Erbil 21°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:19

وەزیری ناوخۆ: لە چەند ڕۆژی داهاتوو یاسای نوێی چەک دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن

کوردستان TV
100%

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند، سەرۆکی حکوومەت زۆر جددییە بۆ ئەوەی یاسای نوێی چەک بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتووش یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) لەسەر ڕووداوی دوێنێی شەهیدبوونی دوو مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدەن، داوا لە دادگە دەکەین ئەم بابەتە بەزووترین کات یەکلا بکاتەوە.

سەبارەت بە ڕێگرتن لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت وەزیری ناوخۆ ڕاشیگەیاند: لە ماوەی ڕابردوو یاسایەکی نوێی چەکمان لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕاند، سەرۆک حکوومەت زۆر جددیە لەسەر ئەوەی ئەم یاسایە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

ڕێبەر ئەحمەد جەختیشی کردەوە کە "لە چەند ڕۆژی داهاتوو یاساکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن."

وەزیری ناوخۆ ئاشکرای کرد کە "ئەو شوێنانەی چەک دەفرۆشن ڕێک دەخرێنەوە و مۆڵەتییان بۆ دروست دەکرێت، بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئەو مۆڵەتانە ڕێک دەخرێن، ئەو کەسانەشی داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکەن، ڕێکاری ئیداری و یاسایی و تەندروستی و عەقڵی هەیە بۆ ئەوەی چەک هەڵبگرن، هەروەها پێویستە هۆکارێکی پشتڕاستکراوی هەبێت بۆ ئەوەی چەک هەڵبگرێت. جەختیشی کردەوە کە هەر شوێنێکیش بەدەر لەم ڕێکارانە چەک بفرۆشێت ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر."

ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوە کرد کە "سەرۆکی حکوومەت جددییە لەسەر ئەوەی کە کەمترین کەس چەک هەڵبگرن."

باسی لەوەش کرد کە "ئێستا هەندێ پەیج بۆ زۆر شتی ناڕەوا پڕوپاگەندە دەکەن کە یەکێک لەوانە چەکە، داوامان لە پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش کردووە  بەزووترین کات ئەوانەی لە پشت ئەو پەیجانەوە دیاری بکەن و سزا بدرێن."

وەزیری ناوخۆ سەبارەت بەو کەسانەی داڵدەی تاوانباران دەدەن ئاماژەی بەوە دا کە "بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەت ماوەی سێ  مانگە ژوورێکی باڵای ئۆپەراسیۆنمان پێکهێناوە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم ژوورەدا ئەندامن، هەنگاوی زۆر باش چووەتە پێش و ژمارەیەکی زۆر لە تاوانباران دەستگیر کراون. جەختیشی کردەوە کە هەر کەسێک داڵدەی تاوانباران بدات بەپێی یاسا مامنەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئەویش وەک تاوانبار هەژمار دەکرێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.