هه‌میشه خولیا‌و ئاره‌زووم بووه بگه‌ڕێم به‌دوای وێنه و زانیاری ده‌رباره‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ندانی دێرینی نه‌ته‌وه‌كه‌م ، تالهڕێی ئه‌و وێنه‌یه‌وه بگه‌مه زانیارییه‌كانی پشتی وێنه‌كه ، كه‌سایه‌تیه‌كان، ساڵ و بۆنه‌ی چركاندنی وێنه‌كه، یه‌ك دووساڵ له‌مه‌وبه‌ر وێنه‌یه‌ی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی شاری سلێمانی كه‌وته به‌ردیده‌م ، هه‌موویان له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه پێیان ئاشنابووم ، ته‌نها یه‌كێك له‌وبه‌ڕێزانه ژه‌نیاری ئامێری ( ده‌فسنجان) بوو نه‌مده‌ناسی و نه‌مده‌زانی ناوی چییه...؟!
وێنه‌كه‌م بۆ یه‌ك دوو برای هونه‌رمه‌ندی بواری مۆسیقا و گۆرانی نارد به‌داخه‌وه ئه‌وانیش ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه نای ناسن..! كۆڵم نه‌داو هانام بۆ هونه‌رمه‌ند ( بورهان ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی ) برد و زۆر به‌لوتف و ڕاستبێژییه‌وه پێی ڕاگه‌یاندم ، به‌ڵێ چۆن نای ناسم ئه‌وه كوڕی شاری سلێمانی یه‌وه‌و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ژه‌نیاری ( ده‌ف و ده‌فسنجان) بووه و ، ناوی ( جه‌لال عه‌لی قادر) ه.
زانیاریارییهكهی خۆشحاڵی كردم و پێم ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر زانیاری له‌سه‌ر شوێنی نیشته‌جێ بوونی ناوبراوتان هه‌یه پێم خۆشه بچمه دیده‌نی، كاك بورهان سۆزی ئه‌وه‌ی پێدام و وتی هه‌ركاتێك گه‌ڕایته‌وه بۆسلێمانی پێوه‌ندی پێوه‌ده‌كه‌م و ده‌چینه لای.
هونه‌ر جیهانێكه بۆ خۆشگوزه‌رانی و به‌خشینی ئارامیی به‌دڵ و ده‌روونی مرۆڤه‌كان ، هونهرمهندهكانن له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا تێده‌كۆشن و داهێنان ده‌كه‌ن تا جه‌ماوه‌ر خۆش به‌خت بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ناو گه‌لی كورد دا هونه‌رمه‌ند تائێستا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی به‌ربوومی ماندوبوون و تێكۆشانی چه‌ندین ساڵه‌ی بدورێته‌وه ، به‌ڵكو هه‌ر ڕه‌نج بهخهساربووه، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و ناوه‌ڕاست و ساڵانی حه‌فتاكان و هه‌شتاكان ، كه‌ئێستا پێیان ده‌ڵێن ( سه‌رده‌می زێڕینی هونه‌ر) هیچیان هونه‌ریان بۆ پوڵ و پاره و پاداشت نه‌كردووه ، به‌ڵكو هونه‌ر له‌پێناو هونه‌ردا بووه و هه‌موو ئاوات ئامانجیان به‌رزڕاگرتن و پێشخستنی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بووه ، له‌بواری مۆسیقا و گۆرانی ، نواندن و شانۆ و ..تاد.
ئه‌وه چاره‌نووسی هونه‌رمه‌ندی كورده پاش ساڵانێك خزمه‌تكردن ، لهبهرههرهۆكارێك بووبێت دووركه‌وتبێته‌وه جێی داخه ده‌كه‌وێته خانه‌ی پهراوێزو فه‌رامۆشییه‌وه، كه‌واته شاعیری جوانپه‌رست ( هێمن) بێ هۆ نه‌یفه‌رمووه ( هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه).
دوای ماوه‌یه‌ك ده‌رفه‌تم بۆڕهخساو گه‌ڕامه‌وه شارهئازیزهكهم سلێمانی، له‌ڕێكه‌وتی (16/9/2022) ده‌مه‌و عه‌سری ڕۆژی هه‌ینی به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ند ( بورهان ئه‌حمه‌د شه‌شۆیی) به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و گه‌ڕه‌كی ( سه‌رداراوا) ، كاتێك گه‌یشتینه گه‌ڕه‌ك و كاك بورهان وتی : ئه‌وه كاك جه‌لاله له‌به‌رده‌رگا چاوه‌ڕێمان ده‌كات، كاتێك به‌خزمه‌تی گه‌یشتم من هه‌رله سه‌رو سیمای وێنهكانهوهلهبیرو هزرمدا وێنام كردبوو ، به‌ڵام كه‌بینیم پیاوێكی باڵا مام ناوه‌ندی ، جه‌سته لاواز و شه‌كه‌تی ده‌ستی ڕۆژگار، زۆر لوتف و محه‌به‌تی نواند و میواندارییه‌كی زۆر جوامێرانه‌ی پڕ له‌میهره‌بانی لێكردین.
له‌ودیداره‌دا بهدهرفهتم زانی كه‌مێك بیدوێنم و لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی ڕابردووی هه‌ڵبده‌مه‌وه، ئه‌ویش تامه‌زرۆ بوو كه به‌ناو ڕۆژگاره ساده‌و خۆش و پڕ نه‌شئه‌و زه‌وقه هونه‌رییه‌كه‌ی جارانی دا پیاسه‌یه‌كی هێمنانه بكات.
هونه‌رمه‌ندی ده‌فژه‌ن و ده‌فسنجان ژه‌ن (جه‌لال عه‌لی قادر) له‌ساڵی (1953) لهگهڕهكه دێرینه‌كه‌ی شاری سلێمانی( گۆیژه_ قه‌زازه‌كان) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌تی (9) سه‌رخێزانی چاوی به‌ڕۆژگاره سارد‌و گه‌رمه‌كانی ژیان هه‌ڵهێناوه،هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( دووبراو چوارخوشكه). به‌پێی كه‌لتوور و یاسای خوێندن له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا خراوه‌ته به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵیه) ، له‌پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی به‌شداری تیپی سروودی قوتابخانه‌كه‌ی كردووه، له‌وته‌مه‌نه‌دا هه‌ستی منداڵانه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی به‌سۆزو چریكه خۆشخوانی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) دابووه، له‌گه‌ڵ خوێندنی سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی ئه‌وسه‌رده‌مه له‌قوتابخانه‌كان ده‌خوێندرا ، له‌لایه‌ن مامۆستای سرووده‌وه هه‌ست به‌ده‌نگخۆشیی جه‌لال ده‌كرێت و له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ی فه‌یسه‌ڵییه مامۆستای هونه‌ر داوای لێده‌كات گۆرانی بخوێنێ ، ئه‌ویش منداڵێكی شه‌رمن و له‌به‌رده‌م هه‌موو قوتابیانی قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌سته‌مه بتوانێ گۆرانی بخوێنێ، به‌ڵام مامۆستا به‌ڕێزه‌كه‌ی زۆر هانی ده‌دات و شه‌رمی ده‌شكێنێ، ئه‌ویش به‌یه‌كێك له‌گۆرانیه خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ند( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ده‌نگخۆشیی خۆی ده‌سه‌لمێنێ و له‌لایه‌ن مامۆستا‌و هاورێ قوتابیهكانیهوه چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌درێ و زیاتر هانی ده‌ده‌ن كهبهردهوام بێت.
قۆناغی سه‌ره‌تایی ته‌واوده‌كات و بۆدرێژه‌پێدانی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌چێته ناوه‌ندی ( وه‌ته‌ن) ، له‌م قۆناغهداجیالهوهی مه‌یلی به‌لای ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و محه‌مه‌دی ماملێ و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و تاد) ده‌بێت ، ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ژه‌نینی ئامێری ڕیتم ( ئیقاع) ڕۆژ به‌ڕۆژ حه‌زو خولیای بۆئه‌و هونه‌ره زیاد ده‌كات، ئه‌ویش له‌ڕێی هونه‌ری به‌رزی هونه‌رمه‌ندان( عه‌به‌ی سه‌یزاده و عهزۆلهی ته‌پڵ و وه‌لی كوڕی عه‌به‌ی سه‌یزاده) ، هونه‌رمه‌ند جه‌لال عه‌لی قادر خۆڕسكانه خۆی فێری ئامێری ده‌ف ده‌كات و دواتر ئاشنا ده‌بێت به‌ئامێری ده‌فسنجان.
لێم پرسی دوای ئه‌وه‌ی خۆت فێری ژه‌نینی ئه‌و دوو ئامێره ئیقاعیه كرد، باوه‌ڕت به‌خۆت هه‌بوو وه‌ك ژه‌نیارێك بتوانی كاری هونه‌ری ئه‌نجام بده‌یت،
وتی : چونكه زۆر حه‌زم له‌و دووئامێره بوو ، به‌رده‌وام ده‌فم ده‌ژه‌نی ، زهڕبم ده‌ژه‌نی ، به‌داخه‌وه دوای ناوه‌ندی نه‌متوانی درێژه به‌خوێندن بده‌م له‌به‌ر دابینكردنی ژیان ، شانم دایه به‌كاركردن، دوای ئه‌وه‌ی لهكاردههاتمهوه خۆم به‌ژه‌نینی ئه‌و ئامێرانه‌وه سه‌رقاڵ ده‌كرد، تاوام لێهات نزیك بوومه‌وه له‌هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وكاته‌ی شاری سلێمانی به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی) .
له‌ساڵی (1976) هونه‌رمه‌ند كه‌ریم خه‌مزه‌یی تیپێكی له‌چه‌ند براده‌رێك دروست كرد و منیش یه‌كێك بووم له‌ئه‌ندامانی ئه‌و تیپه و ناونرا ( تیپی هونه‌ری میللی) .
بۆبه‌ده‌ستهێنانی زانیاریی له‌سه‌ر ئه‌و تیپه هونه‌رییه میللیه ، له‌رێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ند( كه‌ریم حه‌كیم عه‌زیز) ناسراو به ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی) باسی له‌و تیپه مۆسیقیهو هونه‌رمه‌نده هاوڕێكانی كرد ( له‌ساڵی 1976 تیپی هونه‌ری میللی یم له‌شاری سلێمانی دامه‌زراند،خۆم وه‌ك گۆرانیبێژ ، كاك عه‌زیز خه‌مزه‌یی( عه‌زیز حه‌كیم عه‌زیز) ی برام _ژه‌نیاری زه‌ڕب ، كاك ( ڕه‌حیم ڕه‌سوڵ) ناسراو به ڕه‌حیمی نه‌ی _ ئامێری باڵه‌بان ، كاك ( به‌ختیار محه‌مه‌د عیسی ) ناسراوبهختیاری قه‌ساب، ئامێری زه‌ڕب و ده‌فسنجان ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت كاك حه‌كیمی ساز ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵماندا بوو ، كاك جه‌لالیش به‌ئامێری ده‌ف و ده‌فسنجان) هه‌موو برا هونه‌رمه‌نده به‌رێزانه زۆر هاوكارم بوون و كۆمه‌ڵێك كاری جوانمان پێشكه‌ش كرد) (1).
له‌هه‌مان ساڵدا واته (1976) به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و خه‌مخۆریی بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، هونه‌رمه‌ند و مامۆستای پایه‌به‌رز ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) تیپێكی میللی له‌زانكۆی سلێمانی ، سهربهمهڵبهندی ڕۆشنبیری زانكۆ داده‌مه‌زرێنیت و ناوی ده‌نێت ( تیپی میللی زانكۆی سلێمانی) هونه‌رمه‌ندانی تیپی میللی زانكۆ بریتی بوون له هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی ئامێری ساز ، ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داغی ئامێری سه‌نتوور ، ڕه‌حیمی نه‌ی ئامێری باڵه‌بان، عه‌زیز خه‌مزه‌یی ئامێری زه‌ڕب ، گۆرانبێژی تیپكه‌ش هونه‌رمه‌ند كه‌ریم خه‌مزه‌یی بووه ، ) (2) .
هونه‌رمه‌ند جه‌لال عه‌لی ، له‌ڕێی ئه‌و تیپه میللییه‌وه ده‌بێته رێبوارێكی دڵسۆزی رێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر ، چه‌ندین كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دات ، هه‌رله‌وساڵه‌دا(1976) هونه‌رمه‌ند به‌شداری ئاهه‌نگی ساڵیادی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌كات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌حیمی نه‌ی و به‌ختیاری قه‌ساب ).
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1978) وه‌ك كارمه‌ند له ( دائیره‌ی سه‌قافه‌و جه‌ماهیر ) له‌شاری سلێمانی داده‌مه‌زرێت ، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌گه‌ڵ كاره هونه‌رییه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌گه‌ڵ كاری فه‌رمانبه‌ری و هونه‌ریدا هونه‌رمه‌ند لهسهقافهو جه‌ماهیر كاری فۆتۆگرافهریشی كردووه، وێنه‌ی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی بۆ فه‌رمانگه‌كه‌ی گرتووه،
له‌ساڵی (1979) هونه‌رمه‌ند جه‌لال عه‌لی قادر له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ری میللی سهربهتیپی مۆسیقای سلێمانی به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند
( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی) به‌شداری ده‌كات له‌ئاهه‌نگی تیپی ناوبراو له‌هۆڵی( خولد) ی شاری به‌غدا، به‌ئامێری
( ده‌ف ) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داغی ، ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داغی ، ڕه‌حیمی نه‌ی و عه‌زیز خه‌مزه‌یی) به‌به‌شداری چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژی شاری سلێمانی ، ئهوئاههنگه له‌وكاته‌دا ده‌نگ و سه‌دایه‌كی زۆری ههبوولهناو جه‌ماوه‌ردا و به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و ئاهه‌نگه تائێستا به‌به‌رزی و پیرۆزی له‌یاده‌وه‌ریی بینه‌ران و بیسه‌راندا ماوه‌ته‌وه.
له‌مانگی (10ی ساڵی 1979) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ، به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند ( نامدار قه‌ره‌داخی) به‌بۆنه‌ی هاتنی هونه‌رمه‌ند ( ناسری ره‌زازی ) بۆشاری سلێمانی ، گه‌شتێكی هونه‌ریی بۆ شاری (دهۆك) سازده‌كه‌ن و ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقا پێشكه‌شی جه‌ماوه‌ری شاری دهۆك ده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندان ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی و ڕه‌حیمی نه‌ی و عه‌زیز خه‌مزه‌یی و جه‌لال عه‌لی قادر) وه‌ك تیپی هونه‌ری میللی ئه‌وانیش به‌شداری ئه‌و ئاهه‌نگه ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1983) جارێكی دیكه ده‌گیرێته‌وه به‌سه‌ربازی (یه‌ده‌ك_ احتیاط) ماوه‌ی دووساڵ به‌هۆی سه‌ربازییه‌وه له‌كاری هونه‌ری دوورده‌كه‌وێته‌وه تاساڵی (1985) له‌سه‌ربازی مه‌ره‌خه‌س ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری سلێمانی، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی ده‌كاته‌وه به هونه‌رمه‌ند( كه‌ریم خه‌مزه‌یی) و له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی درێژه به‌كاری هونه‌ری ، له‌بۆنه‌و یاده‌كان و شه‌وئاهه‌نگ و دانیشتن و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی یاران له‌ماڵان ده‌دات.
لێم پرسی له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریتانه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی له‌هونه‌ر دووركه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵ كام له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ وه‌ك ژه‌نیاری ( ده‌ف و ده‌فسنجان) به‌شداریتان كردووه؟
_ له‌سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، دواتر له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م وه‌ك ژه‌نیار به‌شداربووم وه‌ك ( عوسمان عه‌لی ، حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ، عه‌دنان كه‌ریم ، جه‌لال سه‌عید ، ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ، خه‌لیل عه‌بدولڕه‌حمان ، شه‌هید قادر كابان، دارا هه‌ورامی ،ناسری ڕه‌زازی و زۆری تر )، داوای لێبوردن له‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌كه‌م كهناویانم نه‌هێناوه به‌داخه‌وه پیری وسه‌ختی ژیان هه‌موو شتێكی لهبیربردوومهتهوه ، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم من له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند كه‌ریم خه‌مزه‌یی نه‌ك هه‌رله‌شاری سلێمانی به‌ڵكو چه‌ندجارێكیش له‌شاری هه‌ولێر به‌شداری یاد و ئاهه‌نگمان كردووه،
هونه‌رمه‌ند تاكۆتایی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان به‌رده‌وام بووهلهكاری هونه‌ری و دواتر له‌كاری فه‌رمانبه‌ریشی وازی هێناوه ، وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێدا( ده‌ستم له وهزیفهكهشم كێشایه‌وه چونكه مووچه‌كه به‌شی ژیانی خۆم و منداڵه‌كانمی نه‌ده‌كرد) .
سه‌باره‌ت به‌ژیان و گوزه‌رانی ئێستای لێم پرسی ، دوای ئه‌وه‌ی له‌هونه‌ر دوركه‌وتیته‌وه و وازت لهوهزیفهكهشت هێنا، ئه‌ی چۆن ژیانت به‌رێوه‌ده‌چوو و ئێستا سه‌رقاڵی چین بۆدابینكردنی ژیانت..؟
_ مرۆڤ كه خاوه‌ن خێزان و منداڵ بوو ، ده‌بێ هه‌وڵ بدات كاربكات، به‌داخه‌وه هونه‌ر هیچی بۆمن نه‌كرد، هه‌رچه‌نده ئێستاش دڵ و هه‌ست و هۆشم هه‌رله‌لای هونه‌ره‌و زۆرجار بیر و هۆشم كهمهندكێشم ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌و ساتانه‌ی له‌گه‌ڵ ئامێره خۆشه‌ویسته‌كانم له‌ته‌نیشت هاورێ هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كانم سه‌رمه‌ستی جۆش و خرۆش و چێژی مۆسیقا و ده‌نگی خۆش بووین ،به‌داخه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆر كرێكاری و هه‌رچه‌ندێ بۆم ڕه‌خسا ڕه‌نجم داوه له‌پێناو ژیاندا ، ئه‌وه بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رداراوا ده‌ژیم و ڕۆژانه كارده‌كه‌م وه‌ك ( ئیشپێكهری موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه) ، له‌ساڵی (2007) دووچاری جه‌ڵته‌ی ده‌ماغ بووم ، به‌داخه‌وه مێشكم زۆر یارمه‌تیم نادات له وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانم.
هونه‌رمه‌ند جه‌لال عه‌لی قادر له‌ساڵی (1980) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌و، به‌روبوومی ئه‌و ژیانههاوبهشه (7) منداڵه خاوه‌نی ( دوو كوڕ‌و پێنج كچه) .
جه‌مالی ده‌لاك ..5/10/2022 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه :
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، رۆژی سێ شه‌ممه (4/10/2022) هه‌ولێر _ سیته‌ك).
(2)وه‌رگرتنی زانیاری له واڵی مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند (ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی) له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، له‌ڕێكه‌وتی 13/3/2021 ،
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.