بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا
سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.4.27، بەسەرپەرشتى ئومید خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریەکانی جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز ئەنجامدرا.
لەسەرەتایى کۆبوونەوەکەدا، کەسەرجەم قائیمقامەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر، یاریدەدەرى پارێزگار، بەرێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و شارەوانى، کشتوکاڵ و سەرۆکى شارەوانى هەولێر، بەڕێوەبەرانى ڤێتەرنەرى و سامانى ئاژەڵى و بەڕێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا ئامادەى بوون. پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی، وێڕای تەئکیدکردنەوە لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەکانى پێشوتر، پاڵپشتى تەواوی پارێزگاى بۆ سەرجەم لایەنەکان دووپاتکردەوە و ڕایگهیاند: "بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لەهیچ کەس و لایەنێک بکرێت کە سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، بەتایبەتى لەڕۆژانى جەژن و پشووەکان کەسانێک دەیانەوێت ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى، ئێوە بەشێکى گرنگن لەناو و ناوبانگى حکومەت، بۆیە دەبێت هەر یەکێک لە ئێوە بە هەماهەنگى و هاوکارى یەکتر و وەک یەک تیم و گروپ کارەکانتان لە چوارچێوەى یاسا بەرکارەکان جێبەجێ بکەن و ڕێگرى بکەن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچیەکان و چاوپۆشى لەهیچ کەس و لایەنێک نەکەن کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى حکومەت".
پاشان پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە کەمکردنەوەى ڕۆتین و کاروبارەى هاوڵاتییان، گوتى: "ئەوەى لەسەر ئێوە پێویستە ئەوەیە بەیەکسانى و بەو پەڕى ڕێزەوە لە ڕایکردنى مامەڵە و کاروبارەى هاوڵاتییان ئاسانکارییان پێشکەش بکەن. بۆیە دەبێت لەئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدابن و هەرچی لەتوانادا هەیە ئەنجامیبدەن بۆ ڕێزگرتن لە هاوڵاتییان و ڕایککردنى مامەڵەکانیان و کەمکردنەوەى ڕۆتین لەفەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیەکانتان".
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەبارەى دەستکردنەوە بە کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەسەر ئاستی هەموو سێکتەرەکان لەسنووری پارێزگای هەولێر، باس لەئامادەکارییەکان کرا بۆ دەستکردنەوە بەجێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان. لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لەوەکردەوە کە دەبێت لەئایندەیەکی نزیکدا، لە سەرجەم گوند و ناحییە و قەزاکانی سنووری پارێزگاکەمان بەبێ جیاوازی لەسەر ئاستی هەموو سێکتەرەکان دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەکان بکرێتەوە. هەروەها سهبارهت به ڕەوشی ئابووری و چۆنیەتى بەهێزکردنى جوڵەی بازاڕ و چۆنیەتی دۆزینەوەی رێگاچارەى گونجاو بۆ كێشە ئابووری و بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەى داهات، جەختى له ههموو پاڵپشتی و هاوکارى و هەماهەنگیهكى پارێزگاى ههولێر بۆ قائیمقامان و بەڕێوەبەرانی گشتیى فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەسنوورى پارێزگاى هەولێر كردهوه.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەشدا مەترسییەکانى نەخۆشى تاى خوێن بەربوون خرایە بەرباس کە نەخۆشیەکى کوشندە و مەترسیدارە و لەئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بەتایبەتى لەکاتى سەربڕینى لەڕێگەى خوێن یان خواردنى گۆشتى ئاژەڵى نەخۆش دووچارى مرۆڤ دەبێت و لەئێستاشدا له چەند شارێکی عێراقى چەند حاڵەتێکى ئەم نەخۆشیە تۆمار کراوە و چەند كهسێكیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بەو پرسە جگە لەوەى جەخت لەوەکرایەوە کە لەبەر هەبوونی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە عێراق، هەرچەندە تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان هیچ حاڵەتێک بەدی نەکراوە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و سەلامەتی هاوڵاتییان چەند ڕێنماییەکى پێویست بۆ خۆپارێزى و بەرچاو روونی هاوڵاتییان لەلایەن پارێزگاى هەولێر بڵاو بکرێتەوە، ئەوە جگە لەوەى تەئکیدی لە شارەوانییەکان کرایەوە کە پێویستە بەهەموو شێوەیەک سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان قەدەغەبکرێت و هەرکەس ئەنجامیبدات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنەبەر.
ئومێد خۆشناو: چاوپۆشى لەهیچ کەس و لایەنێک ناكرێت کە بیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر ئەرز و موڵکى حکومەت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.