له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنی ڕه‌ش و سپی ئه‌وكاته‌وه چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌ده‌نگی دوو منداڵی ته‌مه‌ن (10) ساڵی ڕۆح سووك، هه‌ست و هۆشیی گوێگر و بینه‌رییان به گۆرانییه‌كانی ( سۆیله باڵابه‌رز و خان باجی) به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ( تۆفیق عه‌لی) ، گۆرانیی ( ته‌نكه ته‌نكه‌ی باران و یاروهرهوه) به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند( خه‌سره‌و ڕه‌فیق) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی مۆسیقای سلێمانی داگیركردبوو، جه‌ماوه‌ر به‌عه‌شق و تامه‌زرۆییه‌كی زۆره‌وه چاوه‌ڕێی ئه‌و گۆرانیانه بوون،
ئه‌وگۆرانیانه هێشتا وێردی سه‌رزاری خه‌ڵك بوون و، به‌سه‌رسامییه‌وه له‌تواناو ئه‌دا و بوێری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی منداڵیان ده‌ڕوانی، له‌ساڵی (1972) چه‌ند گۆرانییه‌كی خۆشی دیكه، هه‌ڵقوڵاوی هه‌ناوی ڕه‌سه‌نایه‌تی كوردهواری به ده‌نگێكی خۆشیی چه‌ند مێردمنداڵێك له گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ، ده‌نگه به‌سۆزو زوڵاڵهكهیان وڵاتی داگیركرد ، ئه‌و گۆرانییه خۆشانه وه‌ك ( ههلاوههلاوهگوڵێ ، به‌ده‌نگی گوشاد كه‌مال ) ، ( یاره‌كه‌م ئه‌ڵێی بووكه جوانی شاری كه‌ركوكه، به‌ده‌نگی قاسم فه‌ره‌جوڵڵا) ، ( هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ ، به‌ده‌نگی سه‌لاح پشده‌ری) .
به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌نگخۆشانه كهپهروهردگار ئه‌و به‌هره سرووشتییه‌ی پێی به‌خشیبوون، دوای تۆماركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌رهه‌مێك بۆ هه‌میشه له‌هونه‌ری گۆرانیبێژی دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانیان له‌سه‌رده‌می ئاڵتوونی هونه‌ری كوردییدا ده‌ركه‌وتن، به‌هۆی هاوكاری و پشتیوانی و ڕێنوێنی هونه‌رمه‌ندانی ده‌ست و پهنجهزێڕینی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه بووه، ئه‌وكارو به‌رهه‌مه هونه‌رییانه‌ی هه‌ردوو تیپی مۆسیقا له‌وسه‌رده‌مه‌دا هه‌میشه جێی ستایش و به‌رزنرخاندنه.
سه‌لاح پشده‌ری یه‌كێك له‌وده‌نگه به‌سۆزانه‌ی ئه‌وكاتی تیپی باواجی كۆیه، هونه‌رمه‌ندێكه ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له هونه‌ر دووركه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام له‌ڕێی هه‌ست و عه‌شقی بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ریی له‌بواری (مۆسیقا و گۆرانی ) پهروهردهكردووه،
له‌دوای ئه‌و چه‌ندین ساڵه بهدهرفهتم زانی بچمه خزمه‌تی و گه‌شتێك بهنێولاپهڕهكانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری دا بكه‌م ، له‌شاره جوانه‌كه‌ی قه‌ڵادزێ وه تا وراتی كۆیه‌و پاشان بۆ هه‌ولێری پایته‌خت كهبۆههمیشه هونه‌رمه‌ند ڕه‌شماڵی تێدا هه‌ڵداوه و بیدوێنم و ڕازی ته‌مه‌نی هونه‌ریی خۆی به‌ڕاشكاوانه بدركێنێ.
هونه‌رمه‌ند ناوی ( صلاح ا‌لدین ئه‌حمه‌د ڕۆسته‌م) ه، وه‌ك نازناو زۆرجار له‌لایه‌ن هاوڕێی و هاوشارییهكانییهوه به( سه‌لاحی مه‌لای ڕه‌ش) ناوبراوه له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی كه‌سێكی ئایینی و مه‌لا بووه ، نازناوی هونه‌ریشی ( سه‌لاح پشده‌ری) یه، به‌ناوی ده‌ڤه‌ره جوان و شیرینه‌كه‌ی پشده‌ر بۆته پاشخانی ناوه‌كه‌ی و به‌و ناوهوهدهناسرێت، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1957) له‌شاری قه‌ڵادزێ له‌خانه‌واده‌یه‌كی مام ناوه‌ندی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه، خانه‌واده‌كه‌ی جگه له‌باب و دایكی ، خاوه‌نی ( سێ برا و دوو خوشكه).
ژیانی منداڵیی وه‌ك هه‌موو منداڵه چاوگه‌ش و خوێن شیرینه‌كانی گهڕهكهكهیی و ، نۆبه‌ره‌ی خانه‌واده‌كه‌یی بووه ، باوكی مه‌لابووه به‌ڵام كه‌سێكی ڕۆشنفكرو كراوه‌و زانستخواز و كوردێكی پاك و دڵسۆز بۆنهتهوهكهی بووه،سه‌لاح ته‌مه‌نی گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بچێته به‌رخوێندن باوكی له‌قوتابخانه‌ی ( جووت كانیان) ی سه‌ره‌تایی ناونووسیی كردووه و بۆته قوتابی .
جیاله‌وه‌ی كه به‌های گرنگی و پیرۆزی قوتابخانه لهئهژمارنایهت ، كه چ سوودێكی بۆ تاك و بۆكۆمهڵ هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه‌ش مامۆستا و وانه‌ی سروود و هونه‌ر ئه‌ویش به‌جێی خۆی پڕبایه‌خ و پیرۆزه، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ڕێی ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزانه‌ی وانه‌ی سروود و هونه‌رییان به‌قوتابیان وتۆته‌وه، به‌ده‌یان ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندیان دۆزیوه‌ته‌وه و هاوكارو پشتیوانی بوون تا پێیان گه‌یاندووه، ڕووی پرسیارمان ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری كرد‌و لێمان پرسیی: سه‌ره‌تای هه‌ستكردن به‌دنیای هونه‌ر و به‌هره‌ی دهنگۆشیی له سه‌لاح پشده‌ری یم پرسیی له كهیی و له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
سه‌لاح پشده‌ری : سه‌ره‌تا ده‌بێت له ژینگه پاك و جوانه‌كه‌ی قه‌ڵادزێ وه و هه‌روه‌ها ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا و كرماشانهوهپهخش و بڵاو ده‌كرانه‌وه ده‌ست پێبكه‌م، ئه‌و گوێگرتنه بۆ من زۆر چێژ به‌خش بوو ، هه‌میشه به‌و گۆرانیی و میلۆدییه پر چێژ و ڕه‌سه‌نانه هه‌ست و گوێم ئاودراوهو له‌سینه‌مدا ده‌م پاراستن و له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه ئه‌و گۆرانیانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌رم بوون له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌م ووتنه‌وه، لایه‌نێكی دیكه‌ش ده‌بێت ئاماژه به‌ڕۆڵی وانه‌ی سروود بده‌م له‌قوتابخانه ، به‌یانیان له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه ڕیزیان ده‌كردین كۆمه‌ڵه قوتابییه‌ك وه‌ك تیپی سروود له‌ڕیز ده‌هاتنه ده‌ره‌وه سرووده‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌یان به‌ده‌نگی به‌رز ده‌خوێند، منیش ئاره‌زووم بوو كه ببمه یه‌كێك له‌و تیپه، یادی به‌خێر مامۆستایه‌كمان هه‌بوو ناوی ( كه‌مال) خه‌ڵكی سلێمانی بوو ، وانه‌ی (كوردی و سروودی) پێ ده‌ووتین، ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی دركی به‌ده‌نگخۆشیی من كرد‌و زۆر هانی دام و منی له‌ڕیز هێنایه ده‌ره‌وه‌و له‌به‌رده‌م قوتابیه‌كاندا گۆرانی پێ خوێندم .
قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی بۆ هونه‌رمه‌ند ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك و گه‌شه به‌حه‌زو ئاره‌زووه‌كه‌ی بدات و له‌لایه‌ن هاوڕێی و مامۆستاكانییه‌وه هان ده‌درێت و پێیی ده‌ڵێن ده‌نگت خۆشه‌و به‌رده‌وام به.
پرسیار : بۆ یه‌كه‌م جار له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌ت كه‌ی بوو گۆرانیتان خوێند‌و بۆنه‌كه‌ی چی بوو؟
سه‌لاح پشده‌ری : ئه‌وه‌ی له‌یادم بێت ، قۆناغی سه‌ره‌تایم ته‌واو كردبوو ، له‌ناوه‌ندی بووم ، مامۆستا كه‌مال كۆمه‌ڵێك قوتابی ئاماده‌ده‌كرد بۆ ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (1971) ، پرۆڤه‌ی پێده‌كردن له‌یه‌كێك له‌ژووره‌كانی قوتابخانه، منیش له‌و دیو ده‌رگاكه‌وه گوێم لێده‌گرتن ، قوتابیه‌كی پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی گۆرانی ( هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێی) ده‌خوێند، ئه‌وه‌نده عاشقی گۆرانی بووم و پێشتر ئه‌و گۆرانیه‌م چه‌ندجار بیستبوو گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌مانه ، له‌به‌رم كردبوو هه‌ستم كرد به‌هه‌ڵه وشه‌كان و میلۆدییه‌كه ده‌ڵێ ، ڕاسته‌وخۆ خۆم كرد به‌ژوورداو وتم مامۆستا ئه‌و گۆرانییه به‌هه‌ڵه ده‌خوێنێ ..! ( نه‌ده بوو ئه‌و كاره بكه‌م بێ پرس برۆمه ژووره‌وه به‌ڵام خۆشه‌ویستیم بۆ هونه‌ری گۆرانی كه‌مه‌ندكێشی كردم و بێ پرس چوومه ژووره‌وه) ،
مامۆستا كه‌مال وتی چۆن ؟ تۆ ئه‌و گۆرانییه ده‌زانی ؟ وتم به‌ڵێ، بهتهپڵێكهوه گۆرانی هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ م خوێند، مامۆستا وتی : هه‌ی ئافه‌رین ئه‌وه‌ی تۆ ڕاسته كه‌واته بۆ به‌یانی ده‌بێت تۆ بیخوێنی.
ڕۆژی دواترئاههنگ بوو به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌و له قوتابخانه‌ی ( ئاسۆس) به‌شداربووم و جیا له‌گۆرانی (هه‌رمێ ) گۆرانییه‌كی دیكه‌شم خوێند به‌ناوی
( كوزهڵهو بهندۆكه ترشۆكه‌ی شاخی
یارێكم گرتووه وه‌ك گوڵی ناوباخی) .
كه‌له گۆرانیهكان بوومه‌وه ،بوو به‌چه‌پڵه ڕێزان و ئیتر له‌ڕێی ئه‌و دوو گۆرانییه‌وه له‌ناو خه‌ڵكی قه‌ڵادزێ دا ناسرام.
دوای مۆركردنی به‌یاننامه‌ی ( 11ی ئاداری ساڵی1970) كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌بار و گونجاو بۆ كوردستان هاته پێشه‌وه، واته له دوای (11/3/1970 تا سه‌ره‌تای مانگی 3ی 1974) ساڵانێكی پڕ تێكۆشان و ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری بوو له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا، له‌ساڵی (1972) تیپی باواجی كۆیه مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردن به‌نوسراوی ژماره ( 812) له‌ڕێكه‌وتی (1/3/1972) له شاری بهغداوهردهگرن، هونه‌رمه‌ندانی تیپی باواجی به‌گوڕوتینێكی به‌رزی هونه‌ریی گه‌شتێك بۆ ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر سازده‌كه‌ن و له‌ڕێی ده‌ست و په‌نجه‌و ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانه‌وه كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه زیاتر ده‌ناسێنن و چێژی مۆسیقا و گۆرانی یان پێببه‌خشن،
پرسیار : سه‌لاح پشده‌ری له‌شاری قه‌ڵادزێ ده‌خوێنی و ژیانت له‌وێ یه چۆن ئاشنابوویت به‌تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه؟
سه‌لاح پشده‌ری: هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته‌كانی تیپی باواجی دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی بۆ تیپه‌كه‌یان هاتن بۆ قه‌ڵادزێ له‌وێ ئاهه‌نگیان بۆخه‌ڵكی شاره‌كه ئه‌نجامدا، منیش وه‌ك تاكێكی ئه‌وشاره ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه بووم، له‌هۆڵی قوتابخانه‌ی ( پشده‌ر) ، مامۆستای ئازیزم ( غه‌ریب پشده‌ری) پێشكه‌شكاری پرۆگرامی ئاهه‌نگه‌كه بوو ، دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ند به‌رهه‌مێك، له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه به‌ده‌نگی به‌رز هه‌موو پێكه‌وه ناوی منیان هێناو هاواریان ده‌كرد ( سه‌لاح پشده‌ری) ، مامۆستا غه‌ریب بانگی منی كرد‌و به‌هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( زاهیر محه‌مه‌د) سه‌رۆكی تیپه‌كه بوو ناساندمی ،
مامۆستا زاهیر وتی : هیچ گۆرانیه‌كت ئاماده‌یه،
وتم : به‌ڵێ گۆرانی ( هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ) و سه‌ربه‌ندی گۆرانییه‌كه‌م بۆ ووت،
مامۆستا زاهیریش به‌هه‌سته بهرزهكهیی ئامێری كه‌مانچه‌كه‌ی كۆك كرد له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌كه ،
دیسان فه‌رمووی گۆرانییه‌كه چه‌ند كۆپله‌یه و ئایا ده‌زانی چۆن له‌گه‌ڵ مۆسیقا داخڵ بیت و كۆتایی بهگۆرانییهكه بێنی؟
وتم گۆرانییه‌كه چوار كۆپله‌یه و ئێوه مۆسیقا بژه‌نن و له‌كاتی دیاریكراودا داخڵ ده‌بم و بۆ كۆتایی گۆرانیه‌كه‌ش من ئاماژه‌یه‌ك ده‌كه‌م ، كه‌ی ده‌ستم خسته پشتمه‌وه ئه‌وه كۆتایی گۆرانییه‌كه‌یه، مامۆستا زاهیر وتی ئافه‌رین .
پرسیار : ئه‌وه یه‌كه‌م جارتان بوو بچنه سه‌رشانۆ و له‌گه‌ڵ مۆسیقادا له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گۆرانی بڵێن ، هه‌ستان به شڵه‌ژان وترس و دڵه‌ڕاوكێ نه‌ده‌كرد؟
سه‌لاح پشده‌ری : نه‌خێر چونكه ئه‌وه‌نده حه‌زو خولیام بۆ گۆرانی و مۆسیقا هه‌بوو، وام هه‌ست ده‌كرد چه‌ندین ساڵه لهسهرشانۆم ، له‌گه‌ڵ كۆتایی گۆرانییه‌كه‌دا جه‌ماوه‌ر تێكڕا هه‌ستانه سه‌رپێ و به‌چه‌پڵه ڕێزان پێشوازییه‌كی گه‌رمییان له‌هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی كرد و هه‌موو پێكه‌وه داوای دووباره‌كردنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كه‌یان ده‌كرد، له‌هه‌مان كاتیش‌دا هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی ، سه‌ریان سوڕمابوو كه جه‌ماوه‌ر به‌شێوه‌یه پێشوازی ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش بۆجاری دووه‌م مۆسیقایان ژهنیهوه و منیش گۆرانیه‌كه‌م وته‌وه ، ده‌توانم بڵێم له‌جاری یه‌كه‌م خۆشترم ووت.
دواتر مامۆستا زاهیر و ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقا ده‌ستخۆشیان لێكردم ، مامۆستا زاهیر پێی ووتم ده‌بێت له‌گه‌ڵمان به‌شدار بیت له‌م ماوه‌یه‌دا بۆتۆماركردنی چه‌ند گۆرانییه‌ك ده‌چینه ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك، تۆش ئه‌و گۆرانیه‌و گۆرانییه‌كی دی ئاماده بكه، بۆ ڕۆژی دواتر تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ڕۆیشتن بۆ شاری ڕانیه و منیشیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردلهوێش به‌شداربووم و گۆرانیم خوێند.
پرسیار: باوكتان كه به( مه‌لای ڕه‌ش) ناسراوه ، پیاوێكی ئایینی و مه‌لا بووه، هه‌ڵس و كه‌وت و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ چۆن بوو ؟! ئایا ڕێگری لێنهدهكردیت كه گۆرانی نه‌خوێنی ؟
سه‌لاح پشده‌ری : له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك مه‌لای هاوڕێی باوكمه‌وه ، هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌سایه‌تی ناوچه‌كه گله‌یی و گازانده‌ی زۆریان ئاراسته‌ی باوكم كردبوو و ڕه‌خنه‌یان لێگرتبوو، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا پێی وتبوون ، سه‌لاحی كوڕم خودای گه‌وره به‌هره‌یه‌كی پێبه‌خشیوه، ئهوبههرهیه بۆ له‌پێناو خزمه‌ت و به‌خشینی خۆشیی نه‌بێ بۆخه‌ڵك، نابێت ئه‌و به‌هره خودایه بشارێته‌وه ، نه‌ك ڕێگری لێ ده‌كه‌م به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ریشی ده‌بم ، باوكم هه‌رچه‌نده مه‌لایه‌كی ئایینی بوو، به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و كه‌سێكی كوردپه‌وه‌ر و ڕۆشنفكر و دڵسۆزی خاك و نیشتمانه‌كه‌ی بوو ، به‌كرده‌وه‌ش سه‌لماندوویه‌تی له‌ساڵی (1961) وه به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی پۆشیوه‌و خه‌باتی كردووه ، نه‌ك هه‌ر ڕێگری لێنه‌كردم به‌ڵكو زیاتر هانی دام و ته‌نانه‌ت هۆنراوه‌یه‌كی نیشتمانیشی بۆنوسیم پێی وتم كوڕم بیخوێنه.
دوای ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی تیپی باواجی له‌شاری قه‌ڵادزێ و ده‌ركه‌وتن و ناساندنی سه‌لاح پشده‌ری به‌جه‌ماوه‌ری قه‌ڵادزێ، لێم پرسی دوای ئه‌و ئاهه‌نگه هیچ چالاكییه‌كی دیكه‌تان ئه‌نجامدا له‌قه‌ڵادزێ ؟
سه‌لاح پشده‌ری : له‌هه‌مان ساڵدا واته ساڵی (1972) دوای سه‌ركه‌وتنم و زیاتر ناساندنم له‌لای جه‌ماوه‌ر له‌ڕێی ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی یه‌وه ، چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار له‌شاری سلێمانی یه‌وه هاتبوون بۆ قه‌ڵادزێ ، بریتی بوون له‌م هونه‌رمه‌نده ئازیزانه ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، ئه‌لبێرت عیسی و نامدار قه‌ره‌داخی) وابزانم له كۆمه‌ڵ و هونه‌رو وێژه‌ی كوردی لقی سلێمانی یه‌وه هاتبوون ژه‌نیارێكی ئیقاع یشیان له‌گه‌ڵ دابوو به‌داخه‌وه ناوه‌كه‌یم له‌بیر نه‌ماوه..!، دیاربوو مامۆستا غه‌ریب پشده‌ری ناوی منی له‌لایان هێنابوو ، مامۆستا غه‌ریب پێی وتم ده‌بێ بچیت پرۆڤه‌یان له‌گه‌ڵ دا بكه‌م ،
هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕهشیدكاتێك گوێی له‌ده‌نگم بوو زۆری پێ‌خۆش‌بوو و هانی دام و ، وتی چ گۆرانیه‌كت ئاماده‌یه وتم : گۆرانی ( لانه‌و هه‌ی لانت كه‌م ) ئه‌م گۆرانیه به ( پا بهموورو ) ناسراوه و گۆرانییه‌كی فۆلكلۆره، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییهبڵێم ، هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید سه‌رله‌نوێ به دابه‌شكردنێكی نوێوه ئاماده‌ی كرد و له گۆڕه‌پانی( سانه‌وی قه‌ڵادزێ) له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆردا ئهوگۆرانیهم به‌و دابه‌شكردنه نوێیه‌وه خوێند،دوای ئاهه‌نگه‌كه هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید زۆر ده‌ستخۆشیی لێكردم و هانی دام كهبهردهوام بم، بۆمن زۆر ڕۆژێكی خۆش بوو كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌توانایانه گۆرانی بڵێم.
پرسیار : گۆرانی ( هه‌رمێ و پابهموروو) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی له‌ته‌له‌فزیۆن تۆمارتان كرد، چ ساڵێك بوو ، له‌كوێ تۆمارتان كرد؟
سه‌لاح پشده‌ری : له‌ساڵی (1973) له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی یه‌وه ئاگاداركرام كهبچمه( كۆیه) ، منیش مێرد منداڵ و تازه پێده‌گه‌یشتم و شاره‌زا نه‌بووم ، سوپاسی مامۆستا (غه‌ریب پشده‌ری) ده‌كه‌م لوتفی كرد له‌گه‌ڵمدا هات بۆ كۆیه ، له‌وێ بۆماوه‌ی یه‌ك هه‌فته پرۆڤه‌م له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپدا كرد ، دواتربهرههمهكان هه‌مووی ته‌واو ئاماده‌كران، هه‌موومان ( تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه) چوین بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، له‌ته‌له‌فزیۆن دوو گۆرانیم به‌شێوه‌ی ( ڕه‌ش و سپی) تۆماركرد ،
1/ هه‌رمێ وه‌ی وه‌ی هه‌رمێ
2/ لانه‌و هه‌ی لانت كه‌م ( پابهموروو).
پرسیار: له‌كاتی تۆماركردن هه‌ستت به‌چی ده‌كرد ، ئه‌م شوێنه جیاوازتره له‌و دوو جاره‌ی پێشتووتر گۆرانیتان خوێندووه؟
سه‌لاح پشده‌ری : هه‌ستێكی زۆر خۆش بوو، هونه‌ر هه‌موو هه‌ستمی داگیركردبوو ، زۆر حه‌زو ئاره‌زووم گۆرانی بوو ، به‌شه‌وق و حه‌زێكی زۆره‌وه گۆرانییه‌كانم خوێند ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپ له‌وپه‌ڕی هه‌ستی هونه‌رییه‌وه به‌عه‌شقه‌وه مۆسیقایان بۆدهژهنین، هێنده‌ی تر زه‌وق و ووزه‌یان پێده‌به‌خشین، دواتر گۆرانیه‌كانی من و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانم په‌خشكرا له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازییه‌كی بێ وێنه له‌و كاره ناوازانه‌ی تیپی باواجی كرا و گۆرانیهكان ببوونه وێردی سه‌رزاری خه‌ڵكی، ده‌توانم بڵێم گۆرانییه‌كانم سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌یان به‌ده‌ست هێنا.
یاده‌وه‌رییه‌كی دیكه‌ش كهبۆمن جێی شانازییه، قوتابی پۆلی دووی ناوه‌ندی بووم له‌قه‌ڵادزێ ، بەرێوەبەرى گشتى پەروەردەى سلێمانى به‌سه‌ردان هاتبووە قەڵادزێ و بەسەر قوتابخانەکاندا دەگەڕا ، منیش تازە ئەو دوو گۆرانییەم لەڕێی تەلەفزیۆنى کەرکوکەوە بڵاوببۆوە ، بەرێوەبەرى قوتابخانەکەمان مامۆستا ( حافز ئەنوەر مائى) بوو، منى بەبەرێوەبەرى گشتى ناساند و خوێندنەوەیەکى جوانى بۆ دەنگ و هونەرەکەم کرد، بەرێوەبەرى گشتى وتى من لەگەڵ خۆمدا دەیبەم بۆسلێمانى، بەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان چالاکى هونەرییان هەیە حەزدەکەم بەشداربێت لەگەڵیاندا، بۆ رۆژى دواتر ڕۆیشتم بۆ سلێمانى و بەڕێوەبەرى گشتى پەروەردە منى نارد بۆ قوتابخانەى ( خالیدیە) لەوێ ئەندامانى تیپى مۆسیقاى سلێمانى پرۆڤەیان دەکرد ، ئەوهونەرمەندانەى بێتەوە یادم کەلەوێ بوون ( مامۆستا ئەنوەر قەرەداخى ، خالید سەرکار ، فەرەنسیس داود ، محەمەد حسێن ژەنیارى شمشاڵ و صباح محەمەدئەمین ) ، دواى تاقیکردنەوەى دەنگم، دوو گۆرانى( هەرمێ و لانەو هەى لانت کەم) بەشداربووم لەگەڵیاندا ، رۆژى ئاهەنگەکە بەرێوەبەرى گشتى پەروەردە خۆشى ئامادەبوو دواى ئاهەنگەکە زۆر دەستخۆشیی لێکردم و قاتێک جلى بەدیارى پێبەخشیم و وتى ئەگەر سێی ناوەندیت تەواو کرد وەرەوە بۆلام هەوڵت بۆدەدەم دەتنێرم بۆپەیمانگاى هونەرەجوانەکانى بەغدا ، بەداخەوە ئەو فرسەتەشم لەدەستچوو بۆهۆى بارودۆخى کوردستانەوە.
پرسیار: له‌ساڵی (1974) له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی به‌شداری له میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی له‌شاری به‌غدا ده‌كه‌ن، ئه‌م بهشداریكردنهتان له‌سه‌ر داوای هونه‌رمه‌ندانی تیپی باواجی بوو ، یان خۆتان داواتان كرد به‌شداربن؟
سه‌لاح پشده‌ری : به‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێك دوای تۆماكردنی گۆرانییه‌كان له‌ته‌له‌فزیۆن، ڕۆژێك له‌قه‌ڵادزێ زهرفێكم به‌ده‌ست گه‌یشت ، نامه‌یه‌ك و كاسێتێكی ته‌سجیلی تێدابوو، مامۆستای ئازیز( وریا ئه‌حمه‌د) بۆی ناردبووم، له‌نامه‌كه‌دا هۆنراوه‌یه‌كی تیادابوو به‌ناوی( جوانی كوێستان) له‌هۆنراوه‌ی
( جه‌لال جۆبار) ی شاعیر بوو، مامۆستا وریا نوسیبووی ئه‌وه ئاوازێكم له‌سه‌ر ئه‌و هۆنراوه‌یه داناوه ، بۆت ده‌نێرم له‌به‌ری بكه‌و له‌ناو كاسێتهكهشدا ئاوازه‌كه‌ی به‌ده‌نگی خۆی تۆماركردبوو مامۆستا وریا، هه‌روه‌ها نوسیبوی ئه‌و گۆرانییه له‌به‌ر بكه‌و گۆرانییه‌كی دیكه‌ش ئاماده‌بكه، ده‌چین بۆ به‌غدا میهره‌جانێك هه‌یه به‌شدارین، له‌سه‌ر داواكه‌ی مامۆستای گه‌وره‌م پرۆڤه‌م له‌سه‌ر ئاواز و هۆنراوه‌كه‌ی ( جوانی كوێستان) كردوو، گۆرانی دووه‌میش ( زارا دیده‌م زارا) م ئاماده‌كرد،دوای ماوه‌یه‌ك چوومه شاری كۆیه‌و دوای پرۆڤه كردن ، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی به‌ره‌و به‌غدا به‌ڕێ كه‌وتین،
ئه‌و میهره‌جانه ( میهره‌جانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی) له‌كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی (1974) له‌هۆڵی (خولد) له‌شاری به‌غدا بۆماوه‌ی (5) ڕۆژ سازكراوه به‌به‌شداری هه‌موو تیپه مۆسیقییه‌كانی كوردستان،
تیپی مۆسیقای سلێمانی پله‌ی ( ئیمتیاز) به‌ده‌ست دێنێ و، تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه پله‌ی( یه‌كه‌م) له‌سه‌ر ئاستی تیپه مۆسیقیه به‌شداربووه‌كان به‌ده‌ست دێنێت.
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی هه‌ردوو گۆرانی ( جوانی كوێستان و زارا) به‌سه‌ركه‌وتوویی پێشكه‌ش ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌ده‌رئه‌نجامی میهره‌جانه‌كه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت
( میهره‌جانه‌كه زۆر به‌جوانی به‌ڕێوه‌چوو، تیپه مۆسیقییه‌كان و هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كان هونه‌رێكی جوانیان پێشكه‌ش كرد ، له‌سه‌ر ئاستی هونه‌رمه‌نده لاوه‌كان من پله‌ی سێیه‌مم به‌ده‌ستهێنا، بۆزانیاری زیاتر ،له‌سه‌ر ئاستی لاوه‌كاندا هونه‌رمه‌ند ( كامه‌ران عه‌بدولمه‌جید، به‌گۆرانی هه‌ی سوهیله) به‌شداربوو پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا، برای هونه‌رمه‌ند( قاسم فه‌ره‌جوڵڵا، به‌گۆرانی یاره‌كه‌م ئه‌ڵێی بووكه ) پله‌ی دووه‌می به‌ده‌ستهێنا، واته له‌میهره‌جانی یه‌كه‌می كوردی ، له‌سه‌ر ئاستی تیپه مۆسیقیه‌كان ، باواجی یه‌كه‌م بوو ، له‌سه‌ر ئاستی لاوه‌كانیش دا تیپی باواجی پله‌ی ( دووه‌م و سێیه‌می) به‌ده‌ستهێنا ، گۆرانی جوانی كوێستان بۆیه‌كه‌م جار من خوێندم ، دواتر برای هونه‌رمه‌ندم ( سه‌لاح محه‌مه‌د) به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی خوێندی، به‌پێویستی ده‌زانم هه‌ڵوێستی جوانی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی) له‌دوای خوێندنی گۆرانییه‌كانم باس بكه‌م ، مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی زۆر ده‌ستخۆشیی لێكردم و وتی هه‌ی ئافه‌رین ، به‌پێكه‌نینه‌وه پێی وتم باشه سه‌لاح تۆ خه‌ڵكی قه‌ڵادزێی و سهربهسلێمانی یهوهچۆنه له‌گه‌ڵ تیپی باواجی به‌شداربوویت؟ منیش وتم مامۆستا ئێوه وه‌ك تیپی مۆسیقای سلێمانی ڕۆژێك نههاتنهقهڵادزێ تا به ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندانی شاره‌كه‌م ئاشنا بن و بیاندۆزنه‌وه..! دواتر پێی وتم باشه ئه‌گه‌ر چوینه‌وه بۆ كوردستان ، دواتر سه‌ردانی تیپی مۆسیقای سلێمانی بكه با چه‌ند به‌رهه‌مێكی باشت بۆئامادهبكهین، به‌داخه‌وه به‌هۆی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی ئهیلوول ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ نه‌ڕه‌خسا و ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ ببڕێ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌رهه‌مم هه‌بێت.
به‌ڵام جێی داخه هێشتا میهره‌جان به‌ته‌واوی كۆتایی نه‌هاتبوو، ئاگاداركراین كه‌ده‌بێ به‌زووترین كات بگه‌ڕێینه‌وه كوردستان چونكه بارودۆخی سیاسی باش نییه و شه‌ڕ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حیزبی به‌عس هه‌ڵگیرساوه‌ته‌وه ، هونه‌رمه‌ندانی كورد هه‌موو به‌یه‌كه‌وه به‌په‌له گه‌ڕانه‌وه كوردستان.
پرسیار : بارودۆخی وڵات نائارام ده‌بێ و زۆرینه‌ی كورد له‌به‌ره‌ی گهلهكهیدایه و هێزی پێشمه‌رگه له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریدایه ، له‌و ههلو مه‌رجه‌دا هیچ چالاكی هونه‌ریتان هه‌بوو؟
سه‌لاح پشده‌ری: نه‌خێر چالاكی هونه‌ریم نه‌بوو ،چونكه شارى قەڵادزێ لەگەڵ هەڵگیرسانەوەى شۆرشى ئەیلول لەساڵى (1974) پێگەیەکى نەتەواویەتى، زانستى و هونەرى هەبوو، لەبەرئەوەى زانکۆى سلێمانى لەو شارە کرایەوە و زۆر لە قوتابیان و هونەرمەندان و ئەدیبان ڕوویان تێکرد و بووە جێى حەوانەوەیان و شوێنێكی ئارام بوو، بەڵام بەداخەوە لەڕێکەوتى (24/4/1974) رژێمى بەعس ئەوشارەى بۆردومان کرد و کارەساتێکى گەورەى گیانى لەوشارە خولقاند، ناچار خانەوادەکەى ئێمەش وەک هەموو خانەوادەکانى تر‌ى کوردستان زێدەکەمان بەجێهێشت و ڕوومان کردە ڕۆژهەڵاتى کوردستان ، لەوکاتەدا قورساییەکى گەورەى بەرپرسیارێتى لەئەستۆم دا بوو چونکە باوکم وەک ئەرکێکى نەتەوەیی پێشمەرگە بوو لەسەنگەرەکانى بەرگرى دا بوو، ناچار چووینە ئۆردوگاى ( ڕەبەت) لەنزیک شارى سەردەشت، لەهونەردابڕابووم و سەرقاڵى خانەوادەکەم بووم.
پرسیار : له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان تیپی مۆسیقای ( شۆرش) دروست ببوو چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجام ده‌داو دواتر ڕوویان كرده ئۆردوگاكان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڕێزتان په‌یوه‌ندیتان به‌تیپی مۆسیقای شۆرشهوهنهكرد ، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌نده‌كانی تیپی باواجی له‌ناو ئه‌و تیپه‌دا خه‌باتیان ده‌كرد؟
سه‌لاح پشده‌ری :
خانه‌واده‌كه‌ی ئێمه به‌ر ئۆردوگای ( ڕه‌به‌ت) كه‌وتین ، له‌وێ بەخزمەتى هونەرمەندى گەورە ( کەریم کابان) گەیشتم هەرچەندە پێشتر ناو و دەنگیم بیستبوو بەڵام ئەوەیەکەم جار بوو لەنزیکەوە بەخزمەتى بگەم ، خۆمم پێ ناساند‌و ئەویش دەنگى منى بیستبوو ، ڕۆژانە یەکترمان دەدى ، ڕۆژێک پێى وتم خۆت ئامادەبکە تیپى مۆسیقاى شۆڕش هاتوونەتە ڕۆژهەڵات و سەردانى ئۆردوگاکان دەکەن و بریارە بێن بۆئێرەش ، مامۆستا ( وریا ئەحمەد) بەبرایەکى هونەرمەند( سەردار ئەحمەد) دا ئاگادارى کردم کەخۆم ئامادەبکەم و لەگەڵ تیپى مۆسیقاى شۆرش دا بەشدارى چالاکى هونەرى بکەم ، بەوهەواڵە زۆر خۆشحاڵ بووم ، تیپى مۆسیقاى شۆڕش لەزۆربەى ئۆردوگاکان چالاکى هونەریی مۆسیقا و گۆرانى و شانۆ یان پێشکەش بەئاوارەکان کردبوو ، بەداخەوە دواى چاوەڕوانییەکى زۆر تەنها نەگەیشتنە ئۆردوگاى ڕەبەت ئەویش بەهۆى کارەساتى نسکۆ وە و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان وه‌ستاند.
لەئۆردوگاى ڕەبەت بەخزمەتى هونەرمەند ( حەسەن گەرمیانى) گەیشتم ئەویش هاتبوو بۆسەردانى کەس و کارى ، شەو میوانى هاوڕێی یەکى قوتابخانەم بەناوى ( فاخیر مەرعان) بوو کەهەردوکمان لەئۆردوگا لەپۆلى سێی ناوەندى بووین ، ئەوشەوە لەخزمەت هونەرمەند حەسەن گەرمیانى دابووین و پێى ڕاگەیاندین کەئاوازێکى نوێی داناوە بۆ گۆرانى ( لێم یاخى ) یە و بەدەنگە خۆشەکەى ئەو ئاوازە ى بۆ خوێندین بەراستى گۆرانیەکى زۆر خۆش بوو،
لەئۆردوگاى رەبەت لەگەڵ هونەرمەندان ( محەمەد تەیب تاهیر) گۆرانیبێژ خەڵکى رۆژئاواى کوردستان بوو ، ( سەباح زاخۆیی) ژەنیارى ئامێرى ( عوود) و ( تاهۆ) ژەنیارى ( تەمبوور) ئێزیدى بوو تیپێکى مۆسیقامان دامەرزاند ، محەمەد تەیب تاهیر ناوى نا ( تیپى مۆسیقاى دیلمان) چەند چالاکییەکى هونەریمان ئەنجامدا ، دواتر هونەرمەند ( شاکر سابیر ڕواندزى) تیپى مۆسیقاى چالاکى قوتابخانەکانى لەئۆردوگاى ڕەبەت دامەزراند، منیش وەک گۆرانیبێژێک بەشداربووم لەگەڵیاندا.
هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری دواى نسکۆ ده‌گه‌ڕێنه‌وه باشوورى کوردستان بەڵام ڕ‌ژێمى بەعس له‌سایه‌ی بڕیاره‌كانی دژ به‌گه‌لی كورد ، ئه‌و خانه‌وادانه‌ی ده‌گه‌ڕانه‌وه دووری ده‌خستنه‌وه بۆشاره‌كانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق ،خانه‌واده‌ی سه‌لاح پشده‌ری به‌ر شاری ( ناسریە) ى باشوورى عێراق ده‌كه‌ون و ماوەى ساڵ و نیوێک لەوشارە ده‌مێننه‌وه و هه‌میشه چاو لهئاسۆن ده‌رفه‌تێك بڕه‌خسێ و بگه‌رێنه‌وه بۆ كوردستان ، لەکۆتایی ساڵى (1977) ئاواته‌كه‌یان دێته دی و ده‌گه‌ڕێنه‌وه کوردستان و له شارى قەڵادزێ نیشته‌جێ ده‌بنه‌وه.
پرسیار : له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ قه‌ڵادزێ، بیرت له‌وه نه‌كرده‌وه كه سه‌رله‌نوێ درێژه به‌كاری هونه‌ری بده‌یته‌وه؟
سه‌لاح پشده‌ری : بۆمن زۆر ناخۆش بوو ماوه‌یه‌كی زۆر له هونه‌ر دابڕابووم و له‌وكاته‌دا له‌شاری قه‌ڵادزێ هیچ تیپێكی هونه‌ری لێنه‌بوو، تا ساڵی (1983) به‌ماڵه‌وه هاتمه شاری ( ڕانیه) و له‌وێ نیشته‌جێ بووم، له‌ڕانیه مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( هیوا مسته‌فا) تیپێكی مۆسیقای به‌ناوی ( كێوه‌ڕه‌ش) دامه‌زراندبوو، پێوه‌ندیم پێوه كردن و بووم به‌ئه‌ندام لهوتیپه مۆسیقیهدا.
پرسیار : له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای كێوهڕش به‌شداری هیچ چالاكی و فیستڤالێكی هونه‌ریتان كرد؟
سه‌لاح پشده‌ری :
به‌ڵێ به‌شدارم بووم ، فیسیتڤاڵێ لاوان بۆمۆسیقا و گۆرانی له‌شاری (دهۆك) بۆ هه‌موو ( مركز شباب) ه‌كان، له‌ساڵی (1985) له‌هۆڵی هونه‌رمه‌ند( محه‌مه‌د عارف جزیری) سازكرا ، له‌و فیستڤاڵه‌دا من وه‌ك گۆرانیبێژ و شمشاڵژه‌ن به‌شداربووم.
پرسیار: به‌رێزتان وه‌ك گۆرانیبێژ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناسراون ، ئایا چۆن فێری شمشاڵ ژه‌نین بوویت ، كاریگه‌ری كام له‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ت له‌سه‌ر بووه؟
سه‌لاح پشده‌ری :
له‌و فیستڤاڵه
ئەوەى ڕاستی بێت خۆم زۆرم حەزو خولیام لەژەنینى شمشاڵ بوو و، شمشماڵم کڕى و بەردەوام لەماڵەوە شمشاڵم دەژەنى ، بۆمێژوو دەیڵێم كاریگه‌ری دەست و پەنجەو هەستە بەرزو جوانەکەى هونەرمەندى گەورە ( سەردار ئەحمەد) م لەسەربوو سۆز‌و ژەنینى شمشاڵەکەى هونه‌رمه‌ند سه‌ردارئه‌حمه‌د منی هاندا و شمشاڵ بژه‌نم.
پرسیار : بابێنه‌وه سه‌ر فیستڤاڵهكهی لاوان له‌دهۆك به‌چ به‌رهه‌مێك به‌شداربوویت؟
سه‌لاح پشده‌ری :
له‌و فیستڤاڵه به‌دوو گۆرانی و مه‌قامێك به‌شداربووم گۆرانی ( ئامینێ سوور گوڵ) گۆرانی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ، به‌داخه‌وه ناوی گۆرانییه‌كه‌ی دیكه‌م له‌یاد نه‌ماوه ، لهوفیستڤاڵهدا له‌ڕێی لیژنه‌یه‌كی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه، لیژنه‌ی دادوه‌ری فیستڤاڵ كه بریتی بوون له‌هونه‌رمه‌ندان( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) و ( صباح زاخۆیی) و هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی تیپی مۆسیقای دهۆك ، ژه‌نیاری ئامێری ( چه‌لۆ) بوو، پله‌ی (یه‌كه‌مم ) به‌ده‌ستهێنا.
پرسیار : به‌ڕێزتان وه‌ك ده‌نگخۆشێك و به‌هره‌مه‌ندێك، به‌یه‌ك دوو گۆرانی له‌ته‌واوی كوردستان ناو و ناوبانگتان ده‌ركرد، بۆ به‌رده‌وامیتان نه‌دا به‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر؟
سه‌لاح پشده‌ری : به‌داخه‌وه له‌دوای فیستڤاڵهكهی شاری دهۆك له‌ساڵی (1985) له‌هونه‌ری گۆرانی گوتن دووركه‌وتمه‌وه، دیاره چه‌ند هۆكارێك بوونیان هه‌بووه، دابینكردنی بژێوی ژیان و پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌و كاتی ڕژێمی به‌عس له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان ، ده‌بوو سروود و گۆرانی بۆ سه‌دام و سوپاكه‌ی بڵێیت..!
پرسیار : له‌ناو گه‌له‌كه‌ماندا چه‌ند خانه‌واده‌یه‌ك بوونیان هه‌یه كه ته‌واوی خانه‌واده‌كه هونه‌رمه‌ندن وكاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆنموونه : له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( كامگاره‌كان ، عهندهلیبیهكان) له‌باشووریش خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند (ئیبراهیم محه‌مه‌د) ، به‌ڕێزیشتان دوای وازهێنان و دووركهوتنهوهتان له‌هونه‌ر ، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی به‌توانات بهنهتهوهكهت به‌خشیوه ، ده‌ركێت باسی ئه‌و بیرۆكه‌و ئه‌و هه‌سته‌مان بۆبكه‌یت؟
سه‌لاح پشده‌ری :
وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێدا عەشق و خولیایەکى زۆرم هەبوو بۆ هونەرى مۆسیقا و گۆرانى نەتەوەکەم ، دواى ئەو چەند بەرهەمە و بەشداریکردنم لەئاهەنگەکان ، بەهۆى بارودۆخى ژیانەوە نەمتوانى خۆم درێژە بەکارى هونەرى بدەم ، ئەوەم بەباش زانى کەمنداڵەکانم لەسەر ئەورێچکەیە پەروەردە بکەم و فێرى مۆسیقا ببن، سوپاس بۆ پەروەردگار منداڵەکانم ، واتە هەر (7) کوڕەکەم لەوبوارەدا کاردەکەن و جێى دەستیشیان دیارەو پێیان سەربەرزم و ده‌مه‌وێت پێیان بڵێم هیچ كات لهڕهسهنایهتی و مۆركی كوردهواری دوورمهكهونهوه و به‌حورمه‌ته‌وه له‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان بڕوانن.
1/ مامۆستا هەڵبەست ، ژەنیارى ( کەمانچە)
2/ هەردى ( گۆرانیبێژ)
3/ هەرێم ( ژەنیارى باڵەبان و گۆرانیبێژ)
4/ هاوکار ( ژەنیارى ئۆرگ و کامێرامان )
5/ هێمن ( کلارنێت)
6/ هونەر ( گیتار)
7/ هێژا ( ئۆرگ و ئەویش دەنگى خۆشە) .
پرسیار : منداڵەکانت هەموویان ژەنیارن ، چۆنە تائێستا لەگەڵ منداڵەکانت بڕیارى گەڕانەوەتان بۆ هونەر نەداوە و لەگەڵ ئەواندا کارى هونەرى ئەنجام بدەیت ؟
سه‌لاح پشده‌ری : یەکەم تەمەن هەڵکشاوە و خۆم ئەو توانایەم نەماوە ، بۆخۆمان لەکۆبوونەوەى خێزانى جارجارە ئەوان مۆسیقایان ژەنیوە و منیش گۆرانیم بۆ خوێندوون ، بەڵام بەشێوەیەکى ئاشکرا و لەئاهەنگ و شوێنێکى گشتى نەخێر ئەوکارەمان نەکردووە.
پرسیار : له‌سه‌ره‌تای باسهكهماندا ، باست له باوكی كۆچكردووتان كرد كه پشتیوانتان بووه و ته‌نانه‌ت هۆنراوهیهكیشی بۆ نوسیویت ، ده‌كرێت بزانین ئه‌و هۆنراوه‌یه چییه ئه‌گه‌ر له‌یادت ماوه؟
سه‌لاح پشده‌ری: باوکم به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ئاگادارى کارەکانم بوو، رۆژێک وتى کوڕم زۆر گۆرانى ( کوزەڵەو ترشۆکەى شاخى ) دووبارە دەکەیتەوە بەو هۆنراوەیەوە ، بۆ هۆنراوەکەى ناگۆڕى ؟ وتم باشە بیکەم بەچى ..!
وتى من هۆنراوەیەکم داناوە ئەوە بخوێنە بەهەمان ئاوازەوە ، هۆنراوەکەى بۆ خوێندمەوەو دواتر لەبەرم کرد، چونکە خۆى دەنگى خۆش بوو ، پێشمەرگەى کوردستان بوو ، هۆنراوەکەى لەعەشقى نیشتمان و شۆرشى کورد‌و کەسایەتى ( بارزانى نەمر) ەوە سەرچاوەى گرتبوو ، ئەوەش هۆنراوەکەیە :
(بڕنەو بازۆکە پێشمەرگەى شاخى
مەلا مستەفا وەک گوڵى ناوباخى
گەڵاى گەڵاڵەم پەلکەکەى ووردە
مەلامستەفا سەرۆکى کوردە
قەسەم بەوخوایە کە لامەکانە
پارتى پێشڕەوە لەم کوردستانە
منیش قوتابیم لەقوتابخانە
باوکم پێشمەرگەى ئەم کوردستانە) .
پرسیار : خوێندنەوەت دواى ئەو هەموو ساڵە بۆ هونەرمەندانى تیپى باواجى کۆیە ؟
سه‌لاح پشده‌ری : بەرلەهەموو شت ناو و نازناو و کارە هونەرییەکانى ئەو تیپە جوانە لێوان لێو له هونه‌ری ڕه‌سه‌ن، بەپیرۆزى لەناو یادەوەرییەکانمادا هێشتومەتەوە و هەمیشە شانازى دەکەم رۆژێک لەرۆژان لەرێی ئەو تیپەوە دەنگ و ناوم ناسرا ، هەروەها دەتوانم بڵێم کارە هونەرییەکانیان لەلوتکەدا بوو توانیان بەهەوڵ و تێکۆشانى بەردەوامیان بوونى خۆیان بسەلمێنن و کاریگەریی لەسەر رەوتى پێسخستنى هونەرى مۆسیقا و گۆرانى ئەنجام بدەن ، بۆیە دەڵێم هونەرەکەیان لەلوتکەدابوو چونکە بۆ هونەر و سەرخستنى هونەر کاریان دەکرد نەک لەپێناو دەستکەوتى ماددى ، بۆهەمیشە سوپاسگوزارى لوتف و هەموو هونەرمەند و مامۆستا ئازیزەکانم دەکەم لەو تیپە ئازیزەدا بەهەموو شێوەیەک هاوکارو پشتیوانم بوون و هیچ کات ناتوانم خەمخۆریی و دڵسۆزیی و خۆشەویستیان لەیاد بکەم.
دوای ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی سه‌لاح پشده‌ری بۆ تیپی باواجی كۆیه ، پێوه‌ندیم بههونهرمهندو مامۆستا ( زاهیر محه‌مه‌د) ه‌وه كرد و به‌ڕێزیان به‌هه‌سته جوانه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه خوێندنه‌وه‌ی بۆ سه‌لاح پشده‌ری كردووه (كاك سه‌لاح لەچەند ئاهەنگ وچالاكیهك بەشدار بوو، ئەوگۆرانیەی كاك شەوکەت ڕه‌شید ( به‌ڕه‌حمه‌ت بێ) بۆی ئامادە کردبوو، وەمنیش دووگۆرانیم بۆ ئاماده‌كرد، وەدواتر لە تەلەڤزیۆنی کەرکوکیش بۆمان تۆماركرد،یەکیان بەناوی (هەرمێ وەی وەی هەرمێ) کاک سەلاح گەنجێکی زۆر ڕۆح سوک و بە جورئەت بوو ، زۆر حەزی لەگۆرانی و هونەر بوو، دواتر كوڕه‌كانیشی بە هاندانی خۆی، هه‌رسێكیان بوون بەهونەرمەندی بەناوبانگ ، كاك سەلاح ئەگەر بەردەوام با لەسەرکاری گۆرانیبێژی زۆر پێشدەکەوت، بەڵام کوڕەکانی تۆڵەیان بۆ كردۆته‌وه خوا هەموویان تەمەندریژکات ) (1) .
دواین پرسیارم ئه‌وه‌بوو ئایا تائێستا له‌لایه‌ن هیچ دام و ده‌زگایه‌كی په‌یوه‌ندار به هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ئاوڕتان لێدراوه‌ته‌وه یان ڕێزلێنانتان بۆ كراوه ؟
له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ، نه‌خێر تائێستا نهلایهن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری یه‌وه ، وه‌نه له‌لایه‌ن سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانه‌وه، خۆشه ته‌نها له‌به‌ر لایه‌نه ڕۆحییهكه به‌سه‌رت كه‌نه‌وه،به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌بڵێم له‌ساڵیادی هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( خاڵه تایه‌ر تۆفیق) دا له‌ساڵی (2021) له‌لایه‌ن تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌وه بانگهێشت كرام و له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی خۆشه‌ویست بهوبۆنهیهوهخهڵاتی ڕێزلێنانم پێ به‌خشرا، زۆر سوپاسیان ده‌كه‌م كه منیان له‌یاد بوو..!
به‌پێویستی ده‌زانم سه‌باره‌ت به‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی هونه‌رمه‌ند زانیاریی ببه‌خشم به ئێوه‌ی خوێنه‌ر، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1979) له‌گه‌ڵ خاتوو ( گوڵزار مسته‌فا عوسمان) ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌و ، به‌ربوومی ئهوهاوسهرگیرییه ( 7) كوڕ‌و ( 2) كچه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بلێم هاوسه‌ر و هاوژینه‌كه‌ی ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بووه له‌پشتیوانی كردن له خودی هونه‌رمه‌ند و هه‌روه‌ها پێگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌كردنی كوڕه‌كانی و هاندانیان بۆ نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ،
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1980) بۆ یه‌كه‌م جار وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له (بانكی ڕانیه) دامه‌زراوه ، له‌ساڵی ( 1995) ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازێته‌وه بۆ هه‌ولێری پایته‌خت و تائێستا خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌هه‌ولێر ده‌ژین،
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2020) خانه‌نشین بووه، زۆربه‌ی كاته‌كانی به گوێگرتن له‌گۆرانی مۆسیقا و ژه‌نینی شمشاڵ به‌سه‌ر ده‌بات، سڵاو له مێژووی هونه‌ریتان و ده‌خوازم ته‌مه‌ندارو پڕ ته‌ندروست بێت سه‌لاح پشده‌ری.
جه‌مالی ده‌لاك 30/11/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د) له‌ڕێكه‌وتی ( 21/11/2022)
سوپاس و پێزانینم بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری ،بۆ به‌خشینی كات و پێدانی ئه‌و زانیارییانه، هه‌روه‌ها له‌دڵه‌وه سوپاسگوزاری هه‌ریه‌ك له مامۆستایانی هونه‌رمه‌ند ( زاهیر محه‌مه‌د ، ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ، وریا ئه‌حمه‌د و شاكر سابیر ڕواندزی ) ده‌كه‌م هاوسۆزبوون له‌یاده‌وه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح پشده‌ری ،، (ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.