Erbil 15°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 22:53

عوسمان عه‌لی.. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی بۆ هونه‌ر ژیاو ، هونه‌رییانه‌ش ماڵئاوایی كرد ..!

(1944_ 21/6/2005)
کوردستان TV
100%

منداڵبووم، له‌گه‌ڵ منداڵانی گه‌ڕه‌ك هه‌ریه‌كه‌مان توره‌كه‌یه‌ك یان عه‌لاگه‌یه‌ك یان زه‌رفێكی كاغه‌ز به‌ده‌ستمانه‌وه‌ بوو ، ته‌قولوبابمان له‌ده‌رگای ماڵانی گه‌ڕه‌كی مه‌ڵكه‌ندی، كۆڵانه‌كانی ( پیرمه‌سوور و حاجی حان) ده‌كرد، و هه‌مو پێكه‌وه‌ به‌ئاوازێكی خۆش ده‌مان ووت ( به‌راتی كه‌) ، خاوه‌ن ماڵ هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی خودا پێیداوه‌، له‌ ( نوقڵ ، خورما و شیرینی و ته‌نانه‌ت پاره‌ش) بێ به‌شیان نه‌ده‌كردین و به‌ڕوویه‌كی خۆشه‌وه‌ به‌ڕێیان ده‌كردین ، ساڵ هات و ڕۆیی ، بۆهه‌مان شه‌وی پیرۆزی به‌رات گۆرانییه‌ك وێردی سه‌رزارمان بوو، منداڵ و مێردمنداڵ و ته‌نانه‌ت گه‌وره‌كانیش به‌عه‌شقێكی پڕ چێژه‌وه‌ ئه‌و میلۆدییه‌ خۆشه‌  كه‌ دڵی عاشقانیشی ده‌بزواند ده‌یان وته‌وه‌ ( ئه‌مشه‌و شه‌وی به‌راته‌ ، شه‌وی خۆشی و خه‌ڵاته‌

وا مناڵان ئه‌گه‌ڕێن ، ده‌ست به‌ده‌رگاوه‌ ئه‌نێن ...تاد)

ئای خودایه‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌و ده‌نگ و میلۆدیی و تێكسته‌ خۆش بوو، وائێستا سه‌رو سیمام به‌فری لێباریوه‌، كه‌چی ئه‌و گۆرانییه‌ به‌چێژ و خۆشییه‌كه‌وه‌ كه‌مه‌ندكێشی ئه‌و ده‌ورو زه‌مانه‌م ده‌كاته‌وه‌، ده‌بێت چ سیحر و په‌نهانییه‌ك له‌و ده‌نگ و میلۆدی و تێكسته‌دا خۆی حه‌شاردابێت كه‌ له‌یاده‌وه‌ریی هه‌رتاكێكماندا كاڵ نابێته‌وه‌ و تا ئێستاش هه‌رزیندووه‌، له‌یادمه‌ له‌كۆپله‌ی یه‌كه‌م كه‌ ده‌مانگوت :

( ئه‌مشه‌و شه‌وی به‌راته‌ ، عوسمان عه‌لی خه‌یاته‌) منداڵانی ئه‌و كاته‌ به‌عه‌شق و خۆشییه‌كه‌وه‌ له‌كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا ناوی هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ و پیشه‌كه‌یشمان له‌سه‌ر هه‌مان ڕیتم و میلۆدییه‌كه‌ ده‌گووته‌وه‌.

له‌باره‌ی زیندوو مانه‌وه‌ی ئه‌و میلۆدی و تێكست و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ كه‌تائێستا به‌جوانی و زیندوێتی له‌ناو بیر هه‌ستماندا ماوه‌ته‌وه‌ ، مامۆستاو هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ) هاوڕێی منداڵی و گه‌ڕه‌ك و  پشتیوان و هاوكاری كاره‌ هونه‌رییه‌كانی،  به‌وشێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ هونه‌ره‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( عوسمان عه‌لی)  ده‌كات و ده‌ڵێت : (  خوالێخۆشبوو  هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ، ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی له‌ناو هونه‌ره‌كه‌یدا زۆر دیاربوو، ئه‌و ڕاستگۆییه‌ مه‌به‌ستی بوو له‌ناخییه‌وه‌ وه‌ك په‌یامێك له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بیگه‌نێته‌ ناو خه‌ڵك، خاوه‌نی ده‌نگێكی زۆر ڕه‌سه‌ن و كورده‌واری هه‌بوو، ده‌نگێك بۆن و به‌رامه‌یه‌كی تایبه‌تی تیادا بوو، عوسمان عه‌لی یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی كه‌گوێت له‌ده‌نگی بوایه‌، یه‌كسه‌ر شاری سلێمانی  و گه‌ڕه‌كه‌كانیت دێته‌ به‌رچاو ) (1).

عوسمان عه‌لی هونه‌رمه‌ندێكی دیاری ڕه‌وتی گۆرانی و مۆسیقایه‌ له‌ته‌واوی كوردستان،ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ماوه‌ی (40) ساڵ ته‌مه‌نی هونه‌ری دا ، خزمه‌تێكی زۆر و پرشنگداری به‌ گۆرانی و مۆسیقا و ئاوازی كوردی كردووه‌، كاتێك گوێبیستی به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌كانی ده‌بیت، ده‌نگی كوڕه‌ لاو و گه‌نجێكی هه‌ژاری  مه‌ڵكه‌ندی و كۆڵانه‌كانی حاجی حان و پیرمه‌سوور، سابونكه‌ران و سه‌ركارێزو چوارباخ و سه‌رشه‌قام و سه‌رچنار و گوزه‌ری به‌رحه‌وزه‌ وشكه‌كه‌ له‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت ‌، ده‌نگێك بۆن و به‌رامه‌ی سرووشتی جوان و لادێ و چیاو دۆڵ و كوردستانی تێدا به‌دی ده‌كرێت،  له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند خۆی كه‌سێكی زه‌حمه‌تكێش و ماندووی ژیان بووه‌ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ چینی هه‌ژاروهاوپیشه‌كانیدا ژیاوه‌،كه‌سێكی ڕۆح سووك و ده‌م به‌خه‌نده‌و میهره‌بان و دڵسۆزی خاك و نیشتمان و به‌وه‌فا بۆ هونه‌ر و زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ‌، به‌م خه‌سڵه‌ته‌ به‌رزه‌ جوانانه‌ی زیاتر ڕۆچۆته‌ نێو دڵ و ده‌روونی كاسبكاران و هاوڕێیان و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌، خۆشیان ویستووه‌ و هه‌میشه‌ به‌وپه‌ڕی ڕێزه‌وه‌ له‌ كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌یان ڕوانیوه‌.

عوسمان عه‌لی عه‌بدوڵڵا ، له‌نێو خه‌ڵك و دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیدا به‌ ( عوسمان عه‌لی) ناسراوه‌ ، له‌ساڵی (1944) له‌ خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژار و زه‌حمه‌تكێش له‌گه‌ڕه‌كی (مه‌ڵكه‌ندی) له‌دایكبووه‌،

خانه‌واده‌كه‌ی پێكهاتووه‌له‌ (  دوو كچ و سێ كوڕ) ،

وه‌ك هه‌موو منداڵانی گه‌ڕه‌ك له‌ساڵی (1950) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن، به‌ڵام جێی داخه‌ له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری و دابینكردنی بژێوی ژیان ، هونه‌رمه‌ند تاپۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی ده‌خوێنێ و له‌ساڵی (1955) ده‌ست به‌رداری خوێندن ده‌بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی فه‌رمانبه‌ر بووه‌ و باری ته‌ندروستی باش نه‌بووه‌ ، عوسمان عه‌لی  كوڕه‌ گه‌وره‌ی ماڵ بووه‌ ، له‌پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی ڕووده‌كات بازاڕ و ده‌بێت به‌شاگرد،له‌لای هه‌ردوو وه‌ستای به‌رگدرووی ناوداری شاری سلێمانی ( وه‌ستا ئه‌حمه‌د و وه‌ستا ڕه‌شیدی بانه‌یی) .

له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ حه‌زو خولیای له‌ هونه‌ر و چڕینی گۆرانی له‌ناخیدا چرۆ ده‌كات، سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشی ‌هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ، هاوڕێی منداڵی گه‌ڕه‌ك و شاگردی و مێردمنداڵی و هاوڕێی هونه‌ریی ، هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ی نێرگز) ده‌ڵێت ( ئێمه‌ هه‌رله‌منداڵیه‌وه‌به‌یه‌كه‌وه‌بووین،خه‌ڵكی یه‌ك گه‌ڕه‌كین و له‌یه‌ك ساڵدا له‌دایكبووین، هه‌ردوكمان شاگرد به‌رگدروو بووین،  له‌باتی یاری منداڵانه‌ له‌گه‌ڕه‌كی پیرمه‌سوور و حاجی حان ، هه‌رخه‌ریكی گۆرانی گوتن و لاساییكردنه‌وه‌ی گۆرانی هونه‌رمه‌نده‌گه‌وره‌كان بووین، له‌ڕۆژگارێكدا فێری گۆرانی بووین و به‌یه‌كه‌وه‌ گۆرانیمان وتووه‌، كاك عوسمان به‌رده‌وام گۆرانی له‌سه‌ر ده‌م بوو، له‌وته‌مه‌نه‌دا هه‌ست به‌وه‌ده‌كرا كه‌له‌داهاتوودا هونه‌رمه‌ندێگی گه‌وره‌ی لێده‌رده‌چێت (2) ، به‌باشی له‌بیرمه‌ ساڵی (1958) بوو، هونه‌رمه‌ند ( برایمی خه‌یات) ئه‌وكاته‌ گۆرانیبێژێكی به‌ناوبانگ بوو، من و عوسمان عه‌لی به‌رده‌وام به‌دوایه‌وه‌ بووین ، له‌هه‌ركوێ گۆرانی بوتایه‌ ، ئێمه‌ ده‌بووین به‌كۆرس بۆی) (3) .

هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌ هاوڕێی منداڵی و هه‌موو ته‌مه‌نه‌كانی هونه‌رمه‌ند، كه‌سایه‌تییه‌كی خۆش مه‌شره‌ب و كۆڕگه‌رمكه‌ر و هونه‌ردۆست و ده‌نگخۆش ( دكتۆر به‌كر عوسمان) ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می منداڵی خۆیی و هونه‌رمه‌ند و هاوڕێكانی ( سه‌ره‌تای ساڵانی (1951  و 1952) بوو، كۆمه‌ڵێك منداڵی گه‌ڕه‌ك بووین ،  پێكهاتبووین له‌ من و كاك ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی و عوسمان عه‌لی و هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ی نێرگز،  كاك عوسمان یه‌كێك بوو له‌و منداڵه‌ ئازیزانه‌، كه‌سێكی هێمن و هه‌میشه‌ حه‌زی له‌ته‌بایی خۆشه‌ویستی نێو هاوڕێكانی ده‌كرد، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و گۆرانی گوتنی تێدا به‌دی ده‌كرا، سه‌ره‌تا خولیای وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان( عه‌لی مه‌ردان ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، تایه‌ر تۆفیق ، حه‌مه‌ ساڵح دیلان ، محه‌مه‌دی ماملێ و ڕه‌فیق چالاك) ده‌وته‌وه، كه‌ هه‌ندێك گه‌وره‌ش بووین به‌كۆڵانه‌كانی حاجی حان و پیرمه‌سوور دا شه‌وان پیاسه‌مان ده‌كردو  ئه‌وان به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كانیان گۆرانیان ئه‌وت و ئێمه‌و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كیشیان دڵخۆش و سه‌رمه‌ست ده‌كرد) ‌(4) .

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ئه‌وه‌نده‌ عاشق به‌گۆرانی و ئاوازی كوردی بووه‌ ،كاتێك شاگرد بووه‌ له‌سه‌ر خوێندنی گۆرانی چه‌ندین جار له‌لایه‌ن وه‌ستاكه‌یه‌وه‌ سه‌رزه‌نشت كراوه‌و پێی وتووه‌ خۆت به‌وه‌وه‌ سه‌رقاڵ مه‌كه‌و  خه‌ریكی كاره‌كه‌ت به‌ .

ساڵی (1963) ساڵێكی شووم و پڕ كاره‌سات و تراژیدیا بووه‌ بۆ كوردستان به‌گشتی و شاری سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی جیا له‌و خه‌سڵه‌ته‌ جوانانه‌ی هه‌یبووه‌ ، كه‌سێكی دڵسۆز و نیشتمان په‌روه‌ربووه‌، دركی به‌و نه‌هامه‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كردووه‌ ، هێشتاته‌مه‌نی (19) به‌هاربووه‌، وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و دژ به‌داگیركه‌رانی كوردستان ، به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌پۆشێ و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، له‌مه‌ته‌رێزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌هه‌ستێكی پاكی كوردانه‌وه‌ به‌رگری له‌خاك و نیشتمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌كات ، له‌وماوه‌یه‌شدا كه‌ پێشمه‌رگه‌ بووه‌ له‌شاخ ناوه ‌ناوه‌ به‌دزی هێزه‌كانی دوژمنه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ شاری سلێمانی ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ده‌ڵێت( عوسمان عه‌لی بوو به‌پێشمه‌رگه‌ ، له‌ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كاندا به‌دزییه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌ ناوشار و ئاگاداری ده‌كردین كه‌ هاتۆته‌وه‌، ئێمه‌ش ئه‌چووین بۆلای له‌ماڵه‌وه‌ خۆش حاڵ ده‌بووین به‌بینینی به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه‌ بیرو هۆشی له‌لای گۆرانی و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو ، له‌گه‌ڵ براده‌ران به‌خۆمان و ئامێره‌كانمانه‌وه‌ له‌ده‌وری كۆده‌بووینه‌وه‌ و ئه‌وسه‌رده‌مه‌ش باوی گۆرانییه‌ فۆلكلۆره‌كان بوو، ئه‌و گۆرانی ئه‌وت و ئێمه‌ش مۆسیقامان بۆده‌ژه‌نی و دڵمان زۆر پێی خۆش بوو) (5).

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی دوای ئه‌وه‌ی له‌ناو هاوڕێكانی و گه‌ڕه‌ك و شوێنی كاره‌كه‌ی به‌ كه‌سێكی ده‌نگخۆش و به‌هره‌دار ناسرا، وه‌ك میوانێكی گۆرانیبێژ به‌شداری له‌چالاكی هونه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان كردووه‌،

به‌ڵام ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی (1965) لێره‌وه‌ بۆته‌ ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌ك و دڵسۆزی كاروانی هونه‌ری گۆرانی و مۆسیقای كوردی.

له‌ڕێكه‌وتی ( 31/12/1969) كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی مه‌ڵبه‌ندی گشتی سلێمانی داده‌مه‌زرێت و مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌رده‌گرن، به‌شی گۆرانی و مۆسیقا و هه‌ڵپه‌ڕكێ ، كه‌ هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید) سه‌رپه‌رشتی ئه‌و به‌شه‌ی كردووه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند( نامدار قه‌ره‌داخی) .

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌ساڵی (1970) ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی، له‌گه‌ڵ هاوڕێی منداڵی و هاوڕێی گه‌ڕه‌كی هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ی نێرگز) پێكه‌وه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵ دا به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید و نامدار قه‌ره‌داخی) درێژه‌ به‌كاری هونه‌ری ده‌ده‌ن.

له‌ساڵی (1971) هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید ده‌بێته‌ ئه‌ندامی تیپی كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقا، گرنگی و بایه‌خیان پێده‌درێت ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش ( عوسمان عه‌لی و حه‌مه‌ی نێرگز و سه‌لاح مه‌جید) خۆشیان خاوه‌نی ئه‌و به‌هره‌ خۆرسكه‌ بوون، هه‌رسێكیان سێكوچكه‌یه‌كی هونه‌رییان له‌ناو كۆمه‌ڵ دا دروستكردووه‌،  كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی له‌ساڵی (1972) به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ده‌چنه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا، چه‌ند گۆرانیه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ندان تۆمارده‌كه‌ن و دواتریش ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌شێوه‌ی ڕه‌ش و سپی تۆمار و بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌گۆرانییه‌كان  وه‌ك( شه‌وی به‌رات ، له‌ئاوازو وتنی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی و  هۆنراوه‌ی حه‌مه‌عه‌لی مه‌دهۆش _  جوتێ چاوی شین ، بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ی نێرگز _ شاییه‌ زه‌ماوه‌نده‌ بۆ هونه‌رمه‌ند سه‌لاح مه‌جید) ، ئه‌و سێ گۆرانییه‌ له‌وساڵه‌دا زۆر به‌خێرایی كه‌وتنه‌ سه‌ر زاری گوێگران و هه‌وادارانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی ،

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی دواتر گۆرانی ( كچه‌ شۆخه‌كه‌) له‌هۆنراوه‌ی ( نوری وه‌شتی ) و ئاوازی خۆی بووه‌، دواتر هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( عوسمان عه‌لی و حه‌مه‌ی نێرگز و سه‌لاح مه‌جید) پێكه‌وه‌ گۆرانی ( ئامۆزاگیان) تۆمارده‌كه‌ن.ئه‌م گۆرانییه‌ش ناوبانگ و سه‌دایه‌كی زۆری له‌ناو خه‌ڵكیدا دایه‌وه‌و چێژ و سۆزێكی خۆشیی شاری سلێمانی ده‌به‌خشییه‌ گوێگر،

ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆش و دڵگیره‌ توانیویه‌تی شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی له‌ گۆرانی گوتندا بدۆزێته‌وه‌ و ، توانای ئاوازدانیشی هه‌بووه‌ ، به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ به‌ناو دیوانی شاعیراندا، تا هۆنراوه‌ی جوان و باش بۆ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ڵبژێرێ و ئاوازێك  دابنێت كه‌ به‌قه‌دباڵای به‌رزی هۆنراوه‌كه‌ بێت، هونه‌رمه‌ند هه‌میشه‌ ڕۆحی ئاوێته‌ی هونه‌ره‌كه‌ی كردووه‌، هه‌موو كات له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ كاری كردووه‌باوه‌ڕی به‌ زۆری و بۆری به‌رهه‌م نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی له‌ناخیدا بووه‌ ئه‌و په‌یامه‌ جوانه‌ی هونه‌ر بووه‌، كه‌ هونه‌رێك بخوڵقێنێ هه‌ست و نه‌ست و سۆزی هاوزمانه‌كان و نیشتمانه‌كه‌ی تێدا بنوێنێ ،

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی وه‌ك ئه‌ندامێكی دڵسۆزو سه‌ركه‌تووی كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی به‌رده‌وام بووه‌ له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی ،یه‌كێك له‌ئاهه‌نگه‌دیاره‌كانی تیپی كۆمه‌ڵ و هونه‌ری وێژه‌ی كوردی ئاهه‌نگی سه‌رچنار له‌ڕێكه‌وتی ( 16/8/1972) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی.

دوای ئه‌و شاكارانه‌ هونه‌رمه‌ندله‌ساڵی (1973)  گۆرانییه‌كی دیكه‌ تۆمارده‌كات به‌ناوی ( دڵدار و جوان په‌ره‌ستم) له‌ئاوازی خۆی بووه‌،به‌یه‌كێك له‌ئاوازه‌ خۆش و پڕ چێژی هونه‌ریی ده‌ناسرێت.

 له‌به‌هاری ساڵی (1974) هونه‌رمه‌ند  وه‌ك گۆرانیبێژێك به‌شداربووه‌ له‌میهره‌جانی هونه‌ریی كوردی یه‌كه‌م له‌به‌غدا.

له‌ساڵی (1974) دوای هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول، هونه‌رمه‌ند به‌و هه‌سته‌ به‌رز و پڕ باوه‌ڕه‌ به‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی ڕووده‌كاته‌وه‌ شاخ و ده‌بێته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌، له‌شاخ پێوه‌ندی ئه‌كات به‌هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌وه‌، له‌ناو ( تیپی مۆسیقای شۆڕش) درێژه‌ به‌كاروانی خه‌بات و هونه‌ری به‌رگری ده‌دات، به‌شداریكردنی له‌چه‌ندین ئاهه‌نگ و فیستڤاڵ و تۆماركردنی سرووده‌كانی تیپی مۆسیقای شۆڕش له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان له‌ژێر مه‌ترسیی فرۆكه‌و تۆپبارانكردندا، پاشان له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شۆڕش به‌شدارده‌بێت له‌و گه‌شته‌ هونه‌رییه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌گشتی ، بۆمه‌به‌ستی دڵخۆشكردن و ووره‌به‌رزكردنه‌وه‌ی  ئاواره‌كانی باشوور كه‌له‌ئۆردوگاكاندا جێگیركرابوون،

دواتر هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی و تیپی مۆسیقای شۆڕش، به‌هاوكاری كه‌سایه‌تی ڕۆشنفكرو نیشتمانپه‌روه‌ر و ئه‌ده‌بدۆست( شوركروڵڵا بابان) له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی شاری سنه‌ ، به‌جل و به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌وه‌، بۆماوه‌ی (2) دووشه‌و  گۆرانی و مه‌قام و سروود له‌ ڕێكه‌وتی ( 16له‌سه‌ر 17 و  17له‌سه‌ر18/3/1975) تۆمارده‌كه‌ن.

له‌دوای نسكۆی ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری سلێمانی و په‌یوه‌ندی ده‌كات به‌ تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌ناو ئه‌و تیپه‌ جوان و داهێنه‌ره‌ی كوردستان وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌شی گۆرانی و مۆسیقا تادواساته‌كانی وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ره‌كی مایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ست و په‌نجه‌ی زێڕینی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌و شایسته‌ به‌گه‌نجینه‌ی مۆسیقای كوردی تۆماركرد و پێشكه‌ش كرد.

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌ساڵی ( 1967) له‌گه‌ڵ خاتوو ( بێگه‌رد برا حه‌مه‌) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێ و ده‌بنه‌ خاوه‌نی ( 3 كچ و كوڕێك) به‌ناوه‌كانی ( ئه‌ڤین ، ئه‌ژین ، ئه‌وین و هه‌ردی) ، باوكێكی میهره‌بان و ڕاستگۆ و لێوان لێو له‌خۆشه‌ویستی بووه‌ و هیچ كات جیاوازی له‌سۆزی منداڵه‌كانیدا نه‌كردووه‌و به‌خۆشه‌ویستیه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ی كردوون ، هه‌میشه‌ به‌په‌رۆشه‌وه‌ ڕێنوێنی منداڵه‌كانی كردووه‌، كه‌ دڵسۆزی خاك و نیشتمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌یان بن، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مره‌ به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر منداڵه‌كانی داناوه‌و هانی داون كه‌ بخوێنن ، هه‌روه‌ها ڕێنیشانده‌ریان بووه‌ له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانی درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی كراوه‌و ڕچه‌ شكێن بووه‌، به‌وه‌ی منداڵه‌كانیشی له‌ناو بواری هونه‌ریدا كاربكه‌ن، یه‌كێك له‌وهونه‌رمه‌نده‌ ده‌گمه‌نانه‌یه‌‌ كه‌ به‌رپه‌رچی تانه‌و ته‌شه‌ری خه‌ڵكی داوه‌ته‌وه‌و یه‌كێك له‌ كچه‌ ئازیزه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌ته‌ سه‌رشانۆ.

هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی جگه‌ له‌به‌هره‌ی خوێندنی گۆرانی ، ئاواز دانه‌ر و شاره‌زایی له‌سه‌ر وتنی مه‌قامه‌كاندا هه‌بووه‌ و ، به‌ڵام سروودیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، یه‌كێك له‌ سرووده‌ دیاره‌كانی ، سروودی ( نه‌ورۆزی دوور وڵات) ه‌ له‌هۆنراوه‌ و ئاوازی نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و شاعیر ( خالید دلێر) هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ئه‌م سرووده‌ی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ساڵی (1976) له‌ئاهه‌نگكێدا له‌شاری هه‌ولێر  خوێندوویه‌تی، هه‌روه‌هاله‌دوای ڕاپه‌ڕین  له‌سه‌ره‌تای ساڵی نه‌وه‌ده‌كاندا له‌ فیستڤاڵێكدا له‌گه‌ڵ خاتوو ئه‌ڤینی كچی  سروودی ( نه‌ورۆز و ڕاپه‌ڕین) یان پێكه‌وه‌ خوێندووه‌.

هونه‌رمه‌ند به‌دڵ و به‌گیان و به‌عه‌شقێكی بێ وێنه‌وه‌ له‌هه‌موو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ته‌واوی شاره‌كانی عێراق به‌شداری كردووه‌،  

له‌ساڵی (1977) له‌گه‌ڵ تیپی  میللی زانكۆی سلێمانی، به‌سه‌رپه‌رشتی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم خه‌مزه‌یی) به‌شداری چالاكی هونه‌ری ده‌كه‌ن له‌زانكۆی ( به‌سره‌).

هونه‌رمه‌ندله‌ناوجه‌رگه‌ی بازاڕی شاری سلێمانی دوكانی به‌رگدرووی هه‌بوو، دوكانه‌كه‌ی كردبووه‌ مه‌كۆی به‌یه‌كگه‌یشتنی هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و نووسه‌ران و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانی شار ، ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتن و گۆڕینه‌وه‌ی بیرو ڕای هونه‌ری و ئه‌ده‌بی و زۆرجار باسی بارودۆخی وڵات و كاره‌قێزه‌ونه‌كانی ڕژێم ده‌رهه‌ق به‌گه‌ل و نیشتمان ده‌كرا ، سه‌ره‌نجام دوكانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر سانسۆری سیخوڕه‌كانی به‌عس ، دوكانه‌كه‌ی ته‌نها شوێنی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی بووه‌ ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی كه‌سێكی دڵسۆز و وابه‌سته‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌وه بوو‌، كه‌زۆر جار كاره‌كه‌ی كردۆته‌ قوربانی هونه‌ره‌كه‌ی و دوكانه‌كه‌ی جێهێشتووه‌ به‌دوای كاری هونه‌رییه‌وه‌ بووه‌، به‌رده‌وام له‌كاتی دیاریكراودا له‌باره‌گای تیپی مۆسیقای سلێمانی ئاماده‌یی هه‌بووه‌ بۆ پرۆڤه‌ كردن و ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ریی،

عوسمان عه‌لی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی چه‌ندین گۆرانی تۆمارده‌كات، كه‌تائێستا ئه‌و گۆرانیانه‌ به‌سه‌ر زاری خه‌ڵكه‌وه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌نده‌ به‌دڵسۆزیی و عه‌شقێكی پاكه‌وه‌ كاری تیایاندا كردووه‌ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌رزیندوون، ئه‌گه‌ر باس له‌هه‌موو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌ساڵی (1975) وه‌ تا دواچركه‌ی ژیانی(2005)  له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی دا بكه‌ین ،واته‌ ماوه‌ی ئه‌و (20) ساڵه‌ پێویسته‌ له‌چوارچێوه‌ی كتێبێكدا بیخه‌ینه‌ ڕوو،  هونه‌رمه‌ند له‌سه‌رجه‌م كاره‌ هونه‌رییه‌كانی تیپی ناوبراودا به‌شداربووه‌، هه‌روه‌ها له‌دوای ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ به‌شداری هه‌موو بۆنه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی و فیستڤاڵ و به‌رنامه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا كردووه‌.

دوو له‌و كاره‌و هونه‌رییانه‌ی كه‌ جێی شانازیی و خه‌رمانێكی به‌نرخه‌ له‌مێژووی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ، ساڵی (2002) به‌هاوكاری تیپی مۆسیقای سلێمانی و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانیبێژه‌كانی به‌شداری ( چه‌شنواری دووه‌می موزیكی كوردی) له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دا كردووه‌،

فیستڤاڵی دووه‌م ، هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( دیاری قه‌ره‌داخی ، ئاڤان جه‌مال ، دڵسۆزعوسمان كێمنه‌یی و لوقمان سه‌لیم) به‌ناوی یه‌كێتی هونه‌رمه‌ندانی كوردستانه‌وه‌، له‌جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (2005) له‌پێنجه‌مین فیستڤاڵی هونه‌ری و كلتووری له‌شاری (دیاربه‌كر) له‌به‌رده‌م ئاپۆرای (400) چوارسه‌دهه‌زاربه‌شداربووی ئاهه‌نگه‌كه‌ ، هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی به‌جلی پیرۆزی كوردییه‌وه‌ گۆرانی ( شیرینه‌ سه‌وزه‌) ی خوێندووه‌، دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌و فیستڤاڵه‌، كه‌ چه‌ندجارێك به‌خزمه‌تی گه‌یشتم، هه‌میشه‌ ده‌یوت( خۆشترین ئاهه‌نگ بوو كه‌به‌شداریم تێدا كردووه‌) ، منیش پێم ده‌ووت كاك عوسمان ( ئه‌وه‌ گه‌وه‌رییه‌ بۆ به‌ڕێزتان و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و مۆسیقا ژه‌نانی هاوسه‌فه‌رت، له‌شارێكی گه‌وره‌ی باكوری كوردستان ،شاری دیاربه‌كری داگیركراودا ، له‌ژێر سایه‌ی سیسته‌مێكی داگیركه‌ردا، هه‌رگیز باوه‌ڕی به‌مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی گه‌لی كورد نییه‌ ..؟! ئێوه‌ به‌جلی كوردییه‌وه‌ له‌سه‌ر شانۆ  گۆرانیتان خوێندووه،ئه‌وه‌ش مێژوویه‌كی گه‌وره‌و به‌نرخه‌ خستوتانه‌ته‌ سه‌ر خه‌رمانی مێژووی هونه‌ریتان) .

دوا ساته‌كانی ژیانی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌سه‌ر شانۆ..!

له‌ڕێكه‌وتی (21/6/2005) له‌ باخچه‌ی یانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ، مه‌راسیمی جه‌ژنی (50) ساڵه‌ی له‌دایكبوونی هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌ ( ناسری ڕه‌زازی) به‌ڕێوه‌ ده‌چوو، به‌نده‌ سه‌رپه‌شتی پێشوازی میوانه‌كانم ده‌كرد، كاتژمێر (7:15) خوله‌كی ئێواره‌ بوو یه‌كه‌م خانه‌واده‌ ته‌شریفیان هێنا  هونه‌رمه‌ند ( عوسمان عه‌لی و بێگه‌ردخانی هاوسه‌ری و كاكه‌ هه‌ردی كوڕی) بوو، دواتر میوانه‌كانی دیكه‌ په‌یتا په‌یتا ده‌هاتن ، واش ڕێكه‌وت خانه‌واده‌ی به‌نده‌و خانه‌واده‌ی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی پێكه‌وه‌ له‌ده‌وری یه‌ك مێز خڕبووینه‌وه‌، له‌مێزی ته‌نیشتمانه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ( دیاری قه‌ره‌داخی) بوو، هونه‌رمه‌ند زۆر میهره‌بان و ده‌م به‌خه‌نده‌ بوو ، هیچ سیمایه‌كی نه‌خۆشیی یان تێكچوونی باری ده‌روونی له‌سیمایدا به‌دی نه‌ده‌كرا، له‌كاتژمێر (8:00) ی شه‌و ئاهه‌نگی جه‌ژنی له‌دایكبوونه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، هونه‌رمه‌ندان هه‌ریه‌كه‌ به‌جێی خۆی به‌شدارده‌بوون، وتوێژ و ده‌م و دوو له‌نێوان من هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ده‌ستپێكردو هه‌ندێك پرسیارم ئاراسته‌كرد،(  لەدرێژەی ژیانی هونەریتدا ڕۆژێك بووە ڕووبەڕوو پێت بڵێن دەنگت ناخۆشە و حەزمان لەدەنگت نیە ؟؟

لەوەڵامدا وتی: جەمال گیان ڕوویداوە و هەرگیز نیگەران نەبووم ، چونكە گۆرانی خۆراكە ناتوانی بەزۆر دەرخواردی خەڵكی بدەیت ، تاخۆی ئارەزوویی لێ‌ نەبێت)،  دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌، زوو زوو ڕووی ده‌كرده‌ دیاری قه‌ره‌داخی و پێیده‌گووت ) دیاری گیان وێنه‌كانی دیاربه‌كر ئه‌وانه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ گرتوومانه‌  تكایه‌ بیگه‌یه‌نه‌ ده‌ستی كاكه‌ هه‌ردی نه‌وه‌ك نه‌تبینمه‌وه‌...؟!) بەهەرحاڵ دانیشتنەكەمان لەگەڵ گێڕانەوەی قسەی خۆش و میوزیك و گۆرانی ئاوێتە كردبوو ، هەروەها دەبێت ئەوەش  بۆ مێژوو بڵێم  لەنێو تەواوی  ئامادەبووانی ئاهەنگەدا تەنها من و كاك عوسمان عەلی( مەی) مان نه‌ده‌خوارده‌وه‌، زیاتر كاتەكەمان بەقسەو گوێگرتن لەنوكتەو میوزیك و گۆرانی دەگرت ، دواتر لەگەڵ كاكە هەردی كوڕی بەدەم پێكەنین و ڕوخسارێكی پڕ خەندەوە گەڕا بەنێو ئامادەبووانی ئاهەنگەكە ، پێدەچوو ئەوە دوایین ماڵئاوایی بێت و خۆی بۆ گەشتێكی ئەبەدی ئامادەكردبێت  ..!

كاتژمێر ( 11:30) ی شەو هونه‌رمه‌ند ناسری ڕەزازی بەو بۆنەیەوە چەند گۆرانی و مەقامێكی  لەبەرهەمەكانی خۆی چڕی ، كات بوو بە ( 11:55) ی شەو ناسری ڕەزازی بەكۆپلەیەك گۆرانی بانگی لە هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی كرد و وتی  ،

( وەی لەبەر چاوی بەكلی ..كوشتمی دەسڕی لەملی 

ئاخ هەموومان لەگەڵ تۆینە ، وەرە كاك عوسمان عەلی )

ناسری ڕەزازی كۆتایی بەگۆرانیەكەی هێناو ، هاوڕێی هونەرمەند ( زاهیر جەلال ) بەرەو لای ئێمەهات و وەك ڕێزو حورمەت بۆ گەورەیی عوسمان عەلی ، دەستی كاك عوسمانی گرت و بەرەو شانۆكەی برد ،

سەرەتا هونەرمەند عوسمان عەلی بە وتەیەك پیرۆزبایی  لەكاك ناسر كرد و هیوای زیاتر سەركەوتنی خواست بۆ مەرزیە خان و كاك ناسر و منداڵەكانیان ،ئاواتی خواست ساڵیادی لەدایكبونی لەكوردستانێكی ئازاد و یەكگرتووی سەرتاسەری ئەنجامبدات .

كاك عوسمان ئاوڕێكی لەژەنیارە بەڕێزەكان دایەوە و گوتی ئازیزان مەقامێكی ( ڕاست )  ئەو ئازیزانەش بەدەست و پەنجە زێڕینەكانیان خواستەكەی هونەرمەندیان بەجێ‌ گەیاند،

هونه‌رمه‌ند عوسمان عەلی دەنگی هەڵبڕی، ئەم مەقامەی خوێند:

( تۆڵە بۆیە تۆم ناونا تۆڵە، ببی بە تۆڵەی  ئەم خاك و خۆڵــــــە

ڕۆڵە قەت ژینی ژێر دەستیت نەوێ‌، ئەو كەسەی ویستی بزانە زۆڵــــە )

هونه‌رمه‌ند ئەم كۆپلەیەی خوێند و میوزیكژەنەكان بەردەوام بوون لەژەنین ، پاشان هونەرمەند دەنگی هەڵبڕی  وتی 

( ئــێمە ) ..؟!  یەكسەر كەوتە سەر ئەژنۆ  بەڵام نەیدەویست چۆك دابدات و دەستی لەزەوی گیر كردو ویستی هەستێتەوە ، بەڵام مەرگ بواری نەدا شەكەت بوو بۆ هەمیشە كەوتە سەرزەوی ،  به‌داخه‌وه‌ خەم و پەژارەو دڵە ڕاوكێ‌ باڵی بەسەر ئامادەبواندا كێشا و هەموو شتێك وەستا و دونیایەكی كپ و بێدەنگ شانۆكە خامۆش بوو ،  بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ ، هەزاران جار حەیف لەڕێگا بۆ نەخۆشخانە،  مه‌رگ مه‌ودای ژیانی پێنه‌داو كۆچی دوایی كرد، دەنگی شین و گریان  لەهەموولایەكەوە دەبیستراو هەرگیز ئەو دیمەنەم لەیاد ناچێت هونەرمەندی گەورە( كەریم كابان) لەنەخۆشخانە باوەشی كردبوو بەجەستە ساردو سڕەكەی هاوڕێی هونەری چەندین ساڵەی و لەئامێزی گرتبوو قوڵپی گریانی دەهات و هۆن هۆن فرمێسكەكانی بەڕووخساریدا دەهاتنە خوارو لە ڕووخساری كۆچكردوو ڕادەمووساو وا هەست پێدەكرا دوای چەندین ساڵ تەرمی هونه‌رمه‌ندی شەهید قادركابانی سه‌رنگومكراوی برای لەئامێزگرتووە .

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی شاهانه‌ ژیاو شاهانه‌ش‌ كۆتایی هات ،

هونه‌ریانه‌ ژیاو هونه‌رییانه‌ش ڕۆیشت ، ئه‌وه‌ وته‌ی ( ئه‌ڤین) خانی كچیه‌تی بۆ عوسمان عه‌لی  هونه‌رمه‌ند و باوك (6) .‌

به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ هه‌موو ژیانی بۆ هونه‌ر و خزمه‌تكردن به‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ر شانۆ بۆ هه‌میشه‌ ژیانئاوایی كرد و ڕۆحی به‌جیهانی هونه‌ری ئاوازو مۆسیقا و گۆرانی كوردی سپارد، به‌ڵام له‌ڕێی هونه‌ره‌ جوانه‌كه‌یه‌وه‌ توانی سۆزی ده‌نگ و تێكست و میلۆدییه‌ ناوازه‌كانی بخاته‌ ڕۆح و هه‌ستی گوێگر و هه‌وادار و هه‌موو تاكێكی كورده‌وه‌‌،  مه‌خابن ڕۆژی (22/6/2005) له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌ ته‌رمی پیرۆزی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی له‌گردی سه‌یوانی شاری سلێمانی به‌خاكی پیرۆزی كوردستان سپێردرا.

دیارترین له‌به‌رهه‌مه‌ نایابه‌كانی هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی  ( شه‌وی به‌رات ، دڵدار و جوان په‌ره‌ستم ، كه‌سه‌كه‌م ، ببم به‌قوربان ، شیرین وامه‌كه‌، مه‌قامی سه‌فه‌ر ، شیرینه‌ سه‌وزه‌، ئای مریه‌مێ ، دۆستی دێرین، هاڕه‌ی گۆبه‌رۆك، كۆرپه‌ی دڵه‌كه‌ی من ، هانا ، سه‌وزه‌، تارای به‌سه‌ردادا، نه‌ورۆزی دوور وڵات، نه‌ورۆزو ڕاپه‌ڕین، له‌رزانه‌، دوێنێ تادره‌نگ، غه‌زالێ ، ده‌بێنه‌ بێنه‌ ئازیزم، ئه‌نفال ، شه‌واره‌، كیژه‌ شۆخه‌كه‌ی و  گۆرانی ئه‌رێ هۆله‌یلێ له‌ به‌رنامه‌ی شه‌وچه‌ره‌ ساڵی 2006) .

جه‌مالی ده‌لاك  24/3/2022 هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌ :

(1و5 و6) عوسمان عه‌لی ... نه‌غمه‌ی ئاوازێكی زیندوو، دیكۆمێنتاری كه‌ناڵی كوردسات  ( یوتوب) (23/6/2016).

و4) به‌رنامه‌ی چراكان  ، هونه‌رمه‌ند عوسمان عه‌لی ،  ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( ئه‌میر عومه‌ر ) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس (2006) .

(3) گۆڤاری ( ڕامان) دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ی نێرگز) هه‌ڤپه‌یڤینی ( ئازاد عه‌بدولواحید) ژماره‌ (188) كانوونی دووه‌می (2013) لاپه‌ڕه‌( 42).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.