وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 08ـی 2022 ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لیژنەیەكی هاوبەش پێک دەهێنن، لە شار و شارۆچكەكانیش ناوچەی پیشەسازی دروست دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: لە دیوانی وەزارەت ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كوێستان محەمەد وەزیری بارزگانی و پیشەسازی بە وەكالەت كرد.
ڕاشیگەیاند: ئامانجی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشەی نێوان هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تاوتوێكردنی چۆنیەتی پەرەپێدان و ڕێكخستنەوە و چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ناوچە پیشەسازییەكانە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو کە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچە پیشەسازییەكان، بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵای هاوبەش درا بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە و گرفتی ناوچە پیشەسازییەكان و جەختیش لەسەر دروستكردنی ناوچەی پیشەسازی لەسەر ئاستی سەرجەم شار و شارۆچەكان كرایەوە.
ئاشکراشی کرد کە لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا بابەتی دووبارە ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی ناوچە پیشەسازییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و جەخت لەسەر ڕێكخستنەوەی پەرشوبڵاوی ناوچە پیشەسازییەكان كرا بە مەبەستی ئەوەی بەشێوەیەكی پێشكەوتوو و زانستی لە بەرژەوەندیی گشتیدا ڕێك بخرێنەوە.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەش دا کە دووپات لە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە مەبەستی گەیاندنی خومەتگوزاری بۆ ناوچە پیشەسازییەكان كرایەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.