سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی زیاتر لە 306 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کردووە کە واژۆی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی لەسەرە، تێیدا هاتووە "لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، ڕەزامەندی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران وەرگیراوە بە:
1- تەرخان و خەرجکردنی گوژمەی 306 ملیار و 639 ملیۆن دینار بەشێوەی نەختینە و قۆناخ بەپێی کارە ئەنجامدراوەکان لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی بەردەوام و پێشنیارکراوەکان بەپێی لیستی هاوپێچ و ڕێنمایی جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی حکوومی ژمارە (2)ی ساڵی (2016)ی وەزارەتی پلاندانان.
2- 59 پڕۆژە لە لیستی پڕۆژەکان ڕەزامەندی لەسەر نەدراوە بە هۆکاری ئەوەی خزمەتگوزاری نین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتتان هەڵبستێت بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بە گۆڕینی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دیکە، بە مەرجێک لە گوژمەی تەرخانکراوی هەر پارێزگایەک و ئیدارەیەکی سەربەخۆ دەرنەچێت، دواتر ڕەوانەیکردنی بۆ سەرۆکایەتیمان بەمەبەستی پەسەندکردنی."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.