له ڕێوڕه‌سمێكدا له یاریگای نیشتیمانی له په‌كینی پایته‌ختی چین، ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی خولی یاریه‌كانی پارائۆڵۆمپیادی زستانه‌ی دووهه‌زار و بیستودووی په‌كین بۆ وه‌رزشوانانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت به ئاماده‌بوونی شیی جین پینگی سه‌رۆكی چین به‌ڕێوه‌چوو.
له ئاهه‌نگه‌كه‌دا چه‌ندین بڕگه‌ی هونه‌ری جۆراوجۆر پێشكه‌شكرا، هاوكات شاندی وڵاتانی به‌شداربوو هاتنه سه‌ر گۆڕه‌پانی یاریگاو شاندی ئۆكراینا له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه پێشوازیه‌كی تایبه‌تی لێكرا، ئه‌ویش به‌هۆی هێرشی سه‌ربازی ڕوسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته.
له ڕۆژانی ڕابردووش هه‌ر به هه‌مان هۆكار لیژنه‌ی پارائۆڵۆمپی نێوده‌وڵه‌تی وه‌رزشوانانی ڕوسیا‌و بیلاڕوسیای له خوله‌كه دوورخسته‌وه، هاوكات هه‌ریه‌ك له وڵاتانی ئیسرائیل و پۆرتۆریكۆ و ئازه‌ربایجان بۆ یه‌كه‌مجاره له مێژوو به‌شداری له ئۆڵۆمپیادی زستانه ده‌كه‌ن، وه‌رزشوانانی وڵاتانی به‌شداربوو له سیی و نۆ پێشبڕكێی پیاوان و سیی و پێنج پێشبڕكێی خانمان و چوار پێشبڕكێی تیپه تێكه‌ڵاوه‌كان ململانێی بردنه‌وه‌ی میدالیاكان ده‌كه‌ن و ڕكابه‌ریه‌كانی خوله‌كه‌ش تا سێزده‌ی ئه‌م مانگه به‌رده‌وام ده‌بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.