Erbil 21°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:16

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە

کوردستان TV
100%

بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی جێگرەکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کران.  

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 06ـی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهید، پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کولێژی یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین کرد و ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانە و لە هەمانکاتدا ڕاشسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت، هەروەها پێویستە دادگەکانیش پەلە بکەن لە ڕێکارە یاسایی و قەزائییەکان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تاوەکو تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە.

پاشان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشەتیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كرد، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لەو هێرشانە زیانگەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەکخستنی پڕۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن. ئاشکراشە کە حکوومەتی فیدڕاڵی، بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووریی، هەرێمی کوردستان بێبەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تاوەکو ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13مانگ بڕەپارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردووە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندووە. ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە. ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەکات کە گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە هەرێم ڕابگرن کە دەبوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە. هەروەها حکوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە.

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەوە کرد کە زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. گوتیشی: ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاووڵاتییان.

ئەنجوومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگيكردن لە گەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە ، داواشیکرد دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان، لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا، بەرپرسیارانە و پیشەییانە ڕەفتار بکەن و لە چوارچێوەی ڕێنمایی و ستانداردەکانی ڕۆژنامەوانیی کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن و پشێوی و توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی .

بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بوودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای ڕوونکردنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران کرابوو.

وەزیرە پەیوەندیدارەکان، ڕوونکردنەوەی پێویستیان لە بارەی هۆکارەکانی نەناردنی پڕۆژە یاسای بوودجە بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو،  ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ، ئاماژەی بە هەوڵی وەزارەتەکەیان و وەزارەتی پلاندانان دا بۆ گەڵاڵەکردنی پڕۆژە بوودجەی هەرێم کە لە پێشەنگی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم بووە. وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە دا، بەو پێیەی یاسای بوودجەی فیدڕاڵیی کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم و ئەمساڵ حکومەتی فیدڕاڵیش تا ئێستا یاسای بوودجەی نییە، ئەمەش وای کردووە کە تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاسای بوودجەی هەرێم، وەک ڕەشنووس بمێنێتەوە، هەرچەندە لەڕووی بەشی داهات و خەرجییە گشتیەکانی ناو پڕۆژە بودجە کاری جدیی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغدا بۆ یەکەمجار ئەو خەرجیيانەیان وردبینی کردووە. ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان و وەزارەتەکانی دیکە و ئاماژەدان بە گرنگیی و بایەخیی یاسای بوودجە بۆ خستنەڕووی تەواوی داهات و خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و میلاکی وەزیفی، بڕیاری دا پەرلەمانی کوردستان، لەو ڕاپۆرتە ئاگادار بکاتەوە کە لە لایەن وەزارەتی دارایی پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران کرا.

لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بوو بە دانانی چەند ڕێکار وپێوەرێک لەلایەن وەزارەتەکان لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ وپەیمانگەکان، بە جۆرێک وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت کە ڕێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سوودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتووە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییانی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان بێکارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە، ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لەهەر بیرۆکە و پڕۆژە و ڕێکار و کارئاسانییەک کە ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاووڵاتییان بە تایبەتی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کەرتی تایبەت، بڕیار درا کە پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 14ـی ساڵی 1991 مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان، ڕاسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی بڕەخسێنرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.