Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 21:52

مه‌لا حوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌.. خۆشخوان و ده‌نگه‌شادی به‌خشه‌كه‌ی موكریان..!

( 1923_ 26/11/1988)
کوردستان TV
100%

گۆرانی فۆلكلۆری كوردی به‌شێكی به‌نرخ و دێرینه‌‌ له‌فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پووری نه‌ته‌وه‌یمان، گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ ‌به‌های لێوڕێژه‌ له‌ وشه‌ی ساده‌و تێكستی ڕه‌سه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ زۆرانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هاتووه‌،فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمانی داگیركه‌ر هه‌رگیز  نه‌یتوانیوه‌ زه‌فه‌ر به‌و هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌ ببات، به‌ڵكو ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر گه‌شانه‌وه‌ی به‌خۆدیووه‌، ئه‌ویش به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی ده‌نگبێژان و خۆشخوان و به‌یتبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌له‌ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌باری فۆلكلۆر و گۆرانی میللیی یه‌وه‌، ناوچه‌ی ( موكریان) ، ماوه‌ی (26) ساڵ به‌ده‌نگه‌ خۆش و شادی به‌خشه‌كه‌ی ، هونه‌رێكی ڕه‌سه‌ن ‌به‌زمانێكی پاراو و ساده‌ی خه‌ڵكی دێهات و گوندنشینه‌كانی كوردستان گۆرانی میللی چڕی وه‌،  به‌هونه‌ره‌ پڕ چێژو خه‌م ڕه‌وێنه‌كه‌ی گوێگری كه‌مه‌ندكێش كردووه‌و هه‌ست و نه‌ستی داگیركردوون و تامه‌زرۆیی بیستنی هونه‌ره‌ كاریگه‌ره‌كه‌ی بوون، (ئه‌گه‌ر ئاواز و مۆسیقایه‌ك كاری تێكردی ، ئه‌وه‌بزانه‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی لێ ده‌چۆڕێ، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ،كه‌مرۆڤ ده‌بێ به‌خه‌زێنه‌ی فۆلكلۆردا بزانێ) (1) .

ده‌نگ و تێكسته‌ فۆلكلۆرییه‌كانی ئاوێته‌ی ئامێره‌كانی مۆسیقا( كه‌مانچه‌و باڵه‌بان و زه‌ڕب) كردووه‌، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌رزه‌ی كه‌ هۆگران و عاشقانی گۆرانی به‌په‌رۆشه‌وه‌ شه‌یدای دیتن و بیستنی هونه‌ره‌كه‌ی بوون، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( مه‌لا حوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌) یه‌ .

حوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌ ئه‌حمه‌د ، له‌نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقاو گۆرانی و كۆڕی شایی و زه‌ماوه‌ند دا به‌ ( مه‌لا حوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌) نێوی ده‌ركردووه‌.

هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن ، له‌ساڵی ( 1302) ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به‌ ( 1923) ی زاینی، له‌ ئاوایی ( كانی تۆمار) ی سه‌ربه‌شاری ( بۆكان) له‌ئامێزی خانه‌واده‌یه‌كی ئایندار و مه‌لا له‌دایكبووه‌،

باوكی هونه‌رمه‌ند ( مه‌لا) بووه‌، كه‌ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی بخرێته‌ به‌رخوێندن ، باوكی ده‌ینێریته‌ ( حوجره‌) له‌مزگه‌وت ، وانه‌ی ئاینی بخوێنێ و له‌دواڕۆژدا ببێ به‌ مه‌لا، به‌ڵام ئه‌و هه‌ست و هۆشیی زیاتر بۆلای حه‌زو ئاره‌زووی خۆی ده‌ڕوات ئه‌ویش گۆرانی و مۆسیقایه‌ ، هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن هه‌رله‌منداڵییه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری به‌یت و به‌ندی كوردی ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئه‌وی تێدا ژیاوه‌ لێوان لێوبووه‌‌ له‌ هونه‌ری ڕه‌سه‌نی گۆرانی و حه‌یران و به‌سته‌ی ناوازه‌ی كوردی، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كوڕه‌ مه‌لا بووه‌و باوكی به‌هۆی مه‌لایه‌تییه‌كه‌یه‌وه‌ گوند و دێهاته‌كانی ناوچه‌ی موكریان گه‌ڕاوه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه‌و له‌هه‌ر ده‌ڤه‌ره‌ گۆرانی و به‌سته‌ی فۆلكلۆری فێربووه‌ و كردوویه‌تیه‌ توێشووی كاره‌ هونه‌رییه‌كانی،  هونه‌رمه‌ندی میللی ئیبراهیمی قادری به‌وشێوه‌یه‌ یاده‌وه‌رییه‌ شیرینه‌كانی سه‌رده‌می منداڵی خۆیی و هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن ده‌گێڕێته‌وه‌( هه‌ر له‌منداڵیمانه‌وه‌ ئاره‌زوومان له‌كه‌یف و به‌زمی هونه‌ریی كردووه‌ و هه‌میشه‌ به‌ده‌وری كاری هونه‌رییه‌وه‌ ئاڵابووین، زۆرجاران پێكه‌وه‌ له‌ئاهه‌نگی شه‌وانه‌ی ماڵان تا دره‌نگانی شه‌و پێكه‌وه‌ گۆرانیمان گوتووه‌ و دڵی میوان و ئاماده‌بوانمان خۆشكردووه‌ ) (2).

هونه‌رمه‌ند مه‌لا حوسێن له‌ته‌مه‌نی (30) ساڵیدا ، ساڵی (1953) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێ، له‌هه‌مان ساڵدا شوێنی نیشته‌جێ بوونی ده‌گۆڕێت و ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ گوندی ( ئیندرقاش) كه‌ (15) كیلۆمه‌تر له‌شاری مه‌هاباده‌وه‌ دووره‌ ، ( گوندی ئیند‌رقاش سه‌ربه‌شاروێرانی مه‌هاباده‌، هه‌رچه‌نده‌ گوندێكی بچووكه‌ به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندیه‌كی سه‌یری هه‌یه‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ زۆر ده‌نگبێژی به‌توانا و ده‌نگخۆش و ژه‌نیاری چاكی تێداهه‌ڵكه‌وتووه‌ ، یه‌كێك له‌و ده‌نگخۆشانه‌ وه‌ك ( حاجی حه‌مه‌ده‌ڕه‌ش) یه‌كێك بووه‌ له‌ده‌نگخۆشه‌كانی  ناوچه‌ی موكریان ،له‌ سه‌رده‌می هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) ، كاك سه‌عیدی ماملێ و حاجی حه‌مه‌ده‌ڕه‌ش له‌ موكریان و هونه‌رمه‌ند سه‌یدعه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستان له‌ ئه‌رده‌ڵان، هونه‌رمه‌ند مه‌لا حوسێن له‌یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانی ناوی ئینده‌رقاش دێنێ و ده‌ڵێ :

 ڕێحانه‌ی ده‌م ئاشیه‌ جه‌ژنه‌یه‌و چه‌ن خۆشیه‌

یاڕه‌بی به‌خێرێته‌وه‌ ، مه‌نیج ئیندرقاشییه‌) (3).

كاتێك هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن له‌گوندی ئیندرقاش نیشته‌جێ ده‌بێت و زیاتر به‌هونه‌ری ناوچه‌كه‌ ئاشنا ده‌بێت ، ئه‌ویش هه‌رله‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری فه‌قێیایه‌تی بووه‌ و به‌دوای كه‌یف و سه‌فا و هونه‌ری گۆرانی كه‌وتووه‌و ، له‌خۆڕادیووه‌ كه‌ ده‌نگی خۆشه‌و ده‌توانێ به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی دڵی ده‌وروبه‌ر و گوێگران خۆش بكات، لێره‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن واته‌ ساڵی (1953) .

له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ تێكه‌ڵاو به‌ دیوه‌خانی ماڵه‌ ئاغاكان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و هه‌وادارانی كه‌یف وسه‌فا ده‌بێت و گۆرانی ده‌خوێنێ،

هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن له‌كاتی ئاخاوتن و ده‌مودوودا ، زمانی باش گۆی نه‌كردووه‌، واته‌ زمانی گرتوویه‌تی و به‌زه‌حمه‌ت وشه‌كانی له‌زار هاتوونه‌ته‌ ده‌ر ، به‌ڵام خۆش به‌ختانه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ شاره‌زا و لێهاتووه‌ له‌چڕینی به‌سته‌ی شادی دا ، له‌كاتی گۆرانی خوێندنداهیچ گرفتێكی نه‌بووه‌ و زۆر به‌باشی و ڕه‌وانی  وشه‌كانی گه‌یاندۆته‌ گوێی بیسه‌ر و گوێگر،ئه‌وه‌ش به‌هره‌یه‌كه‌ كه‌په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیوه‌،

( مەلاحوسێن لە گوتنەوەی گۆرانییە گشتەکاندا زۆر شارەزا بووە، ئەو کە لە قسەکردندا زمانی دەگیرا و وشەکانی جوان بۆ نەدەهاتە سەر زمان بەڵام لە کاتی چڕینی گۆرانیدا هیچ گرفتێکی نەبوو، ئەوە بەو مانایه‌ش نییە کە لە گوتنەوە گۆرانییەکانی تردا شارەزا نەبووبێ بەڵکوو لە هەرچەشنە جۆری گۆرانی گوتندا مامۆستا بوو، خەزێنەیەک بوو لە وشە و هەڵبەستی کوردی) (4).

هونه‌رمه‌ند له‌نێو خه‌ڵكیدا ده‌ناسرێت و كه‌سێكی ده‌نگخۆش و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی سه‌نگین و قسه‌ خۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌و متمانه‌پێكراوخۆشه‌ویستی گشت خه‌ڵك بووه و‌، په‌یوه‌ندی زۆری له‌گه‌ڵ خه‌ڵك دا په‌یداكردووه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی گوندی ئیندرقاش نزیكی شاری مه‌هاباد بووه‌ ، هونه‌رمه‌ند ده‌چێته‌ شاری مه‌هابادو ، له‌وشاره‌دا به‌خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌نی ماملێ و محه‌مه‌دی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) ده‌گات و پێوه‌ندی برایانه‌و هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا په‌یدا ده‌كات تا دواساته‌كانی ژیانی.

له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌نی ماملێ و محه‌مه‌دی ماملێ و حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئیبراهیمی قادری ) دوای ئاشنابوون به‌یه‌ك و ئه‌وانیش ده‌زانن كه‌مه‌لاحوسێن  هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه‌و خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌رزه‌ و شاره‌زایی زۆریی هه‌یه‌ له‌بواری فۆلكلۆردا، پێكه‌وه‌ كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

هونه‌رمه‌ند مه‌لا حوسێن به‌یه‌كێك له‌ هونه‌رمه‌نده‌ شایی و زه‌ماوه‌ندگێڕه‌كانی كورده‌واری ناسراوه‌ ، له‌ گۆرانییه‌كانیدا جوانترین به‌نده‌ فۆلكلۆرییه‌كانی خوێندووه‌، هونه‌رمه‌ند میوانێكی به‌ئه‌مه‌كی سه‌ر سفره‌و خوانی فۆلكلۆره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ناوچه‌كه‌ی خۆی بووه‌، هه‌رچی له‌كۆڕی به‌زم و شایی وزه‌ماوه‌ندا به‌زاری دا هاتبێت نه‌یوتۆته‌وه‌، هونه‌ره‌ به‌رزو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی بۆته‌ قوتابخانه‌یه‌ك له‌وشه‌ی پاراو بۆ هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژانی دوای خۆی، واته‌ هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌ به‌پێشه‌نگی هونه‌رمه‌ندانی میللی ده‌ژمێردرێت،

كه‌سایه‌تیه‌ك بووه‌ هه‌میشه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌ له‌هونه‌ره‌كه‌ی خۆی ڕوانیوه‌ و بۆته‌ خۆشه‌ویستی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌دی ماملێ) له‌مه‌جلیس و دیوه‌خانه‌كاندا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ هه‌میشه‌ به‌شانازییه‌وه‌ نێوی بردووه‌.

له‌ساڵی (1962) كاتێك ڕادیۆی كوردی كرماشان داده‌مه‌زرێت،هونه‌رمه‌ند چه‌ندجارێك له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رانی ‌ڕادیۆی كرماشانه‌وه‌ بانگهێشت ده‌كرێت و چه‌ند به‌رهه‌مێك تۆمارده‌كات،

دوای زیاتر ده‌ركه‌وتنی و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ڕێی ئاهه‌نگ و ڕادیۆوه‌، هونه‌رمه‌ند مه‌لا حوسێن به‌شداری ته‌واوی فیستڤاڵی شاره‌كانی ئێران وه‌ك (  شیراز، شه‌هاباد و كرماشان) له‌ته‌ك هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌( محه‌مه‌دی ماملێ ، قاله‌ مه‌ڕه‌ ، عه‌زیز شارۆخ ، ڕه‌سوڵی نادری) ده‌كات.

له‌ساڵی (1963) هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن به‌یاوه‌ری هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ و هاشمی فیدایی) له‌ڕادیۆی تاران به‌هاوكاری ئۆركێسترای ئازه‌ری گۆرانی تۆمارده‌كات.

هه‌ركاتێك چووبێته‌ هه‌ركۆڕو شایی و زه‌ماوه‌ندێكه‌وه‌، به‌عه‌شقێكی بێ وێنه‌وه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆش و به‌یت و به‌نده‌ جوان و سه‌نگینه‌كانی زه‌ماوه‌نده‌كه‌ی پڕجۆش و خرۆشتر كردووه‌، هونه‌رمه‌ندێكی به‌ئاگابووه‌ له‌كاتی چڕینی گۆرانیدا و هه‌روه‌هاله‌ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، زۆر حه‌زی به‌دڵگه‌رمیی كیژو كوڕانی شایگێڕ كردووه‌ كه‌ به‌جوانی ڕیزی ڕه‌شبه‌ڵه‌ك ڕێكبخه‌ن، ئه‌گه‌ر چۆپی كێش له‌ ڕیتمی شێوازی هه‌ڵپه‌ڕكێ لایدا و شێواندی، هونه‌رمه‌ند زۆر وه‌ستایانه‌و لێزانه‌ به‌به‌ند هوشیاری كردۆته‌وه‌، گوایه‌ زۆرجاران هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن چۆپی كێشی تایبه‌ت به‌خۆی بردۆته‌ سه‌ر داوه‌ت و زه‌ماوه‌نده‌كان ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌ناوچه‌ی موكریان زۆر گرنگی به‌ شێوازه‌كانی هه‌ڵپه‌ڕكێ ( سێ پێی، ڕۆینه‌، چه‌له‌پایی و گه‌ڕانه‌وه‌) دراوه و ، ‌هونه‌رمه‌ند مه‌لا حوسێن به‌م كاره‌ی مه‌به‌ستی بووه‌ گه‌نجه‌كان ئه‌و هونه‌ره‌ ڕه‌سه‌نه‌ی میلله‌ته‌كه‌یان فه‌رامۆش نه‌كه‌ن و به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌و هونه‌ره‌ بڕوانن، هونه‌رمه‌ند به‌و شێوه‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌ره‌كه‌ی  زیاتر سه‌رنج و هۆشی خه‌ڵكی بۆلای خۆی ڕاكێشاوه‌  و خه‌ڵك به‌تامه‌زرۆیی و به‌عه‌شقێكه‌وه‌ به‌شداربوون له‌ئاهه‌نگه‌كانی هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن.     

له‌ساڵی (1971) كه‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد داده‌مه‌زرێت،مه‌لاحوسێن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی و هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌كه‌ ده‌بنه‌ هه‌وێنی زیاتر سه‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه‌ ، به‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان گڕو تینێكی به‌رزی هونه‌ری ده‌به‌خشنه‌ گوێگران و بیسه‌رانی ڕادیۆی مه‌هاباد، مه‌لاحوسێن چه‌ندین به‌رهه‌م له‌وڕادیۆیه‌ تۆمارده‌كات، ئه‌و گۆرانیانه‌ بۆته‌ مایه‌ی خۆشیی و شادی و خه‌مڕه‌وێنی خه‌ڵكی كورد ،

كارو تێكۆشانی هونه‌ری مه‌لا حوسێن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان  ( محه‌مه‌دی ماملێ و ئیبراهیمی قادری) به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌و ئاهه‌نگانه‌دا به‌رده‌وام ئاوازی نوێی چڕیوه‌، چونكه‌ لێزان و لێهاتوو شاره‌زابووه‌ له‌هونه‌ره‌كه‌یدا و هه‌موو كات خۆشیی و شادی وچێژی به‌خشیوه،

‌له‌ساڵی ( 1979) به‌بۆنه‌ی ( شه‌وی یه‌ڵدا)  وه‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد ، به‌رنامه‌یه‌كی قه‌شه‌نگ و لێوانلێو له‌ ده‌نگی ڕه‌سه‌ن و پڕچێژی كورده‌واری پێشكه‌ش‌ به‌ بیسه‌ران و گوێگره‌ خۆشه‌ویسته‌كانی ده‌كات، له‌وبه‌رنامه‌یه‌دا هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و شانۆكار ( سه‌ید ڕه‌حیمی قوڕه‌یشی ) پێشكه‌شكاری ئه‌و به‌رنامه‌ ڕه‌نگینه‌ بووه‌، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( محه‌مه‌دی ماملێ ، مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌ ، عه‌زیز شارۆخ ) به‌ده‌نگه‌ خۆش و پاراوه‌ كوردییه‌كه‌یان گۆرانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار ( ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد، له‌وسه‌رده‌مه‌دا سه‌رۆكی به‌شی مۆسیقای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی مه‌هاباد بووه‌ ، به‌ئامێری ڤیۆلۆن ، محه‌مه‌د دانش_ ئامێری عوود،به‌همه‌نی مه‌تڵوب _ ئامێری تار ، فاروقی مه‌تین_ ئامێری سه‌نتوور ، حوسێنی ڕه‌هبه‌ر _ ئامێری زه‌ڕه‌ب، هه‌روه‌هابه‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ندی شانۆكار و قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب(بیوك خانباغی).

دیارترین له‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌ كه‌ به‌ته‌نیا و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان خوێندویه‌تی ، كه‌هه‌ریه‌كه‌یان گه‌وهه‌رێكن و له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی مۆسیقاو گۆرانی میللی دا پێگه‌یه‌كی به‌رزی هونه‌رییان هه‌یه‌، كۆی گۆرانییه‌كانی به‌ (103)  له‌ (11) كاسێتدائه‌ژماركراوه‌، گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند

 ( كوڵه‌نجه‌كه‌ی مۆره‌ ،گریانم دێ _ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ، كۆڵوانه‌سوور ، ده‌نكه‌ ده‌نكه‌ی باران، گیان و گیانه‌كه‌م ، خرینگه‌، هه‌سته‌ بابڕۆین بۆداوه‌تێ، جه‌لسه‌ ، لانكۆڵه‌كه‌ی ، هه‌ی خه‌جیله‌و خانم ، جوانه‌ جوانه‌، سه‌رده‌مه‌كه‌ی خارایه‌، زاواله‌بوكێ مه‌ده‌ ، ده‌وه‌ره‌ وه‌ره‌ ڕووبه‌خاڵ، ئۆخه‌ی چت كرد گوڵه‌كه‌م ، خه‌مخۆری نازه‌نینم،  یاره‌كه‌م مه‌لازاده‌یه‌، كه‌تانه‌ ، جوانی جوانی ، ئه‌ی دكتۆر ، ئه‌سمه‌ران دولبه‌ران ، نازنازداره‌، ئاخ مه‌له‌ك بۆ واده‌كه‌یت _ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیمی قادری، ده‌ڕژێ ده‌ڕژێ و سێوه‌ لاسووره‌ و ده‌سماڵێ _ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ) .

هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن جیا له‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و لێزان و بلیمه‌ت بووه‌ له‌ خوێندنی گۆرانیدا ، گوایه‌ شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێری مۆسیقاشدا هه‌بووه‌،له‌وباره‌یه‌وه‌، هونه‌رمه‌ندو مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د نوسیویه‌تی ( هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن ده‌ستی ژه‌نینی ئامێری ( شمشاڵ) ی هه‌بووه‌، گه‌لێ جار پێشبڕكێی  شمشاڵژه‌نینی له‌گه‌ڵ شمشاڵژه‌نی به‌نێوبانگی كوردستان ( قاله‌مه‌ڕه‌) دا كردووه‌ ، هه‌روه‌ها له‌ئامێری( ده‌ف) ی ده‌روێشی دا وه‌ستابووه‌، ئه‌م ده‌فژه‌نینه‌ش له‌خزمه‌ت ( شێخ عوسمانی بیاره‌) دا فێربووه‌و هه‌رله‌گه‌ڵ ئه‌ویش دا دووجار بۆ ( حه‌ج ) چووه‌) (5).

له‌دوای سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌ساڵی (1979) ، هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌، له‌كۆتایی ئه‌وساڵه‌دا به‌خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی شاری مه‌هاباد به‌جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته‌ شاری ( تاران) له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بێت، له‌وكاته‌وه‌ ئه‌م بولبوله‌ خۆشخوانه‌ ، خاوه‌ن ئه‌و هونه‌ره‌ خۆڕسكه‌ بێ خه‌وشه‌ له‌كۆڕو به‌زمی هونه‌ری دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌شاری تاران درێژه‌ به‌ژیانی تایبه‌تی خۆی ده‌دات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دوای (9) ساڵ ژیان دوور له‌ نیشتمان و زێده‌كه‌ی ، له‌ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ڕێكه‌وتی ( 26/11/1988) له‌ته‌مه‌نی (65) ساڵیدا، به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵ، ژیانئاوایی  له‌ هونه‌ر و شاری مه‌هاباد و دۆستان و ئازیزانی ده‌كات، ته‌رمی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ كۆڕ و شایی و زه‌ماوه‌ندگێڕه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ شاره‌ جوانه‌كه‌ی مه‌هاباد و له‌گۆڕستانی شاری مه‌هاباد به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌سپێرن.له‌ماوه‌ی (26) ساڵی تێكۆشانی هونه‌ریدا هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌،كۆمه‌ڵێك گۆرانی شاد وناوازه‌ی بۆ به‌جێهێشتووین و به‌هونه‌ر و ده‌نگه‌كه‌ی هه‌میشه‌ له‌كۆڕی شادیدا ئارامیی و به‌خته‌وه‌ریمان پێ ده‌به‌خشێت، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاكی  و ،سڵاو له‌مێژووی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن و یاد و یاده‌وه‌رییه‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێزبێت.

جه‌مالی ده‌لاك  19/4/2022 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌ :

كتێبی ، خه‌زێنه‌ی هه‌رمان توێژینه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆر  ،چاپی دووه‌م ، نووسه‌ر : سه‌لاح نیساری ، لاپه‌ڕه‌( 11).

 مه‌لاحوسێنی عه‌بدوڵڵازاده‌ بولبولێك له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ، خه‌لیل عه‌لی ، سایتی هه‌ولێر ، (11/4/2021).

 په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك( هیدایه‌ت جان) خه‌ڵكی گوندی ( قوم قه‌ڵا) ی نزیك ئیندرقاش، له‌ڕێكه‌وتی 13/4/2022.

په‌یوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز كاك( وریای ماملێ) ، له‌ڕێكه‌وتی 12/4/2022.

كتێبی  كه‌شكۆڵی نووسینه‌كانم ، وریا ئه‌حمه‌د ، لاپه‌ڕه‌( 511) .

سوپاس و ستایشی بێ پایانم  بۆ برایانی هێژا ( وریای ماملێ ، هونه‌رمه‌ند ئه‌ره‌ستۆ سوهرابی له‌شاری بۆكان، هیدایه‌ت جان) دوای پێوه‌ندیی پێوه‌كردنیان، زۆر به‌لوتفه‌وه‌ به‌زانیارییه‌كانیان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند مه‌لاحوسێن عه‌بدوڵڵازاده‌ ، هاوكارییان كردم ( ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.