هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) سه‌ره‌ڕای تۆماركردنی ئه‌و هه‌موو شاكاره له‌ماوه‌ی (20) ساڵی ته‌مه‌نی هونه‌ریدا،به‌ڵام ده‌نگه خۆشهكهیی و شێوازی چڕینی گۆرانیی ،گه‌لێك قوتابی كه كه‌وتوونه‌ته ژێركاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگ و هونه‌ره به‌رزه‌و بهڕێچكهو لاساییكردنه‌وه‌ی ده‌نگی زیره‌ك بوونه‌ته ده‌نگبێژ و گۆرانیبێژ ، ئه‌و قوتابیانه به‌رده‌وام له‌سه‌ر سفره‌و خوانی زیره‌كی نه‌مر بوون و له‌ڕێی گۆرانییه به‌سۆزه‌كانی زیره‌كه‌وه هه‌نگاویان هه‌ڵگرتووه بۆ نێو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، قوتابی و هه‌واداره‌كانی ده‌نگ و هونه‌ری زیره‌ك گه‌لێك زۆرن ، به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ناوی یه‌ك دوویه‌ك بهێنم كه به‌ڕاستی دڵسۆز‌و به‌هه‌مووشێوه‌یه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ر و عاشقی ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا بوون زۆر به‌جوانی لاسایی ده‌نگی زیره‌ك یان كردۆته‌وه ، وه‌ك ( شه‌هید عه‌به‌ی مه‌لا ، ساڵح ئیسماعیل _ بهساڵهی سمایل ناسراوبوو، به‌رزانی سه‌یده، ئیحسان زیره‌ك و ئیبراهیم سابیر ) .
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌تاوه به‌ڕێباز و ڕێچكه‌ی هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌نێو ژینگه و كه‌ش و هه‌وای شاره‌كه‌ی كۆیه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی خۆی ناساند ، گه‌نجێكی جوانی باڵا به‌رز زاده‌ی شاره‌كه‌ی كۆیه‌ی خاوه‌نی ئه‌م شوێنه دڵگیرانه بێت، چۆن په‌روه‌ردگار و ئه‌و سرووشته جوانه به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی پێ نابه‌خشێت، ئیبراهیم سابیر به‌بۆن و به‌رامه‌و هه‌وای سازگاری ( چیای باواجی و هه‌یبه سوڵتان ،سه‌رڕه‌زان ، سه‌رچاوه‌ی ئاوی حه‌مامۆك، ئۆمهرخۆچان، كانیله ، ته‌مته‌مان ، ڕه‌زی شه‌مه و دارزهیتونهكانی هه‌رمۆته) په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌ی كردووه ، كه‌واته شاری كۆیه‌ی لێوان لێو له‌هه‌موو جوانیه‌كانی ژیان لانكه‌ی ئیبراهیم سابیره، ئه‌و گۆرانیبێژه‌ی كه به‌گۆرانی په‌روانه ده‌ستی پێكرد و ئێستاش سه‌روسیمای وه‌ك چیا سه‌ركه‌شه‌كانی وڵاتی جوانمان به‌فر دایپۆشیوه و گۆرانی ساقی كردۆته دواپه‌یامی بۆ هونه‌ری به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی .
ئیبراهیم سابیر حه‌مه‌د غه‌فور ، له‌نێوه‌ندی هونه‌ری به هونه‌رمه‌ند( ئیبراهیم سابیر) ناسراوه، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1949) له‌گه‌ڕه‌كی ( هه‌واوان) ی شاری كۆیه، لانكه‌ی كوردایه‌تی ، ئه‌ده‌ب و شیعر و هونه‌ر ، له‌خانه‌واده‌یه‌كی زه‌حمه‌تكێش بهدنیاهاتووه، باوكی ( سابیر حه‌مه‌د غه‌فور) وه‌ك پیشه ( باخچه‌وان) بووه.
ئیبراهیم سابیر له‌ساڵی (1957) له‌قوتابخانه‌ی ( قادریه) ی سه‌ره‌تایی خراوه‌ته به‌رخوێندن تا فێری نوسین و خوێندنه‌وه ببێت،دوای ته‌واوبوونی وانه‌كانی خوێندن له‌ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ باوكی‌دا له‌ناو ژینگه و سروشتێكی جوانی ( ڕه‌زی ئۆمهقۆچان) كاری كردووه، ئه‌و دیمه‌ن و سروشتهجوان پاك و بێگه‌رده‌ی ئۆمهرقۆچان و سروشتی سه‌یرانگاكانی كۆیه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی ئیبراهیم سابیر داناوه، له‌ڕێی ڕادیۆ وه ئاشنابووه به‌ده‌نگ و هونه‌ر و گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ، به‌شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیبراهیم سابیر داناوه ، له‌نێو باخچه‌و له‌گه‌ڕه‌ك و له‌قوتابخانه به‌عه‌شقێكی زۆره‌و گۆرانییه‌كانی دووپاته كردۆته‌وه‌و ڕۆحی زیاتر ئاشناكردووه بهچریكهو سۆزی زیره‌كی نه‌مر ، ئه‌م ئاشنابوون و ڕۆچوونه نێو دنیای ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك، له‌لایه‌ن هاوپۆلهكانیهوه له‌قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی ، زانیاری و هه‌واڵی ده‌نگخۆشیی ئیبراهیم ده‌گاته ڕابه‌ری پۆله‌كه‌یان و له‌ویشه‌وه بۆ مامۆستاكانی،ڕۆژێك یه‌كێك له‌مامۆستاكانی له‌پۆل دا داوای گۆرانی لێده‌كات، ئه‌میش به‌شه‌رمێكی زۆره‌وه به‌گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ، پۆل و قوتابخانه‌كه پڕده‌كات لهنهغمهو سۆزی خۆش و هه‌ست بزوێن، له‌لایه‌ن مامۆستاكانیه‌وه ده‌ستخۆشیی و زیاتر هانی ده‌ده‌ن كهبهردهوام بێت، دواتر ئه‌م ده‌نگه خۆشه ده‌خرێته تیپی سروودی قوتابخانهكهیانهوهو به‌رده‌وام ده‌بێت له‌چڕینی به‌سته خۆشه‌كانی زیره‌كی نه‌مر ، لێره‌وه ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری ئیبراهیم سابیر ده‌ست پێده‌كات ، دوای ته‌واوكردنی قۆناغی سه‌ره‌تایی ، له‌ساڵی (1963) به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن له‌قۆناغی ناوه‌ندی ، له‌قوتابخانه‌ی ( زانستی) به‌رده‌وام ده‌بێت تا بڕوانامه‌ی ناوه‌ندی به‌ده‌ست دێنێت، به‌داخه‌وه ئه‌وه به‌میرات بۆ هونه‌رمه‌ند و ئه‌دیب و شاعیر ونووسه‌ر و ڕۆشنبیری گه‌له‌كه‌مان بڕواته‌وه ، زۆرینه‌یان لهبهردابینكردنی بژێوی ژیانیان ده‌ست به‌رداری خوێندن بوون ، كه‌وتونه‌ته ناو بازاڕه بێ ڕه‌حم و بێ ویژدانه‌كه‌ی ژیان و هێزی جه‌سته‌و بازوویان فرۆشتووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی (نان).
ئیبراهیم سابیری ده‌نگخۆشیش له‌ته‌مه‌نی (17) ساڵیدا شوێنی زانست و په‌روه‌رده‌و فێركردنی به‌جێهیشتووه و ڕووی كردۆته كاركردن به‌ومه‌به‌سته‌ی ببێته هاوكار و یارمه‌تیده‌ری باوكی و ئه‌ویش به‌هێزی شان و ئاره‌قه‌ی نێوچه‌وانی به‌شێك بێت له‌دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ خانه‌واده‌كه‌ی.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له‌گه‌ڵ قۆڵ هه‌ڵماڵینی بۆكارو تێكۆشان و شان دانه به‌ركاركردن كه بڕسكی لێ بڕیوه و ڕۆژگار له‌گه‌ڵیدا به‌به‌زه‌یی نه‌بووه، به‌ڵام به په‌رۆشییه‌وه ڕۆژگاره‌كان تهی ده‌كات و هونهرهكهشیی په‌ره‌پێده‌دا و له‌گه‌شت و سه‌یرانه‌كانی نێو سه‌یرانگاكانی شاری كۆیه ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی به‌ستران و بهستهكانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك دڵ و ده‌روونی ئاماده‌بووان و ئه‌وانه‌ی هاتونه‌ته ده‌ر بۆگه‌شت و سه‌یران سه‌رمه‌ست و ئاسووده ده‌كات.
ئیبراهیم سابیر و ناساندنی به تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ...!
ته‌مه‌نی ئه‌م گه‌نجه دڵگه‌ش و پڕ ووزه‌یه هه‌ڵده‌كشێ و ده‌گاته (23) به‌هار ، وه‌ك هاژه‌ی ڕووبار ده‌نگی به‌سۆزی وه‌ك عاشق و هه‌وادارێكی زیره‌كی نه‌مر ده‌چریكێنێ، ئه‌و ده‌نگ و به‌هره ئیلاهییه پێویستی به ده‌سته‌مۆكردن و په‌روه‌رده‌كردنی زیاتره‌و كه‌سانێك هه‌بن له‌خه‌میدا بن و ڕێنوێنی بكه‌ن تا بكه‌وێته سه‌ر ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی،( له‌ساڵی 1972 به‌یارمه‌تی خه‌مخۆر و دڵسۆزی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ئیسماعیل حه‌وێز) ده‌چێته تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ) (1) .
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر زۆر به‌ڕاشكاوانه و نایشارێته‌وه كه له‌ڕێی هونه‌ره به‌رزه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك خۆی پێگه‌یاندووه و بهلاسایكردنهوهی گۆرانییه‌كانی بۆته گۆرانیبێژ ( من به‌كۆمه‌ڵه گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك خۆم پێگه‌یاند، خه‌ڵكیش ده‌یان گووت ئه‌تۆ ده‌نگت خۆشه‌و ئه‌وه فرقه‌ی باواجی كۆیه هه‌یه پێویسته بچی له‌گه‌ڵ ئه‌وان كاربكه‌ی و بچیته ته‌له‌فزیۆن گۆرانی تۆماربكه‌ی) (2)
ده‌بێت سوپاسگوزاری هونه‌رمه‌ند ( ئیسماعیل محهمهدحهوێز ) ژه‌نیاری ئیقاع له‌تیپی باواجی كۆیه بین، كه ئه‌و به‌و هه‌سته دڵسۆزییه‌وه بۆته ڕێنیشانده‌ر بۆ ئیبراهیم سابیر كه له‌ڕێی تیپی باواجی كۆیه‌وه سوود له‌تواناو به‌هره‌ی هونه‌رمه‌ند وه‌ربگیرێت. ئه‌وكاته هونه‌رمه‌ندو مامۆستا (زاهیر محه‌مه‌د) سه‌رۆكی تیپی باواجی بووه، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌نگی وه‌ك ئه‌ندامێكی كۆرسی تیپه‌كه وه‌ریده‌گرن.
به‌مه‌به‌ستی زانیاری زێده‌تر له‌سه‌ره‌تای چوونه نێو تیپی باواجی كۆیه ، پێوه‌ندیم كرد به مامۆستا‌و هونه‌رمه‌ند(وریا ئه‌حمه‌د) پێی ڕاگه‌یاندم ( ناسینی من بۆ برای هونه‌رمه‌ند و هاوشاریم ئیبراهیم سابیر ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (1972) ده‌مه‌و عه‌سر بوو له‌تیپی باواجی بووین پرۆڤه‌مان ده‌كرد، له‌ڕێی برای هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ئیسماعیل حه‌وێز) كاك ئیبراهیمی هێناو پێی ناساندین و وتی خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆشه و گوێ له‌ده‌نگی بگرن، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌ندامانی تیپ گوێمان له‌ده‌نگی گرت ، خاوه‌نی توانا و ده‌نگێكی خۆش بوو ، ده‌نگێكی قه‌راری یه‌ك ئۆكتانی هه‌بوو، له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌ری گه‌وره هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك دا بوو ، سه‌ره‌تا وه‌ك كۆرس وه‌رگیرا) (3) .
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر وه‌ك ده‌نگخۆشێك له تیپی باواجی كۆیه بۆماوه‌ی ( 6بۆ 7) مانگ وه‌ك كۆرس به‌شداری چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای ناوبراو ده‌كات ، بهههڵسوكهوت و دڵسۆزیی بۆ هونهرهكهیی سه‌رنجی هونه‌رمه‌ندانی تیپی باواجی به‌گشتی ڕاده‌كێشێت و كه‌سێكی خۆشه‌ویست ده‌بێت له‌ناویاندا، هونه‌رمه‌ندو مامۆستا (زاهیر محه‌مه‌د) سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ی زیاتری ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگ و توانای هونه‌ری ، له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1973) ڕوو ده‌كاته ئیبراهیم سابیر و پێی ده‌ڵێت : تۆ ده‌نگت باش و شیاوه بۆ گۆرانی گوتن، كاتی ئه‌وه هاتووه كه‌به‌ته‌نیا گۆرانی بڵێیت و ببیته گۆرانیبێژی تیپه‌كه‌مان، ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند زاهیر محه‌مه‌د، زیاتر ده‌بێته هانده‌ر بۆ ئیبراهیم سابیر و خۆی ئاماده‌بكات وه‌ك گۆرانیبێژێكی تیپی باواجی گۆرانی بڵێت، هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌وێته خۆئاماده‌كردن و هه‌وڵدان، دوو گۆرانی لهگوڵزاره لێو ڕێژه‌كه‌ی ده‌نگ و ئاوازی زیره‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌یدات به مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، گۆرانیهكانیش بریتی بوون له ( په‌روانه و زاوا لهبوكێ مه‌ده) گۆرانیهكان په‌سه‌ندده‌كرێن.
تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه له ڕێكه‌وتی ( 3/4/1973) كۆمه‌ڵه گۆرانییه‌ك له ئیستگه‌ی كوردی به‌غداد تۆمارده‌كه‌ن، ئه‌و دووگۆرانییهی ئیبراهیم سابیر له‌و ڕێكهوتهدا تۆمار ده‌كرێت، گۆرانییه‌كان له‌ئاوازو تێكستی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بوون، به‌ڵام دابه‌شكردن و ئاماده‌كردنی مۆسیقا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان ( زاهیر محه‌مه، وریا ئه‌حمه‌د و سه‌ردار ئه‌حمه‌د) ه‌وه بوون. تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه هه‌مان كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان و ئه‌و دوو گۆرانیه‌ی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له ته‌له‌فزیۆنی به‌غدادش تۆمارده‌كه‌ن.
لێره‌وه هونهرمهندئیبراهیم سابیر وه‌ك هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆشێكی تیپی مۆسیقای باواجی و شاری كۆیه ده‌ناسرێت، گۆرانی په‌روانه‌ی هونه‌رمه‌ند ئه‌وه‌نده به‌چێژو عه‌شقێكی هونه‌رییه‌وه خوێندوویه‌تی و له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تیپه‌وه ئاماده‌و دابه‌شكردنێكی هونه‌ری بۆكراوه ، ده‌بێته وێردی سه‌رزاری گوێ‌گران و هۆگرانی گۆرانی و مۆسیقا ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) بۆی گێڕامه‌وه ( گۆرانی په‌روانه زۆر به‌زوویی له‌ناوخه‌ڵكدا بڵاوبۆوه و به‌لایانه‌وه خۆش بوو ، داوای لێبوردن له‌برای خۆشه‌ویستم ئیبراهیم سابیر ده‌كه‌م ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا ئیبراهیم سابیر له‌ناو جه‌ماوه‌ردا به ( بله په‌روانه) ناوبانگی ده‌ركردبوو) (4) .
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له ته‌واوی كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه به‌شداری ده‌كات تا ساڵی (1974) و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول، ئیبراهیم سابیر وه‌ك ههرهونهرمهندێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست ڕووده‌كاته شاخ و ده‌بێته پێشمه‌رگه و درێژهبهخهبات ده‌دات، بۆمه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌شۆڕش و پته‌وكردنی هونه‌ری به‌رگری ، له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای باواجی و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر و كه‌ركوك و دهۆك، تیپێكی مۆسیقا داده‌مه‌زرێنن به‌ناوی ( تیپی مۆسیقا‌و نواندنی شۆڕش) ، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا ئه‌م تیپه جوانترین سروود و گۆرانی‌یان تۆماركرد له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان له‌ژێر سایه‌ی بۆمبابارانكردنی فڕۆكه‌و تۆپه دوورهاوێژه‌كانی ڕژێمی به‌عس، سروود و گۆرانییه‌كانی تیپی مۆسیقای شۆرش له‌ڕادیۆی شۆرشه‌وه بڵاوده‌كرانه‌وه و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ی زیاتر پته‌وتر دهكردو ببوونه به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان،
له‌و ساته دژوار و سه‌خته‌دا ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات به‌ناوی( ئه‌و چاوانه‌ی هه‌ڵیان دێنی) ، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا ئه‌حمه‌د) سه‌باره‌ت به‌و گۆرانییه ئاماژه‌ی پێدا ( ئه‌وكاته ئێمه له‌گه‌ڵ برایانی هونه‌رمه‌ندم له‌تیپی مۆسیقای شۆرش خه‌بات و تێكۆشانی هونه‌ریمان ئه‌نجام ئه‌دا، به‌بێ گوێدانه مه‌ترسییه‌كانی بۆردومانكردنمان به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وام بووین له‌ئه‌نجامدانی كاری هونه‌ری ، ساڵی 1974 له‌ناوپردان ، ئاوازێكم دانا بۆ گۆرانییه‌كی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر ، به‌ناوی ( ئه‌وچاوانه‌ی هه‌ڵیان دێنی) ، تێكسته‌كه‌ی هه‌مووی هی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بوو،زۆرباشم له‌یاده له‌كاتی گوتنی گۆرانیه‌كه ، ئیبراهیم سابیر لهكۆپلهیهكدا باسی مه‌رقه‌دی هه‌یبه سوڵتان ده‌كات ، ئیتر نازانم چۆن ئه‌و كۆپله‌یه‌ی تێكهه‌ڵكێش كرد، كۆپلهكهش به‌و شێوه‌یه بوو :
( چاوت ئه‌ستێره‌ی ناو وه‌ردان
بهمهرقهدی هه‌یبه سوڵتان
چه‌ند ناخۆشه ده‌ست لێك به‌ردان) ( 5) .
تیپی مۆسیقای شۆڕش به‌بۆنه‌ی ( میهره‌جانی هونه‌ری شۆڕشگێڕی كورد ) له شارۆچكه‌ی ( حاجی ئۆمه‌ران) له‌ڕێكه‌وتی ( 25/12/1974) له‌ژێر ڕه‌شماڵێكی زۆر گهورهدابهبهشداری زیاتر له (80) هونه‌رمه‌ندی پێشمه‌رگه‌ی بواره‌كانی ( مۆسیقا و گۆرانی و سروود ، نواندن و شێوه‌كاری) به‌شداریان له‌و میهره‌جانه كردووه، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له‌و میهره‌جانه‌دا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان( نوری قه‌ره‌داخی ، ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی و قاسم حه‌مید) كۆرسی تیپی گۆرانی و سروودی ، تیپی مۆسیقای شۆرش بووه(6).
دوای ئه‌و كار و تێكۆشانه هونه‌رییانه له‌شاخ و ناوچه ئازادكراوه‌كان تیپی مۆسیقای شۆڕش ئه‌نجامی دان، ده‌كه‌ونه بیری خۆئاماده‌كردن بۆ سازدانی ئاهه‌نگ بۆ ئاواره كورده‌كانی باشووری كوردستان كهلهئۆردوگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران جێگیركرابوون، تیپی مۆسیقا و نواندنی شۆڕش به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕ هونه‌رییه‌وه له‌ئۆردوگاكانی ( بابه‌ك ، ئه‌نزڵ ، سه‌راوگه‌رم ، كامیاران ، سه‌ریاس و ئه‌ندیمه‌شك و....تاد) دوای ئه‌و گه‌شته پڕ چالاكییه هونه‌رییه ، تیپی مۆسیقای شۆڕش ڕووده‌كه‌نه شاری سنه، تیپی ناوبراو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌شاخ ستۆدیۆیه‌كی باش و شیاو بۆتۆماركردنیان نه‌بووه، له‌شاری سنه به‌هاوكاری و ده‌ستپێشخه‌ری كه‌سایه‌تی كورد په‌روه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر و هونه‌ردۆست ( شوكروڵڵا بابان) ماوه‌ی (2) شه‌و ستۆدیۆی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی سنه ده‌خاته خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای شۆڕش ، شوكروڵلا بابان هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تیه‌ك ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی،چونكه ئه‌وكاره له‌هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی ئاغای شوكرولڵای بابانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه به‌بێ پرس و ئاگاداركردنه‌وه‌ی (ساواك) ئهوزهمینهیهی بۆ هونه‌رمه‌ندان ڕه‌خساندووه تائهوكاره هونه‌رییانه ئه‌نجام بده‌ن، له‌ماوه‌ی ئه‌و دووشهوهدا هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای شۆڕش به به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگانه‌وه (7) گۆرانی و مه‌قام و چه‌ند سروودێك تۆمارده‌كه‌ن، یه‌كێك لهوگۆرانیانه، گۆرانی ( ئه‌و چاوانه‌ی هه‌ڵیان دێنی) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر بووه، بۆهه‌مان مه‌به‌ست پێوه‌ندیم كرد به ( جیهانبه‌خش كۆیی) ئه‌ویش یه‌كێك بووه له‌ئه‌ندامانی تیپی مۆسیقای شۆڕش و كاری تۆماركردن و هه‌ندێك جار وه‌ك كۆرس به‌شداری چالاكییههونهرییهكانی كردووه، پێی ڕاگه‌یاندم ( بۆ مێژوو ئه‌وه ده‌ڵێم ، دوای ئه‌وگه‌شته هونه‌رییه‌ی تیپی مۆسیقا و نواندنی شۆڕش لهئۆردوگاكان ئه‌نجامی دا بۆ خه‌مڕه‌وێنی و وره به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕۆحیه‌تی ئاواره‌كان، دواتر هاتینه شاری سنه، له‌لایه‌ن شوكروڵڵای بابان زۆر ڕێزمان لێ گیراو ، مه‌به‌ستی بوو له‌دڵه‌وه هاوكارمان بێت و كارێكمان بۆبكات، ئه‌وه‌بوو له‌ته‌له‌فزیۆنی شاری سنه ستۆدیۆی ئاماده‌كرد، له‌ماوه‌ی دووشهودا واته شه‌وانی 16له‌سه‌ر 17/ و 17له‌سه‌ر 18/3/1975 ، تیپی مۆسیقای شۆڕش توانی چه‌ند سروود و گۆرانی و مه‌قامێك بۆ هونه‌رمه‌ندان عوسمان عه‌لی و عومه‌ر خه‌زان و ئیبراهیم سابیر و هونه‌رمه‌ندانی تر كهلهگهڵماندا بوون تۆماربكات، به‌ڵام ئه‌و دووشه‌وه ته‌نها هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌سوڵ گه‌ردی و حه‌سه‌ن گه‌رمیانی) نه‌هاتن بۆ ستۆدیۆ...؟! ، ئه‌و زانیاریانه‌ش به‌به‌ڵگه لای خۆمه و پاراستوومه، ناوی گۆرانیبێژه‌كان و گۆرانییه‌كانیان كه‌به‌ده‌ست و خه‌تی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌رقه‌رداخی نوسراوه) (7).
دوای نسكۆی ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ندان هه‌ریه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه شار‌و زێده‌كه‌ی خۆی، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كه‌ی ( حاجی قادر و دڵدار و مه‌لای گه‌وره‌و سێوه و تایه‌ر تۆفیق و محه‌مه‌د تۆفیق ووردی) له‌و ساته‌وه‌خته‌دا تیپی مۆسیقای باواجی له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنیان لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و به‌بڕیاری به‌عس بۆیان نییه كاری هونه‌ری ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆڵه‌ته و نه‌هێشتنی كار‌و چالاكی هونه‌ریی تا ساڵی (1983) جارێكی دیكه به‌فه‌رمی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه كاروچالاكی هونه‌ری ده‌ست پێده‌كاته‌وه.
له‌گۆرانی په‌روانه‌وه بۆ گۆرانی ئۆف سه‌لام و ناوبانگێكی دیكه بۆ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر ...!
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا كه سه‌ختی ژیان و نه‌داری ڕێگر ده‌بێت له‌به‌رده‌م كاره هونه‌رییه‌كانی ، چونكه خۆی هه‌ژاربووه و داهاتێكی جێگیری نه‌بووه تا زیاتر كات ته‌رخان بكات بۆ هونه‌ره‌كه‌ی، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌كارو چالاكییه هونه‌رییه‌كانی، هونه‌رمه‌ند لهدیمانهكهیدا له‌گه‌ڵ تاهیر كرمانج ، ئاماژه‌ی به‌م به‌رهه‌مه هونهرییانهداوه وه‌ك ( له‌ساڵی 1976 دووگۆرانی ترم له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌ناوه‌كانی ( كه‌تان كه‌تانه ، هاتهوهبابێتهوه) تۆماركردووه، له‌ساڵی 1977 به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی ئیستگه‌ی كوردی به‌غداد دوو گۆرانی تر به‌ناوه‌كانی ( مریه‌مێ و یاڵڵامسافیر ) تۆماركردووه، له‌ساڵی 1987 چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه بۆتهلهفزیۆنی كه‌ركوك وه‌ك ( ئه‌سمه‌ران دولبه‌ران ، خه‌زێم خه‌زێم ، جوانێ هۆ جوانێ) تۆماركردووه، كه‌سه‌رجه‌میان له ئاواز‌و هۆنراوه‌ی فۆلكلۆرین، وه‌له‌ساڵی 1981 بۆ تۆمارگاكانی كوردستان دوو شریتم تۆماركرد و بڵاوكرایه‌وه ئه‌و دوو شریته(22) گۆرانی له‌خۆگرتووه) (8).
هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته تیپی مۆسیقای هونه‌ری هه‌ولێر ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری تیپی هونه‌ری هه‌ولێر له‌ساڵی (1978) چه‌ند گۆرانییه‌كی بۆتۆماردهكهن و دواتر به‌شێوه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ له‌ته‌له‌فزیۆنیش تۆمارده‌كرێت و بڵاو ده‌كرێته‌وه، گۆرانیه‌كانی وه‌ك (ئۆف سه‌لام ، یارم بێ شانه ، هه‌تیوێك بووم له‌كاروانی ، ڕۆژه‌ك له‌ڕۆژان و ئاییهو ئۆییه) ، دیارترین له‌و گۆرانیاینه كه‌له‌ناو خه‌ڵكیدا زیاتر بڵاو بووه و له‌لایان خۆش‌بوو گۆرانی ( ئۆف سه‌لام) بوو ، ئه‌م گۆرانییه له‌هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( سه‌ید عه‌لی سه‌رده‌شتی ) و ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا ، هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د بووه،
سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و تێسكت و ئاوازه ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له‌بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌ڵێـت ( ساڵی 1974 ڕژێم تۆپ بارانی ناوچه‌كانی گه‌ڵاڵه‌و چۆمانی ده‌كرد ، منیش بۆپاراستنی ڕۆحی خۆم هه‌موو ڕۆژێك ده‌چوومه حاجی ئۆمه‌ران، ڕۆژێك له‌ناو جێبێك دا بووم كابرایه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و گۆرانییه‌ی ده‌گوت، ڕێگاكه درێژبوو به‌رده‌وام ده‌یگوت ، منیش گوێم لێگرتبوو تا له‌به‌رم كرد ، له‌شوێنێك وه‌ستاین به‌رده‌می دوكانێك بوو ، به‌كابرای خاوه‌ن دوكانم گووت تهسجیلت هه‌یه ، گوتی به‌ڵێ ، خێرا تۆمارم كرد تا له‌بیرم نه‌چێته‌وه ، دوایی بردم بۆ تیپی مۆسیقای شۆڕش لای مامۆستا وریا مامۆستا سه‌ردار تا گوێ له‌و ئاوازه بگرن ، ده‌رفه‌ت نه‌بوو له‌وبارودۆخه دا تۆماری بكه‌م تا ڕێكه‌وت له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ری هه‌ولێر تۆماركرد ) ( 9) .
هه‌رچه‌نده كاره هونه‌رییه‌كانی هه‌ریه‌كه تام وچێژێكی هونه‌ری به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ئیبراهیم سابیر ده‌ده‌ن ، به‌ڵام له‌ناویاندا گۆرانی ( ئۆف سه‌لام) زیاتر به‌رجه‌سته بوو و خه‌ڵك پێی خۆش‌بوو و ده‌نگیدایه‌وه.
( پێم خۆشه وه‌ك ڕاوچییان ،، بمكوژێ یه‌ك ساچمه
ئه‌وساڵ سه‌ری حه‌وت ساڵه،، ئاره‌زووی سێ ماچمه
خاكی كۆیه هی من بێ ،، به‌بێ ئه‌و گوڵه بۆ چمه
ئۆف سه‌لام ،گیان سه‌لام ،سه‌لام له‌یاری نازه‌نین بۆ ناپرسی له‌حاڵم
ئۆف سه‌لامو گیان سه‌لامو سه‌لام له‌یاری چاو جوان هه‌تا ده‌مرم ده‌ناڵم ).
هه‌رسه‌باره‌ت به‌كارو تێكۆشانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له‌ناو تیپی هونه‌ری هه‌ولێر و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه‌دا ئه‌نجامی داون، بۆ له‌چوارچێوه‌ی وتنه‌وه‌ی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و گۆرانییه فۆلكلۆرییه‌كان خۆی ده‌رباز نهكردو خۆی ببێته خاوه‌ن ڕێچكه‌و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو) پێی ڕاگه‌یاندم ( هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی خۆشه‌ویست و ، مرۆڤێكی هێمن و له‌سه‌ره‌خۆبوو ، هه‌موومان خۆشمان ده‌ویست ، به‌ڕاستی خاوه‌نی ده‌نگێكی خۆش و توانای گۆرانی گوتنی هه‌بوو، له‌شاكاره‌كانی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر له‌گه‌ڵماندا به‌شداربوو، دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانیانه به‌تایبه‌ت گۆرانی ئۆف سه‌لام ، كه ده‌نگ و سه‌دایه‌كی زۆری هه‌بوو له‌ناو جه‌ماوه‌ردا، كاك وریا ئه‌حمه‌د زۆر هه‌وڵی دا كه بیكاته خاوه‌نی ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆی ، وه‌ك چۆن كاتی خۆی مامۆستا وریا ئه‌حمه‌د و ڕزگار خۆشناوی برام بۆ هونه‌رمه‌ندی جوانه‌مه‌رگ ( قادر زیره‌ك ) یان كرد‌و بووه خاوه‌نی ستایلی خۆی ، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆ كاك ئیبراهیم سه‌ری نه‌گرت، ڕه‌نگه له‌به‌ر دوو هۆكار: یه‌كه‌م ڕه‌نگه له‌به‌رئه‌وه بووبێت له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ناوبانگی نه‌بوو ، خوێنده‌وارییه‌كی باشیی نه‌بوو ..! دووه‌م : خراپی باری دارایی كه تائێستاش له‌ژیانێكی قورس و سه‌خت دا ده‌ژی،ئه‌و دۆخه سه‌ری لێ شێواندبوو نه‌ی ده‌زانی به‌دوای هونه‌ره‌كه‌ی بكه‌وێ ، یان عه‌وداڵی كارێك بێ كه خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی پێ بژێنێ ..؟! به‌هه‌رحاڵ كاك ئیبراهیم هونه‌رمه‌ندێكه به‌و حاڵه‌ته كه‌م ده‌رامه‌تییه‌وه توانیویه‌تی خزمه‌ت به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له تیپی باواجی و تیپی هونه‌ری هه‌ولێر بكات) (10).
له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه چه‌ند پرسیارێكم ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر كرد، ئایا كۆی گۆرانییه‌كانت چه‌نده ، كێ به‌مامۆستای خۆت ده‌زانی و ئایا له‌ماوه‌ی ته‌مه‌نی هونه‌ریتدا هیچ ئاوازێكت بۆ گۆرانیه‌كانت داناوه؟
له‌وه‌ڵامدا ئاماژه‌ی به ( 60تا 65) گۆرانییه، به‌شانازییه‌وه ده‌یڵێم له‌ڕووی ده‌نگ و هونه‌ره‌وه قه‌رزارباری هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) له‌ڕووی مۆسیقاوه كۆمه‌ڵێك مامۆستا هاوكارو ڕێنیشانده‌رم بوون بۆهه‌میشه شانازییان پێوه‌ده‌كه‌م ، هونه‌رمه‌ندان ( زاهیر محه‌مه‌د، وریا ئه‌حمه‌د و سه‌ردار ئه‌حمه‌د) له‌شاری كۆیه ، هونه‌رمه‌ند ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) له‌شاری سلێمانی و هونه‌رمه‌ند ( جه‌مال هیدایه‌ت) له‌شاری هه‌ولێر ، جیا له‌و بهرههمانهكه تۆمارم كردوون ، توانیومه دوو ئاواز له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی شاعیران دابنێم ، یه‌كه‌میان به‌ناوی ( ئه‌ی گوڵی باخی ژیانم) له‌هۆنراوه‌ی ( جه‌لال جۆبار) ی شاعیره ، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا برای هونه‌رمه‌ندم ( ئه‌رسه‌لان حه‌سه‌ن) ، گۆرانی دووه‌م به‌ناوی ( ساقی) ، كه دوابهرههممه و كلیپیشی بۆ كراوه، هۆنراوه‌ی ( فاتیح بیلال ) ه و ، دابه‌شكردنی مۆسیقاكه‌ی برای ئازیزم ( لێزان قادر) ه.
جگه و له‌و گۆرانی و دوو شریته‌ی تۆمارم كردووه ،چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه‌م له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه تۆماركردووه وه‌ك( ئه‌سمه‌ران ، جوانی هۆجوانی ، گێژه‌نی خه‌یاڵ، مریه‌مێ ، یاره‌كه‌م بهڵاڵووكه، نه‌ورۆزه و له‌یلا) وه به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌م كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌ریمان هه‌بووه و له‌گه‌لیاندا گۆرانیم گوتووه هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( خاڵه تاهیر تۆفیق ، مشكۆ ، حه‌مه جه‌زا ، حهنیله خڕه ، جه‌لال سه‌عید ، عاره‌ب عوسمان و قادر زیره‌ك ...تاد) (11) .
هه‌روه‌ها لێم پرسی له‌ئێستادا دوای ئه‌و ته‌مه‌نه هونه‌رییه به‌چییه‌وه سه‌رقاڵیت و چۆن ژیانی ڕۆژانه‌ت بهڕێدهكهیت ، شه‌كه‌ت و ماندوبوونی ڕۆژگار له‌ده‌نگیدا به‌دی ده‌كرا، وتی: به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌م ڕۆژگاره‌وه كه‌مێك له‌هونه‌ر دووركه‌وتومه‌ته‌وه ، مووچه‌یه‌كی كه‌می خانهشینم هه‌یه‌و شه‌وانه كاری ئێشكگری ده‌كه‌م.
كه‌واته مامۆستای عه‌شق و جوانی ( هێمن) ی شاعیر له‌خۆڕا ئه‌وه‌ی نه‌گوتووه ( هونه‌رمه‌ند و ژیانی خۆش مه‌حاڵه) بۆ ده‌بێ حاڵی هونه‌رمه‌ندی كورد به‌وشێوه‌یه، ژیان ماندووی بكات، دوای چه‌ندین ساڵ ڕێبوارێكی ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ر ئێستا ده‌بێت شه‌وانه كاری ئێشكگری بكات، ئه‌ی كه‌ی و چۆن ؟ خۆی بۆهونهرهكهی ته‌رخان بكات ...؟!
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر ، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه و خاوه‌ن هاوسه‌ره و له‌ساڵی ( 1976) ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیریه ( 8) منداڵه ، ( چوار كوڕ‌و چوار كچ) .
هیوای ته‌مه‌نداری به‌ته‌ندروستییه‌كی باشه‌وه بۆ ده‌خوازم، سڵاو له‌مێژووی جوانی هونه‌ریی و هیوادارم ژیان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆبڕهخسێنێ تابه‌رده‌وام بێت له‌كاری هونه‌ری .
جه‌مالی ده‌لاك (19/3/2022) هه‌ولێر.
سه‌رچاوه :
و 8) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنهو ئاماده‌كردنی ( تاهیر كرمانج) چاپی یه‌كه‌م (2017) لاپه‌ڕه(281) چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سابیر له‌شاری كۆیه له (20/2/1990).
(2) ڕۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی ، به‌ڵام به‌داخه‌وه ژماره‌و ڕێكهوتهكهیم نه‌زانی ، ئهوزانیارییهم له لاپه‌ڕه‌ی ( كۆیه‌و مێژوو) له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له(26/9/2012) بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ستم كه‌وتووه.
و 4 و 5) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( وریا ئه‌حمه‌د) ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه (13/3/2022) .
(7) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( جیهانبه‌خش كۆیی) هونه‌ردۆست و ئه‌رشیف پارێز‌و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای شۆڕش ، ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه ( 13/3/2022).
(10) په‌یوه‌ندیكردن به برای هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار ( ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی دامه‌وه ، ڕۆژی دووشه‌ممه (14/3/2022).
(11) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ئیبراهیم سابیر ) ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه ( 13/3/2022).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.