( كهدڕكێك له‌په‌نجه‌ی كوردێك ده‌چه‌قێت
هه‌ست ئه‌كه‌م گیانم له‌جه‌سته‌م ده‌رئه‌چێت
كه وشه‌یه‌كم لێ ده‌ڕه‌نجێ ، بۆمهزاری سه‌یوان ده‌چێ
هه‌موو شتێكم خۆش ده‌وێ ، له‌دایكی ئه‌نفالم ده‌چێ
حه‌ز ده‌كه‌م بۆ یه‌كجاری له‌كه‌ركوك ڕۆحم ده‌رچێ )
ئه‌وه هه‌ست و سۆزی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشیی هه‌ڵقوڵاوی شاره ئازیزه‌كه‌ی كه‌ركوكه ، یه‌كێكه له‌هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌و شاره كه‌له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشووه ، به‌ده‌نگی خۆشیی گه‌وره هونه‌رمه‌ندانی مهقامبێژو به‌سته بێژی ئه‌و شاره و ناوچه‌ی گه‌رمیان گۆشكراوه‌و په‌روه‌رده‌بووه و ، بۆته ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌نده ده‌نگ لهدڵانشینهكانی ئه‌وشاره‌و كوردستان به‌گشتی، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندی بهستهبێژو مه‌قامبێژ ( حه‌سه‌ن غه‌ریب) ه.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ، له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار و كرێكاری زه‌حمه‌تكێشی ده‌ستی ڕۆژگاری شارێكی داگیراوی كوردستان، له‌یه‌كێك له‌گه‌ڕه دێرینه‌كانی شاری كه‌ركوك ، گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه له‌ساڵی (1970) له‌خانه‌واده‌یه‌كی (13) كه‌سیی لهباوكێك سهربهعهشیرهتی ( شێخان) و دایكێك له‌عه‌شیره‌تی
( جه‌باری) چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه،
باوكی كرێكار بووه،هێزو ووزه‌ی جه‌سته‌ی فرۆشتووه له‌پێناو دابینكردنی نان دا بۆ خانه‌واده‌كه‌ی ، هۆنراوهبهرزهكهی ( ڕێبوار) ی شاعیر ئاوێنه‌نوێنی ژیانی ئه‌م كرێكاره زهحمهتكێشهیه :
( من ئه‌وكه‌سه‌م هه‌موو ڕۆژێ ، ژیانی ئه‌مڕۆم ئه‌فرۆشم بۆ كڕینی نانی سبه‌ی ) ، ئه‌م باوكه ماندووه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌خه‌می په‌روه‌رده‌و گه‌وره‌كردنی منداڵه‌كانی دابووه، به‌شێوه‌یه‌ك گه‌وره‌یان بكات دڵسۆز به خاك و
نیشتمانه داگیركراوهكهیاندا بن، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب خاوه‌نی ( پێنج برا و پێنج خوشكه) ، گوزه‌رانی ئه‌م خانه‌واده‌یه وه‌ك ته‌واوی خانه‌واده هه‌ژاره‌كانی شاری كه‌ركوك به‌ژیانی كرێنیشنی له حه‌وشه‌یه‌كدا پێنج خانه‌واده له‌گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه به‌وێنه‌ی كه‌مپێكی بچوك ژیانیان به‌ڕێ كردووه و هه‌موو پێكهوههاوبهشی خۆشیی و ناخۆشییه‌كانی ژیان بوون.
وه‌ك منداڵه‌كانی گه‌ڕه‌ك و له‌ته‌مه‌نی دیاریكراودا هونه‌رمه‌ند له‌قوتابخانه‌ی شۆریجه‌ی سه‌ره‌تایی خراوه‌ته به‌رخوێندن تا فێری ئهلف و بێی كوردی بێت ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند وه‌ك منداڵه‌كانی هاوڕێی بێ به‌ش بووه له‌یارییه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی پێی خۆش نه‌بووه كهلهكۆڵان و گه‌ڕه‌كدا یاری بكات و بسوڕێته‌وه و كات بهفیرۆبدات ، به‌ڵكو له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه خستویه‌تیه به‌ركاركردن ، یه‌كه‌م پیشه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تای ژیانی پێی ئاشنابووه ، پیشه‌ی شاگرد كه‌بابچی بووه له‌لای وه‌ستا( فه‌یزوڵڵا) ڕۆژی به (250) فلس ، كار‌و خوێندنی پێكه‌وه گرێداوه و بڕوانامه‌ی قۆناغی ناوه‌ندی له دواناوه‌ندی ( رساله) به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر سه‌ختی ژیان و دابینكردنی ژیانی ڕۆژانه ده‌ست به‌رداری خوێندن بووه، دواتر له‌م پیشانهشدا ( چایچی و نانه‌وا) هێزو ووزه‌ی جه‌سته‌ی فرۆشتووه له‌پێناو نان و ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی .
كاتێك قوتابی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت، هاوڕێ كانی تیپێكی تۆپی پێ له‌گه‌ڕه‌ك داده‌مه‌زرێنن، هونه‌رمه‌ند ئاره‌زووی بۆ وه‌رزش زۆرده‌بێت و ده‌بێته گۆڵچی تیپه‌كه‌یان ، ( لهیادهوهرییه شیرینه‌كانی ئه‌و كاته یاریهكمان كرد، من گۆڵچی بووم یاریه‌كه‌مان برده‌وه، زۆرخۆشحاڵبووین بهوسهركهوتنه، له‌كۆتایی یاریه‌كه‌دا دیارییه‌كیان پێ به‌خشین ئه‌ویش (كاس) ێك بوو دایان بهمن ، به‌وێنه ئه‌و ساته‌م لهئهرشیفهكهمدا هه‌یه ڕۆژێكی خۆش بوو هه‌رگیز له‌یادم ناچێت) (1) .
خولیای بۆ وه‌رزش زیاتر ده‌بێت، به‌هۆی برادهرێكییهوه ڕووده‌كاته ( مه‌ركه‌ز شه‌باب) ئاشناده‌بێت به‌وه‌رزشی ( كاراتێ) له‌م وه‌رزشه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت تا وه‌رگرتنی ( پشتێنی ڕه‌ش) .
به‌ڵام به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌بواری مه‌قامات و به‌سته‌و زێدی چه‌ندین كه‌ڵه هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ و به‌سته‌بێژ ، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی خوێندن و وه‌رزش، ئاره‌زووی بۆهونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی هه‌بووه، ئه‌ویش له‌ڕێی بیستنی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی شارهكهیی و ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌ڕۆژانه ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانی و مهقامهكانیان له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداوه بڵاو ده‌بۆوه،به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندان ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، تایه‌ر تۆفیق، سێوه ، محه‌مه‌دی ماملێ ، مه‌زهه‌ری خالقی ،حه‌مه جه‌زا و ناسری ڕه‌زازی )، له‌ناو مه‌ركه‌ز شه‌باب دا به‌شی مۆسیقاش هه‌بووه، هه‌سته هونه‌رییه‌كه‌ی په‌لكێشی ده‌كات بۆ به‌شی مۆسیقا، دنیا جوانه‌كه‌ی مۆسیقا و گۆرانی ، هه‌ستی وه‌رزشی له‌لا كاڵ ده‌كاته‌وه‌و له‌لایه‌ن براگهوهرهكهیهوه، ئه‌ویش ده‌نگی خۆش بووه و شاره‌زایی هه‌بووه له‌مۆسیقا و گۆرانی، پاشان له له‌لایه‌ن هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( عارف ئیبراهیم و محه‌مه‌د خدر) هان ده‌درێت و پشتگیری ده‌كه‌ن ، ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای ( قیثاره) بوون، دوای هه‌ڵسه‌نگاندن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب، شاره‌زایی هه‌یه له‌چڕینی مه‌قام و به‌سته ،وه‌ریده‌گرن و ده‌یكه‌نه ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای ناوبراو كه‌دواتر ناوه‌كه‌ی له ( قیثاره) وه ده‌گۆڕێت بۆ تیپی مۆسیقای ( بابه‌گوڕگوڕ) ،
شاری كه‌ركوك و ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌سه‌رچاوه‌ی مه‌قامه كوردییه‌كان ناسراوه،هونه‌رمه‌ندیش زاده‌ی شاری كه‌ركوكه و ، چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته‌كردو لێم پرسی : تاچه‌ند شاره‌زایتان هه‌یه له‌چڕینی مه‌قامه‌كاندا؟ ئایا گرنگه بۆ هونه‌رمه‌ند و ده‌نگبێژ شاره‌زابێت له‌مه‌قام و ناسینی مه‌قامه‌كان ؟
له‌وه‌ڵامدا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب وتی:
( به‌ش به‌حاڵی خۆم شاره‌زایم هه‌یه له‌مه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كان و لقه‌كانی مه‌قام و خوێندن وناسینه‌وه‌ی و ئاڵوگۆڕی مه‌قام له‌كاتی خوێندندا بۆ مه‌قامێكی دیكه ، چونكه خۆم زۆر حه‌زم له‌مه‌قامه ، هه‌ربۆزانیاری ماوه‌ی (2) ساڵ له (ماڵی مه‌قام) له‌شاری كه‌ركوك خوێندوومهو له‌ته‌ك خوێندنی مه‌قامه‌كاندا خۆم فێری ژه‌نینی ئامێری ( عود) یش كردووه، كه زۆر گرنگه بۆ هونه‌رمه‌ند شاره‌زایی هه‌بێت له‌ژه‌نینی ئامێرێكی مۆسیقا چونكه هاوكارو یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت له‌سه‌ركه‌وتن و دانانی ئاواز دا، هه‌روه‌ها زۆریش گرنگه كه گۆرانیبێژ مه‌قام بخوێنێ و بیانناسێ، بۆنموونه :
1/مه‌قام ناس : هه‌یه گۆرانیبێژ نییه و ده‌نگی خۆش نییه ، به‌ڵام كاتێك گوێی لهمهقامێك ده‌بێت ده‌یناسێ .
2/ مه‌قامبێژ : واتا هه‌رچی مه‌قامێك به‌جوانی ده‌یخوێنێ به‌ڵام نایناسێته‌وه چ جۆره مه‌قامێكه.
3/ مه‌قامزان: به‌و كه‌سه ده‌وترێت كه مه‌قام ده‌خوێنێ و جۆره‌كانی ده‌ناسێ و سكێڵی ئه‌و مه‌قامه له‌چ نهغمهیهك ده‌رئه‌چێت و پله‌ی مۆسیقیهكهشی بزانێت .
دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته ئه‌ندامی تیپی بابه‌گوڕگوڕو و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئهوتیپهدا ئه‌نجام ده‌دات، سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م به‌رهه‌می تۆماركراوی لێم پرسی ؟ له‌وه‌ڵامدا وتی : یه‌كه‌م كاری هونه‌ریم له‌ساڵی (1986) تۆماركرد ، ئه‌ویش گۆرانییه‌ك بوو به‌ناوی ( له‌به‌ختی تار) له‌هۆنراوه‌ی مامۆستا ( گۆران) و ئاوازی برای هونه‌رمه‌ندم ( نۆڤه‌ر محێدین) بوو .
( له‌به‌ختی تاری شه‌و ناكه‌م شیكایهت ، شهبیهه چونكه به‌و زوڵفی سیایه‌ت!
نییه قابیل بڕینی ڕاهی دووری ، وه‌كوو پرچت كشاوه بێ نیهایه‌ت!) ( 2) .
ئه‌و گۆرانییه ده‌نگه‌كه‌ی له ته‌له‌فزیۆنی ( تأمیم) تۆمارمان كرد له‌گه‌ڵ مۆسیقاژه‌نانی تیپی مۆسیقای ئه‌وسه‌رده‌مه‌ی ته‌له‌فزیۆن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( مامۆستا و هونه‌رمه‌ند شه‌وكه‌ت ڕه‌شید، عه‌بدولئیلا محێدین، حوسێن به‌هادین، له‌تیف واسیتی ، جه‌لال وهندی ، سامی كه‌ریم ، محه‌مه‌د عه‌دنان ، محه‌مه‌د جه‌بار و نۆڤهرمحێدین) ، لهوكاتهدائهوگۆرانیهمان تۆماركرد، له‌ته‌له‌فزیۆنی ( موسڵ) به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوو به‌ناوی ( نسمات من بلادی) له‌ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند( غازی فه‌یسه‌ڵ) هاتن بۆ كه‌ركوك داوای به‌رهه‌میان كرد لێمان ئه‌وگۆرانیه بۆیه‌كه‌م جار بۆتهلهفزیۆن تۆماركراو چه‌ندجارێك له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه په‌خشكراو دواتر ڕاگیرا. به‌داخه‌وه به‌و گۆرانییه له‌ناو خه‌ڵكدا نهناسرام تا ساڵی (1992) له‌ڕێی گۆرانی( په‌شیمانم و بووكمان هاته‌وه) ناو ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌م له‌ناو جه‌ماوه‌ردا ناسراو و له‌لایه‌ن هاورێیان و خه‌ڵكه‌وه زیاتر هاندرام كهبهردهوام بم له‌سه‌ر كاری هونه‌ری .
له‌ساڵی (1987) دوای تیپی بابه‌گوڕگوڕ،تیپێكی مۆسیقای ڕۆژئاوایی دامه‌زرا ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و تیپه ڕۆژئاواییه كار‌و چالاكی هونه‌ریمان ئه‌نجامدا تاساڵی (2004) ، بۆههرساڵێك به‌رهه‌مێكی هونه‌ریمان تۆماردهكردو بڵاومان ده‌كرده‌وه ، هه‌ربه‌رهه‌مێك (8) گۆرانی له‌خۆگرتبوو.
سه‌باره‌ت به‌و گۆرانیانه‌ی خوێندوویه‌تی و سوودی له‌هۆنراوه چ شاعیرێك وه‌رگرتووه؟ ئایا تاچه‌ند بڕوای به فۆلكلۆره و تا ئێستا ئاوازت داناوه؟
له‌وه‌ڵامدا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب وتی : سه‌ره‌تا با له گه‌وره‌یی و به‌نرخی فۆلكلۆره‌وه ده‌ست پێبكه‌م، فۆلكلۆر گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ له‌ئه‌ڵماس و زێڕو یاقوته ، ده‌بێ زۆر به‌ئه‌مانه‌ت و پیرۆزییه‌وه لێی بڕوانین ئینجا ده‌ستی بۆ ببه‌ین، بۆ هونه‌رمه‌ند گرنگه كه هه‌میشه ئاوڕ له‌فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی بداتهوهبهڵام به‌ئه‌مانه‌ته‌وه شێوازه فۆلكلۆرییهی له‌ده‌ست نه‌دات، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم هه‌رهونه‌رمه‌ندێك گۆرانییه‌كی فۆلكلۆر ده‌ڵێته‌وه بۆنموونه هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ناسری ڕه‌زازی و عه‌دنان كه‌ریم) كاتێك گۆرانییه‌كی فۆلكلۆر یان گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆیان ده‌ڵێنه‌وه ، به‌گه‌روو و ئه‌دای خۆیان ئه‌یڵێنه‌وه به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی ، سه‌باره‌ت به‌و گۆرانی و مه‌قامانه‌ی تائێستا خوێندوومن زۆربه‌یان هه‌ڵقوڵاوی ناخی خۆمن، به‌ڵام سوودیشم له‌هۆنراوه‌ی شاعیرانی به‌رزی گه‌له‌كه‌م وه‌ك مامۆستا( گۆران و هێمن، بێكه‌س و قانع و هه‌روه‌ها كاك ( ستارئه‌حمه‌د و هیجران ئه‌حمه‌د( هیجران شێواو) ، ڕه‌فعه‌ت زه‌نگه‌نه و چوارینه‌كانی خه‌یام وه‌رگرتووه ، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم لاسایكردنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندان ، بۆهونه‌رمه‌ند كارێكی ئاساییه و ده‌توانی سوود له‌توانا و ئه‌دای هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان وه‌ربگریت به‌ڵام به‌مه‌رجێك زۆر زوو خۆت لهلاسایكردنهوه ڕزگار بكه‌یت و شێواز‌و رێچكه‌یه‌كی هونه‌ری بۆخۆت بدۆزیته‌وه، ئه‌و ئاوازانه‌ی خوێندوومن زۆربه‌یان ئاوازی خۆمن و ئاوازیشم داوه به‌هونه‌رمه‌ندان.
سه‌باره‌ت به لایڤ موزیك ، لێم پرسی تاچه‌ند دروسته بۆ هونه‌رمه‌ند به‌شداربێت له لایڤ موزیك ،ئه‌مڕۆ زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان به‌شداری ده‌كه‌ن، ئایا ڕای به‌ڕێزتان چییه كاتێك له‌ئاهه‌نگێك یان له‌شه‌و دانیشتنێك ، به‌هره‌مه‌ندێك یان ده‌نگخۆشێكی له‌خۆتان منداڵتر گۆرانی بچڕن؟
_ لایڤ موزیك بۆ هونه‌رمه‌نده تازه پێگه‌یشتووه‌كان پێویسته چونكه زۆر سوودی لێده‌بینێ تا په‌ره به‌ده‌نگی بدات ، به‌ڵام ده‌بێت زۆر به‌وریایه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاواز‌و تێكسته‌كان بكات، ده‌بێت تێكست و شیعری شاعیرانی به‌دروستی له‌به‌ربێت ههڵهنهكات ، هه‌روه‌ها وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا زۆر گرنگه شاره‌زایی لهمهقامهكاندا هه‌بێت ، به‌ش به‌حاڵی خۆم هیچ كات پێم شه‌رم نییه و به‌ڵكو پێشم خۆشه له‌ئاهه‌نگێك یان له‌دانیشتنێكدا ده‌نگخۆشێك یان به‌هره‌مه‌ندێك به‌شدار ده‌بێت له‌گه‌ڵمدا و هاوشانی من گۆرانی بخوێنێ ، چونكه ئه‌وه ئه‌ركی ئێمه‌ی هونه‌رمه‌نده ده‌ستگیرۆییان بكه‌ین و گرنگی و بایه‌خ بهوگهنجانه بده‌ین كه‌به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و دروست په‌ره بههونهرهكهیان بده‌ن و ئه‌وانیش ببنه هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتووی دواڕۆژ.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ، خاوه‌نی ده‌نگێكی زوڵاڵ بۆبهستهو مه‌قام ، به‌هونه‌ره‌كه‌ی دڵی گوێ‌گران و هه‌وادارانی خۆش كردووه و هونه‌ره‌كه‌ی گوزارشت له‌هه‌ست و نه‌ستی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات، زۆرینه‌ی تێكست و ئاوازه‌كانی هه‌ڵقوڵاوی ناخی كوردێكی خاوه‌ن ویژدان و سته‌م لێكراو و خاك داگیركراوه، له‌ڕێی هونهرهكهیهوهحهسهن غه‌ریب گه‌ره‌كییه‌تی په‌یامی ئاشتی و ته‌بایی و شادی بگه‌یه‌نێته گوێی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب و ئاوازی گۆرانی بارگه‌ی خه‌م...!
ئەگەر سەرنجێك لەتێكستی گۆرانییە كوردییەكانمان بدەین لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە ، لێوان لێوە لە گۆرانی جوان و تێكستی بەنرخ پڕسۆز و پڕ چێژ، كاتێك گوێبیستی هەریەك لەو ئاواز‌و تێكستە جوانانە دەبین دەمان گەڕێنێتەوە بۆ هەگبەی یادەوەرییەكانمان چونكە لەبیرەوەرییەكانماندا بەزیندوویی و جوانی هەڵمانگرتووە و پاراستوومانن، لەبەر ئەوەی ئاوازەكەو دەنگی هونەرمەندەكە و تێكستەكە هەڵقوڵاوی مۆرك و كلتووری نەتەوەیمانە ، هەركات دێتەوە بەرگوێمان واهەست دەكەین كە تازە تۆماركراون ، ئافەرین بۆ هونەرمەندانی نەتەوەكەمان كەبەو كەم دەرامەتە هونه‌ریی و ئابووری و تەكنەلۆجیایه، توانیویانە ئەو كارە پڕ چێژ و مەزنانە بخوڵقێنن و تۆماری بكەن و ببێتە ئەرشیفێكی به‌نرخی هونەری نەتەوەكەمان ، لەلایەكی دیكەشەوە سەلیقەو لێهاتووی هونەرمەندانی گەلەكەمان لەوەدا بەدەردەكەوێت كە گەڕاون بەدیوانی شاعیرە مەزنەكانمان و شیعری باش و پڕمانا و شیعرێك كەبشێ لەگەڵ مۆسیقا و گۆرانیدا بگونجێ هەڵبژێرن ، ڕاستە شاعیرەكانمان هەریەكەیان بۆخۆیان پڕبەرهەم و كاری جوانن كە دەبێت هەمیشە شانازییان پێوه بكه‌ین ، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە هۆكاری دەركەوتن و ئاشناكردنی هۆنراوەی شاعیرەكانمان بەخوێنەر و بیسەری كورد، دەنگ و ئاواز و هونەری هونەرمەندانی گۆرانبێژی كوردە ، چونكە ئەوانن لەبەرهەمەكانیاندا ماهیەت و ناوەرۆكی بەنرخی ئەوهۆنراوانەیان بەئێمە ئاشناكردووە،كه‌واته هونه‌رمه‌ند و مامۆستای مه‌قامات (عه‌لی مه‌ردان) زۆر جوانی فه‌رمووه( له‌شاعیرانی به‌ناوبانگ له‌وانه له‌لوتكه‌ی به‌رزی شیعری كوردی‌یان گرتبوو، منیش شیعر و ههڵبهستهكانیانم بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌هێشته‌وه و ده‌مخستنه خانه‌ی نه‌مری یه‌وه ، به‌دانانی ئاواز بۆیان ، یان بهوتنیان له گۆرانی و مه‌قامی ڕه‌سه‌ن و به‌سۆزو جۆشدار، گۆرانییه‌كانم شیعرهكانیانی به‌رزتر ده‌كرده‌وه و هه‌روا شیعره‌كانی ئه‌وانیش فهڕونرخی گۆرانییه‌كانی منیان زیاتر ده‌كرد، ئه‌مه‌ش شانازی و زیندوویهتیهكی تر بوو بۆ هه‌ردووك لامان) (3) .
گۆرانی ( بارگه‌ی خه‌م) یه‌كێك بوو له‌و گۆرانیه پڕ سۆز‌و هه‌ست بزوێنانهكه له‌هاوینی ساڵی (2001) هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی له‌شاری سلێمانی خوێندی و ده‌نگێكی زۆر فراوانی دایه‌وه و له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه پێشوازی له‌و گۆرانییه خۆشه كرا، له (7) ڕۆژه‌ی كۆنسێرتی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و ناسری ڕه‌زازی) له ڕۆژی (30/6/2001) و ڕۆژانی دواتر له‌هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی به‌ئه‌مانه‌ته‌وه باسی له‌ئاوازو سه‌ربه‌ندی تێكستی ئه‌و گۆرانییه‌ی بۆ جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بووی كۆنسێرته‌كه دهكردو ئاماژه‌ی پێدا كه هی هونه‌رمه‌ندی شاری كه‌ركوك ( حه‌سه‌ن غه‌ریب) ی خۆشه‌ویسته.
سه‌باره‌ت به‌و تێكسته و ئاوازه‌ی گۆرانی ( بارگه‌ی خه‌م) له‌هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب م پرسی ، دانانی ئه‌و تێكست و ئاوازه له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و چۆن ئه‌و هه‌سته لاتان دروست بوو ، هه‌روه‌ها كاتێك گوێبستی ئاواز و تێكسته‌كه بوویت به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی ، چ هه‌ستێكتان له‌لادروست بوو؟
_ گۆرانی بارگه‌ی خه‌م ، ئاواز‌و تێكسته هی منه ، به‌ڵام كاتێك به‌ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی گوێم لێ‌بوو ، ئاوازه‌كه وه‌ك خۆی بوو به‌ڵام بهدابهشكردنێكی جوانتره‌وه، به‌ڵام بۆتێكستهكه سوودی له‌سه‌ربه‌ندی هۆنراوه‌كه‌ی من وه‌رگرتبوو ، هونه‌رمه‌ند ناسری ره‌زازی سه‌ربه‌ندی هۆنراوه‌كه‌ی دابوو به شاعیری لیریك ، شاعیری خۆشه‌ویست ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) هۆنراوه‌كه‌ی ته‌واوكردبوو، پاشخانی دروستبوونی ئه‌و تێكست و ئاوازه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژێك له‌ماڵی هاوڕێیه‌كم بووم به‌ناوی كاك (به‌هادین) له‌ڕێی كاسێتی ڤیدیۆوه، لهبهرنامهیهكمان ده‌ڕوانی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ناسری ره‌زازی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی) چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا كرابوو، له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند به‌په‌رۆشه‌وه باسی ژیانی غوربه‌ت و تامه‌زرۆیی گه‌ڕانه‌وه بوون بۆ كوردستان،خاتوو مه‌رزیه به‌هه‌نسكی گریانه‌وه باسی خۆیی و كاك ناسری ده‌كرد كه ژیانی تراوگهو غوربه‌ت چه‌ند ئازاری داون و حه‌سره‌تی ده‌كێشا كه جارێكی دیكه بگه‌رێنه‌وه وڵات و بێنه‌وه ئامێزی كه‌س و كار‌و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان، به‌ڕاستی ئه‌و دیمه‌نه‌و وته‌كانیان زۆركاریگهری له‌سه‌رم دانا، دوای دووڕۆژ كه ئه‌و وشانه‌وه و ئه‌و حه‌سره‌ته له‌گه‌ڵمدا ده‌ژیان ، له‌گه‌ڵ كاك به‌هادین له‌باخه‌كه‌ی دانیشتبووین ، له‌ناكاو هه‌ستێك دایگرتم و وام هه‌ست ده‌كرد خۆمم له تاراوگه ده‌ژیم و ژیانی غوربه‌ت وه‌ك مۆرانه داویه‌تیه جه‌ستم و بۆ نیشتمان و زێده‌كه‌م كهمهندكێشم ده‌كاته‌وه ، له‌پڕ وتم كاك به‌هادین تكایه قه‌ڵه‌م و كاغه‌زێكم بۆ بێنه، شیعرێك هه‌ستی داگیركردووم باخێرا بینووسم نه‌بادا له‌بیرم بچێته‌وه، پێنووسم گرته ده‌ست و نووسیم :
( بارگه‌ی خه‌مم هه‌ڵگرت و هاتمه‌وه بۆشارهكهم
هاتم به‌ره‌و دیاری شه‌نگی كه‌س و كاره‌كه‌م
بۆباوه‌شی خۆشه‌ویست دایكه دڵ سووتاوه‌كه‌م
تاكو بزانێ چه‌نده به‌سۆیه ئازاره‌كه‌م
گه‌ڕامه‌وه بۆناوتان دڵم ههرئێوهی ئه‌وێ
بۆیه شه‌یدای كه‌ركوكم داروبهردیم خۆش ئه‌وێ
به‌لێن بێ هه‌تا ماوم سه‌رم له‌كۆشی خاك بێ
شاد بم به‌كه‌س و كارم هه‌تا مردن جێگام بێ )
له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیم ئه‌و ئاوازه به‌باڵای ئه‌و هۆنراوه‌یه‌دا بكه‌م ، به‌ڵام كاتێك ئاوازه‌كه‌م ته‌واوكرد، له‌خه‌یاڵی خۆمدا وا وێنام ده‌كرد كه‌ئه‌و تێكست و ئاوازه پڕاوپڕ به‌گه‌روو و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی گونجاوه، دوای ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان ( هاشم جه‌باری و هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی) بانگهێشتی به‌رنامه‌ی ( تعلوله عیراقیه) له‌ته‌له‌فزیۆنی ( شباب) له‌به‌غدا كراین، به‌رنامه‌كه ڕاسته‌وخۆ بوو ، له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق په‌یوه‌ندی ده‌كرا به‌به‌رنامه‌كه‌وه، له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا من ئه‌و گۆرانییه ( بارگه‌ی خه‌م) م خوێند، هاوڕێیه‌كم هه‌بوو به‌ناوی ( ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی) له‌وڵاتی ( سوید) ه‌وه په‌یوه‌ندی كرد به‌به‌رنامه‌كه‌وه، دوای سێ ڕۆژ له‌شاری كه‌ركوكه‌وه له‌گه‌ڵ كاك ئه‌حمه‌د كه‌ركوكی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمان پێكه‌وه كرد‌و ده‌مزانی كه هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی یه ، وتم هۆنراوه‌و ئاوازێكم داناوه ، بۆت بنێرم چۆن ئه‌گه‌یه‌نی به‌مامۆستا ناسر ، هه‌رچۆنێك بێ به‌نهێنی تێكست و ئاوازه‌كه‌م نارد و گه‌یشته هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی،
له‌هاوینی ساڵی (2001) بیستم كه هونه‌رمه‌ندان ناسری ڕه‌زازی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌شاری سلێمانین، منیش زۆرم حه‌ز ده‌كرد بچمه دیده‌نیان و تاله‌نزیكه‌وه به‌دیداریان شادببم، به‌ڵام له‌به‌ر ڕژێمی به‌عس ئه‌ترساین و سه‌خت بوو چوون بۆسلێمانی ، له‌ناوه‌ڕاستی مانگی (6/2001) بوو ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت هونه‌رمه‌ند ( هابه) هات بۆلام و ، پێی وتم له‌سلێمانی بووم له‌لای ناسری ڕه‌زازی ، پرسیاری تۆی لێكردوم و پێی خۆشه بتان بینێ، بۆناڕۆی بۆلای ..؟!
لێره‌دا بابێمه‌وه سه‌ر چۆنیه‌تی پێدانی سه‌ربه‌ندی هۆنراوه‌كه به ( ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) ی شاعیر و ته‌واوكردنی هۆنراوه‌كه به‌هه‌ست و شێوازی خۆی ..!
له‌ڕێكه‌وتی (4/6/2001) هونەرمەند ناسری ڕەزازی و خانەوادەكەی دوای (7) ساڵ دابڕان لەكوردستان گەیشتنەوە شاری سلێمانی ، ناسری ڕەزازی ئاواتی بوو دوو كەسایەتی ببینێ یەكێكیان هونەرمەندی شاری كەركوك ( هابە ) و ئەوی دیكەیان ( ئەحمەد محەمەد) ی شاعیر بوو ، هونەرمەند ناسری ڕەزازی بەدیداری هەردووكیان شادبوو ، كاتێك كاك ئەحمەد محەمەدی بینی دوای پێخۆش حاڵبوون و سەرسامبوونی بەهۆنراوەكانی هیوای بەردەوامبوون و سەركەوتنی بۆ خواست ، ناسری ڕەزازی سەربەندی هۆنراوەیەكی دایە كاك ئەحمەد و پێی ڕاگەیاند هۆنراوه‌كه تایبه‌ته به‌خه‌م و تاڵییه‌كانی غوربه‌ت ،دەتوانی لەسەر ئەم سەربەندە هۆنراوه‌كه ته‌واو بكه‌یت بەهەمان ئاواز كە هەیە تا له كۆنسێرتی هۆڵی ڕۆشنبیری پێشكه‌شی بكه‌م ،ئەو سەربەندەو ئاوازهكە هی برای هونەرمەندم كاك (حەسەن غەریب) ە،هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نجی شاری كەركوكه ،
بەڵێ كاك ئەحمەد محه‌مه‌د بەڵێنی دا كە هۆنراوەكە تەواو بكات ،
ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیر له نوسینێكیدا ئاماژه به دانانی هۆنراوه‌كه ده‌كات ( منیش كۆپله شیعره‌كه‌م لێوه‌رگرت و هه‌رئه‌وشه‌وه شیعره‌كه‌م بۆته‌واو كرد و ده‌ستكارییه‌كی كه‌می كۆپله‌ی یه‌كه‌میشم كرد ، كه‌گه‌ڕامه‌وه بۆلای زۆری پێ جوان بوو) (4) .
كاتێك هونەرمەند ناسری ڕەزازی هۆنراوەكەی خوێندەوە زۆر شادمان بوو و زۆرسوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی كاك ئەحمەد محەمەد كردوو زۆر خۆشحاڵبوو ، ئەوەبوو ڕەزازی لە ڕۆژانی كۆنسێرتەكهی هۆڵی ڕۆشنبیری خوێندی و بووە هۆی خۆشحاڵی ئامادەبووانی كۆنسێرتەكە ،
هۆنراوەكەی شاعیر ئەحمەد محەمەد ( بارگەی خەم )
بارگەی خەمم هەڵگرتوو، هاتمەوەبۆ شارەكەم
هاتم بەرەو دیاری، شەنگی كەس و كارەكەم
بۆباوەشی بەسۆزی ، دایكە دڵ شكاوەكەم
تاكو بزانێ چەندە بەسۆیە ئازارەكەم
*****************************
هاتووم وەكو شەماڵێك، چڵ و گەڵا بدوێنم
پایزی غەریبی دڵ بەجارێك هەڵوەرێنم
كە من نمەی باران بم ، ئێوەش ئاوێنەی باخمن
هەرچەندە لێتان دوور بم ، هەنسك و ئاهی ناخمن
*****************************
دڵم پرسە خانەیە، سەرم بەفری زستانە
هەمیشە خەم لەچاوما باڵاترین میوانە
وەك باڵندەی لانەواز تەرەو بێ ناونیشانم
چەند شیرینە كە دەڵێم من خەڵكی كوردستان‌م
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ، دووه‌م ڕۆژ یان سێیه‌م ڕۆژی كۆنسێرته‌كه بوو، (2 یان3/7/2001) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی به‌نهێنی له‌شاری كه‌ركوكه‌وه هاتبوون بۆ سلێمانی و هاتن بۆ سه‌رتاشخانه‌ی ( ڕه‌زازی) بۆیه‌كه‌م جار به‌دیداری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ئاشنا بووم، داوای ئه‌وه‌ی كرد كه‌له‌نزیكه‌وه به‌دیداری هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی شاد بێت، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب بۆیه‌كه‌م جار له‌هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی ، له‌پشتی شانۆ به‌رله‌وه‌ی كۆنسێرتی مۆسیقا و گۆرانی ده‌ست پێبكات، به‌دیداری هونه‌رمه‌ندان ناسری ڕه‌زازی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی شاد بوو، ڕاسته‌وخۆ گوێبیستی تێكست و ئاوازه‌كه‌ی خۆی بوو له گه‌رووی ڕه‌زازی یه‌وه.
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب له‌ساڵی (1990) به‌دواوه هه‌موو ساڵێك كاسێتێكی گۆرانی تۆماركردووه‌و بڵاوی كردۆته‌وه ، هه‌روه‌ها خودی هونه‌رمه‌ند ئاماژه به (43) كلیپ ده‌كات كه له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه تۆماركراوه، به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری) بێژه‌ری دێرین و به‌توانا له كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه ( 24) گۆرانی تۆماركراوی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ده‌كات له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (5) .
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب عاشقی هونه‌ره‌كه‌یه‌تی و هونه‌ر به‌به‌شێكی گرنگی ژیانی ده‌زانێت، خواستیه‌تی له‌وپێناوه‌دا به‌رده‌وام تێبكۆشێت و له‌رێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر لانه‌دات، له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و ڕزگاركردنی شاری كه‌ركوك له ساڵی (2003) له قه‌ڵای شاری كه‌ركوك هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی و ستافی وێنه‌گر سه‌رقاڵی تۆماركردنی كلیپێك بۆ شاری كه‌ركوك ده‌بن ، چونكه كه‌ركوك به‌زێدی خۆیی و جێگای یاده‌وه‌ریی منداڵیی و هه‌میشه شانازی به‌وه‌وه ده‌كات و ده‌ڵێت من خه‌ڵكی كه‌ركوكم ،
(ڕازاوه وه‌ك بووك شاره‌كه‌م كه‌ركوك
گیانم فیدای ئه‌و خاك و خۆڵه‌ت
قوربانی بستێكی ئه‌و چه‌م و دۆڵه‌ت
هه‌موو ده‌زانین جێگای شێرانه شاره‌كه‌م كه‌ركوك
شاری هونه‌ر و عه‌لی مه‌ردانه شاره‌كه‌م كه‌ركوك) .
له‌كاتی تۆماركردن و ئه‌نجامدانی كلیپه‌كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه ته‌قه‌یان لێده‌كرێت و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب بریندار ده‌كرێت..!
هه‌ندێك له گۆرانییه دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند :
( په‌شیمانم ، گڤه‌ی بایه ، گوڵی به‌هار ، ڕه‌نجی دووساڵه‌م، پیرۆزه ، بووكمان هاته‌وه ، رێبوار و ڕێبوار ، زامی ده‌روون ، شینی گه‌رمیان و كه‌ركوك ( مه‌قام) و چه‌ندینی تر ).
له‌هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریبم پرسی ، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاری كه‌ركوك و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان چۆنه و تائێستا له‌گه‌ڵ كام له‌هونه‌رمه‌ندان پێكه‌وه كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه ..؟
هونه‌رمه‌ند پێی ڕاگه‌یاندم : به‌ش به‌حاڵی خۆم رێز‌و حورمه‌تم بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ، كار‌و به‌رهه‌م و تێكۆشانی هونه‌رییان به‌رزده‌نرخێنم و به‌مامۆستای خۆمیان ده‌زانم، هیواخوازم منیش توانیبێتم له‌ڕێگا ڕۆشنه هونه‌رییه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كۆچكردوو ( یادیان به‌خێر ) و ئه‌وانه ئێستا له‌ژیاندان خزمه‌تێكی بچوكم به‌هونه‌ری ئاواز‌و گۆرانی و مه‌قام كردبێت، له‌سه‌ره‌تای كاری هونه‌ریمه‌وه تائێستا به‌خزمه‌تی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان گه‌یشتووم و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( شكور خه‌یات ، نوری باریكه‌یی، سه‌لاح داوده ، هابه ، لوقمان سه‌لیم ، نوری گه‌رمیانی ، كه‌ریم گوڵانی ، عه‌لی زه‌نگه‌نه و مسته‌فا ڕه‌ووف ) گۆرانی یان له‌گه‌ڵ بخوێنم .
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ،له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ، دووجار ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه، هاوسه‌رگیری یه‌كه‌م ساڵی (1987) ، هاوسه‌رگیری دووه‌م ساڵی ( 2019) به‌روبوومی ژیانی هاوسه‌رگیری هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( 4) كه‌نیشكه ، وه‌ك باوكێكی دلسۆزو میهره‌بان ئه‌ركی باوكایه‌تی خۆی به‌جێهێناوه‌و هه‌رچوار كچه‌كه‌ی چونه‌ته ماڵ و ژیانی تایبه‌تی خۆیان، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب تائێستا چه‌ندجارێك خه‌ڵات و مه‌دالیای شانازی پێبه‌خشراوه، به‌داخه‌وه ئه‌و هونه‌رمه‌نده خه‌رمان ده‌وڵه‌مه‌نده فره به‌خششه به‌هونه‌ر ئێستا له‌شار و زێده ئازیزه‌كه‌ی شاری كه‌ركوك ده‌ژی،
نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووس( تاریق كارێزی) ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ده‌ڵێت ( حه‌سه‌ن غه‌ریب ده‌نگێكی زوڵاڵی باخی هه‌زار ڕه‌نگی گوڵزاری گۆرانیی كوردییه ، گۆرانیبێژ و مه‌قام خوێنێكی ناسراوی كه‌ركووكه) (6) .
هیوای ته‌مه‌نداری و پڕ ته‌ندروستی و به‌رده‌وامی له دنیای هونه‌ری مه‌قامبێژی و به‌سته‌بێژی بۆ ده‌خوازم و ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر هه‌میشه فراوان و كراوه‌بێت له‌به‌رده‌میدا.
جه‌مالی ده‌لاك ( 22/10/2022) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه :
(1)به‌رنامه‌ی ڕۆژانێك ، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب، ئاماده‌كردنی ( مزه‌فه‌ر مه‌جید) له‌ڕێكه‌وتی( 2/1/2015) كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان.
(2) دیوانی گۆران ، سه‌رجه‌م شیعره‌كانی عهبدوڵڵاگۆران، كۆكردنهو پێشه‌كی ( محه‌مه‌دی مه‌لاكه‌ریم) لاپه‌ڕه( 81).
(3) كتێبی گه‌ڵای پایز ،، بیره‌وه‌ری عه‌لی مه‌ردان ، ئاماده‌كردنی ( عه‌بدولقادر عه‌لی مه‌ردان) ، ڕێكخستن و لێكۆڵینه‌وه( ئه‌حمه‌د سه‌ید عه‌لی به‌رزنجی) ، لاپه‌ڕه
( 191).
(4) ناسری ره‌زازی چه‌ند گه‌وره‌یه ، ئه‌وه‌نده بێگه‌رد و ساكاره، نووسینی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ، 30/4/2002.
(5) كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ( 1967 _ 1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه ( 72).
(6) میدالی شانازی بۆ حه‌سه‌ن غه‌ریب ، واڵی ( تاریق كارێزی) تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك (19/9/2020) .
_ سوپاس و پێزانینم بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن غه‌ریب ، له‌دوو كاتی جیاوازدا ، له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك _ ماسنجه‌ر له( 20/4/2019) ، له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییه‌وه له‌ڕێكه‌وتی ( 18/10/2022) وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی داومه‌ته‌وه ، دووباره سوپاسی لوتفیان ده‌كه‌م ( جه‌مالی ده‌لاك).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.