ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە و باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ھاتووە "وا بۆ چەندین جارە لە شوێنێکی دیاری سنووری شارۆچکەی حەمدانیە، کە دەکەوێتە نێوان بارەگای فەوجی مەغاویری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و بارەگای چەکدارانی عەسائب لە بەرتەلە و بارەگای لیوای 30ی حەشدی شەبەک، لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەکان هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "ئەو شوێنانە لەژێر کونتڕۆڵی هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵین و دوورنین لە بارەگا جێگیرەکانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی."
ئەنجوومەنی ئاسایش لە پەیامەکەیدا ھەروەھا نووسیویەتی "داوا لە سەرۆکوەزیران و حکوومەتی فیدراڵی دەکەین ئەو ناوچەیە کە بووەتە پەناگە و شوێنی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان لەو تیرۆریست و چەتانە پاک بکەنەوە و ئارامی و سەقامگیری دەستەبەر بکەن."
جەختیشی کردۆتەوە کە "بەرپرسیاریەتی تەواوی ئەو هێرشانە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو گرووپە تیروریستییانە و باجی ئەو هێرشانەش دەدەنەوە."
ئاماژەی بەوەش داوە کە "لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەماهەنگی دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەیان و کوتاییهێنان بەم کردارە تێکدەرانە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.