هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌هه‌موو بواره‌كانی هونه‌ردا به‌گشتی و ، بواری گۆرانی و مۆسیقا به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی و له‌لوتكه‌ی خه‌مخۆرییان بۆ هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان تێكۆشان و زه‌حمه‌ت و ماندوبوونێكی زۆریان چه‌شتووه، هه‌میشه پێویسته به‌وپه‌ڕی حورمه‌ت و ڕێزه‌وه له هونه‌ره‌كه‌یان بڕواندرێت،
كه‌م نین ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ده‌ستپێكی كاری هونهرییانهوهبهوپهڕی دڵسۆزیی و خه‌می به‌رزڕاگرتن و پاراستنی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌نگاوی بۆ دنیا جوان و پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و ئاواز‌و گۆرانی ناوه، تازیاتر ڕۆنه‌چینه ناو ئه‌و دنیا پڕ ههورازو نشێوه‌ی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌رییانه‌وه ، ئه‌وكات بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت بۆ چ مه‌رام و مه‌به‌ستێك ئه‌وڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ریان گرتۆته به‌ر..!
ده‌ڤه‌ری ئامێدی ، ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ی كه له‌هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له‌باری مێژوو و فه‌رهه‌نگ و كلتوورهوه گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌نده ، زێدی میر و جوانخاس و ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیران بووه، به‌ڵام له‌لایه‌نی هونه‌ری گۆانییهوه، هیچی كه‌م نییه له‌چاو بواره‌كانی دیكه كه‌بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی دهڵهمهندبوونی مێژووی ئه‌و ناوچه سه‌ركه‌ش و دڵڕفێنه‌ی كوردستان ، شاری ( ئامێدی) ، هه‌ركات باسی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌ده‌ڤه‌ری بادینان بكرێت ، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ده‌نگبێژ و لاوكبێژ و مۆسیقاژه‌نی به‌توانا ناویان به‌رجه‌سته ده‌بێت ، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت ناوی دوو هونه‌رمه‌ندی نه‌مری شاری ئامێدی هونه‌رمه‌ندان ته‌حسین ته‌ها 25/10/1941 _ 28/5/1995) و ( عه‌بدوڵڵا زێرین 1956_ 28/5/2011) نه‌هێندرێت و لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند فه‌رامۆش بكرێت.
وه‌ك ڕێز‌و وه‌فایه‌ك بۆ مێژووی پڕ به‌خششی (40) ساڵ خزمه‌تكردن به پاراستنی زمانی شیرینی كوردی و، ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی گه‌نجینه‌ی مۆسیقا و گۆرانی ، له‌ڕێی ده‌نگی به‌سۆزی هونه‌رمه‌ند (عه‌بدوڵڵا زێڕین) ه‌وه یادێك به‌نێو ئه‌ومێژووه پڕ به‌خششه‌ی ژیانی تایبه‌تی و كاره هونه‌رییه‌كانیدا بكه‌ین و بخه‌ینه بهردییهی خوێنه‌ر و هه‌وادار و هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان .
باپێكه‌وه ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه تژی له‌به‌رهه‌می نایاب ، عه‌بدوڵڵا زێڕین بناسین..!
هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدوڵڵا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئامێدی) ناسراو به عه‌بدوڵڵا زێڕین ، له‌ساڵی (1956) له‌خانه‌واده‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش و تێكۆشه‌ر ، له‌شاری ئامێدی چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه ، باوكی هونه‌رمه‌ند وه‌ستایه‌كی ده‌ست ڕه‌نگین و ناوداری ئامێدی بووه له‌پیشه‌ی ( دارتاش) ی‌دا.
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1962) له‌قوتابخانه‌ی ( قوباد) خراوهتهبهرخوێندنی قۆناغی سه‌ره‌تایی، به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی زێده‌كه‌ی له‌بواری هونه‌ری لاوك و به‌سته و سترانه‌وه، عه‌بدوڵلا له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی به‌سۆزو چریكه‌ی خۆش و به‌جۆشی ئه‌و هونه‌رمه‌ند و ده‌نگبێژانه‌ی له و سه‌رده‌مه‌دا پێشه‌نگ و سوارچاكی ئهوبوارهبوون ، ئه‌و هه‌سته له‌ناخیدا چرۆده‌كات و ڕۆژبه‌ڕۆژ هه‌ست و سۆزی بۆ هونه‌ری ستران چڕین گه‌شه‌ده‌كات ،
له‌ساڵی (1969) له ئامێدی ئه‌وشاره‌ی هه‌میشه به‌سه‌ر چیاوه له‌جوانیه‌كانی ژیانی ڕوانیوه ، تیپێكی مۆسیقی داده‌مه‌زرێت به‌ناوی ( تیپا ئیكهتیاپالا) (1) ، هونه‌رمه‌ند ده‌بێته ئه‌ندامی ئه‌و تیپه و كاری هونه‌رییان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجام ده‌دات.
به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن هونه‌رمه‌ند له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی ده‌چێته قوتابخانه‌ی ( فراقد) له‌شاری موصڵ،
ناوی ( زێڕین) بۆ بۆته پاشگر و نازناوی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ڕووخۆش و هه‌رده‌م به‌خه‌نده‌یه ..؟!
محه‌مه‌د ئامێدی ، برای هونه‌رمه‌ند ئه‌و یاده‌وه‌رییه دهگێڕێتهوهكه چۆن ئه‌و نازناوه‌ی پێبه‌خشراوه‌و بۆته نازناوی هونه‌ری عه‌بدوڵڵا زێڕین..!
( عه‌بدوڵڵای ڕه‌حمه‌تی پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی بوو له قوتابخانه‌ی ( فراقد) له( نه‌بی یونس) ، ( عه‌لی ئیحسان) به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكی قوتابخانه‌كان بوو، ڕۆژێك ده‌چێته قوتابخانه‌كه‌یان و ده‌پرسێت كێ ده‌زانێ سترانی كوردی بخوێنێ..؟ عه‌بدوڵڵای ڕه‌حمه‌تی سترانی وابزانم ( شیرین ده‌لال) ی بۆ ده‌خوێنێ ، ئه‌ویش زۆر سه‌رسام ده‌بێت به‌و دهنگهخۆشهو شێوازی چڕینی گۆرانییه‌كه ، له‌وێدا پێی ده‌ڵیت( تۆخاوه‌نی ده‌نگێكی زێڕینی) له‌وكاته‌وه ناوی زێرین ده‌بێته نازناوی و به‌و ناوه‌وه ده‌ناسرێت) (2).
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ته‌مه‌نی (13) ساڵییه‌وه وه‌ك ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ند ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ناسرێت ، هونه‌رمه‌ند جگه له‌به‌هره‌ی دهنگخۆشییكهی ، عه‌شق و خولیا و به‌هره‌ی نواندنیشی هه‌بووه ، له‌ساڵی (1970) ده‌چێته شاری دهۆك ، له‌وشاره‌دا په‌یوه‌ندی ده‌كات به تیپی مۆسیقا و شانۆی (11ی ئادار) و ده‌بێته ئه‌ندام ،
له‌وسه‌رده‌مه‌دا كه هونه‌ر به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه بۆ پیاو له‌ڕوانگه‌ی خه‌ڵكه‌وه كارێكی نه‌شیاو و گونجاو نه‌بووه‌و زۆر جاران كه‌وتونه‌ته به‌رتانه‌و ته‌شه‌ر ، بێگومان ئه‌وه بۆ ئافره‌ت و كچی كورد بڤه‌و قه‌ده‌غه بووه ، هه‌روه‌ك چۆن له‌شاری سلێمانی و هه‌ولێر چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی پیاو ، له‌نمایشی شانۆ و دراماكاندا له‌به‌ر نه‌بوونی هونه‌رمه‌ندی ئافره‌ت، ڕۆڵی ئافره‌ت و كچیان لهشانۆكاندا بینیوه، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێرین له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه‌دا له‌چه‌ند كارێكی شانۆیی به‌شداربووه و ڕۆڵی ئافره‌تی به‌سه‌ركه‌وتوویی بینیوه،
( لسالا 1970 ئه‌ز هاتمه دهۆكێ ولگهل تیپا (11ی أدارێ ) یا موسیقی و شانۆی و بویمه ئه‌ندامی ڤێ تیپێ و چه‌ند شانۆگه‌رییه‌ك مه پێش كێش كرن ، لبن ناڤێ بزاڤا قوتابیا ( نضال الطلبه) و ئوتیلا سحركهر ( الفندق المسحور ) و دوو شاهی ( الزوجان) ، ئهزبوم و نزار بزاز ، ده‌شتی شهاب ، جمیل زكری و زیره‌ك و گهلهكێت دی ژههڤالان باش بیرا من ناهێت) (3) .
له‌ڕێی كاری نواندن و ده‌نگه خۆشه‌كه‌یه‌وه ، له‌نێو خه‌ڵكیدا هونه‌رمه‌ند ده‌ناسرێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شاعیران و هونه‌رمه‌نداندا دروست ده‌كات ، ئه‌و په‌یوه‌ندی و ناسینه ده‌بێته هه‌وێنی سه‌ركه‌وتنی له‌دنیای هونه‌ر ،
له‌ساڵی ( 1971) هونه‌رمه‌ند به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی ستران ، ده‌چێته شاری موصل، یه‌كه‌م به‌رهه‌می خۆی به‌ناوی ( شیرین ده‌لال) له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( شێرزادمحهمهد سه‌عید) له‌ته‌له‌فزیۆنی موصل تۆمارده‌كات، ئه‌و گۆرانیه به‌هۆی تێكست و میلۆدی و ئه‌دای چرینی به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی له‌نێو جه‌ماوه‌ر و هۆگرانی سترانی كوردی زۆر به‌زوویی كه‌وته به‌رگوێ و هه‌ستی گوێ‌گران.
ساڵی (1974) شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید، براگه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ده‌خوێنێ و دوای خوێندنه‌كه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا كارده‌كات، پێشتر په‌یوه‌ندی هاوڕێیانه‌و هونه‌رییانه له‌نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( عه‌بدوڵڵا زێرین و شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید) هه‌بووه، ئه‌وه ده‌بێته ده‌رفه‌تێك بۆ عه‌بدوڵڵا زێڕینی هونه‌رمه‌ند بچێته به‌غداو له‌ڕێگه‌ی شێرزاده‌وه بچێته ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ژماره‌یه‌ك ستران له‌ڕادیۆی ناوبراو تۆماربكات و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاببێته‌وه، هونه‌رمه‌ند له‌هه‌مان ساڵدا (1974) به‌بۆنه‌ی ڕۆژی ( هونه‌ر) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئایاز زاخۆیی و سه‌میر زاخۆلی) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر، به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) له هۆڵی ( خولد) له‌به‌غدا به‌چه‌ند گۆرانییه‌ك به‌شدار ده‌بێت.
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ساڵی (1976) بڕوانامه‌ی دبلۆمی له‌په‌یمانگای فێركردن و ڕاهێنانی ڕادیۆیی و ده‌رهێنانی مۆسیقا به‌ده‌ست هێناوه ، دوای تۆماركردنی ئه‌و چه‌ند به‌رهه‌مه له‌ڕادیۆ ، ده‌بێته كارمه‌ندی ڕادیۆی به‌غدا به‌شی عه‌ره‌بی ، له‌م بواره‌دا گه‌لێك زانیاری له‌سه‌ر تۆماركردن به‌ده‌ست ده‌هێنێت ، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێكی زۆر باشیش بووه كه‌له‌نزیكه‌وه به‌دیداری زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری ئه‌وسه‌رده‌مه بگات كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵیان ئه‌نجام بدات، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( عه‌لی مه‌ردان ، محه‌مه‌د عارف جزیری ، حه‌سه‌ن جزیری ، عیسی به‌رواری و ته‌حسین ته‌ها ، فوئادئهحمهد، ئه‌حمه‌د خه‌لیل و سه‌میر زاخولی ) ، ئه‌و قاڵبوونه‌وه‌یه له‌و ژیانه پڕ كار و دڵسۆزییهبۆ هونه‌ره‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند تێكه‌ڵاوی زۆرێك له شاعیران ده‌بێت و سوود لههۆنراوهكانیان وه‌رده‌گرێت و له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه ئه‌و تێكستانه له‌چوارچێوه‌ی میلۆدیی به‌سۆزه‌وه ده‌گه‌یه‌نێته هه‌واداره‌كانی .
شاعیرانی وه‌ك ( سه‌بری بۆتانی ، حافزمائی ، مهحفوزمائی، موئهیهدتهیب، ڕێكیش ئامێدی ، عه‌بدلعه‌زیز خه‌یات، جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ، كه‌ریم به‌ده‌ل ، عه‌لی وهیسیهێڤی به‌رواری ، محسین قۆچان ، سه‌گڤان عهبدلحهكیم و عه‌بدوڵڵا ئامێدی ) ، هه‌روه‌ها پێویسته ئاماژه به‌ڕۆڵی دڵسۆزانه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئاوازدانه‌رانه بده‌ین كه هاوكار و پشتیوان بوون بهئاوازهكانیان له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی هونه‌ری عه‌بدوڵڵا دڵسۆز ( مینا ئه‌حمه‌د خه‌لیل ، شێرزاد محه‌مه‌د سه‌عید، سه‌میر زاخولی ، عه‌دنان زه‌نگه‌نه) ، هونه‌رمه‌ند له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه تا دواساته‌كانی ژیانی زیاتر له (100) سترانی خستۆته سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، جگه‌له‌و ئاوازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌وه پێیدراوه ، خودی هونه‌رمه‌ندیش ئاوازی بۆ زۆرێك له‌گۆرانییه‌كانی خۆی داناوه،
له‌نێو دنیای هونه‌ری ستران و ئاوازی كوردی هونه‌رمه‌ند زۆر سه‌رسام بووه به‌ده‌نگی گه‌وره هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری ) و هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها) له‌كاره هونه‌رییه‌كانیدا زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ته‌حسین ته‌هادا بووه، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ته‌حسین ته‌ها و عه‌بدوڵڵا زێڕین ) نموونه‌ی دوو هونه‌رمه‌ند زیندوو، دوو ده‌نگی زوڵاڵ كاریگه‌ری ده‌ڤه‌ری ئامێدین و كه‌جێی شانازی ده‌ڤه‌ره‌كه‌و هه‌موو كوردستانن.
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ، كه‌سێكی ساده‌و خاكی ، خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی خوڕه‌وشت به‌رزو ڕۆشنبیر و ڕاستگۆ ومتمانه به‌خۆ و دڵسۆز به‌هونه‌ره‌كه‌ی و، هه‌میشه له‌خه‌می هونه‌ره‌كه‌یدا بووه ، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ یه‌كخستن و یه‌كڕیزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ته‌رخانكردووه و ، سترانه‌كانی په‌یوه‌ستن به هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و ئه‌وینداری، هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی خۆشه‌ویستی نێو خه‌ڵك و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی بووه ، په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ده‌ڤه‌ری بادینان دا هه‌بووه به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندان ( سه‌میر زاخۆلی و ئه‌یاز و ئه‌رده‌وان زاخۆیی)
له‌ساڵی (1979) ساڵێكی دره‌وشاوه بووه بۆ هونه‌رمه‌ند ، ئه‌لبومێكی گۆرانی تۆمارده‌كات و بڵاوده‌كاته‌وه، لهوبهرههمهدا (5) هۆنراوه‌ی مه‌حفوز مائی شاعیر ده‌كاته گۆرانی و ناوبانگێكی زیاتر له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا ده‌رده‌كات. یه‌كێك له‌و گۆرانیانه كه ناوبانگێكی زۆری له‌ناو جه‌ماوه‌ردا په‌یداكرد، گۆرانی ( وه‌ی لۆلۆ ده‌لال) له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند ( گوڵبه‌هار ) پێكه‌وه خوێندویانه‌و له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ستۆدیۆی ( زێرین) و تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری ...!
له‌كردنه‌وه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ته‌له‌فزیۆنه‌كانی به‌غدا و كه‌ركوك ،تۆماركردنی به‌رهه‌می هونه‌ری بۆهونهرمهندانی كورد ئه‌وه‌نده ئاسان نه‌بووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ت و خۆشه‌ویست و خۆنه‌ویستیه‌ی هونه‌رمه‌ندان ته‌نها مه‌به‌ستیان خزمه‌تكردن بووه به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان و دوای زه‌حمه‌تێكی زۆر خۆیان گه‌یاندۆته به‌غدا ، كه‌چی له‌لایه‌ن كه‌سانی شۆڤێنیستهوهزۆرجار له‌مپه‌ر و كێشه له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان بۆدروست كردوون و زۆر ئازاری ده‌روونیان داون و چه‌ند رۆژێك كاره‌كانیان دواخستوون..؟! له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كارانه به‌رامبه‌ر هونه‌رمه‌ندان ده‌كرا ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌و خه‌مه‌وه ، بیرۆكه‌یه‌كی لا گه‌ڵاڵه ده‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی ستۆدیۆیه‌ك له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا داده‌نێت و زۆركاری هونه‌ری بۆهونه‌رمه‌ندان به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش تۆماركردووه، ئه‌وه‌ش خه‌سڵه‌تێكی جوانی لێوان لێو لهدلسۆزییه بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی له‌ده‌ڤه‌ری بادینان، دوای ئه‌وه‌ی كه ئه‌وبه‌رهه‌مه له‌ڕووی هونهرییهوهجوان ده‌رچووه و تۆماركراوه به‌شێوه‌ی ئاماده‌كراو بردوویانه‌ته ڕادیۆ تا بڵاوبكرێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای دهۆك داده‌مه‌زرێت به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند ( دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید) ، له‌ساڵی (1983) وه هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ده‌بێت ئه‌ندامێكی چالاكی تیپی ناوبراو و، له‌هه‌موو ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای دهۆك به‌شداریكردووه،
هونه‌رمه‌ند شاره‌زایی هه‌بووه له‌ژه‌نینی ئامێری ( عوود و ساز) له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا عه‌بدوڵڵا زێڕین (40) گۆرانی بۆ ڕادیۆ و ( 15) گۆرانی بۆتهلهفزیۆنی كه‌ركوك تۆماركردووه،به‌ڵام به‌ڕێز ( هاشم جه‌باری ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به ( 19) گۆرانی داوه كهلهتهلهفزیۆنی كه‌ركوك دا پهخشكراوون (4) .
هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای دهۆك له‌ساڵی (1984) گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات به‌ناوی ( وارێ خوه به‌رناده‌ین) له‌ئاوازی خۆیی و هۆنراوه‌ی ( هوشیار ڕێكانی) ناوه‌رۆكی تێكست و ئاوازه‌كه سیاسی یه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كه بۆ رژێم كه‌هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت واز له وڵاتی خۆمان ناهێنین،
( وارێ خوه به‌رناده‌ین ، هێرشان ئه‌م دێ كه‌ین
دێ شكێنین دوژمنان دا بژین سه‌رفراز).
وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ری له‌دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) وه به‌گوڕتر و به‌جۆش و خرۆشێكی تره‌وه له‌ودنیا ئازادییه‌دا هاتۆته‌وه مه‌یدان و كار و چالاكی نوێی خوڵقاندووه ، له‌ده‌ڤه‌ری بادینان به‌گشتی و شاری دهۆك ته‌له‌فزیۆنێك به‌ناوی ( خه‌بات) ده‌ست به‌په‌خش و كاری ڕاگه‌یاندن ده‌كات ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین به‌ومه‌به‌سته‌ی خزمه‌ت به‌به‌رنامه‌و پرۆگرامه‌كانی ئه‌و ته‌له‌فزیۆنه بكات ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری ئه‌و ده‌ڤه‌ره تیپێكی مۆسیقاپێك دێنن و ناوی ده‌نێن ( تیپی مۆسیقای زێڕین) چه‌ندین كاری هونه‌ری بۆ هونه‌رمه‌ندان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
دوای گه‌شتكردنی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( دلشاد محه‌مه‌د سه‌عید) بۆ هه‌نده‌ران ، هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین به‌هاوكاری ( جه‌میل ئیبراهیم عیسی) له‌ڕووی كارگێرییه‌وه تیپی مۆسیقای دهۆك به‌ڕێوه ده‌به‌ن، تا دوای ڕاپه‌ڕین ،
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌ساڵی (1996) كوردستان به‌جێدێلێت و ڕوو ده‌كاته هه‌نده‌ران و له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا) نیشته‌جێ ده‌بێـت،
دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی مانه‌وه ( اقامه) له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا ، به‌گوڕو تینێكی زۆره وه به‌شداری ده‌كات له‌بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌كاندا و چه‌ندین ئاهه‌نگ له‌ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی ئه‌وروپا سازده‌كات، هه‌روه‌ها دوو ئاهه‌نگیش له كیشوه‌ری ئه‌مریكا.
ماوه‌ی (10) ساڵ ژیان به‌ڕێكردن له تاراوگه‌و ژیانی غه‌ریبی ، هونه‌رمه‌ند هه‌میشه بیر و هزری له‌لای زێد و نیشتمانهكهیهتی و چونكه ده‌ردی غه‌ریبی ده‌ردێكی كوشنده‌و مردنێكی له‌سه‌ره‌خۆیه ، به‌رده‌وام بیری له‌لای په‌نده كوردییه‌كه بووه ( به‌رد له‌جێی خۆی سه‌نگینه) هونه‌رمه‌ند له‌غوربه‌تدا بهسترانێك ئه‌و ههستهگڕگرتووهی بۆوڵات ده‌رده‌بڕێت و داواده‌كات كه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ كوردستان و وڵات و گوند‌و شارۆچهكهو شاره‌كانمان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه و هه‌موو پێكه‌وه ئاڵاجوانهكهی كوردستان بهرزتربكهینهوه،هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستی نیشتمان دوای ده‌ساڵ ژیان له‌تاراوگه ساڵی (2006) ده‌گه‌ڕێته‌وه نێو ئامێزی نیشتمانهكهیی و به‌هه‌مان نه‌فه‌س و خۆشه‌ویستی بۆ خاك و زمان و هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌چالاكی هونه‌ری ،
هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب) سه‌رله‌نوێ تیپی مۆسیقای دهۆك دادمهزرێننهوه و ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه به‌چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان.
هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2008) له‌سه‌ر میلاكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و هونه‌ری دهۆك / ،به‌پله‌ی ( به‌ڕێوه‌به‌ر) داده‌مه‌زرێت و ده‌بێته به‌رپرسی تیپی مۆسیقا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك له‌شاری دهۆك.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆش و كوردپه‌روه‌ر و هونه‌ر خۆشه‌ویسته‌ی گه‌له‌كه‌مان دوای (40) زیاتر له‌خزمه‌تی هونه‌ری ستران و ئاوازی كوردی ، دووچاری نه‌خۆشیی ( فه‌قه‌رات ) ده‌بێت ، به‌داخه‌وه ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بێته كۆسپ له‌ڕێی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ، به ئازاری پشت ئێشه‌وه ژیان به‌ڕێ ده‌كات تا ڕێكه‌وتی ( 28/5/2011) خۆری ته‌مه‌نی هونه‌ری عه‌بدوڵڵا زێرین ئاواده‌بێت و بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی له ئامێدی و دهۆك و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات ، له‌مه‌راسیمێكی شایسته به‌مێژووی پڕ به‌خششی هونه‌ری و دڵسۆزی بۆ هونه‌ر به‌ئاماده‌بوونی زۆر هونه‌رمه‌ندان و كه‌س و كار‌و ئازیزانی له گۆرستانی ( شاخكێ ) له‌شاری دهۆك به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌سپێرن.
چه‌رده‌یه‌ك له به‌رهه‌م و سترانه‌كانی كه‌هه‌میشه وێردی سه‌رزاری هۆگران و هه‌وادارانی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕنن .
( نازدار چاڤێ تهدهریانه ، شیرین ده‌لال ، وه‌ی لۆلۆ ، سلاڤێت ته ، ئه‌ڤین ، ڕێبازا پیرۆز ، خانا به‌سه ، بیژه من كهتوسل كری ، غه‌ریبی ، ئه‌ڤینێ قوتا ، نهنهئهڤین ، دلی من كانیا ئه‌ڤین ، تهڤیا باران، سه‌ر خاتیرا وان چاڤان ، من دڤیت ، شیرین شیرینه تهشیت ڕست و بۆچی ) .
جه‌مالی ده‌لاك 26/2/2022 هه‌ولێر
سه‌رچاوه :
( 1 و 3) گۆڤاری ڕه‌نگین ، دگه‌ل هونه‌رمه‌ند عهبدوڵڵازێڕین ، ئاماده‌كردن ( ئیحسان چدیق ئامێدی) ژماره (8) حوزه‌یرانی (1988) لاپه‌ڕه (12) .
دیكۆمێنتارییهك له‌سه‌ر ژیان و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند عه‌بدوڵڵا زێڕین ، ئاماده‌كار و خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان ، حه‌سه‌ن بیبۆ ، كه‌ناڵی یوتوب له 30/5/2021 .
كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (1967_ 1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه ( 80).
سوپاس و پێزانینم بۆ به‌ڕێز ( حه‌سه‌ن بیبۆ) هاوكارم بوو له‌پێدانی دیكۆمێنتارییهك له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عه‌بدوڵڵا زێڕین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.