گه‌لی براده‌رینه ئه‌گه‌ر هه‌موو سه‌ربوورده‌ی ژیانی
( تایبه‌تی و هونه‌ری) هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر
( حه‌سه‌ن زیره‌ك) بخه‌ینه به‌ردییه، بێگومان لێوڕێژه له نه‌هامه‌تی و ده‌رده‌سه‌ری و چه‌رمه‌سه‌ریی و ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌و ده‌ربه‌رده‌ری و ژیانێكی نائارامیی ده‌روونی ، له‌ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه تژی یه له‌عه‌شق و ئه‌وین و خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌ر و نه‌ته‌وه‌كه‌ی و جوگرافیا‌و شار‌و گوند و كێ‌و و به‌نده‌ن و سروشتی جوان و دڵڕفێنی خاكی كوردستان، عاشقی زمان و فه‌رهه‌نگ كه‌لتوور ونه‌ته‌وه‌كه‌ی بووه.
خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچوون بۆ ژیانی ئه‌و دیارده ده‌گمه‌ن و زیندووكه‌ره‌وه‌ی میلۆدی و گۆرانی كوردی ، هێنده سانا نییه به‌ڵكو كه‌سانی پسپۆر و توێژه‌ری ووردی گه‌ره‌كه ، لێكۆڵینه‌وه له‌ته‌واوی كون و كه‌له‌به‌ر و تاڵی و سوێری و ههورازو نشێوه‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا بكات، چونكه له‌و ژیانه لیپاولیپه جه‌نجاڵییه‌دا، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك زۆر نه‌داری و به‌دبه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ری و زیندان و ئازاری جه‌سته‌و ده‌روونی چه‌شتووه، خۆش به‌ختانه هیچ كام له‌و ڕووداوانه كه‌به‌سه‌ریدا هاتووه له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی منداڵیی و هه‌رزه‌كاری و ژیانی هونه‌ریدا نه‌بوونه‌ته له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م هونه‌ره‌كه‌یدا، به‌رده‌وام به‌عه‌شقێكی پاك و هونه‌رێكی بێ خه‌وشه‌وه ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه.
به‌داخه‌وه له‌به‌رنه‌بوونی ژینگه‌یه‌كی ئارام ، زیره‌كی نه‌مر نه‌یتوانیوه له‌شوێنێك بمێنیته‌وه و درێژه به‌ژیانی ئاسایی خۆی بدات ، به‌ڵكو گه‌ڕیده‌و شار‌و شارۆچكه‌و گوندی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و گه‌رمیان و كوێستانی وڵاتی كردووه، ته‌نانه‌ت پایته‌خته‌كانی هه‌ردوو وڵاتی (ئێران و عێراق) ، ئه‌م گه‌ڕان و جێگیرنه‌بوونه هه‌ست و هزری زیره‌كی نه‌مری فراوان و دهوڵهمهندتركردووه، هیچ شار‌و شارۆچكه‌و گوندێكی وڵات نه‌ماوه له‌باشوور و ڕۆژهه‌ڵات به‌ڕێبواری یان بۆ پشوودانێك بووبێ یاده‌وه‌ریی شیرینی لێ به‌جێنه‌هێشتبێت.
زیره‌كی هونه‌رمه‌ند و عاشقی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ده‌ڵێت ( هه‌موو ئێران و عێراق گه‌ڕام جێگه‌م نه‌بۆوه..؟! زۆرم تێهه‌ڵدان خواردووه بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆچی لێم ده‌ده‌ن؟!) (1)
ئه‌و عه‌شق و خولیا هونه‌رییه‌ی كهلهسینهو جه‌سته‌یدا بووه ، نه‌یهێشتووه په‌نگ بخواته‌وه و له‌ناخی خۆیدا بۆهه‌میشه قه‌تیسی بكات ، نه‌خێر به‌ڵكو له‌ڕێی گه‌رووه پاراو و سازگارهكهیهوه هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن و جوانی به‌خشیوه بهنهتهوهكهی .
هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو ئازاره جه‌سته‌یی و ده‌روونییه بووبێت ، چۆن ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت و ئه‌و هونه‌ره به‌رزه پێشكه‌ش بكات، ئایا ده‌بێت ئه‌و ئیلهامه له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت ، بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ڵێت ( من ههرتۆزێ دڵگیر بم ده‌رگای هونه‌رم بۆ ده‌كرێته‌وه، شیعری ڕێك و پێكم بۆ دێت و ئاوازی خۆش و تازه‌م دێـه سه‌ر زار و ده‌ری ده‌بڕم و به‌م گۆرانی گوتنه باری خه‌م له‌سه‌ر خۆم لا ئه‌به‌م و له‌هه‌مان كاتیشا خه‌ڵكی ده‌وروبه‌ریشم شاد و دڵخۆش ئه‌كه‌م ، ده‌رده‌سه‌ری و ناڕه‌حه‌تی و بهسهرهاتهكانم بوونه‌ته مایه‌ی سه‌ركه‌وتنم له‌ژیانی هونه‌ریمدا..!
هه‌ركاتێ دڵم له‌شتێ شكابێ و كاری تێكردبم ئه‌وسا داری خه‌م له‌نێو دڵما به‌ری شیعر و ئاوازی گرتووه و تا ئاره‌زووم كردبێت چاكترین شیعر و جوانترین ئاوازم به‌خۆشترین ده‌نگ و سه‌دام وتووه و ، تا وتبێتیشم ههربۆم هاتووه) (2)
حه‌سه‌ن زیره‌ك ، هونه‌رمه‌ندێكی نه‌خوێنده‌وار، وانه‌یه‌كی ئهلف و بێی له‌قوتابخانه‌ی كوردی نه‌خوێندووه، به‌ڵام له‌فێرگه‌ی كۆمه‌ڵی كوردهواری ، لهكهلتووره به‌رزو لێوان لێوی زێده‌كه‌ی ناوچه‌ی موكریان و زمانه شیرینه‌كه‌ی كوردیی خۆڕسك خۆی دروست كردووه، بۆته بلیمه‌تێكی داهێنه‌ر و مامۆستایه‌ك له خوێندنی ئاواز‌و گۆرانی ، ده‌نگی ناوازه‌ی زیره‌كی نه‌مر چێژ به‌خشی ڕۆحی هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه به‌هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانه‌وه،
كاتێك زیره‌كی هونه‌رمه‌ند بهگهرووه پاراو وێنه‌ی كانیاوێكی سازگاری كوردستان، ده‌چریكێنێ گۆرانی ده‌خوێنێ ، له‌گه‌ڵ گۆرانی دواتری هه‌ست و نه‌ست و سۆزی گوێگر زیاتر كه‌مه‌ندكێش ده‌كات به‌ره‌و دنیا جوانه‌كه‌ی ئه‌وینداری و سروشتی جوانی كوردستان ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هۆشت له‌لای خۆت بێت له‌گه‌ڵ تێكستی گۆرانییه‌كان ، وشه به وشه دهیانڵیینهوه و سیناریۆیه‌كی جوان و ڕه‌نگاڵه‌یی ده‌به‌خشێته گوێگر، ئه‌و سیناریۆیه نامۆنییه پێمان و ژیان و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌ی كورد دێنێته بهردییهمان كهههڵقوڵاوی شار و گوند و ڕه‌شماڵ و شه‌نگه‌بێری و كاكی جوتیار و هاژه‌و قه‌ڵبه‌زه‌ی چۆم و ڕووبار و قاسپه قاسپی كه‌و و شایی و ڕه‌شبه‌ڵه‌كی كیژو كوڕانی شۆخ و شه‌نگ و زرینگهو خرمه‌خرمی گۆبه‌رۆك و مێخه‌ك و شی‌و دۆڵ و كانیاوی سازگاری قه‌دپاڵی كێوه‌كانی كوردستانی زۆر زیره‌كانه‌و وه‌ستایانه تێیدا وێنا كردووه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده نه‌خوێنده‌واره، به‌ڵام بلیمه‌ت و خاوه‌نی هونه‌رێكی باڵا، ئه‌وه‌نده عاشقی گۆرانی بووه، له‌هه‌ر جێیه‌كه‌وه تروسكاییه‌كی به‌دی كردبێت، بهههگبهو تێشوویهكی تژی له میلۆدی و گۆرانی ناوازه‌و پڕ جۆش و خرۆشه‌وه خۆی گه‌یاندۆتێ و ئه‌و هونه‌ره‌ی هه‌یبووه له‌دڵه‌وه بێ ڕه‌چاوكردنی پاداشت ، یان له‌به‌رامبه‌ر پاره‌دا به‌میلله‌ته‌كه‌ی به‌خشیوه ، له‌سه‌رده‌مانێكدا زیره‌كی نه‌مر هه‌ست و كهف و كوڵی ناخ و سینه‌ی له‌ڕێی ده‌نگه به‌سۆزه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵڕشتووه، به‌داخه‌وه نهستۆدیۆ و ئامێری تۆماركردنی باش نه‌بووه ، جگه‌له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ڕادیۆ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كی داهێنه‌ر گه‌لێك به‌رهه‌می ناوازه‌ی لێوان لێو له چێژی هونه‌ری تۆماركردووه، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته شاكار، به‌ڵگه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی ڕادیۆ ( به‌غداد ، تاران ، ته‌ورێز و كرماشان) دوای تۆماركردنی ئەو شاكارە بەرز و نەمرانە لەڕادیۆ.
بلیمەتی نەمر حەسەن زیرەك، بەردەوام دەبێت لەسەر كارە هونەرییەكانی بەڵام ئەمجارەیان بەشێوازێكی تر و دوور لەستۆدیۆی ڕادیۆكان ، ڕوودەكاتە كۆڕ‌و كۆبوونەوە و شەو ئاهه‌نگ و كۆڕی باده‌نۆشین و مەجلیسی عاشقان گەرم و گوڕتر دەكات چێژ و خۆشی و شادی دەبەخشێ بەگوێگرەكانی ،ئەم بەرهەمانە كە هیچیان كەمتر نیە لە بەرهەمەكانی ڕادیۆ ، زیرەكی نەمر بەدەیان بەرهەمی تۆماركراوی بۆ بەجێهێشتووین لەشارەكانی ( كەركوك ، هەولێر ، سلێمانی ، شنۆ و بۆكان و نەغەدەو ....تاد ) بەهاوكاری دەیان مۆسیقاژه‌نی بەتوانای ده‌ست و پەنجە زێڕین ، هەركات و ساتێك دەنگ و سەدای زیرەكی نەمر دەبیسترێ ، هیچ گومانی تێدا نییە پێویستە یادێك و ڕێز و بەرز نرخاندێك بۆ ئەو ژەنیارانەی لەڕادیۆكان و كۆڕ‌و كۆبوونەوە و ئاهەنگەكانی ماڵان بكرێت ، ناكرێت فەرامۆش بكرێن ،نموونەكانیان زۆرن هونەرمەندانی وەك ( موجتەبای میرزادە ،حەسەنی كامگار ، حەسەن یوسف زەمانی و حسێن یوسف زەمانی ، محەمەد عەبدلصەمەدی ،فەریدونی مورادی ،ئەكبەر ئیزەدی ، بەهمەن پولەكی ، قادر دیلان ، ولیەم یوحەننا، نەجاتی عەبدە، ئەنوەر قەرەداخی ، شەوكەت ڕەشید،نه‌جاتی عه‌بده ، سه‌لاح ڕه‌شید،حازم حه‌داد، ئەحمەد داودەو مام حەسەنی نەی ، عهزۆلهی ته‌پڵ، قوده‌رتی قادری ، و...تاد ) هەروەها ئەو كەسایەتی و بەهرەمەندانەی كە ئەو بەرهەمانەیان لەدهرەوەی ستۆدیۆ و لەماڵان بۆ تۆماركردووین لە ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان و هەمیشە بەهەست و سۆزمان ئاشنان و ئەگەر ئەو دڵسۆزانە نەبوونایە ئەو بەرهەمانەش دەچوونە خانەی فەوتان و له‌بیرچوونه‌وه، نموونەی ئەو كەسایەتیانە زۆرن بەڵام بەداخەوە بەندە ئەو چەند كەسایەتیەم لەیادە كە پێویستە بەڕێزە وە لەكارە جوانەكانیان بڕوانین وەك (ئه‌حمه‌د فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌د، ناسراو به ئەحە گێژی قەساب، ئەحمەدی سۆفی كەریم، مەحموی تۆفیق شلك ، ئەمینی دەڕابەچی و عوسمانی غەوسە و ...تاد ) .
هونه‌رمه‌ند و بیلمهتی نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی هونه‌ری خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه ، هونه‌ره‌كه‌ی بۆته قوتابخانه‌یه‌ك و گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی له‌ئاوازی ڕه‌سه‌ن و به‌رزو پڕ چێژی هونه‌ری وه‌ك میرات له‌پاش خۆی به‌جێهێشتووه، ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه‌ی زیره‌كی نه‌مر تا ئه‌و كاته بۆن و به‌رامه‌ی گۆرانییه‌كانی له ئه‌رشیف و گه‌نجینه و سامانی هونه‌ری كوردیدا ڕه‌سه‌نایه‌تی و زیندویی و بۆنی گوڵاو و گوڵه به‌یبوون و مێخه‌ك یان لێده‌چۆڕێ.
ئه‌م كانیاوه سازگارو پاك و بێگه‌رده‌ی هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، نه‌خوێنده‌وار به‌ڵام مامۆستا له ئه‌داو چرینی گۆرانی و ، زیندووكه‌ره‌وه‌ی فۆلكلۆر، زیره‌ك سوودی بهفۆلكلۆر گه‌یاندووه‌و ، هه‌روه‌ها خودی خۆشیی سودێكی زۆری له‌فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی وه‌رگرتووه، توانا و به‌هره‌ی به‌رزی چرینی گۆرانی زیره‌ك ، جیا له‌و ده‌ریا گۆرانیانه‌ی خوێندوونی ، هه‌ندێك ئاوازی ( ئازه‌ری ، توركی و عه‌ره‌ب) یشی كردووه به‌كوردی و ئه‌و ئاوازانه‌ی له‌گه‌روویدا توانۆتهوهو سه‌رله‌نوێ به‌گه‌روه كوردانه‌كه‌ی به‌چێژو ئاوازێكی كوردی دایرشتوونهتهوهو خه‌رمانی هونه‌ری خۆیی و مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه، سه‌باره‌ت بهچرینی ئه‌و گۆرانیانه كه زیره‌كی نه‌مر له‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه وه‌ریگرتوون ، یه‌كێك لهشاگردهكانی قوتابخانه هونه‌رییه به‌رزه‌كه‌ی زیره‌ك ، هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی نوسیویه‌تی: (جگە لەو گۆرانیە كوردییانەی كە چڕیونی هەر گۆرانیەكی ناكوردیشی كە گوتۆتەوە وا لەدەنگیدا جێگەی گرتووە كە نەناسراوەتەوە وەكو ئەو چەند سترانە توركی و ئازەری و عەرەبی و ئەرمەنی و ئاسوورییەی كەبە كوردی گوتوونیەوە وەك : ( وەرە قوربان ، دەوەرە گوڵم نێوی دڵم ، بۆت دەڵێم تۆزە تۆزە ، دوگمەت داخە و خانباجی ) لەڕاستیدا گۆرانی لەداڕێژگەی دەنگی ئەم هونەرمەندەدا قاڵبی گرتووە و بووە بە كوردی ، هیچ كات دەنگی نەچۆتە داڕێژگەی گۆرانییەوە،گۆرانییەكە بۆ خۆی بووە كە لەدەنگیدا جێی گرتووە و داكاسراوە ، بۆچی؟؟چونكە گوێی حەسەن زیرەك بەلای لایەی كوردی و بەند و بالۆرەی كوردانە گۆچ كراوە لەبەر ئەوەش كە نەخراوەتە بەر فێرگەی فارسی و نەنێردراوەتە ژێردەست مامۆستای فارس و كورد ماوەتەوە و نەگۆڕاوە هەربەو پێودانە دەنگێكی كێویی و دەستەمۆنەكراو و كوردیی هەبووە ) (3)
خه‌سڵه‌ته جوانه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ته نه‌مره‌ی گۆرانی و مۆسیقا..!
حەسەن زیرەك هونەرمەندێكی هێدی و هێمن وقسە خۆش و خۆش مەشرەب هەمیشە كۆڕ‌و كۆمەڵی بەقسە خۆش و نوكتەكانی جۆش داوە ، ده‌ست و دڵ فراوان و دڵ سه‌خی و میوان دۆست ،پابەند بووە بە تێكەڵاو بوون و هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو كەسایەتیانەی ئەو سەردەمە لەگەڵیدا ژیاون ، ئەو نەمرە ڕاستە زادەی ناوچەیەكی فراوانی كوردستانە كە زۆر دەوڵەمەندە لە هونەرو فۆلكلۆر و وشەی كوردی ،خاوەنی فۆنەتیكێكی شیرینی زمانی كوردین ، بەڵام هەركاتێك حەسەن زیرەك گۆرانی خوێندووە ، بەزاراوەیەك خوێندوویەتی كەلەتەواوی ناوچەكانی كوردستان بە هەموو دیالێكتەكانیەوە لێی تێبگەن و ،هونەرەكەی سنووری بەزاندووە و لەناوچەكەی خۆیدا قەتیس نەماوەتەوە، به‌ڵكو هونەرو دەنگی حه‌سه‌ن زیرەك لەناخی زاراوەكاندا جێگەی گرتووە، ئه‌وه‌نده به‌زمانێكی پاراو جوان گۆرانی خوێندووه ، وشه به‌وشه زۆر به‌ساده‌یی به گوێی گوێگر ئاشناده‌كات، له‌به‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته جوانه‌یه كه هەمیشە دەنگ و هونه‌ری ئەو بلیمەتە نه‌مره بەبەرزی و نەمری دەمێنێتەوە، كه‌واته ده‌توانین بڵێین زیره‌ك تاقانیهكه له‌باخچه‌و گوڵزاری گۆرانی و مۆسیقای كوردی.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار كه‌باس و خواسی هونه‌ری نه‌مری حه‌سه‌ن زیره‌ك دێته گۆڕێ، زۆر كه‌س به‌ناشاره‌زایی و نه‌زانی باس له‌هه‌ندێ خه‌سڵه‌تی ژیانی كه‌سایه‌تی و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌كه‌ن مه‌به‌ستیانه ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی له‌كه‌دار بكه‌ن، خۆش به‌ختانه لایه‌نی هونه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ندیی له ئاواز و وشه‌و گۆرانی ئه‌وه‌نده به‌رزه به‌هێنده‌ی چیا سه‌ركه‌شه‌كانی كوردستان و هیچ كام له‌و تانه و توانج و ته‌شه‌رانه، له‌هونه‌ر و كه‌سایه‌تی حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌م ناكاته‌وه به‌ڵكو ڕۆژ به‌ڕۆژ هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كشێ به‌ره‌و لوتكه‌و ده‌نگی به‌جۆش و خرۆشی نوێ ده‌بێته‌وه، یان زۆر جاران تاوانی ئه‌وه‌ی ده‌ده‌نه پاڵ گوایه تا ( مه‌ی) نه‌خواردبێته‌وه گۆرانی بۆنهگوتراوهو به‌رده‌وام مه‌ست و سه‌رخۆش بووه..؟! منیش ده‌ڵێم ، باشه ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌مره زاده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵی كورداوهرییه نییه؟! ئه‌ویش مرۆڤێكی ساده‌و ساكار و خاكی و خاوه‌نی هه‌ست و سۆز و خۆبه‌كه‌م زان و هه‌ڵقوڵاوی ئه‌م ژینگه پڕ تاڵ و سوێرییهی ژیانی كوردهواری نه‌بووه ، له‌وڕێگه‌یه‌وه ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیانی خستۆته ڕوو ، ڕۆژێك له‌ڕۆژان خۆی به‌گه‌وه‌رتر له‌كه‌س نه‌زانیوه ، ئازاری به‌كه‌س نه‌به‌خشیوه ، سوكایه‌تی به‌كه‌س نه‌كردووه ، هه‌روه‌ها منه‌تی به‌سه‌ر هیچ تاكێكی كۆمه‌ڵی كورده‌واریدا نه‌كردووه و بڵێ هونه‌ره‌كه‌م بۆئێوه‌یه‌و ژیانم دابین بكه‌ن؟! له‌و ڕوانگه‌یه‌وه به‌ڕێز ( هیوا فه‌تحیان) نوسیویه‌تی : ( حه‌سه‌ن زیره‌ك كوڕی ئه‌م میلله‌ته‌یه ، ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌كانی ژیانی به‌ڕه‌نج و زه‌حمه‌ت ته‌نراوه، له‌گه‌ڵ خه‌م و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان دووانه بووه ،چۆن ده‌بێ كێوێك له‌ده‌ردو خه‌م و زه‌حمه‌تی ژیانت له‌سه‌ر شان بێ په‌نا بۆ مه‌یی و گۆرانی نه‌به‌ی..! گۆرانی بۆ زیره‌ك مه‌ی بوو بۆ ساتێك له‌بیركردنی گشت ئازاره‌كانی ، هۆی ئه‌وه‌شه كه حه‌سه‌ن زیره‌ك نامرێ و هه‌رزیندووه،چونكه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه ههژارهكهیدا ژیاوه و خۆشی و ناخۆشی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌ئێسك و پرووسكهوه له‌نزیكه‌وه چه‌شتووه ، هونه‌ر هیچ كه‌ڵكێكی تاكه‌كه‌سی پێ نه‌به‌خشیوه )(4)
بیبلۆگرافیای هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك..!
به‌ده‌یان كتێب و به‌سه‌دان وتار له گۆڤار و ڕۆژنامه‌كان و چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی له‌سه‌ر ئه‌م بلیمه‌ته نه‌مره نوسراو و ئاماده‌كراوه، له‌ماوه‌ی (51) ساڵی ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌گشتی و ماوه‌ی (19) ساڵی ده‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیدان به‌هونه‌ری گۆرانی، ئه‌گه‌ر ڕۆمان نووسێكی به‌سه‌لیقه خۆی ته‌رخان بكات ، ئه‌و ژیانه پڕ نه‌هامه‌تی و نه‌داری و ئاواره‌یی و ماڵ بهكۆڵهی حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ووردی بنووسێته‌وه، بێگومان ڕۆمانێكی سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر به‌قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره پڕده‌كاته‌وه،
حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا ، ناسراو به حه‌سه‌ن زیره‌ك، له ڕێكه‌وتی
( 29/11/1921) له‌شاری بۆكان بهدنیاهاتووه،
( به‌پێی ناسنامه‌ی ژماره ( 735)ی ئیداره‌ی سه‌بتی ئه‌حوالی شاری بۆكان، حه‌سه‌ن شۆره‌ت (زله بۆكانی) ناسراو به (زیره‌ك) كوڕی ( عه‌وڵازله بۆكانی) و ( ئامین كه‌یفه) له‌ڕۆژی
( 29/11/1921) له‌گه‌ڕه‌كی سه‌رقه‌ڵای شاری بۆكان ، محاڵی ئاختاچی له‌دایكبووه) (5)
حه‌سه‌ن زیره‌ك خاوه‌نی دووبراو خوشكێكه ( حه‌مه‌ده‌مین _ناسراو به مینه ، حسێن و سارا) هونه‌رمه‌ند هه‌رله منداڵییه‌وه هه‌ست به‌ده‌نگ خۆشییه‌كه‌ی كراوه‌و له‌نێو منداڵان و هاوڕێیه‌كانی ، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه باری گرانی كاركردنی كه‌وتۆته ئه‌ستۆ ، شاگرد مزگه‌ر و قاوه‌چی ، له‌پاڵ كاركردندا حه‌سه‌ن وورده ورده گۆرانی چڕیوه‌و هه‌ست و سه‌رنجی دهوهروبهرهكهی بۆلای ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ڕاكێشاوه ، به‌وهۆیه‌شه‌وه بۆته خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵك .
ئه‌گه‌ر قۆناغ به‌قۆناغ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن و هه‌نگاونانی زیاتری به‌ره‌و دنیای گۆرانی گوتن و چرۆكردن و گه‌شانه‌وه‌ی هونه‌ره‌كه‌ی بكه‌م ، بێگومان ده‌بێت زۆرتر له‌سه‌ری بنووسم ، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كورت كێوماڵێك به‌نێو ئه‌و ژیانه ههوارو نشێوه‌ی زیره‌كی نه‌مردا ده‌كه‌م .
له‌سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی و خوێندنی گۆرانی و گه‌لێك ناڕه‌حه‌تی و به‌دبه‌ختی كێشاوه، له‌شاری بۆكان دوو هونه‌رمه‌ندی میللی له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئاهه‌نگ و شایی و زه‌ماوه‌ندییان گێڕاوه به‌ناوه‌كانی ( عه‌به چاوه‌ش _ دههۆڵژهن) و ( حه‌مه حوسێن _ زوڕناژه‌ن) گوێبیستی ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌نی منداڵ ده‌بن و داوای لێده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان كاربكات و له‌شایی و زه‌ماوه‌ند دا گۆرانی‌یان بۆ بخوێنێ، به‌ڵام زیره‌كی به‌هره‌دار و هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵیان به‌شدار ده‌بێت و گۆرانی‌یان له‌ته‌كدا ده‌خوێنێ بێ ئه‌وه‌ی پوڵیك وه‌ربگرێت ، به‌م كاره‌ی له‌لایه‌ن باو ك و دایكیه‌وه زۆر ئازاری ده‌ده‌ن و لێی ده‌ده‌ن و ڕێگری لێده‌كه‌ن نابێت له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ی به‌رده‌وام بێت ، چونكه دوایی له‌نێو خه‌ڵكیدا به ( چاوه‌ش و لۆتی ) ناوی ده‌ڕوا ،
هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی یانزه ساڵیدا واته ساڵی ( 1932) له‌سۆزی باوك بێ به‌ش ده‌بێت، له‌دوای كۆچی دوایی باوكی ( ئامینه كه‌یفه) ی دایكی شووده‌كاته‌وه و ژیانێكی نوێ بۆخۆی دروست ده‌كات ، ئه‌وه‌ش هۆكارێك ده‌بێت كه‌ژیانی حه‌سه‌ن زیره‌ك و خوشك و براكانی به ئاراسته‌یه‌كی دیكه‌دا بڕوات ، به‌تایبه‌ت بۆ حه‌سه‌ن زیره‌كی دڵ پڕ له‌ئازار و بریندار وپڕاوپڕ له‌هونه‌ر.
هیچ كارێك نامێنێ كه حه‌سه‌ن زیره‌ك تاقی نه‌كردبێته‌وه و ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی تێدا نه‌كێشابێت ، وه‌ك ( كشتوكاڵ ، مه‌یته‌ر ، گاوان ، پیاوی ئاغا ، شاگردی چایخانه‌و قاوه‌خانه‌و شاگردی ئۆتۆمبێل ...تاد)
حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌و دڵه پر ئازار و هه‌میشه بێ ماڵ و به‌رده‌وام لهگهڕاندابووه ،تاڕوودهكاته باشووری كوردستان، ئهوچیرۆكانهش بۆخۆیان ڕۆمانێكی تراژیدیان كه چۆن حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌گاته شاری به‌غدا و به‌هۆی چه‌ند دڵسۆز‌و خهمخۆرێكهوهڕێ نیشانده‌ری ده‌بن كوڕه لادێییه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی بگاته ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ، له‌رێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه هونه‌ر و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌ته‌واوی كوردستان بڵاو بێته‌وه و ببێته میوانی ماڵه‌كان و چایخانه‌و قاوه‌خانه‌كان ، له‌شاری به‌غدا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌هۆی زمانشیرینی و هه‌ڵس و كه‌وت و هونهرهبهرزهكهیهوه ده‌بێته هاوڕێ و هاونشینی هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا وه‌ك ( مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن جزیری ، شه‌ماڵ سائیب ، ئه‌حمه‌دی شێخاڵی ، نه‌سرین شیروان و ...) كهلهبیرهوهی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه به‌ده‌یان یاده‌وه‌ریی شیرین و پڕ لهگاڵتهو گه‌پ یان له‌گه‌ڵ زیره‌كی نه‌مردا هه‌یه ،
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك دوای تۆماركردنی ده‌یان به‌رهه‌م له‌ڕادیۆی كوردی، له دوای 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته ڕادیۆی كوردی تاران و له‌وێش به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران و ئه‌دیبانی كورد، چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه تۆمارده‌كات ،
هه‌رله‌وساڵه‌دا هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌گه‌ڵ خاتوو
( میدیای زه‌ندی) هاوسه‌رگیری ده‌كات له‌شاری تاران ، دواتر ڕوودهكهنهشاری كرماشان و پێكه‌وه هه‌ردووكیان له‌ڕادیۆی كرماشان كارده‌كه‌ن، به‌رهه‌می ئه‌و ژیانه هاوبه‌شی و هاوسه‌رگیرییه ، دوو كچه به‌ناوه‌كانی (ئاره‌زوو(مه‌هتاب) و ساكار(مه‌هناز) .
ئه‌م قۆناغهسهردهمی ڕادیۆی كرماشان، به خۆشترین و ئارامترین سه‌رده‌می ژیانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ئهژماردهكرێـت،
هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ساڵی (1966) ڕووده‌كاته شاری سه‌قز و چێشخانه‌و میوانخانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه.
له‌ساڵی (1967) جارێكی دیكه دێته‌وه باشوور و ماوه‌یه‌ك له‌شاری سلێمانی دهمێنێتهوهچهندین به‌هه‌رمی خۆش و لهدڵاشیرین له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی تۆمارده‌كات ، پاشان ڕووده‌كاته‌وه ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، له‌ساڵی (1968) له‌شاری سه‌قز هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ خاتوو ( ڕابیعه) كه به
( ڕابهخانم ) ناسراوه ، ده‌كات تاكۆتا ڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك پێكه‌وه ده‌ژین، ماوه‌یه‌ك له‌شاری شنۆ و ، تاساڵی (1971) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری بۆكان تا ڕێكه‌وتی ( 26/6/1972) خۆری پرشنگداری ته‌مه‌نی هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك بۆهه‌میشه ئاوا ده‌بێت و ده‌نگ و سه‌دای كۆچی دوایی ئه‌و بلیمه‌ته نه‌مره ته‌واوی كوردستان ده‌گرێته‌وه ، له‌گۆڕستانی شاری بۆكان به‌خاكی ده‌سپێرن ، به‌ڵام له‌ماوه‌ی ژیانیدا چه‌ندینجار وه‌سیه‌تی كردووه كه‌له( ناڵه‌شكێنه) كه‌مرد بینێژن، به وته‌ی ( عه‌لی یاسه‌مینی زه‌مبیلی ) دوای (37) ڕۆژ ، گڵكۆكه‌ی ده‌گوزانه‌وه بۆ ناڵه‌شكێنه و به‌خاكی ده‌سپێرنه‌وه .
به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ك ..!
وه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌م پێدا، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك عاشقی مۆسیقا و گۆرانی ، تائه‌و جێیه‌ی بۆی ڕه‌خسابێت ده‌نگ و هونهرهبهرزهكهی خستۆته خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، به‌رده‌وام پڕ ووزه‌و پڕ ووشه‌و میلۆدی ناوازه بووه ،
له‌سه‌ره‌تاوه له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداوه ، ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی وه‌ك خۆری ڕووناك هه‌ڵهات و به‌زوویی به‌هه‌موو كوردستاندا بڵاو بۆوه ، دواتر به‌رهه‌مه‌كانی ڕادیۆی تاران و پاشان شاكاره‌كانی ڕادیۆی كرماشان كه به‌سه‌رده‌می زێرین و پرشنگداری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ناسراوه ، له‌و سه‌رده‌مه‌دا كهلهڕادیۆ كرماشان(1962) ئه‌و هه‌موو به‌رهه‌مه به‌رزانه له‌ڕووی مۆسیقا و ده‌نگه‌وه ، به‌هاوكاری كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و پهنجهزێرینی ژه‌نیار تۆمارده‌كات، له‌گه‌ڵ به‌جێهێشتنی ڕادیۆ ، پاش هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ئه‌و گرووپه هونه‌رییه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ،
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری گه‌وره ( موجته‌بای میرزاده) ئه‌و ڕاستییه ده‌دركێنێ كه كاریگه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌ی له‌سه‌ربووه ( ئه‌و موزیكه‌ی ئێستا لێی ده‌ده‌م ته‌واو گۆڕاوه و ئێستا ته‌واو موزیكێكی كوردییه ، ئێستا په‌نجه‌م كوردی ده‌ژه‌نێ ، ئه‌وه‌م له حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌رگرتووه ، له‌ده‌نگی زیره‌كدا توانیم شێوازی كوردی خۆم بدۆزمه‌وه) (6)
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌تواناو لێهاتوویی له گۆرانی چریندا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌دبه‌ختییه‌ی چه‌شتوویه‌تی، هاوژینی زیره‌كی نه‌مر ( میدیای زه‌ندی ) ده‌ڵێت : ( ئه‌و كه‌ند و كۆسپه‌ی ڕۆژگار به‌سه‌ر دێنا ههرئهوبوو خۆی له‌به‌ر ڕاده‌گرت ، كه‌له‌پشت میكرۆفۆن ڕاده‌وه‌ستا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ڵقوڵیو ئه‌وه‌ی ڕسته و وشه‌ی جوان بوو له‌ده‌می ده‌هاته ده‌ر ، بۆهه‌موو كورد جێگای شانازی بوو) (7)
جیا له‌و به‌رهه‌مانه‌ی ڕادیۆ ، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، له‌دانیشتنی ماڵان و شه‌و ئاهه‌نگه‌كاندا، به‌سه‌دان گۆرانی ناوازه‌ی چڕیوه تا دوا ساته‌كانی ژیانی ، له‌و قۆناغانه‌دا ده‌نگ و تۆن و ئه‌دای زیره‌كی بلیمه‌ت ، ده‌كرێت له‌لایه‌ن پسپۆران و مامۆستایانی مۆسیقاوه توێژینه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ووردی له‌سه‌ر بكرێت ، چونكه ده‌نگ و تۆنی ئه‌م بلیمه‌ته له‌سه‌ره‌تاوه تاكۆتا به‌رهه‌مه‌كانی له‌سه‌ر یه‌ك شێواز‌و یه‌ك تۆن نه‌بووه!
لێره‌دا ده‌بێت سوپاسگوزاری و ده‌ستخۆشیی له مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عادل حه‌مه كه‌ریم ) بكه‌ین كه زه‌حمه‌ت و ماندوونێكی زۆری كێشاوه له كتێبی ( ڕه‌هه‌نده‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك) مامۆستا عادل له‌لاپه‌ڕه( 39) دا به‌ناویشانی ( سیمای ده‌نگ و سه‌داو گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك) باسی ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كردووه ،
سه‌باره‌ت به هونه‌ری جوان و دڵڕفێن و پڕ له‌سۆز ومۆركی كوردی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ئیقبالی حاجبی) ده‌لێت ( زیره‌ك یه‌كه‌م كه‌سه كه‌مه‌كته‌بی مۆسیقای كوردی داناوه، ئه‌و مۆسیقای كوردی له فارس و تورك و عه‌ره‌ب جیاكرده‌وه، زیره‌ك له‌ده‌زگای مۆسیقای كوردی دا گۆرانی گوتووه، مۆسیقای زیره‌ك مۆركی كوردبوونی پێوه‌یه‌و هیچ كه‌س و نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناتوانێ لهموڵكی كوردی جیا بكاته‌وه، فارسه‌كان زۆریان حه‌ول دا تا زیره‌ك له‌چوارچێوه‌ی ده‌زگای فارسی دا گۆرانی بڵێت ، به‌ڵام زیره‌ك له‌چوارچێوه‌ی كوردی خۆی دوور نه‌كه‌وته‌وه ) ( 8)
ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ی هونه‌رمه‌ند ئیقباڵی حاجبی ئه‌و ڕاستیه ده‌سه‌لمێنێ كه هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست ، به‌ڵام كوردێكی دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، خاوه‌نی ئه‌و قوتابخانه مه‌زنه‌یه كه له (100) ساڵه‌ی له‌دایكبوونیدا( 29/11/1921_29/11/2021) و له (49) ساڵه‌ی كۆچی دوایی ئه‌و بلیمه‌ته نه‌مره‌دا، هونه‌ره‌كه‌ی ههرپێشهنگهو ڕۆژ به‌ڕۆژ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی نوێ ده‌بێته‌وه و ، میلۆدی و تێكستی گۆرانییه‌كانی بۆته هه‌وێنی ده‌نگ و ئاوازی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژانی ئه‌م سه‌رده‌مه ، ( ڕه‌حیمی لوقمانی) شاعیر، جوانی وتووه ( هه‌ركه‌س ده‌نگ و ئاوازی حه‌سه‌ن زیره‌ك نه‌یهه‌ژێنێ و كاری تێنهكا، له‌كوردبوونی خۆی گوماندار بێت، دوای خۆی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان هه‌تا ئێستاش له‌سه‌ر سفره‌ی ڕه‌نگین و ده‌وڵه‌مه‌ندی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، نانی ئاواز و وشه ده‌چڕن و ده‌سته‌مۆیی گۆرانییه‌كانی زیره‌كن) (9)
ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه بۆ هه‌ریه‌كێك له گۆرانییه‌كانی بكرێت ، بێگومان چیرۆكێك بۆته هه‌وێنی دروست بوونی گۆرانیه‌كه، زۆر له گۆرانییه‌كانی زیره‌كی بلیمه‌ت برك و ژان و ئازاره‌كانی ناخی و تاڵی ئه‌و ڕۆژانه‌ی له‌زیندانه‌كانی عێراق و ئێران دا ئه‌و ده‌نگه بولبول خۆشخوانهیان یه‌خسیرو زیندانی كردووه تێدا به‌یان كردووه و گله‌یی له‌به‌ختی بێكه‌سی خۆیی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌كات، تادهنگه زوڵاڵه‌كه‌ی له‌لوتكه‌ی چڕیندا بوو ، هاوه‌ڵ و هاوده‌می باده‌نۆشین و كۆڕی به‌زمی شادی و كه‌یف و سه‌فا زۆربوون ، به‌ڵام كاتێك ده‌كه‌وێته زیندان، زیره‌كی نه‌مر به‌و گۆرانییه پڕ ههستهخهمانگێزه ده‌ردو كوڵی نائومێدی و بێكه‌سیی خۆی خستۆته ڕوو،
(تاله ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو بكات سڵاو
گه‌ر گیرام و كه‌وتمه زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كرا‌و
تاله ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو سڵاو بكات
گه‌ر گیرام و كه‌وتمه زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كرا‌و
ئاخرین به‌سته و مه‌قامم وا له‌لێو جاری ده‌كا
چوون مووی سپی نیشانه‌ی مه‌رگه كۆچی یه‌كجاری ده‌كا
ڕه‌وڕه‌وه‌ی عومرم بهسورعهت هات به‌توندی تێپه‌ڕی
مووی سپیم نیشانه‌ی مه‌رگه په‌رده‌ی حیجابی دڕی
ده‌ستم فێر بووه ( لاڵ بم ) به‌بازنه‌ی ئاسن، ماشێنی قه‌فه‌ز ده‌مبا شناشن
ئه‌مبه‌ن بۆ به‌غدا هاواره له‌من له‌كوێ مهخسهده به‌خوا چی بكه‌ن له‌من
ههرلهگهنجی تا له‌پیری قه‌د دڵم بێ غه‌م نه‌بوو
برای گیانی دوژمن بوو به‌ویژدان دۆستم نه‌بوو
گه‌رده‌شی ئه‌م چه‌رخه كۆنه قه‌د له‌من غافڵ نه‌بوو.)
هه‌زاران چه‌پكه گوڵی به‌یبوون و نێرگز بۆ سهرگڵكۆی پیرۆزی حه‌سه‌ن زیره‌كی نه‌مر، ڕۆحی شاد و هه‌موو كات گڵكۆی پیرۆزی ڕۆشن و چراخان بێت ، تا گۆرانی و مۆسیقای كوردی بوونی هه‌بێت ده‌نگ و هونه‌ری زیره‌كی نه‌مر له‌لوتكه‌دا ده‌مێنێته‌وه، به‌و هه‌سته‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی كۆتایی بهبابهتهكهدێنم،
( مردنی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، بوو به‌هۆی ئه‌وه كه گۆرانی كوردی خۆشه‌ویستر بێ و ڕێزی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندی كورد له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد دا بڕواته سه‌رێ و تێ بگه‌ن كه كوردیش وه‌كوو گه‌لانی دیكه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وی خاوه‌ن مه‌قام و گۆرانی و به‌سته‌ی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، حه‌سه‌ن زیره‌ك مرد ، به‌ڵام گۆرانییه‌كانی هه‌تا هه‌تایه ، زیندوڕاگری نێوی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ن) (10)
جه‌مالی ده‌لاك ... 23/11/2021
سه‌رچاوه :
( 1و 2 و 8) زیره‌ك هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست ، نوسینی ( برایم فه‌رشی ) لاپه‌ڕه (27) ( فستیواڵی یادی 75 مین ساڵی له‌دایكبوونی حه‌سه‌ن زیره‌ك ، كۆڵن 22/11/1996)
( 3 و 10) هونەرمەندی بلیمەت ( حەسەن زیرەك ) _( ناسری ڕەزازی ) گۆڤاری بەربانگ ژمارە ( 77) مانگی (9/1990) لاپه‌ڕه( 37) گۆڤاری بەربانگ ،گۆڤاری فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانیەكانە لەسوید .
(4 و 9) هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌ئاوێنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا ، هیوا فه‌تحیان _ سه‌قز ، گۆڤاری (ڕامان) ژماره (252) له مایسی 2018 ، لاپه‌ڕه (130)
(5 و 7) حه‌سه‌ن زیره‌ك و زمانی دوولا ، برایم فه‌رشی ، نوامبری (2007) .
(6) كتێبی ، ژیاننامه‌ی موجته‌بای میرزاده ، شانازیی میوزیكی كوردی _ دلێر سه‌لیم ، لاپه‌ڕه ( 22)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.