فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەت داشکاندنی 15% بۆ تەواوی پێشینەکان دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: وەکو هەوڵێک بۆ ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لە پێشینەکانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووک، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی 15%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاکانی دانەوەی پێشینەکانی دەکرێت.
ڕاشیگەیاند: لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە داشکاندنی ڕێژەی 15% بۆ پابەندە داراییەکان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاودا.
ئەوەشی خستەڕوو کە سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنکار پارەی کەڵەکەبووی بەشداربووان بە یەکجار و بەشێوەی نەختی بدات.
ڕوونیشی کردەوە کە لە هەمانکاتدا لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبووەکان وەرناگیرێت، بە مەرجێک ئەو هاووڵاتییە تەواوی باج و ڕەسمی کەڵەکەبووەکە بداتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش دا کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو داشکاندنە تاوە 20ـی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.