووه،چونكه پسپۆرییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئامێری (عود) بووه.
هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند چونكه مه‌به‌ستیان بووه و له‌دڵه‌وه عاشقی مۆسیقابوون، سه‌ردانی ماڵه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌نا) یان كردووه چونكه ماڵیان له‌هه‌مان گه‌ڕه‌ك بوون،به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر مۆسیقا، مامۆستا ولیه‌م هه‌وڵی له‌گه‌ڵ دا داون و فێری نۆتهشی كردوون، هه‌روه‌ها دواتر زانیویانه هونه‌رمه‌ندێكی دیكه هه‌یه خه‌ڵكی سلێمانی یه‌و شاره‌زای له ژه‌نین و ئامێره‌كانی مۆسیقاداههبووه و له‌كه‌ركوك ده‌ژی ، لهگهڕانهوهكانیدا هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید 1930 _ 17/4/1991) بۆشاری سلێمانی ، ئه‌مانیش خۆیان گه‌یاندۆته ماڵه‌كه‌یی و داوای زانیاری‌یان له‌سه‌ر مۆسیقا لێكردووه، ئه‌ویش زۆر دڵسۆزانه و به‌میهره‌بانییه‌وه زانیاریی له‌سه‌ر مۆسیقا و گۆرانی پێ به‌خشیوون.
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود له‌سه‌ر ئامێری كه‌مانچه له‌ساڵی (1965 بۆ 1966) بڕوانامه‌ی دبلۆم له‌خانه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایانی سلێمانی به‌ده‌ست دێنێ،
یه‌كه‌م ئاهه‌نگیش وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه به‌شداری ده‌كات ، ئاهه‌نگی خولی ده‌رچووانی په‌یمانگا بووه، له‌وئاهه‌نگه‌دا ( كه‌ریم قه‌ره‌نی) موته‌سه‌ڕیفی سلێمانی و(خه‌تیبی سلێمانی) به‌شداری ده‌كه‌ن ، هونه‌رمه‌ندانی به‌شداربووی ئه‌و ئاهه‌نگه ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی _ ئامێری ئۆكۆردیۆن ، خالید سه‌ركار ، فرانسیس داود ، جان تۆماس _ ئامێری كه‌مانچه( جان تۆماس هاوڕێی و هاوپۆلی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( فره‌نسیس داود و خالید سه‌ركار بووه)، مامۆستا حازم حه‌داد_ ئامێری عوود و سه‌رپه‌رشتیاری تیپه‌كه بووه.
دوای ئه‌و ئاهه‌نگه له‌هاوینی ساڵی (1966) ئاهه‌نگێكی سه‌ركه‌وتوو له‌نه‌خۆشخانه‌ی ( كۆماری _ جمهوری ) ئه‌وكاتی سلێمانی بۆ نه‌خۆشه‌كان سازده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆیه‌كه‌مجاره ئاهه‌نگێك به‌وشێوه‌یه له‌شاری سلێمانی ئه‌نجام بدرێت( له‌چالاكی هونه‌ری خولێكی مۆسیقایان كرده‌وه ، من و كاك خالید و ئه‌وانه‌ی تازه ده‌ستیان پێ كردبوو، چوینه ئه‌و ده‌وره‌یه‌وه مامۆستا ولیه‌م ده‌رسی ئه‌وته‌وه له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی،ماوه‌ی مانگێك زیاتر به‌رده‌وام بووین،له‌وماوه‌یه‌دا هه‌ستمان كرد شتێك ئه‌زانین ، هاوینه‌كه‌ی چوین مه‌كته‌بی (پێشكه‌وتن) مان وه‌رگرت ئه‌وسا ( تطبیقات دارالمعلمین) یان پێده‌گووت شوێنی پاركی (دایك) ی ئێستا، ده‌ستمان كرد بهپرۆڤه هه‌ریه‌كه و به‌ئامێری خۆی ، ئه‌وكاته من بووم كاك ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی و كاك خالید سه‌ركار و كاك جه‌مال شادان و كاك حهمهحسێنی شمشاڵ و كاك سه‌ربه‌ستی حه‌مه‌ی له‌یلێ برای مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ بووین ، كاك( فه‌ره‌یدون دارتاش و فهریدعیسا)ش هات ئه‌وان له‌به‌غدا لهمهعههد ئه‌یانخوێند، له‌كۆتایی پرۆڤهكردنهكهدا بڕیاردرا كه ئاهه‌نگێك بۆ نه‌خۆشه‌كانی نه‌خۆشخانه‌ی جمهوری بكه‌ین به‌ڕه‌زامه‌ندی ئێمه‌و دكتۆر ( كه‌ریم الركابی) وتمان ئهوهیهكهم جاره دهچینهسهرشانۆ و بۆخه‌ڵك مۆسیقا ئه‌ژه‌نین، شتێكی خۆش بوو به‌لامانه‌وه ، له‌نه‌خۆشخانه سه‌كۆیه‌كیان بۆ دروستكردین نه‌خۆشه‌كانیان هه‌موو بهقهرهوێڵهوه هێنابووه باخه‌كه، شتێكی سه‌یر و سه‌رنج ڕاكێش بوو خۆمان پشت به‌خۆمان ببه‌ستین و مۆسیقا بژه‌نین ، ( مه‌حمود سابونچی) گۆرانیبێژمان له‌گه‌ڵدابوو، له‌وئاهه‌نگه‌دا هه‌ستام كرد بوونی خۆمان ئه‌سه‌لمێنین) (3) .
له‌ڕێكه‌وتی ( 25/2/1967) هونه‌رمه‌ند وه‌ك مامۆستای سروود و هونه‌ر له شارۆچكه‌ی ( چوارقوڕنه) داده‌مه‌زرێت، مامۆستا خالید سه‌ركاری هاوڕێی ئه‌ویش له‌گوندی ( گڵه‌زرده) وه‌ك مامۆستا ده‌ست به‌كارده‌بێت ، پاش ماوه‌یه‌ك مامۆستا خالید سه‌ركار ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه بۆ لای هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی له چوارقوڕنه پێكه‌وه وانه‌ی هونه‌ر به‌قوتابیان ده‌ڵێنه‌وه،
لهوسهردهمهداتیپی مۆسیقای چالاكی قوتابخانه‌كان له‌شاری سلێمانی دامه‌زرابوو، ئه‌و مامۆستایانه‌ی ده‌رچووی مۆسیقا بوون له‌گوند و شارۆچكه‌كان دامه‌زرابوون چالاكی قوتابخانه‌كان پێویستیان به‌تواناو پسپۆری ئه‌و مامۆستا هونه‌رمه‌ندانه بووه، به‌هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئازاد شه‌وقی 1930_ 10/8/2002) ڕاژه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( فره‌نسیس داود و خالید سه‌ركار) ده‌گوازرێته‌وه بۆشاری سلێمانی و درێژه كاری مامۆستایه‌تی و كاری هونه‌رییان ده‌ده‌ن.
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود، وه‌ك مامۆستایه‌كی هونه‌ر سه‌رقاڵی كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ده‌بێت له چالاكی قوتابخانه‌كان به‌دڵسۆزییه‌وه ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی جێبه‌جێ ده‌كات، به‌ڵام په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان به‌رده‌وام ده‌بێت و سه‌رقاڵی پرۆڤه كردن ده‌بن وه‌ك گروپێكی مۆسیقا ته‌نها خۆشویستن و سه‌ركه‌وتنی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی كۆی كردبوونه‌وه و ،به‌شداری هه‌ندێ چالاكی هونه‌ریی بێ به‌رامبه‌ریش ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود و دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی ...!
له‌ساڵی (1967) به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و ده‌ست پێشخه‌ری كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی گه‌نجی به‌تواناو عاشق بۆ هونه‌ری مۆسیقا تیپی مۆسیقای سلێمانی دامه‌زراوه، ( له‌ساڵی 1967 تیپی ( میللی ڕه‌شید) له‌به‌غداوه دێنه شاری سلێمانی بۆسازدانی ئهههنگێكی تایبه‌ت به‌خۆیان، ڕابه‌ری ئه‌و تیپه( حه‌قی شبلی) له‌كاتی سه‌ردانیدا بۆیه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی سلێمانی ، توانای كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی مۆسیقی ده‌بینێت كه‌سه‌رقاڵی پرۆڤه ده‌بن،پێییان سه‌رسام ده‌بێت ، له‌میانه‌ی گفتوگۆیاندا هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) داواده‌كات ، ڕێگه‌یان بده‌ن به‌جیا بۆماوه‌ی بیست ده‌قیقه لهئاههنگهیاندا بهشداربنكهلههۆڵی سانه‌وی سلێمانی پێشكه‌ش كرا، ئه‌مانیش له‌پێش چوونه سه‌رشانۆكه بریاریاندا به‌ناوی ( تیپی مۆسیقای سلێمانی ) ه‌وه دابه‌زن و چهندبهرههمێكی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن كه‌بووه جێی ڕه‌زامه‌ندی و خۆشحاڵی بینه‌ران، ده‌كرێت ئه‌م ببێته سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێز و هانده‌رێك بۆ دروستبوونی ناوی ئه‌م تیپه كه‌بۆیه‌كه‌م جار ئه‌و ناوه‌یان له‌خۆیان نابێت) (4) .
ڕێكه‌وتی ( 23/5/1967) تیپی مۆسیقای سلێمانی داده‌مه‌زرێت ، هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود یه‌كێك ده‌بێت له‌هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی ناوبراو.
تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌رده‌وامی ده‌دات به‌كارو تێكۆشانی هونه‌ری و به‌شداریكردنیان له بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كاندا، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئاماژه‌ش به كات و سه‌رده‌می دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی بده‌م، بارودۆخی دژواری سیاسی شاری سلێمانی و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی كه مۆسیقا كارێكی دژواربووه و خوێندنه‌وه‌ی خراپی بۆكراوه، به‌ڵام ئه‌و كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده خۆنه‌ویسته خولیا‌و ئاره‌زومه‌نده بۆ پێشخستنی مۆسیقا ڕچه‌شكێن و بوێر بوون درێژه‌یان به‌تێكۆشانی هونه‌ریی داوه.
دوای ساڵێك و ده مانگ لهدامهزراندانیان تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ڕه‌وتی هونه‌ری مۆسیقا له‌ڕێكه‌وتی ( 2/4/1969) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی بواری نواندن یه‌ك ده‌گرن و هه‌ردولا ( تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی) داده‌مه‌زرێنن،به‌ڵام ئه‌و یه‌كگرتنه زۆر درێژه ناكێشێ وته‌نها بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ پێكه‌وه كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن..! مامۆستا و هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود یه‌كێك ده‌بێت له‌ئه‌ندامانی تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی ، له‌وڕوانگه‌یه‌وه ده‌ڵێت( دوای ئه‌و ئاهه‌نگانه كه‌بێ بهرامبهرئهنجاممان ئه‌دا، هه‌موومان بیرمان كرده‌وه‌و وتمان ئێستا ئێمه وه‌كو گروپێك كارمان كردووه و مۆسیقامان لێداوه و خه‌ڵكه‌كه‌ش پێیان خۆش بووه، بۆ نه‌بین به گرووپێكی فه‌رمی و ئه‌مرمان بۆ ده‌ربچێ و ببین به‌تیپێكی ڕه‌سمی و كاربكه‌ین، هه‌موومان بڕیارمانداو داوای ئیجازه‌مان كرد له‌گه‌ڵ تیپی نواندنی سلێمانی، ئیجازه‌كه هاته‌وه به‌ناوی ( تیپی نواندن ومۆسیقای سلێمانی) چه‌ند حهفلهیهكمان كرد له‌سلێمانی و له‌هه‌ولێر سه‌ركه‌وتوو بوو، دوای سه‌یرمان كرد شێوازی كاركردنی ئێمه وه‌ك مۆسیقا جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ شێوازی نواندندا، هه‌رچه‌نده هه‌ردووكیان هونه‌ره به‌ڵام جیاوازییه‌ك هه‌یه و ئێمه جیابووینه‌وه‌و داوای ئیجازه‌مان كرد بۆ خۆمان) ( 5).
دواتر تیپی مۆسیقای سلێمانی داواكارییه‌ك به‌ناوی هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌ر عومه‌ر محه‌مه‌د قه‌ره‌داخی ، فه‌ره‌یدون سه‌عید جه‌عفه‌ر دارتاش ، فه‌رید عیسی نه‌زه‌ر صرافیان ، ولیه‌م يوحه‌ننا خنانيشۆ و محه‌مه‌د ئه‌مین حسێن ئه‌حمه‌د) ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندنی عێراق ده‌كه‌ن ، یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی داواكاری مۆڵه‌تی وه‌رگرتنی كاركردنی فه‌رمی بۆ تیپی مۆسیقا ده‌بێت سیان لههونهرمهندهكان ده‌چووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان بن ، دوای ماوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ( وه‌زاره‌تی ڕاگه‌یاندن _ ده‌زگای گشتی ئیزگه‌و ته‌له‌فزیۆن و سینه‌ما/ به‌شی سینه‌ماو شانۆ به‌ژماره
( 10297) له‌ڕێكه‌وتی ( 23/5/1973) تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی و تیپی دیاری كوردستان كه‌وته كاركردن له‌پێناو به‌رزڕاگرتن و پێشخستنی هونه‌ری ئاواز‌و گۆرانی كوردی ، جیا له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی داواكارییان پێشكه‌ش كردبوو، ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ش ئه‌ندامی سه‌ره‌كی تیپی مۆسیقای سلێمانی بوون و ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووه له به‌رده‌وامی و سه‌رخستن تا به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی فه‌رمی، هونه‌رمه‌ندان ( خالید سه‌ركار ، فره‌نسیس داود ، جه‌مال شادان ، سه‌ربه‌ست محه‌مه‌د و حسێن عه‌لی) .
هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ره‌كی تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌رده‌وام بووه له‌ئه‌ركه هونه‌رییه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی بووه، خۆیی و هاوڕێی هونه‌رمه‌نده‌كانی زۆر به‌ئه‌مانه‌ت و خۆشه‌ویستی یه‌وه تێكۆشاون بۆ سه‌رخستن و پێشكه‌وتنی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند له‌لیژنه‌ی هونه‌ریی دا بووه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان سه‌باره‌ت به‌و ئاواز و تێكستانه‌ی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژه‌وه هێنراون بۆ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌مه‌به‌ستی تۆماركردن، چونكه ئه‌وان مه‌به‌ستیان بووه به‌رهه‌مێكی جوانی كوردی دوای پاككردن و داماڵین له ئاوازه‌كانی وڵاتانی دراوسێ پێشكه‌ش به گوێ‌گران و هه‌وادارانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بكه‌ن، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی مامۆستا فره‌نسیس و هه‌موو هونه‌رمه‌نده دڵسۆزه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌و خه‌سڵه‌ته‌دا سه‌ركه‌وتووبوون ، ئه‌و كارانه‌یه تیپی مۆسیقای سلێمانی وه‌ك قوتابخانه‌یه‌كی جوانی پڕ گه‌نجینه‌ی مۆركی ڕه‌سه‌نایه‌تی بناسرێت.
فره‌نسیس داودی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند، زۆربه‌ی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان بووه، ڕۆڵی گرنگی هه‌بووه له‌فیستڤاڵی په‌روه‌رده ،میهرهجاناتی قوتابخانه‌كان و باخچه‌ی ساوایان، هه‌روه‌ها له‌پشووی هاویندا خولی فێركردنی مۆسیقای بۆ كوڕان و كچان به‌بێ به‌رامبه‌ر كردۆته‌وه، پیویسته ئه‌وه‌ش بهخوێنهرانی ئازیز ڕابگه‌یه‌نم كه خودی هونه‌رمه‌ند چه‌ندین خولی مۆسیقای له‌ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی و به‌تایبه‌ت شاری به‌غدا بینیوه‌و سوودی زۆری له‌و خوله مۆسقیانه وه‌رگرتووه و پاشخانی هونه‌ریی خۆی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ زانیاریی كردووه، هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود مامۆستا و فێركارێكی به‌توانا بووه له هه‌ڵبژاردنی قوتابی به‌توانا و خاوه‌ن به‌هره‌ی هونه‌ری و كۆی كردوونه‌ته‌وه و تیپێكی مۆسیقای بۆدروست كردوون، هه‌روه‌ك چۆن مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندان( سه‌لاح ڕه‌ووف ، نامدار قه‌ره‌داخی ، عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین ، دلێر ئیبراهیم) تیپی مۆسیقای منداڵان یان دروست كرد‌و چه‌ندین قوتابیان پێگه‌یاند وهو ئه‌مڕۆ بوونه‌ته باشترین له‌هونه‌رمه‌نده ژهنیارهكانی كوردستان.
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود ئه‌ویش له‌سۆنگه‌ی خه‌مخۆریی بۆ مۆسیقا و په‌روه‌رده‌و فێركردنی كچ و كوڕانی شاره‌كه‌ی تیپێكی مۆسیقا به‌ناوی ( دیلان) له‌ساڵی (1986) داده‌مه‌زرێنێ و به‌شداری له‌گشت فیستڤاڵ و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی كردووه ( له‌ناو چالاكی قوتابخانه‌كان ، تیپی ئامادهییهكانمان هه‌بوو، تیپی ئاماده‌یی كچان ، هه‌مووی كچ بوون، تیپی تێكهڵیشمان هه‌بوو منداڵ و گه‌وره به‌یه‌كه‌وه كاری هونه‌رییان ده‌كرد، له‌م كۆتایانهشدا تیپی ( دیلان) مان هه‌بوو تیپێكی به‌هێز و باش بوون، شان به‌شانی تیپه پێكهوتووهكانی ئه‌مڕۆ كاری هونه‌رییان ده‌كرد، جاری واهه‌بووه تێكه‌ڵمان ده‌كردن له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ، ئێستا تیپی ( دیلان ) نه‌ماوه..! به‌ڵام به‌شێكی له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی كارئه‌كات ، به‌شێكی له كۆمه‌ڵ و هه‌ندێكی تر له تیپه مۆسیقییه‌كانی تر كارئه‌كه‌ن) (6).
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی وه‌ك مامۆستای سروود بۆ قۆناغی سه‌ره‌تایی ، له‌وكاته‌وه هه‌وڵی دانانی ئاوازی داوه،ئاوازی داناوه‌و له‌ڕێی قوتابییه‌كانه‌وه گوێبیستی ئاوازه‌كانی خۆی بۆته‌وه‌و ، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌رفه‌تێك به‌هه‌لی زانیوه كهبهردهوام بێت لهسهرئهوكاره ئاوازی بۆ هونه‌رمه‌ندان له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای دیلان، له‌گه‌ڵ چه‌ند پارچه مۆسیقایه‌ك داناوه ، له‌چالاكی قوتابخانه‌كان و تیپی مۆسیقای سلێمانی هونه‌رمه‌ند زیاتر له‌هه‌وڵی ئاماده‌كردنی گۆرانیدابووه بۆ گۆرانیبێژان.
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود و یاده‌وه‌ریی پارچه مۆسیقای ئه‌زمه‌ڕ..؟!
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند له قوتابخانه، چالاكی قوتابخانه‌كان و تیپی مۆسیقای سلێمانی حه‌زو خولیای ئاوازدانانی بۆ گۆرانی و ئۆپه‌رێت هه‌بووه،یه‌كێك له‌پارچه مۆسیقاكانی هونه‌رمه‌ند به‌ناوی ( ئه‌زمه‌ڕ) ه، ئه‌و پارچه مۆسیقایه بۆ ناونرا ئه‌زمه‌ڕ..؟!
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود، له سه‌ره‌تای كاری هونه‌رییه‌وه تا ئه‌مڕۆ ، وه‌ك وه‌فا و ڕێز‌و حورمه‌ت سه‌باره‌ت به‌مامۆستا( ولیه‌م یوحه‌نا) ده‌ڵێت ( تائێستا مامۆستا ( ولیه‌م یوحه‌نا) و مامۆستا ( حازم حه‌داد) به‌مامۆستای خۆمی ده‌زانم،هه‌روه‌ها ده‌ورێكی زۆرچاكی هه‌بوو مامۆستا ولیه‌م له گه‌شه‌كردن و پێگه‌یاندنی مۆسیقا له‌سلێمانی، نه‌ك ههرلهسلێمانی به‌ڵكو له‌هه‌موو كوردستان، هه‌موومان قه‌رزاری مامۆستا ولیه‌م ین هه‌رچه‌نده مامۆستامان بوو، به‌ڵام دواتر بوو بههاوڕێمان، من قوتابی ئه‌وم بچمه هه‌رشوێنێكی تر كاریگه‌ریی مامۆستا ولیهمم له‌سه‌ره) (7) .
سه‌باره‌ت به میلۆدی ئه‌زمه‌ڕ ، هونه‌رمه‌ند فه‌ره‌نسیس داود ، ده‌ڵێت ( له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، پارچه‌یه‌ك مۆسیقام دانابوو، منیش بردم بۆ ماڵه‌وه و پیشانی مامۆستا ولیهمم دا، وتم مامۆستا سه‌یری بكه‌و بزانه چ تێبین یه‌كتان هه‌یه له‌سه‌ری پێم بڵێ، مامۆستا ولیه‌م سه‌یرێكی كرد و، وتی زۆرباشه ئه‌مه ناوی ده‌نێی چی؟ وتم وه‌ڵڵا خۆت ده‌زانی مامۆستا ناوێكی لێبنێ؟!
وتی ناوی ده‌نێین ( ئه‌زمه‌ڕ) مادام ناومانا ئه‌زمه‌ڕ ده‌بێ مه‌نجه‌ڵێ یاپراخ بێنی بیخۆین ، بوو به‌پێكه‌نین و پارچه مۆسیقاكه به‌ناوی ئهزمهڕهوه بڵاوبۆوه) (8) .
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داودلهسهرهتای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه، هاوكارو پشتیوانی تیپی ناوبراو و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه و ڕۆڵێكی كارای له‌گه‌شه‌كردنی مۆسیقای كوردیدا هه‌بووه،
هونه‌رمه‌ندو نووسه‌ر ( تواناحهمه) ده‌رباره‌ی تیپی مۆسیقای سلێمانی و خۆشه‌ویسترین ئامێری مۆسیقا ( كه‌مانچه) له‌شاری سلێمانی نوسیویه‌تی ( ئاشكرایه به‌هۆی ژه‌نینی سه‌رۆكی ئه‌م تیپه ( مامۆستا ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی) چه‌له‌نگی و لێهاتووییه‌وه ده‌توانێت ئامێری ( ڤایۆلین) بكاته یه‌كێك له‌خۆشه‌ویسترین ئامێری موزیكی له‌شاره‌كه‌دا، بۆیه ده‌بینین شاری سلێمانی خاوه‌نی زۆرترین ژه‌نیاری ئه‌م ئامێره‌یه، جگه له‌وه زۆرینه‌ی ئه‌ندامه دێرینه‌كانی ئه‌م تیپه( تیپی مۆسیقای سلێمانی) خاوه‌ن شكۆیه‌كی تایبه‌تن و زۆرینه‌ی موزیسیانان به‌مامۆستا گه‌وره‌كانی موزیكی كوردی سه‌ده‌ی ڕابردوو ناوزه‌ندیان ده‌كه‌ن، ڕۆڵێ ئه‌وان له‌دانانی موزیك و كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌م تیپه نكۆڵی ناكرێت ، له‌وانه: ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، ولیه‌م یوحه‌نا ، سه‌لاح ڕه‌ئوف ، خالید سه‌ركار ، فره‌نسیس داود و دلێرئیبراهیم) (9).
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود به‌شداری هه‌موو كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندییه‌وه (1967) وه‌ك ژه‌نیارێك ، ئاوازدانه‌ر و ئاماده‌كاری گۆرانی به‌شداری كردووه، سه‌باره‌ت به‌و مێژووه دوورودرێژه پڕ له‌تێكۆشانی هونه‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود، هه‌ریه‌ك له هاوڕێ هونه‌رمه‌نده دێرینه‌كانی به‌وشێوه‌یه خوێندنه‌وه بۆ هاوڕێ هونهرمهندهكهیان ده‌كه‌ن:
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ) ..( هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود به‌یه‌كێك لهكۆڵهگه گرنگه‌كانی مۆسیقای ده‌زانم له‌شاری سلێمانی ، له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانه‌وه له‌كاری هونه‌ریدا بهردهوامهههتائێستا، له‌بواری ئاوازدانانیشدا چه‌ند ئاوازێكی جوانی هه‌یه ، كارێكی زۆری كردووه له‌بواری منداڵان له چالاكی قوتابخانه‌كان به‌تایبه‌ت باخچه‌ی ساوایان) (10) .
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( خالید سه‌ركار ):
( فرهنیسی داود پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له‌مۆسیقای كوردی و تیپی مۆسیقای سلێمانی دا،هه‌رله‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند ئه‌ندامێكی كارای چالاكی تیپهكهبووه، بێجگه‌له‌وه‌ی ژه‌نیارێكی به‌توانایه له‌ئامێری كهمانچهدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاوازدانه‌ر و مۆئهلیفێكی باشیشه، كاره‌كانی سه‌ركه‌وتووانه ئهنجامداوهلهههموو به‌رهه‌مه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ( 11) .
یه‌كێكی دیكه له‌هونه‌رمه‌نده دێرینه‌كانی هاوڕێی ، هونه‌رمه‌ند( جان تۆماس جانۆ) یه پێی ڕاگه‌یاندم ( كاك فره‌نسیس ژه‌نیارێكی به‌توانا، نموونه‌ی مرۆڤی ئارام و هێمن، دوور له‌هه‌ڵچوون و توڕه‌بوون، خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كه پڕ له‌خۆشه‌ویستی و سۆز بۆ هونه‌ری كوردی بۆ براده‌ر، بۆخاك و نیشتمان) (12).
هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود، دوای خزمه‌تێكی زۆر له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان، تا پۆستی به‌رپرسی سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌ی هونه‌ریی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی گشتی سلێمانی دڵسۆزانه ئه‌ركی سه‌رشانی به‌جێ گه‌یاندووه و هه‌موو ته‌مه‌نی به‌خشیوه به فێركردن و په‌روه‌رده له باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌كانی شاری سلێمانی، تا ساڵی (2009) هونه‌رمه‌ند خانه‌شین ده‌كرێت،ئه‌گه‌ر به‌ووردی ته‌نها باسی به‌خشش و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی بكه‌ین له چالاكی قوتابخانه‌كان و باخچه‌ی ساوایان كه چه‌ند دڵسۆزانه تێكۆشاوه و خزمه‌تی به‌قوتابیان و منداڵان گه‌یاندووه، دڵنیام ئه‌و ماوه‌یه له‌دووتوێی كتێبێكدا بینوسینه‌وه.
ئاشكرایه هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداربووه له‌هه‌موو كار و چالاكییه‌كانی تیپی ناوبراو و له‌پشت هونه‌رمه‌ندان ( عوسمان عه‌لی ، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ، ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داخی ، تۆفیق عه‌لی ، خه‌سره‌و ڕه‌فیق ، قادر كابان ، كه‌ریم كابان ، عه‌دنان كه‌ریم ، ئیبراهیم محه‌مه‌د ، ڕه‌شۆڵ ، عه‌لی مه‌ردان ،حه‌سه‌ن زیره‌ك، تایه‌رتۆفیق ،ڕه‌سوڵ گه‌ردی،شه‌ماڵ سائیب،هۆمهردزهیی، فوئادئهحمهد، خالیددلێر، حه‌مه جه‌زا عه‌لی ، ناسری ڕه‌زازی، عه‌باس محه‌مه‌د ، كامه‌ران عهبدلمهجیدو عه‌بدولقادر حه‌سه‌ن) مۆسیقای ژه‌نیوه و یاده‌وه‌ری خۆشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند له‌زۆربه‌ی دیدار‌و چاوپێكه‌وتنه‌كانی به‌تامه‌زرۆییه‌وه ئه‌و یه‌كه‌م دیدار و مۆسیقا ژهنینهی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) باس ده‌كات و ده‌گێرێته‌وه،
( له (21و22/2/1967) له‌ماڵی ( ئه‌مینی دهڕابهچی) بۆیه‌كه‌م جار هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كم بینی ، زۆربه‌مان ئهوهیهكهم جار بوو حه‌سه‌ن زیره‌ك ببینین به‌لامانه‌وه زۆر سه‌یر و سه‌رنج ڕاكێش بوو له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژێكی به‌توانا مۆسیقا لێبده‌ین..! له‌و دیداره زانیمان حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌سایه‌تی چۆنه، كاتێ گۆرانی ئه‌ووت زۆری ئه‌خوارده‌وه ..؟! به‌ڵام به‌ڕاستی ئینسانێكی زیره‌ك بوو، گۆرانی عه‌ره‌بی ، ئه‌رمه‌نی ئه‌هێنا ئه‌یكرد به‌كوردی وات ده‌زانی ئه‌و گۆرانییه سه‌دی سه‌د كوردییه ، گۆرانییه‌كه كوردانه له‌قوڕگی ئه‌هاته ده‌ره‌وه، حه‌سه‌ن زیره‌ك گۆرانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ئه‌هێنا جلی كوردی له‌به‌رده‌كردن ، وات ئه‌زانی كوردیه، ئێمه زۆر موعجیب بوو خۆشحاڵ بووین كهگۆرانیشمان له‌گه‌ڵدا تۆماركردووه،ئه‌وشه‌وه من بووم كاك ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ، كاك خالید سه‌ركار ، كاك شه‌وكه‌ت ڕه‌شید، كاك سه‌لاح ڕه‌شید بوو ، یه‌ك دوانێكی دیكه ته‌پڵ یان لێ ئه‌دا، به‌ڕاستی من نهم ئه‌ناسین( ژه‌نیاری زهڕبهكه هونه‌رمه‌ند( عه‌زیز محه‌مه‌د خه‌لیفه_ ناسراو به عه‌زۆله (1934_ 17/7/1973) بووه ( ج،د) ) له‌كاتی پشوودا مۆسیقایه‌كی ئه‌رمه‌نی مان له‌به‌ربوو ، له‌وكاته‌دا ئێمه ئه‌و مۆسیقا ئهرمهنییهمان لێ ئه‌دا، حه‌سه‌ن زیره‌ك گوێی لێ بوو ، وتی ئاده‌ی جارێكی تر لێی بده‌نه‌وه ، ئێمه‌ش زۆر به‌ئاسایی مۆسیقاكهمان لێدایه‌وه، حه‌سه‌ن زیره‌ك وتی ئه‌مجاره‌ش لێی بده‌نه‌وه..! بۆجاری سێیه‌م مۆسیقاكهمان لێدایه‌وه، ڕاسته‌وخۆ داخڵ بوو كردی به‌و گۆرانییه خۆشه ( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی لهوباڵایه) تاكۆتایی گۆرانییه‌كه نه‌وه‌ستا، جاری واهه‌یه بۆ گۆرانییه‌ك یه‌ك هه‌فته پرۆڤه‌ی تایادائهكرێـت،ئیللا به‌نۆته نه‌بێ ناتوانرێ له‌به‌ری بكه‌یت ، به‌س ئه‌و یهكسهركردی بهوگۆرانییه ، زۆر خه‌ڵك هه‌یه كه‌گوێی له گۆرانی( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی لهوباڵایه) واده‌زانێ فۆلكلۆری كوردی یه ، به‌ڵام نازانێ ئاوازه‌كه ئه‌رمه‌نی یه، ئه‌مه شتێكه به‌هره‌یه له‌ئینساندا هه‌بێت ، گۆرانییه‌ك بێنیت و به‌شێوه‌یه‌ك بیخوێنیت بیكه‌یت به‌هی خۆت، حه‌سه‌ن زیره‌ك كه گۆرانی ئه‌ووت ، به‌تایبه‌ت گۆرانیه‌كی دیاریكراوئهگهر جارێكی دیكه بیگوتایهتهوه ، به‌هه‌مان كهلیمات نه‌ی ده‌ووته‌وه..؟! چونكه خۆی شاعیر بوو یهكسهروشهی بۆئهدۆزیهوهكهلیماتهكانی له‌به‌رچاو بوو ، بۆئه‌و میلۆدییه ئهوكهلیماتهی پڕ به‌پێستی ئاوازه‌كه ئه‌وت)(13).
هه‌روه‌ها ئه‌م هونه‌رمه‌نده خۆنه‌ویست و هونهرخۆشهویسته ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ماندوبوون بكات، مه‌به‌ستی بووه چرای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی هه‌میشه ڕۆشن بێت له‌كوردستان، له‌گه‌ڵ هاوڕێی گه‌ڕه‌ك و قۆناغه‌كانی خوێندن و هونه‌ری مۆسیقا ، مامۆستا ( خالید سه‌ركار )، له‌په‌یمانگای (نه‌وا) له‌ساڵی (1994) دایانمه‌زراندووه بۆ فێربوونی زانسته‌كانی مۆسیقا و ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا، هه‌ردووك پێكه‌وه له‌و په‌یمانگایه وانه‌ی مۆسیقا ده‌ڵێنه‌وه و قوتابیان فێری مۆسیقا ده‌كه‌ن، چونكه گه‌ره‌كیانه له‌ڕووی هونه‌ری مۆسیقاوه میلله‌ته‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی جوان و پێشكه‌وتوو په‌روه‌رده‌بكرێت.
دوای نیوسه‌ده زیاتر له‌خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی، فره‌نسیس داود كه‌سایه‌تییه هێمن و شیرین تر له‌شیله‌ی هه‌نگ و به‌په‌رۆش بۆ هونه‌ر، ئێستا له‌شاری سلێمانی ده‌ژی و ده‌خوازم ته‌مه‌ندار و پڕ ته‌ندروست بێت، پێی ده‌ڵێم سوپاسگوزاری بۆ مێژووی جوانی لێوان‌لێو له‌به‌خشینی هونه‌ریتان ، باڵای هونه‌ری ڕهسهنتان بڵندتربێت.
جه‌مالی ده‌لاك 8/2/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
( 1 و 3 و5 و6 و 13) هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود، به‌رنامه‌ی ئاوێنه‌ی هونه‌ر ، ئاماده‌كارو پێشكه‌شكار ( جه‌لال هانیسی) كه‌ناڵی ئاسمانی ڕۆژهه‌ڵات ، (10/5/2015) یوتوب.
كتێبی خالید سه‌ركار ، هونه‌رمه‌ندێك لهڕهسهنایهتی گه‌ڕا..له‌پێناوی هونهرهكهشی ماندووبوونی نه‌زانی، هه‌ڤپه‌یڤین:
ئازاد عه‌بدولواحید ، لاپه‌ڕه ( 23) .
(4)تیپی مۆسیقای سلێمانی ، نیوسه‌ده ئه‌زمونی هونه‌ر و داهێنان، گه‌نجینه‌ی پڕسامانی ڕه‌سه‌نایه‌تی موزیكی كوردی ، نوسینی ( هوشیار ئه‌حمه‌د_ وشهبابه) گۆڤاری سلێمانی ، ژماره( 183) حوزه‌یران و ته‌مموزی (2017) لاپه‌ڕه (20).
(7) ئه‌زموونی هونه‌رمه‌ندێك ،چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند فره‌نسیس داود ، به‌رنامه‌ی ڕۆژانه‌ی (NRT) له ( 20/7/2014).
(8) به‌رنامه‌ی چراكان، هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌نا ، لهئامادهوپێشكهشكردنی ( ئه‌میر عومه‌ر) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ساڵی (2006).
(8) خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆتیپی مۆسیقای سلێمانی له‌یادی په‌نجاساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا ، نووسینی ( تواناحهمه) كتێبی ڕووه‌و هونه‌رێكی كوردیی ڕه‌سه‌ن و هاوچه‌رخ ، ئاماده‌كردنی : مه‌ریوان مه‌سعود و ژینۆ عه‌بدولڵا ، لاپه‌ڕه(18).
(10 و11) به‌رنامه‌ی ئه‌زموون و ژیانی فره‌نسیس داود، كه‌ناڵی ڕووداو 23/6/2018( یوتوب) .
(12) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( جان تۆماس) 30/1/2023.
سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( خالید سه‌ركار ، فره‌نسیس داود و جان تۆماس) هاوكارم بوون ، هیوای سه‌ركه‌وتن و پڕ ته‌ندروستیان بۆ ده‌خوازم ( ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.