Erbil 21°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:18

 پارێزگاى هەولێر بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون چەند بڕیارێکی دەرکرد

کوردستان TV
100%


پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕێکارەکانی بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە خستەڕوو.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە کە "دوابەدواى کۆبوونەوەى ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانى پارێزگا کە بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجام درا، لەبارەى تای خوێنبه‌ربوون (الحمی النزفیه‌) کە نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسی زۆر مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر ژیانی مرۆڤ و له‌ ڕێگه‌ی ئاژه‌ڵه‌وه‌ بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه‌ و هه‌ندێكجار له‌ مرۆڤه‌وه‌ بۆ مرۆڤ، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان ئەم حاڵەتە بەدی نەکراوە، بەڵام لەم ماوەیەدا لە چەند شارێکی عێراق چەند حاڵەتێک تۆمار کراوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە. لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە و پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى نەخۆشى (تاى خوێنبەربوون)، کۆبوونەوە."

 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە ڕێگەگرتن لەم نەخۆشییە گەیشتنە چەند بڕیارێک.

دەقی بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون:-

یەکەم/ بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت ئاژەڵ لە دەرەوەى کوشتارگەکان بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى سەرببڕدرێت لەبەردەم دووکان و شەقامەماکان، ئەرکى قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە و شارەوانى و لێژنەکانى تەندروستی و بازاڕە ڕێگرى لەو کارە بکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچى بکات ڕێکارى توندى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

دووەم/ بەهاوکارى یەکەکارگێڕییەکان دەست بە هەڵمەتى شوشتن و ڕشاندنى ئاژەڵى خۆماڵى بکرێت.

سێیەم/ لەلایەن هۆبەکانى ڤێتەرنەرى و موختارى گوندەکان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەى خاوەنى ئاژەڵ و کارى ئاژەڵدارى دەکەن، ئاگادار بکرێنەوە لە ڕشاندنى ئاژەڵەکانییان بە دەرمانى دژە (قرنە).

چوارەم/ ڕشاندنى گۆڕەپان (مەیدان)ى ئاژەڵان بەگشتى.

پێنجەم/ خاوەنى کێڵگەکان و بازرگانانى ئاژەڵان، دەبێت لەسەر ئەرکى خۆیان پابەند بە ڕشاندنى ئاژەڵەکانیان بەسەرپەرشتى ڤێتەرنەرى بن.

شەشەم/ دەبێت باخچەکانى ئاژەڵانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، لەژێر سەرپەرشتى ڤێتەرنەرى هەموو ئاژەڵەکانیان بشۆن و بڕشێنن.

حەوتەم/ هاتنى ئاژەڵ و گۆشت لەدەرەوەى شارى هەولێر بەبێ پشکنینى ڤێتەرنەرى و پزیشکى، بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.