كه‌م نین ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه خاوه‌نی چهندبههرهیهكن و له‌ڕێی ئه‌و بههرانهوه خزمه‌ت به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆش و قسه‌خۆش و نوكتهبازو خۆش مه‌شره‌ب، هه‌روه‌ها دۆبلاژی فیلمی كارتۆن و لاسایكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ڕادیۆ و ته‌یاره ، هونه‌رمه‌ندێكی دێرینه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( ئیبراهیم سه‌عید) كه به ( بله‌ی سهعهكهڕ ) ناسراوه، كاتێك كه‌باسی ئه‌م كه‌سایه‌تییه له‌ڕووی به‌سه‌رهات و خۆش مه‌شره‌بی و كه‌یف و زه‌وق و گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كان كه هه‌میشه خه‌نده‌و دڵگه‌شیی به‌به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌خشیوه ، له‌پاڵ ناوهێنانی بله‌ی سهعهكهڕ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تر ده‌بێت ناویان بهێندرێت چونكه ئه‌وانیش هاوشێوه و هاوشان و هاوڕێی بله‌ی سهعهكهڕ بوون له قسه‌ی خۆش و نوكته‌و به‌سه‌رهاتی ڕاسته‌قینه كه‌به‌سه‌ریاندا هاتووه ، ئه‌وانیش ( فه‌ریقه كوێر ، عیزه‌ت یه‌ك پارچه ، خاڵه ڕه‌جه‌ب ، به‌كری حاجی سهعهڕهش و ڕه‌حیمی وه‌ستا مه‌حمودی ناڵبه‌ند، ناسراو بهڕهحیمه فشه‌و ....چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه)
ئه‌گه‌ر باس له‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و بواری هونه‌ری گۆرانیگوتنی بله‌ی سهعهكهڕ بكرێت، به‌هه‌مان شێوه ده‌بێت ناوی هونه‌رمه‌ندان كه هاوڕێی كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه و باده‌نۆشین بوون ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و تالیب مه‌جید ، ناسراو به‌ته‌له) بهێندرێت.
بله‌ی سهعهكهڕ ، گۆرانیبێژ ، قسه‌خۆش وبه‌شێك له‌ته‌مه‌نی به‌خشیوه به بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و پێشمه‌رگه‌یه‌كی دڵسۆز‌و به‌وه‌فای كوردایه‌تی و سه‌رده‌مێكیش ئاواره بووه .
ئه‌م هونه‌رمه‌نده بێ نازه ماوه‌ی (68) ساڵ ژیاوه ، به‌ڵام ماوه‌ی نیوسهدهی به‌ته‌نیا بردۆته سه‌ر ، هه‌میشه له‌دانیشتن و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا به‌ده‌نگ و به‌هره‌ی قسه و نوكته‌و به‌سه‌رهاته خۆشه‌كانی كۆڕ گه‌رم كه‌رو زه‌وق و شه‌وق و چێژ و خه‌نده‌ی به‌خشیوه، تا ده‌نگی له‌بره‌ودا بوو ، پیری و نه‌خۆشیی و جه‌سته لاوازی ته‌نگی پێههڵنهچنیبوو، زۆر له‌ده‌وری بوون و شه‌وه سووره‌كان و پێكه‌كان له‌چاوی كاك برایمه‌وه هه‌ڵدراون ، هه‌روه‌ك چۆن بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر
( حه‌سه‌ن زیره‌ك) زۆر ڕاستبێژانه ئه‌و ده‌رده دڵه‌ی كردووه و له‌هه‌ستێكی بێكه‌سیدا كاتێك كه‌كه‌وتۆته زیندان كه‌سێك نه‌بووه لێی بپرسێ فه‌رموویه‌تی :
( تاله ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو بكات سڵاو
گه‌ر گیرام و كه‌وتمه زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كرا‌و )
به‌داخه‌وه دیاره ئهوهبۆته كه‌لتوور بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌ك كورد بۆ هونه‌رمه‌ندان و كه‌سایه‌تیه‌كانی ، هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ئه‌ویش ژیانی به‌وشێوه‌یه گوزه‌را تادواساتهكانی ژیانی هه‌رده‌ست له‌ئه‌ژنۆ بووه له‌ژێر بنمیچێكی كرێنشینیدا.
( خۆشه‌ویستی گۆشه‌كه‌ی ته‌نیایی ههرئهژنۆكهمه
بۆیه ڕۆژ و شه‌و وه‌ها گرتوومه‌ته نێو باوه‌شم ( ( هێمن)
ئه‌م هونه‌رمه‌نده میللییه ده‌نگخۆش و قسه خۆشه با له‌زاری خۆیه‌وه به‌م هۆنراویه بیناسین..!
( مێژوو هاوڕێی ژینمه ، كه‌یادی ده‌كه‌م ده‌وای برینمه
ناوم ئیبراهیم كوڕی سه‌عیده، كوڕی مسته‌فا نه‌وه‌ی ڕه‌شیده
ساڵی 1942 له‌سلێمانی ، وه‌كو كوڵه وه‌یباب سه‌رم ده‌رهانی
ساڵی گرانی و جه‌نگی جیهانی ، دایكیشم دایناباری گرانی
له‌وساته‌ی به‌رگی لاویم پۆشیوه، هیچ كه‌سی خۆم به‌چاو نه‌دیوه
نه‌دایك و باوك و خوشك و برا ،بێ سه‌رپه‌رشتی بۆمن دانرا
هه‌روه‌ك شیعره‌كه‌ی خواجه شیرازی ، حاجی سهعهكهڕ خوا لێیبێت ڕازی ) ( 1)
ئیبراهیم سه‌عید مسته‌فا ڕشید ، ناسراو به ( بله‌ی سهعهكهڕ) ، باوكی خاوه‌نی دوو هاوسه‌ر بووه ( فاتمه خان و ئامینه خان) له‌به‌ره‌ی هه‌ردوو هاوسه‌ر سه‌عید مسته‌فا خاوه‌نی ( پێنج كوڕ و پێنج كچ) ، له‌ساڵی (1942) له‌گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانی بله‌ی سهعهكهڕ له‌دایك ده‌بێت، ماڵیان دراوسێی ماڵی حاجی تۆفیق ( پیره‌مێرد 1867_1950) ی شاعیر بووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیبراهیم منداڵێكی چوست و چالاك و زیره‌ك بووه ، پیره‌مێردی شاعیر زۆری خۆشویستووه و چاوێری هه‌ڵس و كه‌وت و ڕێنمایشی كردووه ، له‌ته‌مه‌نی (7) ساڵیدا واته ساڵی (1949) پیره‌مێرد بردوویه‌تیه له‌چاپخانه‌ی ( ژین) كاری پێكردووه ، ئیبراهیم سه‌عید و مه‌حمود خاكی هه‌ردووكیان ڕۆژانه ، ڕۆژنامه‌ی ژین یان له‌ناوبازاڕی سلێمانی به‌شێوه‌ی ده‌ستگێڕ فرۆشتووه، حاجی تۆفیق ( پیره‌مێرد) دركی به‌ده‌نگ خۆشیی ئیبراهیم كردووه، له‌یادی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی (1950) له‌گه‌ڵ خۆیدا بردوویه‌تی بۆ گردی مامه یاره‌و له‌گه‌ڵ چه‌ند منداڵیكی دیكه‌دا كۆرسێكی درووستكردووه، ئیبراهیم سه‌عید یه‌كێك بووه له‌و كۆرسانهكه سروود و گۆرانی‌یان بۆ ئاماده‌بووان و ئاهه‌نگێڕانی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز وتووه، ئیبراهیم سه‌عید لهقهلهندهرخانهكهی پیره‌مێردی شاعیر ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ی پیره‌مێردی فه‌یله‌سوف كۆچی دوایی ده‌كات( 19/6/1950).
( ئه‌وه‌بوو شه‌ش ، حه‌وت مانگێك به‌رده‌وام له‌و قه‌له‌نده‌رخانه‌یه‌دا كارم ده‌كرد ئیدی پیره‌مێرد، وه‌فاتی كرد و من بێ سه‌رپه‌رشت مامه‌وه، دواجار دایكم بردمی كردمی بهشاگر دارتاش لای خوالێخۆشبوو وه‌ستا ( ئهوهڕهحمانی گورون) دوكانه‌كه‌ی لای جاده‌ی مه‌وله‌وی بوو) (2) .
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ، له‌ته‌مه‌نی (9) ساڵیدا خراوه‌ته به‌رخوێندن ، واته له‌ساڵی (1951) له‌قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵییه) ده‌وامی ئێواران خوێندوویه‌تی ، به‌ڕۆژ شاگری دارتاش بووه و ئێواران خوێندوویه‌تی ، له‌به‌ر هه‌ژاری و دابینكردنی بژێوی ژیانی هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1956) ده‌ست به‌رداری خوێندن و شاگرد دارتاشییهكهی ده‌بێت، ڕووده‌كاته كرێكاری له‌لای وه‌ستا باشییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی شاری سلێمانی، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌كرێكاری تا خۆی ده‌بێت به‌وه‌ستای كاشی ، له‌ساڵی (1959) له‌لایه‌ن ( به‌كری سه‌عید قه‌ساب) ئه‌وكاته سه‌رۆكی نه‌قابه‌ی كرێكارانی سلێمانی بووه ، مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردنی وه‌ك وه‌ستای كاشی پێده‌ده‌رێت.
سه‌ره‌تای هاتنه نێو دنیای هونه‌ری گۆرانی گوتنه‌وه..؟!
ئیبراهیم سه‌عید هه‌رله‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه هه‌ست به‌ده‌نگ خۆشیی و توانای گۆرانی گوتنی كراوه ، له‌وسه‌رده‌مه‌شدا له‌شاری سلێمانی سینه‌ما هه‌بووه، كه‌وتۆته ژێركاریگه‌ری فیلمه هیندی یه‌كان ، هه‌روه‌ها ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و محه‌مه‌دی ماملێ ) گوێی له‌گۆرانییه‌كانی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده گرتووه و لاساییكردونهتهوه، ئێویسته ئاماژه به‌توانای چرینی مه‌قاماتی فارسی ئیبراهیم سه‌عید بده‌م ، هه‌رله‌و سه‌ده‌مه‌دا ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و مه‌قامبێژانی فارس وه‌ك ( مه‌رزیه ، دلكهش ، ئیره‌ج خواجهمیری و گوڵپایگانی) زۆر باوی بووه و له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌و كاتی سلێمانی به‌ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه سه‌رسام بوون و چێژییان لێوه‌رگرتوون، ئیبراهیم سه‌عید كه‌وتۆته ژێر كاریگه‌ری ده‌نگی خۆش و مه‌قامه چێژبه‌خشه‌كانی ( ئیره‌ج خواجهمیری) ئه‌و كاریگه‌رییه بۆته هۆكاری ئه‌وه‌ی كه ئیبراهیم سه‌عید له‌چڕینی مه‌قامدا خۆی له‌قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی (ئیره‌ج) دا دۆزیوه‌ته‌وه و ، له‌بواری به‌سته بێژیدا قوتابییه‌كی دڵسۆز‌و به‌ئه‌مه‌كی قوتابخانه مه‌زنه‌كه‌ی ( حه‌سه‌ن زیره‌ك ) بووه، له‌ژێر كاریگه‌ری ده‌نگ و هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌كدا،گۆرانییه‌كانی ئه‌و بلیمه‌ته نه‌مره‌ی وتۆته‌وه و عاشقی هونه‌ره‌كه‌ی بووه ، ئه‌وهه‌سته‌ی بۆ زیره‌كی نه‌مر هانده‌ری بووه كه بۆیه‌ك جار بچێته دیداری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌چایخانه‌كه‌ی ( كانی مه‌لائه‌حمه‌دی بانه) .
له‌شاری سلێمانیدا گۆرانیبێژ و ده‌نگخۆش هه‌بوون، بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش له‌گه‌ڵ هاوڕێیكانیان ، یان چوونیان بۆ سه‌یران ئه‌و كاته چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو هه‌بوون وه‌ك ( كانی با ، چه‌می تانجه‌رۆ ، وه‌یس ، قۆریه شكاو و كارێزی وه‌ستا شه‌ریف ...تاد) ئه‌م ده‌نگخۆشانه له‌وێ كه‌یف و سه‌فایان كردووه، ڕۆژێك ئیبراهیم سه‌عید وه‌ك ههرگهنجێكی ئه‌و شاره ڕووده‌كاته كانی با، ده‌بینێ دوو كه‌س گۆرانی پێكه‌وه ده‌ڵێن و هه‌ردوكیان دهنگیانخۆشهو خه‌ڵك لهدهوهرییان كۆبوونه‌ته‌وه و بههونهرهكهیان سه‌رسامن ، دوای پرسین له‌و خه‌ڵكانه‌ی كۆڕی زكریان به‌ستووه له‌ده‌وه‌ری ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده ، ئینجا ده‌زانێ ئه‌و دووكه‌سه ناویان ، هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ و تالیب مه‌جید _ ته‌له) یه ، ئیبراهیم سه‌عید یش دوای وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی لێیان بهچهندگۆرانییهك به‌شدارده‌بێت ، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( شه‌ماڵ و ته‌له) سه‌رسام ده‌بن كه كوڕه لاوێك خاوه‌نی ئه‌وده‌نگه خۆشه‌یه‌وه و له‌وڕۆژه‌وه ده‌بێته هاوڕێی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند.
له‌ساڵی (1960) ئیبراهیم سه‌عید بانگهێشت ده‌كرێت بۆ سه‌ربازی و ڕه‌وانه‌ی باشووری عێراق ، شاری ( عه‌مماره) ی ده‌كه‌ن ، دوای ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ربازی ، ئیبراهیم سه‌عید له‌گه‌ڵ دووهاوڕێی خۆی به‌ناوی ( نه‌وزادی عه‌لی قادر ، ناسراو بهنهوزادی حه‌پسه و عه‌بدوڵڵا عومه‌ری مه‌لا سووره، ناسراو به‌عه‌به چاوشین، له‌شاری عه‌ماره‌وه، به‌دزییه‌وه ڕاده‌كه‌ن و سه‌ربازی به‌جێ دێڵن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌وه سلێمانی ، پاش ماوه‌یه‌ك، هه‌رسێكیان له‌ڕێكه‌وتی (1/1/1962) خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه هێزی پێشمه‌رگه، له‌سه‌ر چیای ئه‌زمه‌ڕ په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌كه‌ن و ده‌بنه پێشمه‌رگه. هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید له‌ناوڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان درێژه به‌خه‌بات ده‌دات و به‌شداری چه‌ندین نه‌به‌ردیی و داستان و قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه ده‌كات وه‌ك كه‌سێكی ده‌نگخۆش و قسه‌خۆش و نوكتهزان و پێشمه‌رگه ماوه‌ی چهندساڵێكیش ئاواره‌بووه له‌ئێران ، ( ساڵی 1964 هاتینه سه‌رشاخی كۆڕه‌ك، شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد، من له‌شه‌ڕه‌كه به‌جێمام ،براده‌ره‌كانم وایانزانی بوو شههیدكراوم ، ئه‌وكاته‌ش (ته‌ته‌ر ) هه‌بوو هه‌واڵ و زانیاری‌یان لهشارهكانهوه ئه‌هێنا بۆ ناو شۆڕش، له‌ڕێی ئه‌و تهتهرانهوه هه‌واڵی شه‌هیدكردنی من گه‌یشتبۆوه سلێمانی ، ئیتر دایكم وای زانیبوو كه من كوژراوم ، به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه دایكم به‌جه‌ڵته‌ی دڵ ئه‌مری خوای كردبوو) هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید سه‌باره‌ت به‌هه‌ست و هه‌ڵوێستی كه‌ماوه‌یه‌كی زۆر ژیانی به‌خشیوه بهنهتهوهكهی له‌شۆرشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ‌دا به‌شداربووه، به‌وشێوه‌یه ئه‌و هه‌یته ده‌رده‌بڕێت ( من پێشمه‌رگه‌و شۆڕشگێڕبووم، حه‌قم به‌هیچ حیزبێكه‌وه نه‌بوو، هه‌ركه‌س شۆڕشی بكردایه من له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه بووم، هه‌رچه‌نده تائێستا سوودمهندنهبووم له‌هیچ شتێ ، له‌به‌رئه‌وه‌ش په‌شیمان نیم ، چونكه پێشمه‌رگه‌ی خاك و میلله‌ت بووم تاگهلهكهم نه‌چه‌وسێته‌وه) (3).
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید تابه‌یانی (11ی ئاداری ساڵی 1970) ده‌گه‌رێته‌وه بۆ شاری سلێمانی و ، درێژه به‌ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ری ده‌دات و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی یارانی بهنوكتهو قسه‌خۆشه‌كانی گه‌رمتر به‌جۆش و خرۆشتر ده‌كات.
ئیبراهیم سه‌عید وه‌ك ده‌نگخۆشێك ، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ) به‌شداری ده‌كات له‌چه‌ند بۆنه‌و ئاهه‌نگێك له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی ، دیارترینیان ئاهه‌نگی رێكه‌وتی ( 25/9/1970) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ئاهه‌نگی یانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی به‌شداربووه، دواتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی ، به‌شی گۆرانی مۆسیقا، له‌ساڵی (1973) له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا گۆرانی ( ئۆخه‌ی ئۆخه‌ی لهوباڵایه) تۆمارده‌كات.له‌هه‌مانكاتیشدا هونه‌رمه‌ندان ( حه‌مه‌ی نێرگز ، عوسمان عه‌لی و سه‌لاح مه‌جید) گۆرانی ( ئامۆزاگیان) تۆمارده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید، به‌شداری چه‌ندین ئاهه‌نگ و دانیشتن و كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی ئازیزان و خۆشه‌ویستاندا ده‌كات، چه‌ند به‌هۆی دهنگخۆشییهكهیهوه ناسراوه ، دووهێنده‌ی تر به قسه خۆش و به‌سه‌رهات و نوكهتهكانییهوه، خاوه‌نی چه‌ندین كاسێته كه به‌سه‌رهات و نوكته‌و لاسایكردنه‌وه‌یه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ساده‌و ساكاره ده‌نگخۆشه به‌هۆی ڕووخۆشیی و سیما هه‌میشه خه‌نده لێباریوهكهیهوه، خۆشه‌ویستی نێو هونه‌رمه‌ندان و ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان بووه، تا دواساته‌كانی ژیانی ههربهڕهبهنی مایه‌وه.
هه‌رچه‌نده چه‌ندین به‌رهه‌می هه‌یه ، به‌ڵام ناودارترین گۆرانی هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید گۆرانی ( عاشق شێته) یه
( پرچت ماری گرێ گرێ ، سه‌ره‌ڕێ لهڕێبوار ده‌گرێ
دێوانه‌ی خاڵی ڕووتم ، پێی بڵی ڕیگام لێنه‌گرێ
بۆدهڵێی عاشق شێته؟ بێ گوناحه‌و مه‌یلی لێته
له‌ته‌واوی زینده‌گی نۆكه‌ری ده‌وری پێته )
( هونه‌رمه‌ند تاساڵی 2010 زیاتر له بیست كاسێت بڵاوده‌كاته‌وه، زیاتر له (30) گۆرانی بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی ناوخۆ تۆمارده‌كات، جگه لهوكورته فیلمانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌رچاوشین و حه‌مكۆ) كاری تێداكردووه ) (4)
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید به‌هره‌ی هۆنراوه دانانیشی هه‌بووه، به‌هۆنراوه باسی یه‌كێك لهگهڕهكه دێرینه‌كانی شاری سلێمانی ، گه‌ڕه‌كی ( قه‌ره‌ج ئاوا) ده‌كات و نوسیویه‌تی :
( ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی وائێستا خه‌باته ، جێی بازرگان و وه‌ستای خه‌یاته
جاران مه‌شهور بوو بهقهرهج ئاوا ، ئێسته‌ش ئه‌و ناوه له‌سه‌ر زار ماوه
خێڵی قه‌ره‌جه‌كان په‌نجا ماڵ ده‌بوون، له‌وجێگایه‌دا نیشته‌جێ بوو بوون
مام قیراجێك بوو گه‌وره‌ی قه‌ره‌جه‌كان ، ته‌مه‌ن هه‌شتا ساڵ ڕیش درێژ‌و پان )
له‌هه‌مان هۆنراوه‌دا باس له پۆلیسێكی توركمان ده‌كات به‌ناوی ( سه‌لیمه فه‌ندی) كه زۆر ئازاری چه‌شتووه به‌ده‌ست سه‌لیمه فه‌ندییه‌وه، بله‌ی سهعهكهڕ له به‌شێكی هۆنراوه‌كه‌دا نوسیویتی :
( ڕقی له‌من و فه‌ریقه كوێر بوو ، دایم خه‌ریكی بگره‌و به‌رده بوو
كهئهمر قه‌بزی ئێمه‌ی ده‌رده‌كرد ، ئا به‌وشێوه‌یه ڕه‌فتاری ده‌كرد
صهببهح ساعه‌ت ئۆن شرطهجماعهت له‌ر، صادر ئهمرقهبز بله‌ی سهعهكهڕ
هه‌م فهریقهكۆر عیزه‌ت یه‌ك پارچه ، قۆنداغه تفه‌نگ یوزهنهن ئاڵته
مه‌فره‌زه ته‌شكیل ئۆن بێش شرطه له‌ر ، تهحهڕی بیكه‌ن ماڵی سه‌عه كه‌ڕ
ماڵی سهعهكهڕ به‌م خه‌ریته‌یه ، ڕه‌قه‌می شازده له‌سه‌ر حه‌ڤده‌یه
ماڵ فه‌ریقه كۆر و عیزه‌ت یه‌ك پارچه ، مقابل ماڵی حه‌مه سهرپاچه
محاصر بیكه‌ن دۆرت ئهطرافی ماڵ ، بهئیشراف ڕه‌ئیس عوره‌فا حه‌مه تاڵ
مقهیهد ئۆڵو فیرار نه‌كردن ، تفه‌نگ له‌ده‌ستی شرطه نه‌بردن
كه‌له‌پچه بیكه‌ن دوو سه‌ر سه‌ری له‌ر
عیزه‌ت و فه‌ریق بله‌ی سه‌عه كه‌ڕ )
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید له‌ناوه‌ڕاستی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه له‌شاری هه‌ولێر درێژه‌ی به‌ژیان داوه، له‌ساڵی (2005) له ( داره‌توو) له‌خانوویه‌كی گڵی كرێنشینیدا تا دواساته‌كانی ژیانی به‌سه‌ربردووه.
بۆ نازناوی ( سهعهكهڕ) بۆتهپاشگری ناوهكهیی و، ئایا باوكی گوێی گران بووه ..؟!
هونه‌رمه‌ند ئیبراهیم سه‌عید ، كه به بله‌ی سهعهكهڕ ناسراوه ، تالهژیاندابووه له‌وانه‌یه زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ی ئاراستهكرابێت، له‌یه‌كێك له به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنیدا به‌وشێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌وپرسیاره‌ی دایه‌وه :
( من هێشتا له‌دایك نه‌بوو بووم، باوكم وه‌ستای بیناسازی بوو ، باوكم خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی گه‌وره بووه له‌به‌رزنجه، پیاوێكی زۆر وریا و چالاك بووه، باوكم ( كه‌ڕ ) نه‌بووه ، به‌ڵكو گوێی زۆر سوك بووه ، له‌ماڵێك كار ده‌كات ، له‌كۆندا وه‌ستاو كرێكار كهلهماڵێكدا كاریان ده‌كرد ، بۆنانخواردن خاوه‌ن ماڵ لێ نه‌ده‌گه‌ڕان بڕۆن له‌ده‌ره‌وه نان بخۆن ده‌بێ له‌و ماڵه كهنانیان بۆ ئاماده‌كردوون نان بخۆن، وه‌ستای قه‌دیمی كهتهنافی لێداوه له‌سه‌ر و ئه‌وسه‌ری دیواره‌كه، تا ته‌واوی نه‌كات پێی عه‌یبه بێته خواره‌وه، ژنی خاوه‌ن ماڵ دێت بانگی باوكم ده‌كات و ده‌ڵێ وه‌ستا سه‌عید وه‌ره خواره‌وه نان بخۆ ، باوكیشم گوێی لێ ده‌بێ ، به‌ڵام ئه‌و مه‌به‌ستیه‌تی دیواره‌كه ئهوڕیزه چه‌نی ماوه ته‌واوی بكات و ئینجا ده‌ست هه‌ڵگرێت، ژنه‌كه‌ش چه‌ند جارێكی دیكه ئه‌ڵێت وه‌ستا سه‌عید ، وه‌ستا سه‌عید ، وه‌ستا سه‌عید ، ئه‌ویش ههروهڵامی ناداته‌وه و ژنه‌كه‌ش به‌ده‌نگی به‌رز هاوارئهكات و ئه‌ڵێ ( سه‌عه كه‌ڕ ، سه‌عه كه‌ڕ ، سه‌عه كه‌ڕ) هه‌رچی خه‌ڵكی ده‌رو دراوسێی ئه‌وماڵه‌یه كهلهدهوری كاره‌كه‌ی باوكم كۆبوونه‌ته‌وه و گوێیان له‌و ژنه‌یه كه‌چی ده‌ڵێت، هه‌موو به‌یه‌كه‌وه ده‌لێن سه‌عه كه‌ڕ ، سهعهكهڕ، به‌وشێوه‌یه ئه‌و ناوه به‌سه‌ر باوكم دابڕاوه ، به‌ڵام گۆڵمه‌ز و نه‌گبه‌تییه‌كه بۆمن ماوه‌ته‌وه ، باوكم ( پێنج كوڕ‌و پێنج كچی ) هه‌بووه، لهناوخوشك و براكانمدا ته‌نها بهمن ئه‌ڵێن بله‌ی سهعهكهڕ ، واته له‌ناو خانه‌واده‌كه‌مدا ته‌نها من هه‌ڵگری ئه‌و نازناوه‌م) (5)
ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی كه‌هه‌موو ته‌مه‌نی ، خۆشیی و شادی به‌خشیوه به‌ڕووخسار و ناخی مرۆڤی كورد، به‌ده‌نگی خۆش و قسه‌ی خۆش و نوكته‌و لاسایكردنه‌وه و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كانی له‌شاری به‌غدا و له‌سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هاوڕێی دێرینی ( به‌كری حاجی سه‌عه ڕه‌ش و ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ) وهه‌روه‌ها له شاری هه‌ولێر و وه‌له‌سه‌رده‌می پێشمه‌رگایه‌تیدا، بله‌ی سهعهكهڕ خێر و سوودی له هونه‌ره‌كه‌ی نه‌چنییه‌وه، به‌ڵكو زۆر به‌نه‌هامه‌تی و دژواری و كوله‌مه‌رگی كۆتا ڕۆژه‌كانی به‌ته‌نیا به‌سه‌ربرد ، به‌داخه‌وه له‌ڕێكه‌وتی ( 1/9/2010) له‌ناو ئه‌و خانووه‌ی له‌داره‌توو تێیدا ده‌ژیا بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێكده‌نێ و ڕۆژی دواتر ته‌رمه‌كه‌ی ده‌بنه‌وه زێده‌كه‌ی شاری سلێمانی و له‌گۆڕستانی ( شێخ محێدین) به‌خاكی پیرۆزی كوردستانی ئه‌سپێرن.
ڕۆحی شاد و ئارام بێت ، یادو یاده‌وه‌ریی و ده‌نگ و قسه‌خۆشه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو بهڕیزبێت.
جه‌مالی ده‌لاك ( 10/2/2022) هه‌ولێر
سه‌رچاوه :
(1 و3) دیدار له‌گه‌ڵ بله‌ی سه‌عه كه‌ڕ ، دیمانه ( هێمن ئاری ) ، گۆڤاری هه‌رێمی كوردستان ، ژماره ( 514) له 7ی ته‌مموزی 2009، لاپه‌ڕه (15)
(2) ده‌ستنوسێكی چهندلاپهڕهیی ، به‌پێنووسی هونه‌رمه‌ند بله‌ی سهعهكهڕ ، باس له‌ژیانی خۆی ده‌كات تا ساڵی (2010) به‌داخه‌وه ژیاننامه‌كه‌ی ته‌واو نه‌كردووه، له‌لای خۆم پارێزراوه ( ج،د)
(4) كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردنی تاهیر كرمانج ، چاپی یه‌كه‌م هه‌ولێر 2017 ، لاپه‌ڕه ( 225).
(5) به‌رنامه‌ی (52خولهك) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم له‌ساڵی (2008 یان 2009) په‌خشكراوه.
سوپاس و پێزانینم بۆ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا
( ئه‌نوه‌رقه‌ره‌داخی ) وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ند بله‌ی سهعهكهڕی به‌خشی بهبابهتهكهم ، هه‌روه‌ها سوپاس و ستایشم بۆ كاك ( تاهیر كرمانج) هه‌ندێ زانیاری سه‌باره‌ت به‌هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو پێ به‌خشیم .(ج،د)
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.