Erbil 31°C چوارشەممە 02 تشرینی یەکەم 13:23

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک پەسەند کرا

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەن و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێک پەسەند کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 06ـی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی لە لایەن خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانووستان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵ خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە لە بەردەوام بوون لە دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لەپێناوی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور، لیژنەی دانووستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمیش ڕاسپێردران بەردەوام بن لە کۆبوونەوە وگفتوگۆکان بەو ئاراستەیە و هەر بۆ ئەو مەبەستەش، هەماهەنگيی پێویست لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانیيەکان بکەن و تیمی یاسایی ئەنجوومەنیش ڕاسپێردران، ڕێکاریی پێویست دەست پێ بکەن بۆ داکۆکیی یاسایی و دەستووریی لە ماف وشایستەکانی هەرێم وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە، بە تایبەتیش کە ئێستا خەرجی و داهات و میلاکی وەزیفیی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پەسەندکراون.

پاشان لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، کورتەیەک دەربارەی ڕاپۆرتی ژمارە ( 3 )ی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە یاسای چاکسازی خرایەڕوو کە بەم دواییانە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کراوە و لە هەشت بەشی سەرەکی پێکهاتووە لەسەر بنەمای ماددە وبڕگەکانی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 سەبارەت بە بەرەوێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاساکە کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە. بڕیاریش درا هەفتەی داهاتوو، هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە و زانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجام دراون، هەروەها باسی بەرنامە و پلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە بواری چاکسازیی ئاگاداربن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دەنگدان لە سەر پڕۆژەیاسای  هەموارکردنی ماددەی چوارەم لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 تایبەت بە زیادکردنی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەندامیەتی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ تەشریعکردنی.

لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سەرۆکی لیژنەی وەزاریی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خوشک وبرایانی کریستیان، کۆنووسی لیژنەکەی خستەڕوو کە چەندین بڕیار وپێشنیاری لەخۆگرتبوو، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە و هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک، بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان بەشێوەیەک باش، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەتی هەرێم،  بەردەوام دەبێت لەپاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لەناویشیاندا هاووڵاتییانی کریستیانی ئەم هەرێمە، کە ڕێزگرتن و لێبوردەیی و پێکەوەژیان لە تایبەتمەندییە جوانەکانی هەرێمی کوردستانن و جێگەی شانازیمانە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە ڕێگری لە هەر زیادەڕۆیی ودەسترێژییەک بۆ موڵکداریی كريستيانەکان بکەن، یان هەر هاووڵاتییەکی دیکە لە هەرێم و ڕێگە بە هیچ کەس و گرووپ و لایەنێک نادرێت لەژێر هەر ناوێکدا بێت هەوڵی تێکدانی بەیەکەوەژیان بدات و ستەم و زۆرداریی لە خەڵک بکات .  ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای پشتیوانیکردن لە قسەکانی سەرۆک وەزیران، جەختی لە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ـی ساڵی  2015 لەناویشیاندا خوشک وبرایانی کریستیان وەک هاووڵاتی ڕەسەنی کوردستان کردەوە.

لە بڕگەی چوارەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی پەسەند کرد تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی 15%ـی ئەو پێشنینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک: پێشینەی خانووبەرە، قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە، پێشینەی هاوسەرگیری ، قەرزی بچووک ، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو دەستەری کۆمەڵایەتی و سزای دواکەوتن و سوود لە سەر باج و رەسم. ئەم درێژکردنەوەیەش تەنیا بۆ 90 ڕۆژ دەبێت و دوا دەرفەت دەبێت بۆ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکارییە و جارێکی دیکە داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە بە زووترین کات گرفتی گرانبوونی بەنزین چارەسەر بکەن کە بارگرانیی زۆری لەسەر هاووڵاتییان دروست کردووە و هاوردەکردنی بەنزینیش لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان ڕێگەپێدراو بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.